|
هه‌ركه‌سێك بیرنه‌كاته‌وه |
نوسه‌ر: دڵشـاد شـێخان حوسـێن
|
Thursday, October 31, 2013 |
كۆیله‌ی راسته‌قینه ئه‌و كه‌سه‌یه كه له‌روی فیكره‌وه ئازاد نییه، له‌پێناو ئازادكردنی، شۆڕشێكی فیكری پێویسته، چونكه زیندانیكردنی تاكێك مانای كۆیله بونی ناگه‌یه‌نێت، به‌ڵام زیندانی بونی فیكری بۆ هه‌میشه به كۆیله‌یی ده‌یهێڵێته‌وه، ئه‌وه سه‌باره‌ت به كۆمه‌ڵگاش راسته.
باراك ئۆباما كه به سه‌رۆكی ویلایه‌ته یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مەریكا هه‌ڵده‌بژێردرێت، چه‌ند رسته‌یه‌ك له وتاره‌كه‌ی بریتی بو له: لێره ئه‌مەریكیه‌كی لیبراڵ و ئه‌مەریكیه‌كی كۆنسێرڤاتیڤ نییه- ئێره ویلایه‌ته یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مەریكایه. لێره ئه‌مەریكیه‌كی ره‌ش پێست و ئه‌مەریكیه‌كی سپی پێست و ئه‌مەریكیه‌كی لاتینی و ئاسیایی نییه- ئێره ویلایه‌ته یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مەریكایه.
كه‌واته سه‌رۆك (ئۆباما ) به‌ناوی گه‌لی ئه‌مەریكاوه قسه ده‌كات و ئیتر گه‌لی ئه‌مەریكا ده‌بێته مه‌رجه‌ع نه‌ك حیزبی دیموكراتی ئه‌مەریكا، ئه‌مه‌ش له‌ڕوی (سایكۆ پۆلۆتیك)ه‌وه وا له ئه‌مەریكییه‌كان ده‌كات كه ئینتیمایان بۆ نیشتیمان (ویلایه‌ته یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مەریكا) هه‌بێت و هه‌ر تاكێك به ناونیشانی هاوڵاتی به‌رپرسیاریه‌تی ئاسایش و یه‌كێتی گه‌لی ئه‌مەریكا له ئه‌ستۆ بگرێت، نه‌ك پاشاگه‌ردانی و... به نمونه، دو حیزبی ده‌سه‌ڵاتدار باوه‌ڕیان به ده‌ستاوده‌ستكردنی ئاشتیانه‌ی ده‌سه‌ڵات نییه، هه‌مو رێگایه‌ك ده‌گرنه‌به‌ر ته‌نها بۆئه‌وه‌ی ئه‌لته‌رناتیڤیان دروست نه‌بێت بۆ سه‌لماندنی ئه‌و راستیه‌ش ئه‌و دو حیزبه‌ی، كه دوێنی ده‌ستیان به خوێنی یه‌كتر سور بو (31ئاب و... هتد) كه‌واته بۆ ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات راده‌ستی هیچ لایه‌نێك... نه‌كه‌ن، به هاوپه‌یمانی رێژه‌ی پێكهێنانی حكومه‌ت ده‌سته‌به‌ر ده‌كه‌ن و دواجار ده‌توانم ناوی بنێم "دیكتاتۆریه‌تی ته‌وافقی".
مه‌رج نیه هه‌ڵبژاردن گۆڕانكاری دروست بكات! چونكه پرۆسه‌كه له‌ڕوی چۆنیه‌تییه‌وه وه‌ك پێویست نییه، كاتێك هێزه چه‌كداره‌كانی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه و وه‌زاره‌تی ناوخۆ و... هتد سه‌ر به هه‌ردو حیزبی ده‌سه‌ڵات بن، نه‌ك نیشتیمان. واته حكومه‌ت نه‌یتوانیوه به پێودانگی هاوڵاتی بڕوانێته تاكه‌كانی ئه‌م هه‌رێمه (حكومه‌ت، حكومه‌تی هاوڵاتی نییه) به‌بۆچونی من هه‌ڵبژاردن له فه‌زایه‌كی ئه‌وتۆ راستگۆیی تێدا نییه، رونتر بڵێم به‌شێوه‌یه‌كی گشتی هێزه چه‌كداره‌كان ئه‌و ده‌نگه‌یان نییه كه گوزارشت له ئیراده و بیروبۆچونیان بكات، به‌ڵكو ره‌عیه‌تی (پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان)ن، ره‌عیه‌تیش فه‌رمانبه‌رداری ئاغاكه‌یه‌تی... كه‌واته سندوقی ده‌نگدان به مانا راسته‌قینه‌كه‌ی گوزارشت له ده‌نگ و ئیراده‌ی جه‌ماوه‌ری هه‌رێمی كوردستان ناكات!
راڤه‌یه‌كی وردتر، هێزه چه‌كداره‌كانی هه‌رێمی كوردستان ته‌نانه‌ت به‌شێك له موچه‌خۆره مه‌ده‌نیه‌كانیش به جۆرێك بارهێنراون كه بیر له ماف و ئه‌ركی خۆیان نه‌كه‌نه‌وه یاخود وا ده‌زانن پاروی ژیانیان له رێگه‌ی (پارتی و یه‌كێتی)ه‌وه دابین ده‌كرێت، كه‌واته ئه‌و جۆره تێگه‌یشتنه وێنای حكومه‌ت له خه‌یاڵدانی تاكه‌كان كاڵ ده‌كاته‌وه و هه‌یمه‌نه‌ی حیزب جێگای ده‌گرێته‌وه، ئه‌مه‌ش ره‌نگدانه‌وه‌ی هۆشیاریه‌كی ساخته‌یه كه هه‌ر دو حیزبی حوكمڕان به‌درێژایی ماوه‌ی رابوردو له‌ڕێگه‌ی په‌یوه‌ندی و كه‌ناڵه جه‌ماوه‌رییه‌كان...، دروستیان كردوه كه، به هۆیانه‌وه ئامانجه حیزبی و كه‌سیه‌كانیان پێكاوه. له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه ده‌توانم بڵێم مه‌رج نییه هه‌میشه زۆرینه له‌سه‌ر راستی بێ و ره‌وایه‌تی هه‌بێت (وه‌ك ده‌زانرێ دوای هه‌ر هه‌ڵبژاردنێك زۆرینه و كه‌مینه ئاشكرا ده‌بێت، رێژه‌ی زۆرینه‌ش بریتییه له 50+1)، زۆرجار كه‌مینه له‌سه‌ر هه‌قن و زۆرینه‌ش ناهه‌ق، ئه‌وه‌ش به‌ته‌واوی جێگه‌ی باوه‌ڕه سه‌باره‌ت به هه‌رێمی كوردستان. هه‌ر ئه‌و زۆرینه‌یه ده‌بێته‌وه كه‌مینه به‌وه‌ی كه دوباره به‌رژه‌وه‌ندی گشتی كۆمه‌ڵگا له رێگه‌ی میكانیزمه جیاوازه‌كان وه‌ك چالاكییه مه‌ده‌نیه‌كان ده‌توانێت گوزارشت له رای گشتی و به‌رژه‌وه‌ندی گشتی بكات، به‌ڵام دو حیزبی حوكمڕان گه‌یشتونه‌ته ئاستی بێباكی له ده‌نگ و ویستی شه‌قام، ئه‌وان ئاماده‌باشی خۆیان وه‌رگرتوه له رێگه‌ی ئاراسته كردنی تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگا بۆ ئینتیمای خێڵ، هۆز و عه‌شیره‌ت... نه‌ك بۆ نه‌ته‌وه – ناسیۆنالیزم. سیسته‌می حوكمڕانی له هه‌رێمی كوردستان له سایه‌ی پارتی و یه‌كێتی گاڵته‌جاڕیه‌كی بێ وێنه‌یه كه، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و سه‌رۆكی هه‌رێم له په‌یوه‌ندییه جه‌ماوه‌ریه‌كاندا به‌ڵێن له‌گه‌ڵ هه‌وادارانی حیزبه‌كه‌یان دوپات ده‌كه‌نه‌وه ته‌نانه‌ت له بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنیش رۆڵی كادیری حیزبیان نواندوه، نه‌ك فه‌رمانبه‌ری حكومه‌ت...، له هه‌ر شوێنێكی ئه‌م هه‌رێمه ره‌خنه له حكومه‌ت و ده‌سه‌ڵات بگریت، ئه‌وا كه‌سێك یا چه‌ند كه‌سێك به ده‌نگێكی بڵند به‌سه‌رتا هاوارده‌كه‌ن و ده‌ڵێن ئه‌ی كابرا ویژدانت هه‌بێت... ئه‌و هه‌مو ده‌سكه‌وته‌ی هه‌رێمی كوردستان نا‌بینیت! كام ده‌سكه‌وت؟ ئاسایشی هه‌رێم جێگیره، سیسته‌می حوكمڕانی دیموكراسییه، چۆن؟ ئه‌ی نابینی له رێگه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌وه ده‌چنه ده‌سه‌ڵات! كاكه تۆ سوێری و تاڵیت نه‌بینیوه و ده‌نگت له تێری دێت، سه‌یری باشوری عێراق و ناوچه جێناكۆكه‌كان و... بكه و ئینجا ره‌خنه له‌م ده‌سه‌ڵاته بگره! كاتێك چاوپۆشی له بیست و دو ساڵ تاریكی ئه‌م هه‌رێمه ده‌كه‌ین و چه‌ند پرسیارێك ده‌خه‌ینه‌ڕو: ئه‌ی ئه‌گه‌ر هه‌رێمی كوردستان به كرده‌یی دیموكراتیزه بوه، بۆچی له ساڵی (2005)ه‌وه تا ئه‌م چركه ساتانه یه‌ك هه‌ڵبژاردنی پارێزگاكان ئه‌نجامدراوه، كه‌چی باشوری عێراق و... سێ هه‌ڵبژاردنی پارێزگاكانیان ئه‌نجامداوه (2005، 2009و 2013)؟ له دوای روخانی رژێمی به‌عس كوا باوی ده‌سه‌ڵاتی پشتاو پشت له به‌غدا، كه‌چی له هه‌رێمی كوردستان پشتاوپشت كردنی ده‌سه‌ڵات نه‌ریتیكی زاڵه؟ له‌هه‌مبه‌ر ئه‌و پرسیارانه ئه‌ژنۆ له باوه‌ش ده‌گرن و هیچ وه‌ڵامێكی باوه‌ڕپێكراویان نییه، ته‌نها ئه‌وه نه‌بێت كه ده‌ڵێن ئێوه دوژمنی (بارزانی و... )ن!
تا هه‌نوكه قسه‌مان له‌سه‌ر پارتی و یه‌كێتی كردوه وه‌ك دو حیزبی ته‌قلیدی حوكمڕان له هه‌رێمی كوردستان، به‌ڵام له دوای هه‌ڵبژاردنی (21/9/2013) راڤه كردن سه‌باره‌ت به سیاسه‌ت و حوكمڕانی له‌م هه‌رێمه ئاراسته‌یه‌كی دیكه وه‌رده‌گرێت، ریزبه‌ندی پارته‌كان ده‌گۆڕێت و حیزبی یه‌كه‌م و دوه‌م ده‌بن به یه‌كه‌م و سێیه‌م، بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان وه‌ك دوه‌مین گه‌وره حیزب له روی ریزبه‌ندی و یه‌كه‌مین حیزب له روی هه‌وادار و جه‌ماوه‌ری خۆڕسكه‌وه ده‌ركه‌وت. ئه‌گه‌ر هه‌ڵوێسته‌یه‌ك بكه‌ین و راڤه‌یه‌كی ورد سه‌باره‌ت به ده‌رئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنی (21/9/2013) بكه‌ین ئه‌وا بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كه زه‌نگی مه‌ترسیه‌كی دیكه لێدراوه، مه‌ترسیه‌كه بریتییه له به‌رزبونه‌وه‌ی كێرڤی ده‌نگده‌رانی (پ.د.ك) به رێژه‌یه‌كی چاوه‌ڕوان نه‌كراو به چاوپۆشین له چۆنیه‌تی به ده‌ستهێنانی ده‌نگه‌كان... له‌وه‌ش زیاتر به‌ریه‌ككه‌وتنێك له‌نێوان رێژه‌ی كورسیه‌كانی (پ.د.ك) و واقعی هه‌رێمی كوردستاندا هه‌یه (دژیه‌كیه‌ك له‌نێوان كۆمه‌ڵگا و ده‌رئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن هه‌یه)، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ئاستی وشیاری كۆمه‌ڵگا پێشوه‌چونێكی به‌رچاوی به‌خۆیه‌وه بینیوه، كه‌چی هه‌ڵبژاردنی (21/9/2013) پێمان ده‌ڵێت ئێمه هێشتا له میژودا ده‌ژین...! ئه‌مه‌ش باوه‌ڕ پێنه‌كراوه، چونكه له روی لۆژیكه‌وه ره‌تده‌كرێته‌وه. كه‌واته پێویسته پرسیاری جدیمان هه‌بێت له‌سه‌ر ئه‌م واقعه، چونكه هه‌ر كه‌سێك بیر له‌و واقعه نه‌كاته‌وه كه تیایدا ده‌ژیت، له بونی خۆی خۆشبوه. |
|
|