Print
 
 کەرکوك و خەمی کورد
نوسه‌ر:  فایەق سەرچناری
Friday, December 13, 2013

دیارە یەکێ لە پایە گرنگەکانی هەر وڵاتێك یان هەرێمێك، بریتیە لە سنوری جوگرافیا. ئەگەر نمونەیەکی زۆر ئاسایی وەرگرین ئەوا هەر شارێکیش سنوری جوگرافیای خۆی هەیە و ئەم سنورەش شارەوانی ئەو شارە لێی بەرپرسیارە و بەپێی پێویست بودجەی بۆ تەرخان ئەکرێ بۆ کەموکورتیەکانی، بۆئەوەی خەڵکەکەی بە یەکسانی و بێ جیاوازی رەگەز و دین و ئایدیای حیزبی پێکەوە لێی سودمەند بن لە ئاستی خزمەتگوزاریدا.

ئێمە ئەگەر سەیرێکی مێژوی شاری کەرکوك بکەین، بۆمان دەرئەکەوێ کە هەمو رژێمە یەك لەدوای یەکەکان کە حوکمی عێراقیان کردوە، بەروبومی نەوتی ئەم شارەیان بردوە. بەبێ ئەوەی خزمەتی هاوڵاتیانەکەیان کردبێ، بەڵکو هەوڵی دەرکردن و دورخستنەوەیان دراوە و کاریان بۆ ئەوە کردوە کە شارەکە هێواش هێواش تەعریب بکەن.

بۆیە کەرکوك هەرچەندە شارێکی زۆر دەوڵەمەندە لە نەوتا، بەڵام لەژێر فشاری حوکمڕانەکانی عێراق، ئەوا خەڵکێکی زۆری ئەم شارە لەژێر هێڵی هەژاریەوە ژیاون، بەتایبەتی کوردەکەی، ئەگەر ئاوڕێك لە مێژوی شۆڕشەکانی کورد لە کوردستانی باشور بدەینەوە، ئەوا سەروبنی زمانیان کەرکوك بوە و وتویانە بە هیچ شێوەیەك سازشی لەسەر ناکەین و کەرکوك کوردستانیە، نمونەش ئەوەیە سەرکردەکانی کورد جارێك بە قودس و جارێك بە دڵ ناویان هێناوە بە ئێستاشەوە، ئەگەر ئاوڕێك لە راپەڕینە مەزنەکەی خەڵکی کوردستان بدەینەوە، ئەوا راستیەکی حاشا هەڵنەگرە کە خەڵکی ئەم شارە شانبەشانی شارەکانی تری کوردستانی باشور راپەڕین و توانیان کەرکوك لەدەستی رژێمی ئەوسای بەعس رزگار بکەن، ئاڵای پیرۆزی کوردستان لەم شارە داکوتن و مۆرکی کوردایەتی ئەم شارە بدەنە دەست بەرپرسانی کورد، بەڵام لەبەر لاوازی و بێپلانی کورد هەرزو ئەم شارە سازشی لەسەر کراو سەرکردە کوردەکان خۆیان چونە سەرمێزی گفتوگۆ و مەسەلە قەومیەکە بو بە مەسەلەیەکی سیاسی سەرمێز. لێرەوە هەرچەندە رێژەی کورد لەم شارەدا لە هەمو کەمە نەتەوایەتیەکانی تر زیاترە و لەوەتەی کوردیش هەیە خەباتی کردوە و خوێنی داوە لەپێناو پێناسەی ئەم شارەدا، ئەوەبو گفتوگۆی سەرمێز ئەوەندەی تر پێگەی کوردی لەم شارەدا لاواز کرد، نمونەش ئەوەبو مادەی 58 لە سەردەمی جەعفەری، کە هەوڵیاندا بەپێی مادەکە قەرەبوی ئەو خێزانە عەرەبانە بکرێنەوە و کورد هەوڵی گەڕانەوەیان بدات بۆ زێدی خۆیان، لەبەرامبەردا هەرچەندە کورد لاوازی پێوە دیار بو بۆ جێبەجێکردنی، بەڵام عەرەبە شۆڤێنیەکان دژایەتیەکی زۆری ئەم بڕیارەیان کرد و هەوڵی ئەوەشیاندا کە زۆرێك لە پۆلیس و ئاسایشی کورد دوربخەنەوە.

لە دوای ئەوەش مادەی 140 هاتە پێش و لەو سەردەمەوە ئەم مادەیەش هەر ناوی دێنن و کاری جدی لەسەر نەکراوە، هەرچەندە لە پۆستە باڵاکانی عێراقدا کورد پێگەی زۆر باشی هەیە. ئەگەر ئەم مادەیە کاری زۆر جدی بۆ بکرایە بۆ جێبەجێکردنی و گەڕانەوەی ئەو ناوچە کوردستانیانەی کە تاکو ئێستا هەر بەداگیرکراوی ماونەتەوە، ئەوا ئەتوانراو ئەکرا ئەوەی سەرنجڕاکێشە بۆ ئێمە، ئەوەیە ناکۆکیەکانی ناحەزانی کورد لە ماڵی کوردا چارەسەر ئەکرێ و هەوڵی تەواوی بۆ ئەدرێ لە لایەن کوردەوە، هەرچەندە ئەمە کارێکی باشە، بەڵام کورد بۆ ناتوانێ کێشەکانی خۆی لە ماڵی خۆیدا چارەسەر بکات، دڵنیاین لەوەی خەڵکی کەرکوك زۆر دڵخۆش و شادبون بەوەی کە بڕیاری یەك لیستی درا لەلایەن حیزبە کوردستانیەکانەوە و ئومێدێکی زۆری بەخشیە کەرکوك و ناوچە کوردستانیەکان، بەڵام بەداخەوە هەر دوای 24 کاتژمێر ئەم بڕیارەش هەڵوەشایەوە، لەبەر بەرژەوەندی حیزبی و پۆستەکان، بۆیە ئیتر خەڵکی کەرکوك زۆر بێ ئومێد بون و بۆیان دەرکەوت کە بەرژەوەندی حیزبی لای بەرپرسانی کورد زۆر گرنگترە لە کەرکوك و خاکی داگیرکراوی کوردستان، خەمساردی بەرپرسانی کورد بۆ ئەم شارە و هەوڵدان بۆ بەرژەوەندی خۆیان، رێگەخۆش ئەکا بۆ تیرۆرستان و ئەوەتا هەر رۆژەی کۆمەڵێك ئەبنە قوربانی ململانێی حیزبی. ئیترکاتی ئەوە هاتوە خەمێك بۆ ئەم شارە و لەدەستی مەدەن، چونکە باجی مێژو ئێوە ئەیدەن و قوربانیەکانیش رۆژانە خەڵکی بەشمەینەتی کەرکوکن.
Sbeiy.com © 2007