Print
 
 ده‌لاله‌ته‌كانی‌ سه‌ركه‌وتنی‌ گۆڕان له‌ 9 خاڵدا
نوسه‌ر:  سیروان ره‌شید
Tuesday, October 1, 2013
له‌ هه‌ڵبژاردنی ئه‌مجاره‌دا دیسانه‌وه‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ته‌كانێكی گه‌وره‌ی‌ به‌ پرۆسه‌ی سیاسی دایه‌وه‌و نەخشەی سیاسی هه‌رێمی‌ هه‌م له‌بواری ریزبه‌ندی هێزو هه‌م له‌بواری حوكمڕانی گۆڕی، كه‌ ئه‌و گۆڕانكاریه‌ش دیسانه‌وه‌ به‌مانای رۆحكردنه‌وه‌ به‌كایه‌ی سیاسی هه‌رێم دێت. چونكه‌ ماوه‌ی زیاتر له‌دوساڵ بو به‌هۆی قوڵبونه‌وه‌ی ئه‌و قه‌یرانانه‌ی لایه‌نی ده‌سه‌ڵات دروستی كردبو جۆرێك له‌چه‌قبه‌ستوی و نائومێدی خستبوه‌ ناو پرۆسه‌ی سیاسی‌ و گفتوگۆی‌ سه‌رجاده‌ی‌ هاونیشتمانیانه‌وه‌.

ئه‌نجامی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ 21/9 به‌ته‌واوه‌تی‌ ئه‌وه‌ی‌ بۆ ده‌رخستین كه‌ گۆڕان بو به‌ به‌شێكی ئه‌كتیڤی جه‌سته‌ی سیاسی هه‌رێمی‌ كوردستان. كه‌ ده‌توانین له‌م روانه‌وه‌ لێكدانه‌وه‌ بۆ سه‌ركه‌وتنی‌ ئه‌م هێزه‌ بكه‌ین:
یه‌كه‌م: توانی‌ پارێزگاری‌ له‌پێگه‌ی‌ خۆی‌ بكات، كه‌ پێشتر دەوترا هێزێكی‌ هه‌ڵتۆقیوی‌ بارودۆخێكی‌ كاتیه‌و ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ ئه‌و قورساییه‌ی‌ نابێته‌وه‌، بەڵام هه‌م پارێزگاری‌ له‌كورسیه‌كانی‌ كرد هه‌م نزیكه‌ی‌ 40 هه‌زار ده‌نگ زیادیشی‌ به‌ده‌ستهێناوه‌.

دوه‌م: له‌ڕوی‌ ریزبه‌ندی‌ هێزه‌وه‌ ئه‌مجاره‌ به‌جیاوازی‌ (120 هه‌زار ده‌نگ و شه‌ش كورسیه‌وه‌) ململانێی‌ له‌گه‌ڵ یه‌كێك له‌ركابه‌ره‌كانی‌ بۆ گرتنی‌ ریزبه‌ندی‌ هێزی‌ دوه‌م كه‌ یه‌كێتی‌ بو، به‌جێیهێشت.

سێیه‌م: ده‌نگه‌كانی‌ گۆڕان جیاواز له‌ده‌نگی‌ دو لایه‌نه‌كه‌ی‌ ده‌سه‌ڵات، ده‌نگی‌ پاك و بێگه‌ردی‌ خۆیه‌تی‌ دور له‌هه‌مو ساخته‌كاریه‌ك، كه‌ ئه‌گه‌ر بارودۆخی هه‌ڵبژاردن له‌كوردستاندا ئازادو ته‌ندروست بێت به‌دڵنییه‌وه‌ ئه‌م هێزه‌ یه‌كه‌م ده‌بێت.

چواره‌م: هێنانی‌ ده‌نگی‌ دوه‌م له‌سنوری‌ پارێزگای‌ هه‌ولێر ئه‌و بۆچونانه‌ی‌ به‌تاڵكرده‌وه‌ كه‌ ئه‌وترا ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه‌ هێزێكی‌ هه‌ڵتۆقیوی‌ لۆكاڵی‌ ناوچه‌ی‌ سلێمانیه‌ و له‌دۆخێكی‌ كه‌فوكوڵی‌ نائاسایدا دروستبوه‌!

پێنجه‌م: ئه‌گه‌ر پارێزگای‌ دهۆك له‌هاوكێشه‌كه‌ ده‌ربكه‌ین، گۆڕان هێزی‌ یه‌كه‌می‌ هه‌ولێرو سلێمانیه‌و به‌ (465 هه‌زار) ده‌نگه‌وه‌ له‌پێش پارتیه‌وه‌یه‌ كه‌ (395) هه‌زار ده‌نگی‌ له‌و دو پارێزگایه‌ به‌ده‌ستهێناوه‌.

شەشەم: گۆڕان هێزێكی‌ هێنده‌ گه‌نجانه‌ و لێوان لێوه‌ له‌وزه‌و توانای نه‌وه‌ی نوێ كه‌ بۆ هه‌ر هێزێكی‌ سیاسی‌ ئه‌م سه‌رده‌مه‌ گه‌نج وه‌ك پێویستی‌ خوێن وایه‌ بۆ جه‌سته‌، سه‌رباری ئه‌و شوره‌ پۆڵاینه‌ی نه‌وه‌ی‌ پێشو پشتیوانی ده‌كات.

حەوتەم: پێكهاته‌ی‌ فراكسیۆنه‌ نوێیه‌كه‌ی‌ له‌په‌رله‌مانی‌ كوردستان پێكهاته‌یه‌كی‌ زۆر باشی‌ لیجانیی‌ په‌رله‌مانی‌ لێده‌رچوه‌ به‌سه‌ركه‌وتنی‌ ئه‌و كاندیدانه‌ی‌ ناوه‌كانیان له‌میدیاكاندا بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ خاوه‌ن توانای‌ (سیاسی‌، قانونی‌، دارایی‌، ته‌ندروستی‌، نه‌وت، ئه‌ندازیاری‌ و شاره‌وانی‌، سه‌ربازی‌ و پێشمه‌رگه‌یی‌، شه‌هید و ئه‌نفالكراوان و مافی‌ ژنان و كه‌مئه‌ندام و مناڵان) كه‌ ئه‌م پێکهاتەیە ره‌نگه‌ له‌ فراكسیۆنه‌كانی‌ دیكه‌دا بونی‌ نه‌بێت.

هەشتەم: گۆڕان كه‌ وابه‌سته‌ نیه‌ به‌هیچ ئایدۆلۆژیایه‌كی‌ دیاریكراوه‌وه‌، وه‌ك چاودێران باسیان كردوه‌ به‌رنامه‌ی‌ سیاسی‌ گۆڕان له‌روی‌ چاكسازی‌ له‌سیستم و باشكردنی‌ ژیانی‌ خه‌ڵك، تاكه‌ هێزی‌ ئه‌ڵته‌رناتیڤه‌ بۆ جێگره‌وه‌ی‌ حكومڕانی‌ پارتی‌ و یه‌كێتی‌. كه‌ به‌هێزی‌ ئه‌م به‌رنامه‌ سیاسیه‌ی‌ فاكته‌ری‌ دوباره‌ متمانه‌ پێدانه‌وه‌ی‌ ده‌نگده‌رانی‌ بو.

نۆیە: ئه‌م سه‌ركه‌وتنه‌ی‌ له‌هه‌رێمدا، ده‌بێته‌ دیفاكتۆیه‌ك كه‌ ره‌نگدانه‌وه‌ی‌ له‌سه‌ر گرتنی‌ ریزبه‌ندی‌ هێزی‌ دوه‌می‌ كوردی‌ له‌ ئاستی‌ حوكمڕانی‌ داهاتو له‌ به‌غدا ده‌بێ‌ و له‌سه‌ر ئاستی‌ په‌یوه‌ندی‌ نێوده‌وڵه‌تیش دۆخێكی‌ نوێ‌ بۆ گۆڕان دێته‌ پێشه‌وه‌.
Sbeiy.com © 2007