Print
 
 مالیکی دیکتاکتۆره‌!
نوسه‌ر:  محه‌مه‌د سه‌فه‌ر
Sunday, June 10, 2012

مالیكی دیكتاتۆر نه‌بوه‌ و قه‌تیش نابێت به‌ دیكتاتۆر (كۆبه‌ندی چه‌ند بابه‌تێكی په‌یوه‌ندیدار به‌پرسی لێسه‌ندنه‌وه‌ی متمانه‌وه‌)

قۆناغی به‌ دیكتاتۆربونی مالیكی به‌سه‌رچو:

له‌ دوای ئه‌وه‌ی مالیكی شه‌ریكه‌ به‌شی له‌ حوكمڕانی عێراقدا بۆ په‌یدا بو به‌تایبه‌ت له‌ دوای هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانییه‌كه‌ی ساڵی 2010، له‌ نمونه‌ی لیستی عێراقیه‌ (91 كورسی) وسه‌درییه‌كان (41 كورسی)، چۆن ده‌توانێت ببێته‌ كه‌سێكی دیتكاتۆر و سیسته‌مێكی حوكمڕانی له‌سه‌ر بنه‌مای دیكتاتۆرییه‌ت دامه‌زرێنێ؟ خۆ رێگریی و به‌ره‌به‌سته‌كان زۆر زیاترن له‌ پاڵنه‌ر و هانده‌ره‌كان بۆ به‌دیكتاتۆریی بون، نه‌ ده‌ستوری عێراقی تاكه‌ بڕگه‌یه‌كی تیایه‌ كه‌ رێگه‌ خۆشبكات له‌به‌رده‌م به‌ دیكتاتۆربوندا، نه‌ هێزه‌ عێراقییه‌كانیش ئه‌وه‌نده‌ بێده‌سه‌ڵاتن رێگه‌ به‌كارێكی وه‌ها بده‌ن، سه‌رباری ئه‌وه‌ی هێشتا هێزه‌كانی فره‌ڕه‌گه‌ز به‌تایبه‌تی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌ نزیكه‌وه‌ چاودێریی بارودۆخی عێراق ده‌كه‌ن.

ئه‌گه‌ر قسه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بێت كه‌ مالیكی و حیزبه‌كه‌ی به‌ دوای هه‌لێكی گونجاودا ده‌گه‌ڕێن بۆئه‌وه‌ی كۆنترۆڵی كایه‌ هه‌موجۆره‌كانی عێراق بكه‌ن و به‌ ئاره‌زوی خۆیان له‌ مه‌یدانی سیاسیی عێراقدا ته‌راتێن بكه‌ن، ئه‌وا ده‌بێت بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ هه‌ڵبژاردنی پارێزگاكانی عێراق و له‌وێوه‌ سه‌یری له‌باریی و ناله‌باریی هه‌له‌كه‌ بكه‌ین بۆ مالیكی، له‌ كۆی 15 پارێزگای عێراق (جگه‌ له‌ 3 پارێزگاكه‌ی كوردستان)، 9 پارێزگای عێراقی برده‌وه‌ به‌ رێژه‌ و ژماره‌یه‌كی زۆریش پێش هه‌مو هێزه‌كانی دیكه‌ی عێراق كه‌وت، كه‌چی نه‌پاره‌ و نه‌ هێز و نه‌ ترس و نه‌ ده‌سه‌ڵاتی بۆ هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانییه‌كه‌ی ساڵێكی دوای ئه‌وه‌ 2010 به‌كارنه‌هێنا و به‌ ئه‌نجامه‌كه‌شی رازیی بو.

با به‌راوردێكی هه‌ردو قۆتاغه‌كه‌ بكه‌ین و بڵێین، كه‌ ئایا گونجاوه‌ هێزێك له‌وپه‌ڕی هێز و ده‌سه‌ڵاتدا بێت، هه‌وڵ بۆ به‌دیكتاتۆریی بون نه‌دات، به‌چی پێوه‌رێك ده‌كرێت هێزیك له‌ ده‌سه‌ڵاتدا بێت و به‌ ته‌وافوقی سیاسی حكومه‌تی پێكهێنابێت، ده‌یه‌وێت دیكتاتۆر بێت؟ له‌ هیچ شوێنێكی دونیادا نییه‌ حێزبێك دیكتاتۆر بێت و له‌ ململانێ و كێبڕكێیه‌كی چاره‌نوسساز دا  به‌ ئاسانی رێگه‌ به‌ نه‌یاره‌كانی بدات، سه‌ربكه‌وێت وخۆشی به‌دۆش دامانه‌وه‌ هیچ كارێك نه‌كات.

راستییه‌ك له‌سه‌ر مالیكی:
كاتێك مالیكیی ده‌سه‌ڵاتی گرته‌ده‌ست ئاسایشی عێراق له‌وپه‌ڕی خراپییدا بو، رێكخراوی قاعیده‌ و پاشماوه‌ی به‌عسییه‌كان وه‌ك سوننه‌ مه‌زهه‌ب و له‌مدوایانه‌شدا سوپای مه‌هدی سه‌ر به‌ (موقته‌دا سه‌در) وه‌ك هێزێكی شیعه‌ مه‌زهه‌ب ته‌نگیان به‌ حكومه‌تی عێراقی هه‌ڵچنی بو، پارێزگاكانی (نه‌ینه‌وا و دیاله‌ و ئه‌نبار) له‌ژێر كۆنترۆڵی هێزه‌كانی عێراقدا هاتبونه‌ده‌ر، له‌ پلانێكی سه‌ركه‌وتودا مالیكی به‌ پاڵپشتی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا شكستی به‌و هێزانه‌ هێنا و پارێزگاكانیشی بۆ ژێر ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌تی عێراقی گه‌ڕانده‌وه‌. له‌ دابینكردنی ئاسایشدا سه‌ركه‌وتو بو، به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كی گشتی له‌دوای ئه‌وه‌وه‌ سه‌رباری باشبونی باری ئاسایشی و ته‌نانه‌ت ئابوریش مالیكی له‌دابینیكردنی خزمه‌تگوزارییه‌كان و كه‌مكردنه‌وه‌ی بێكاریی و نه‌هێشتنی یان كه‌مكردنه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی دارایی و ئیدارییدا، نمونه‌ی حكومه‌تێكی فاشیلی پێشكه‌شكرد.

سه‌باره‌ت به‌ دۆزی كورد ته‌نها بۆ یه‌كجاریش به‌شێوه‌یه‌كی زاره‌كی  و ته‌نانه‌ت به‌شێوه‌یه‌كی كرداره‌كیش دژایه‌تی خواسته‌كانی كوردی نه‌كردوه‌، له‌ چاوپێكه‌وتنێكی كه‌ناڵی (NRT)یشدا مالیكی هه‌ندێ راستی دركاند به‌تایبه‌ت ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به‌ مادده‌ی 140ه‌وه‌ هه‌یه‌، (جه‌لال تاڵه‌بانی) و هه‌ندێ له‌ سه‌ركرده‌ و ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌كانی یه‌كێتی نیشتیمانی له‌ ئه‌نجومه‌نی نیشتیمانی عێراقدا، ده‌ڵێن مالیكی دیكتاتۆر نییه‌ و كه‌موكورتی هه‌یه‌. بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌وباره‌یه‌وه‌ هێشتا راگه‌یاندنی ره‌سمی نییه‌ و هێزه‌ ئیسلامییه‌كانیش بێده‌نگن. لێره‌دا پرسیاره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ بۆچی له‌ تێڕوانینی پارتی دیموكراتدا مالیكی كه‌سێكی دیكتاتۆره‌ و دیكتاتۆریه‌كه‌شی له‌ناكاودا ته‌قییه‌وه‌؟  

نه‌یاره‌كانی مالیكی  و هۆكاره‌كانی ته‌قینه‌وه‌ی پرسه‌كه‌:
له‌ عێراقدا ته‌نها لیستی عێراقییه‌ و له‌ ناو لیستی هاوپه‌یمانی كوردستانیشدا (پارتی دیموكراتی كوردستان) به‌ نه‌یاری  سه‌ره‌كیی مالیكی و حێزبه‌كه‌ی دێنه‌ئه‌ژمار، ناكۆكی نێوان لیستی عێراقییه‌ و لیستی ده‌وڵه‌تی یاسا بۆ ململانێی تایه‌فی ده‌گه‌ڕێته‌وه ‌(چونكه‌ زۆرینه‌ی لیستی عێراقییه‌ سوننه‌ مه‌زهه‌بن) و تاوانی گه‌وره‌ش له‌ ئه‌ستۆی لیستی عێراقییه‌دایه‌، چونكه‌ پێش ئه‌وه‌ی به‌شداریی هه‌ڵبژاردن بكه‌ن و له‌كاتی به‌شدارییكردن و دوایشیدا ئه‌وان هه‌ر نه‌یار بون و دژایه‌تی مالیكییان كردوه،‌ وه‌كو شیعه‌یه‌ك نه‌ك وه‌كو ئه‌وه‌ی كه‌ له‌ حوكمڕانی وڵاتدا بێده‌سه‌ڵات بوبێت، به‌ حوكمی ئه‌وه‌ی سوننه‌ پێكهێنه‌ره‌كانی ناو لیستی عێراقییه‌ ده‌یانه‌وێت به‌ ئاوازی رابردو بخوێنن و كۆنتڕۆڵی هه‌مو جومگه‌كانی ژیان له‌ عێراقدا وه‌ك سه‌رده‌می (سه‌دام حوسێن) له‌ژێر ده‌ستی خۆیاندا بهێڵنه‌وه‌، ئه‌مه‌ش له‌ حوكمڕانی دیموكراتییدا مه‌حاڵه‌ و بۆ كه‌س ناچێته‌سه‌ر.

ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به‌ (پارتی دیموكراتی كوردستان)ه‌وه‌ هه‌یه‌ هۆكاره‌كه‌ی نه‌زانراو و له‌ناكاو بو، چونكه‌ پێش ئه‌وه‌ هیچ ئاماژه‌یه‌ك دیار نه‌بو بۆ تێكچونی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوانیان، سه‌ره‌تاكه‌شی بۆ نه‌ورۆزی ئه‌مساڵ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌. سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان (مه‌سعود بارزانی) له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌یدا به‌ زمانێكی دور له‌ ئه‌ته‌كیه‌تی سیاسی و نه‌ریتی دیبلۆماسی و زۆر ساده‌ و ساكار هه‌ڕه‌شه‌كانی خۆی ئاڕاسته‌ی حكومه‌ته‌كه‌ی مالیكی كرد، به‌ڵینی ئه‌وه‌شی دا مانگی چوار مانگی قه‌ده‌ری كورد ده‌بێت، نه‌ قه‌ده‌ره‌كه‌ راگه‌یه‌نرا و خۆشی وه‌كو پارتی له‌ مه‌یدانی ململانێ و دژایه‌تییه‌كه‌دا به‌ ته‌نها مایه‌وه‌، چونكه‌ له‌ هه‌مان رۆژی راگه‌یاندنی قه‌ده‌ره‌كه‌وه‌ له‌لایه‌ن سه‌رۆكی هه‌رێمه‌وه‌ به‌ ماوه‌یه‌كی كه‌م سه‌رۆكی بزوتنه‌وه‌ی (گۆڕان) (نه‌وشیروان موسته‌فا) له‌ په‌یامێكی ئاگاداركردنه‌وه‌ دا هۆشداریی له‌ باره‌ی راگه‌یاندنی ده‌وڵه‌تی كوردی و بڕیارێكی له‌و جۆره‌دا، راگه‌یاند، هه‌روه‌ها (جه‌ڵال تاله‌بانی) سكرتێری (ی ن ك) به‌ هه‌مانشێوه‌ له‌ په‌یامه‌كه‌ی خۆیدا هیچ ئاماژه‌یه‌كی بۆ راگه‌یاندنی ده‌وڵه‌تی كوردی و دژایه‌تیكردنی مالیكی نیشان نه‌دا.

هه‌ر ئه‌م هۆكارانه‌ش بون وایان له‌ (مه‌سعود بارزانی) كرد له‌ راگه‌یاندنه‌ موفاجیئه‌كه‌ی پاشگه‌زبێته‌وه‌، ئه‌گه‌ر تێبینیش بكه‌ین ده‌بینین به‌ ئه‌نقه‌ست سه‌رۆكی هه‌رێم له‌ دوای لێدوانه‌كانی سه‌ركرده‌كانی ناوبراوه‌وه‌، په‌یامه‌كه‌ی خۆی راگه‌یاند، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ نییه‌تی هێز و حیزبه‌كانی دیكه‌ی كوردستانی، بگات. بێگومان به‌ ته‌نها مانه‌وه‌ی پارتی له‌ مه‌یدانه‌كه‌دا بۆ نادروستیی پرسه‌كه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ و هیچ مه‌به‌ستێك له‌ پشتییه‌وه‌ نه‌بو بۆ دژایه‌تیكردنی پارتی، له‌ پرسه‌ نیشتیمانییه‌كانی وه‌ك مادده‌ی 140 و یاسای نه‌وت و گاز و بودجه‌ی پێشمه‌رگه‌ و كێشه‌ی ناوچه‌ ناكۆكیی له‌سه‌ره‌كان هه‌مو حیزب و هێزه‌ كوردستانییه‌كان یه‌كده‌نگ و هاوڕابون.

بۆچی یه‌كگرتوی ئیسلامی و كۆمه‌ڵی ئیسلامی ئیمزایان له‌سه‌ر متمانه‌ سه‌ندنه‌وه‌كه‌ كرد:
ئیمزاكردنی ئه‌و دو لایه‌ن بۆ متمانه‌وه‌ سه‌ندنه‌وه‌ له‌ مالیكی گره‌وی له‌سه‌ر كارلابردنی مالیكی زیاد ناكات و ئیمزانه‌كردنیشیان زه‌مانه‌تی مانه‌وه‌ی مالیكی له‌ پۆسته‌كه‌یدا ناكات، به‌ڵكو كاره‌كه‌یان ده‌چێته‌ چوارچێوه‌ی نه‌رمی نیشاندان به‌رامبه‌ر پارتی دیموكرات، بۆئه‌وه‌ی له‌ به‌رامبه‌ردا پشتیوانی پارتی به‌ده‌ستبهێنن. چونكه‌ له‌مڕۆژانه‌دا له‌ناو په‌رله‌مانی كوردستاندا پرۆژه‌ یاسای لێبوردنی گشتی ئیمزای له‌سه‌ركرا و ناڕه‌زایی (بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی و كۆمه‌ڵی ئیسلامی) به‌دوادا هات به‌هۆی ئه‌وه‌ی داواكارییه‌كانییان بۆ ئازادكردنی گیراوه‌كانیان یان سوككردنی سزاكانیان. گوێی بۆ نه‌گیرا، لێره‌دا وه‌ك ئه‌ركێكی ئیسلامیانه‌ یه‌كگرتوی ئیسلامی ده‌نگی خۆی خسته‌پاڵ حیزبه‌ ئیسلامییه‌كانی دیكه‌. ده‌نا ئه‌گه‌ر تۆزێك بۆ رابردو بگه‌ڕێینه‌وه‌، بۆمان ده‌رئه‌كه‌وێت كه‌ یه‌كگرتوی ئیسلامی هێشتا برینه‌كانی مانگی 12ی سارێژ نه‌بوه‌ و ئه‌وه‌شی له‌ پارتی چاوه‌ڕێده‌كرد بۆی به‌دینه‌هات، بۆیه‌ زۆر ئاسان نه‌بو بۆ یه‌كگرتوی ئیسلامی كارێكی له‌و شێوه‌یه‌ ئه‌نجامبدات ئه‌گه‌ر له‌پێناو یه‌كڕیزیی حیزبه‌ ئیسلامییه‌كان و ئه‌ركه‌ ئیسلامییه‌كه‌ی نه‌بوایه‌.
Sbeiy.com © 2007