له(27/2)ی ئه‌مساڵدا، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به ژماره (2418)، بڕیاری گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئه‌و موڵكه داگیركراوانهی ده‌ركرد كه له‌لایه‌ن حیزب‌و كۆمپانیا‌و رێكخراوه‌وه ده‌ستیان به‌سه‌ردا گیراوه‌و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌یش، لیژنه‌یه‌كی به‌سه‌رۆكایه‌تی دادوه‌رێك له‌هه‌رسێ پارێزگای (هه‌ولێرو سلێمانی‌و دهۆك)و (ئیداره‌ی گه‌رمیان) پێكهێنا.
وه‌ك رۆژنامه‌نوسێك، له رۆژی ده‌رچونی بڕیاره‌كه‌وه تا ئه‌مڕۆ، چاودێری‌و به‌دواداچونم له‌سه‌ر بڕیاره‌كه‌ی حكومهتو هه‌نگاوه‌كانی پرۆسه‌ی گه‌ڕاندنه‌وه‌ی موڵكی داگیركراوی گشتی كردوه، كه لێره‌دا دوای شه‌ش مانگ تێپه‌ڕبون به‌سه‌ر ئه‌و بڕیاره‌دا، سه‌رنجه‌كانم ده‌خه‌مه‌ڕو.
موڵكی داگیركراو چییه؟
هه‌ر موڵكێك، ئه‌گه‌ر له‌ئێستادا له‌ژێر ده‌ستی ده‌وڵه‌ت (حكومه‌ت)دا نهبێتو بۆ به‌رژه‌وه‌ندی گشتی به‌كار نههێنرابێتو له‌ژێر ده‌ستی لایه‌نێكی تردا بێت، به‌بێ ئه‌وه‌ی ره‌چاوی رێگا یاساییه‌كان كرابێت، بهداگیركراو حساب ده‌كرێت.
جۆری ئه‌و موڵكانه‌ی داگیركراون؟
جۆره‌كانی ئه‌و موڵكانه‌ی له كوردستان بهداگیركراو حساب ده‌كرێن، بریتین له: بینای حكومی له جۆری (نه‌خۆشخانه‌و بنكه ته‌ندروستییه‌كان، قوتابخانه‌و دامه‌زراوه په‌روه‌رده‌ییه‌كان، بینای زانكۆكان‌و دامه‌زراوه‌كانی خوێندنی باڵا)، بینای پێشوی سه‌ربازی رژێمی پێش‌و، باره‌گای رێكخراوه‌یی حیزبی به‌عس، پارچه زه‌ویی ئاسایی، زه‌ویی كشتوكاڵی، سه‌یرانگاكان.
ئه‌و موڵكه داگیركراوانه كه ئێستا له‌لایه‌ن حیزب‌و كۆمپانیا‌و كه‌سێتی سیاسی‌و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه له‌هه‌رسێ پارێزگاكه‌ی (هه‌ولێر سلێمانی، دهۆك) داگیركراون، له‌ڕوی یاساییه‌وه به‌شێكیان تاپۆ كراون‌و به‌شێكیشیان تائێستا بێتاپۆنو ده‌ستیان به‌سه‌ردا گیراوه، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی تاپۆ نه‌كراون، رێژه‌یان زۆرتره.
بڕیاری گه‌ڕاندنه‌وه‌ی موڵكی گشتی:
هه‌رچه‌نده وه‌ك بیرۆكه‌و داواكاری، بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، یه‌كه‌م لایه‌نی سیاسی بو له (29/1/2011) به ره‌سمی داوای گه‌ڕاندنه‌وه‌ی موڵكی گشتی كرد‌و بڕیاره‌كه‌ی حكومه‌ت له (27)ی شوباتی ئه‌مساڵ له‌ژێر په‌رچه‌كرداری به‌یانه‌كه‌ی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕاندا بو، به‌ڵام هه‌رچۆنێك بێت، یه‌كێكه له بڕیاره باشه‌كانی حكومه‌ت وه‌كو بڕیار، به‌ڵام پێموایه، میكانیزمه دیاریكراوه‌كانی بڕیاره‌كه، چاره‌سه‌ری ریشه‌یی كێشه‌كه ناكات‌و حكومه‌ت نه‌یتوانیوه له بڕیاره‌كه‌دا به‌شێوه‌یه‌كی جددیی داكۆكی له‌سه‌ر گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئه‌و مافه‌ی خۆی بكات‌و ئه‌و هه‌زاران پارچه زهویو بینایه‌ی له‌لایه‌ن هه‌ردو پارته ده‌سه‌ڵاتداره‌كه‌ی ههرێمو پارته‌كانی تر‌و كه‌سێتییه‌كانه‌وه ده‌ستیان به‌سه‌رداگیراوه، لێیان وه‌ربگرێته‌وه.
بڕیاره‌كه‌ی حكومه‌ت له(27/2)دا، له‌سێ خاڵدا ده‌ڵێت:
1- سه‌باره‌ت به بینا گشتی‌و خزمه‌تگوزارییه‌كان وه‌ك؛ قوتابخانه‌و دامه‌زراوه په‌روه‌رده‌ییه‌كان، نه‌خۆشخانه‌و بنكه ته‌ندروستییه‌كان‌و بینای زانكۆكان‌و دامه‌زراوه‌كانی خوێندنی باڵا، مۆزه‌خانه، ده‌بێت له‌ماوه‌ی (6) مانگ له رۆژی ئاگاداركردنه‌وه له‌لایه‌ن لیژنه‌ی ئاماژه پێدراو چۆڵ بكرێت‌و بگه‌ڕێته‌وه بۆ وهزارهتو لایه‌نی حكومیی خاوه‌ندار.
2- سه‌باره‌ت به‌و بینا گشتییانه‌ی سیفه‌تی بینای گشتییان له‌ده‌ستداوه‌و به‌پێی واقیعی ئێستایان، ناكرێت بۆ ئه‌و مه‌به‌سته به‌كاربهێنرێن كه له بنه‌ڕه‌تدا بۆی دروستكراون، ئه‌وا ده‌كرێت له‌لایه‌ن لیژنه‌ی ئاماژه پێدراو بڕیاری فرۆشتن یان بهكرێدانیان بدرێت، له‌به‌ر رۆشنایی یاسای فرۆشتن‌و به‌كرێدانی موڵك‌و ماڵی ده‌وڵه‌ت ژماره (32)ی ساڵی (1980)و ده‌كرێت بدلی فرۆشتن‌و بهكرێدانهكهش به‌شێوه‌ی به‌ركه‌وتی ئاسان بدرێت به‌خاوه‌نی یاسایی بیناكه‌و ده‌كرێت خاوه‌نی بیناكه داوای (اجر المثل)ی ساڵانی پێش‌و بكه‌ن.
3- سه‌باره‌ت به‌و زهویو بینا حكومییانه‌ی ته‌ملیك كراون به‌ناوی حیزب‌و كۆمپانیا‌و رێكخراوه‌كان له‌دوای ئه‌وه‌ی ده‌ستیان به‌سه‌ردا گیراوه، به‌نایاسای له‌لایه‌ن هه‌ركه‌س‌و لایه‌نێك بێت بهحیزبو رێكخراوه‌كانیشه‌وه، ئه‌وا هه‌مان لیژنه‌ی ئاماژه پێدراو، وردبینی یاسای دۆسییه‌ی ته‌ملیككردنی موڵكه‌كان دهكهنو راسپارده‌ی یاسایی خۆیان به‌رزده‌كه‌نه‌وه بۆ بڕیاردان له‌سه‌ری.
ئه‌وفه‌رمانه‌ی سه‌ره‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، به‌لای لیژنه‌ی پارێزگاكانه‌وه ناڕۆشنیی تێدایه‌و ئاسته‌نگی خستوه‌ته به‌رده‌م كاره‌كانیان، بۆنمونه بڕیاره‌كه؛ سیفه‌تی گشتی موڵك‌و له‌ده‌ستدانی سیفه‌تی گشتی موڵكی دیاری نه‌كردوه، له‌لایه‌كی تره‌وه دوای (شه‌ش) مانگه‌كه، میكانیزمی جێبه‌جێ كردنی بڕیاره‌كه‌ی دیاریی نه‌كردوه، كه ئایا دوای (شه‌ش) مانگ كه لیژنه‌كه مۆڵه‌تی داوه به فڵانه لایه‌ن، دوای ئه‌و (شه‌ش) مانگه، كێ هه‌ڵده‌ستێت به‌جێبه‌جێ كردنی؟ ئایا ده‌یده‌یت به‌دائیره‌ی ته‌نفیز جێبه‌جێی بكات، یان لیژنه‌كه خۆی هه‌ڵده‌ستێت؟ ئایا كه لیژنه‌كه خۆی هه‌ڵده‌ستێت، سه‌نه‌دی یاسایی ئه‌و پێههڵسانهی چییه‌و ده‌سه‌ڵاتی چییه؟.
بۆ نمونه: بڕیاره‌كه داوای دهستبهجێو له‌ماوه‌ی (شه‌ش) مانگ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی دامه‌زراوه پهروهردهییو ته‌ندروستییه‌كان ده‌كات، به‌ڵام له بڕگه‌یه‌كی تردا ده‌ڵێت: ئه‌و موڵكانه‌ی سیفه‌تی گشتییان له‌ده‌ستداوه، ده‌توانرێت لیژنه‌كه، به‌كرێ پێیان بداته‌وه، ئایا هه‌ر موڵكێك سیفاتی گشتی له‌ده‌ستدا، چییه؟ ناڕۆشنه؟ چونكه ئه‌سڵ وایه موڵكی گشتی، سیفاتی گشتی له‌ده‌ست نه‌دات، با زهویو بینایش بێت.
تائێستا، چه‌ند موڵك گه‌ڕێنراونه‌ته‌وه بۆ حكومه‌ت؟
ژماره‌ی موڵكه داگیركراوه‌كان كه له‌لای هه‌ردو حیزبه ده‌سه‌ڵاتداره‌كه‌ی هه‌رێمن، به‌پێی ئه‌و جه‌رده‌ی لای منه‌و ئه‌و زانیارییانه‌ی به‌ده‌ستم گه‌یشتون، هه‌زاران پارچه زهویو بیناو شوێنی گه‌شتیارین، كه له‌ئێستادا له‌سنوری پارێزگایه‌كی وه‌ك سلێمانی‌و به‌پێی ئه‌و زانیارییه‌ی له لیژنه حكومییه‌كه وه‌رمگرتوه، ته‌نها (5) موڵك گه‌ڕێنراوه‌ته‌وه بۆ حكومه‌ت، كه ئه‌م ژماره‌یه له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و هه‌زاران موڵكه داگیركراوه‌دا، دڵۆپێكه له‌ده‌ریایه‌ك!
چاره‌سه‌ر بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی موڵكی داگیركراو چییه؟
هه‌رچه‌نده ده‌قێكی یاسایی چاره‌سه‌ری كێشه‌ی داگیركردنی موڵكی كردوه‌و یاسای شارستانێتی عێراقی كه له ساڵی (1951) ده‌رچوه، باسی حاڵه‌تی غهسبی كردوه له‌ماده‌ی (197)دا، بهڕونییو به‌ئاشكرایی ده‌ڵێت: ئه‌گه‌ر موڵكێك داگیركرابو، له‌سه‌ر داگیركه‌ره، موڵكه‌كه بگه‌ڕێنێته‌وه له‌گه‌ڵ كرێی هاوشێوه، واته یاسا موعاله‌جه‌ی كردوه، به‌ڵام حكومه‌ت وه‌ك لایه‌نی مهعنیو داگیرلێكراو ئیراده‌ی نییه په‌نا بۆ ئه‌و ماده یاساییه ببات‌و ده‌ستبكات به گه‌ڕاندنه‌وه‌ی موڵكه داگیركراوه‌كانی.
ئاشكرایه كه ئه‌و هه‌زاران بیناو پارچه زه‌وییه‌ی لای حیزب‌و كۆمپانیا‌و لایهنو كه‌سێتی سیاسی‌و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه داگیركراون، ئه‌مه مافی گشتییه‌و غه‌در له‌هاوڵاتییانی ئه‌م وڵاته كراوه، هه‌ربۆیه به‌م میكانیزم‌و بڕیاره‌ی حكومه‌ت ناگهڕێنرێنهوهو چاره‌سه‌ری ریشه‌یی بریتییه له‌وه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان، یاسایه‌ك دهربكاتو به‌ڕونی ئاماژه بۆ ئه‌وه‌بكات: هه‌ر حیزب‌و لایه‌نێك، له‌دوای راپه‌ڕینه‌وه موڵك‌و ماڵی حكومه‌تی به‌هه‌ر شێوه‌یه‌ك ده‌ستبه‌سه‌ردا گرتبێت، یاخود به‌پێی بڕیارێك به‌ناویه‌وه تۆماركرابێت، پێویسته له‌ماوه‌ی سێ مانگدا، به‌ناوی حكومه‌ته‌وه تۆماربكرێتهوهو بیگه‌ڕێنێته‌وه ژێر ده‌ستی حكومه‌ت، هه‌ربۆیه رێگه‌چاره دروسته‌كه ئه‌وه‌یه، چونكه زۆرینه‌ی زۆری ئه‌و موڵكه گشتییانه‌ی ئێستا لای (یهكێتیو پارتی)ن، به‌شێوه‌یه‌كی ئوسوڵیو یاسایی له‌سه‌ر خۆیان تاپۆكردوه!