|
ناوچه دابڕێنراوه‌كان و بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان |
نوسه‌ر: له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج
|
Thursday, June 5, 2014 |
ئایه بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان توانیویه‌تی بچێته ناو كوچه و كه‌ناره‌كانی ناوچه دابڕێنراوه‌كانه‌وه، چون به‌و مانایه‌ی خه‌ڵكی ئه‌و ناوچانه توانیویانه له په‌یامی ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه بگه‌ن، هه‌روه‌ك گۆڕان توانیویه‌تی كۆدی ئه‌و ناوچانه بكاته‌وه، ئه‌مه ئه‌و پرسیاره‌یه كه پێویسته له‌دوای هه‌ڵبژاردنی رۆژی سی نیسانی ئه‌م ساڵی 2014 به وردی وه‌ڵام بدرێته‌وه.
گۆڕان له ناوچه دابڕێنراوه‌كان به چه‌ند شێوازێكی جیا به‌شداری پرۆسه‌كه‌ی كرد، له دیاله و تكریت به‌شداری نه‌كرد و خه‌ڵكه‌كه‌ی خۆی ئازاد كرد له‌وه‌ی چۆن ده‌نگ ئه‌ده‌ن، له دیاله جه‌له‌ولا و سه‌عدیه و جه‌باره و قه‌ره‌ته‌په و خانه‌قین، له‌و شوێنانه گۆڕان خه‌ڵكی هه‌یه، دیاره كه به‌شداری نه‌كردوه نه‌یویستوه ئه‌و ده‌نگانه به‌هه‌ده‌ر بچن، كه ناگه‌نه كورسیه‌ك، ئه‌مه‌ش هه‌نگاوێكی زۆر باشه، به‌ڵام بۆ ئاینده پێویسته گۆڕان بیر له میكانیزمی دیكه بكاته‌وه.
له سنوری پارێزگای موسڵ هه‌مان هه‌نگاوی نا له‌وێش ده‌نگی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان بۆ لایه‌نه‌كانی دیكه‌چو، ئه‌گه‌ر بۆ ئه‌م قۆناغه ئه‌و هه‌نگاوه ئه‌رێنی لێكبدرێته‌وه، بۆ ئاینده ئیدی خه‌ڵكی ئه‌و ناوچانه پرسیاری دیكه‌یان هه‌یه.
ماوه‌ته‌وه كه‌ركوك، بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له كه‌ركوك له‌ژێر بارودۆخێكی نه‌فسی ناجۆردا به‌شداری كرد، هیچ له‌وه‌ی ئه‌و ته‌نیا چوار كه‌سی دانابو "نه‌وزاد شوانی، مه‌لا فه‌رمان، ئه‌دهه‌م جومعه، خانمێكی بنه‌ماڵه‌یه‌كی سه‌نگینی شاره‌كه" كه دیاربو ئه‌ویش هه‌ر بۆ ئه‌وه دانرابو، كه لیسته‌كه خاتونێكی تیا بێت ده‌نا هیچ كارێكی بۆ خۆی نه‌كرد و به‌نیازی ئه‌وه‌ش نه‌چو بو ده‌ربچێت، بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له كه‌ركوك له‌نێو نیگه‌رانیه‌كی زۆردا به‌شداری كرد، هه‌ر به‌وه‌ی ئایه شه‌ڕی كورد له كه‌ركوك شه‌ڕی نه‌ته‌وه‌یه یان ئه‌وه‌ی كه سیانزه ساڵ له خۆده‌سه‌ڵاتی كوردی له‌و شاره پارتی و یه‌كێتیشی خستوه‌ته ژێر پرسیاری قوڵه‌وه، راسته خه‌ڵك له حیزبایه‌تی كردنی پارتی و یه‌كێتی له كه‌ركوك بێزارن، راسته نادادی و سته‌مكاری هه‌یه، راسته كه‌موكوڕی زۆره، بەڵام له‌وێ پرسی نه‌ته‌وه له‌سه‌رو هه‌مو پرسێكه‌وه‌یه، لاموایه بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌مه‌دا كورتی هێنا بو بۆچونه‌كانی.
گۆڕان له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا زیاتر له 15 هه‌زار ده‌نگ كه‌می كرد له‌چاو هه‌ڵبژاردنی پێش‌و، هه‌ڵبه‌ت هێنانه‌وه‌ی ده‌نگی ئه‌وسا ره‌نگه كورسیه‌كی به ئاسانی هێنابا، به‌شێكی زۆری ئه‌وانه‌ی ئه‌مجاره ده‌نگیان به گۆڕان نه‌دا له‌چاو جاره‌كه‌ی دیكه‌وه له به‌ردو هۆی سه‌ره‌كی و ده‌یان هۆی لاوه‌كی بون كه من لێره‌دا به‌س له‌سه‌ر دو هۆیه سه‌ره‌كیه‌كه ده‌وه‌ستم و هۆیه لاوه‌كیه‌كان وازلێدێنم.
یه‌كه‌م: هه‌رئه‌وه‌ی كه پرسی نه‌ته‌وه به وردی هه‌ڵوه‌سته‌ی له‌سه‌ر نه‌كرابو، ئه‌وه‌ش وه‌ك دژبه‌رێك به‌كارهێنرا، به بڕوای من كاری خۆیشی كرد.
دوه‌م: زۆرێك له‌وانه‌ی پێش‌و تر ده‌نگیان به گۆڕان داب‌و، هیچ هۆیه‌كیان نه‌بو بۆ ئه‌وه‌ی كه دوای كشانه‌وه‌ی پارتی له لیستی كوردستانی گۆڕان بۆ كشایه‌وه، دیاره پارتی به‌و كشانه‌وه‌یه ئه‌گه‌ر هیچی نه‌كردبێت گۆڵی خۆی له هه‌رسێ لایه‌نی ئۆپۆزسیۆن كرد به‌وه‌ی له‌لایه‌كه‌وه به دوی خۆیدا رایكێشان و به‌وه‌ش زه‌ره‌ری گه‌وره‌ی لێدان، هه‌ڵبه‌ت ئه‌و كشانه‌وه‌یه‌ش زۆر به زیره‌كانه كاری له‌سه‌ر كرا، پارتی به‌و كشانه‌وه‌یه خۆی قازانجی كرد و توانیتی به ته‌واوه‌تی ده‌نگه‌كانی خۆی گردكاته‌وه له به‌رانبه‌ردا جگه له یه‌كێتی ده‌نگی ئه‌وانی دیكه‌ی هه‌ڵوه‌راند، ئه‌مه‌ش نه‌ك هه‌ر وای كرد كه ده‌نگده‌رانی لایه‌نه‌كانی تر نه‌زانن بیانوی ئه‌م كشانه‌وه‌یه چیه ته‌نانه‌ت خرانه دۆخێكی واشه‌وه، كه ئه‌گه‌ر ده‌نگه‌كانیان بۆ لایه‌نه‌كانی خۆیان بچێت به هه‌ده‌ر ده‌چێت، له‌مه‌شدا دیسان پرسه نه‌ته‌وه‌ییه‌كه رۆڵی خۆی بینی.
ئه‌وه‌ی ئێستا من هه‌ڵوه‌سته‌ی له‌سه‌ر ده‌كه‌م، به‌ته‌نێ گۆڕانه و قسه له‌سه‌ر ئه‌وانی تر ناكه‌م، مه‌به‌ستم ئه‌وانی تر ئه‌وانه‌یه كه كورسیان نه‌هێنا، لاموایه بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان سه‌باره‌ت به‌م ناوچانه پێویستی به خۆڕێكخستنه‌وه‌یه‌كی ئاوه‌زدارانه و له‌سه‌رخۆیه، ده‌بێت بزانێ چۆن مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی تری ئه‌م ناوچانه ده‌كات، به‌تایبه‌ت هێزه كوردیه‌كان، ده‌بێت سه‌به‌ته‌ی بۆ هه‌مو ئه‌گه‌ره‌كان هه‌بێت، وه‌ك پرسی ماده‌ی 140، پرسی ئه‌م ناوچانه له ده‌ستوری هه‌رێمدا، پرسی قسه‌كردن له‌گه‌ڵ حكومه‌تی ئاینده له‌سه‌ر ئه‌م ناوچانه، من سه‌یرم پێدێت به‌وه‌ی پارتی و یه‌كێتی كه باسی یه‌كڕیزی و یه‌كگوتاری كوردی ده‌كه‌ن له به‌غدا زیاتر هه‌ر لایه و مه‌به‌ستی ئه‌جندای خۆیه‌تی، بۆ ئه‌مه پێویسته گۆڕان پێشمه‌رج و ئه‌جندای خۆی هه‌بێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی به‌رنامه‌كه، هه‌رلایه و هی خۆی بنوسێ و دواتر كۆده‌نگی له‌سه‌ر دروستبكرێت و هه‌مو خۆیانی تیا بدۆزنه‌وه، گۆڕان پێویسته بۆ ئه‌م ناوچانه‌ی بسه‌لمێنێ كه ئه‌ویش پڕۆژه‌ی خۆی هه‌یه و پڕۆژه‌كه‌ی پێشكه‌وتو تر و جیاوازتره، بۆ سودی ئه‌م ناوچانه‌ش هه‌رچی بكات وه‌ك خۆی و بێ ئه‌وانی تر ئه‌وه ده‌رچون نیه له ریزو كاركردنه بۆ به‌رژه‌وه‌ندی گشتی.
گۆڕان له گه‌ڵ یه‌كێتی و پارتیشدا ده‌توانێت بۆ ئه‌م ناوچانه لیژنه‌ی هاوبه‌ش دابنێت و له‌سه‌ر پرسه جیاجیاكان دانوستان له‌گه‌ڵ ئه‌وانی تر بكات، من پێشتر له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌تانه به دورو درێژی بیر‌و رای خۆم وتوه نامه‌وێ بگه‌ڕێمه‌وه سه‌ر ئه‌و خاڵانه، به‌ڵام لاموایه ناكرێ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌هۆی ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردنه‌وه واز له‌م ناوچانه بێنێت، یان له هه‌وڵه‌كانی بۆ گه‌یشتنی خه‌ڵكی ئه‌م ناوچانه به خواسته‌كانیان سارد بێته‌وه.
هه له بنه‌ڕه‌تیشا بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌م ناوچانه نابو به‌لای هیچ یه‌ك له‌و دو حیزبه‌دا وا دایشكێنێ كه لێكدانه‌وه‌ی ئه‌وه‌ی بۆ بكرێت، سه‌نگه‌ر له‌لایه‌ك ده‌گرێت بۆ به‌رژه‌وه‌ندی لایه‌كی تر، ئه‌م لێكدانه‌وه‌یه هه‌رزو كرا، گۆڕان نه‌یتوانی جیاوازیه‌كانی خۆی له‌گه‌ڵ ئه‌و دولایه‌دا بپارێزێ به‌و مانایه‌ی گره‌و له‌سه‌ر ئه‌وه بكات هه‌ردوكیان تێپه‌ڕێنێ، نه‌ك ئه‌وان به‌شێوازی سیاسی خۆیان گۆڕان وا لێ بكه‌ن له بازنه‌ی ئه‌وان، یان لایه‌كیان ده‌رنه‌چێت.
بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان به هه‌مان شێوه‌ی هه‌رێمی كوردستان له هه‌ردولا نه‌یتوانی به‌یه‌ك دوری له‌و دولایه‌نه‌وه دور بێت، من زو رون و ره‌وان ئه‌مه‌م وت كه ئه‌گه‌ر سیاسه‌ت به‌و جۆره بكرێت، ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره ده‌كات، دیاره ئه‌و ده‌م ئه‌وه به سۆزداری بۆ لایه‌ك لێكدرایه‌وه، له‌كاتێكا ئه‌وه‌ی بۆ من له كۆی ئه‌و پرسانه‌دا گرنگ بو مۆدێلێكی دیكه‌ی سیاسی بو، مۆدێلێكی جیاواز تر، ئه‌وه‌ش هەر له‌به‌رئه‌وه‌ی پارتی و یه‌كێتی به حوكمی ئه‌وه‌ی ته‌مه‌نێكی زۆریان له ده‌ستبه‌سه‌ردا گرتنی كورسی حوكمڕانیدا هه‌بو له‌لایه‌ك و له لایه‌كی دیكه‌شه‌وه دوركابه‌ری سه‌ر سه‌ختی یه‌كتر بون، ئه‌سته‌م بو هه‌رگیز ببنه ئۆپۆزسیۆن، یان مۆدێلێكی تر نیشان بده‌ن، ته‌نانه‌ت ئه‌وكاته‌ش كه پێویستی كرد له‌به‌رانبه‌ر ئه‌وانی تردا خۆیان گردكه‌نه‌وه، رێكه‌وتنی ستراتیژیان واژو كرد، كه ناونانه‌كه‌ی به قه‌ده‌ر ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی پڕه له هه‌ڵه و كه‌ندو له‌ندو ناجۆری.
بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌م دۆخه‌دا سه‌ریهه‌ڵداو له ناوچه دابڕێنراوه‌كانیش به هه‌مان شێوه كه‌وته نێوان دو به‌رداشه‌وه، ئه‌مه جگه‌له‌وه‌ی هێشتا خه‌ڵكی ئه‌و ناوچانه كلیلی كردنه‌وه و ناسینی ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه‌یان به ته‌واوه‌تی ده‌ستنه‌كه‌وتبو.
ئه‌گه‌ر قسه‌یه‌ك هه‌بێت بۆ سبه‌ینێیه ئایه بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان سبه‌ینێ له‌و ناوچانه چی ده‌كات و چۆن، ئه‌مه ئه‌و پرسیاره‌یه كه ده‌بێت ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه وه‌ڵامی هه‌بێت بۆی.
بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان پێویسته بۆ ئه‌م ناوچه فراوانه‌ی كورده‌واری به‌رنامه‌یه‌كی رونی هه‌بێت و كاری له‌سه‌ر بكات، بۆ نمونه ئه‌گه‌ر ئاینده‌ی هه‌رێمی كوردستان به‌و نه‌خشه‌یه‌ی ئێستایه‌وه كه لای حكومه‌تی عێراقی بونی هه‌یه به‌ره‌و ئاقارێكی دیكه رۆی، چاره‌نوسی ئه‌م ناوچانه چی ده‌بێت، له‌كاتێكا له هه‌ڵبژاردنی 30 نیساندا كێرڤی به‌شداری كورد له‌م ناوچانه زۆر به‌رز بوه‌ته‌وه و له كه‌ركوكیش كورسیه‌كانی كورد له 6 كورسیه‌وه بوه به 8 كورسی، راسته بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان پشكی له‌و كورسیانه‌دا نیه، به‌ڵام هه‌م ده‌نگی له‌ناو ئه‌و هه‌شت كورسیه‌دا هه‌یه و هه‌م وه‌ك بزوتنه‌وه‌یه‌كیش له به‌غدا خاوه‌نی 9 كورسی و له هه‌ولێریش خاوه‌نی 24 كورسیه، ئه‌مه‌ش پێوه‌رێكی گرنگه بۆئه‌وه‌ی له‌و باره‌یه‌وه قسه‌ی خۆی هه‌بێت، بۆ ئه‌مه‌ش ده‌بێت له‌گه‌ڵ ئه‌وانی تردا به‌تایبه‌ت له گه‌ڵ یه‌كێتی له كه‌ركوك و له گه‌ڵ پارتی له سنوری موسڵ و له گه‌ڵ هه‌ردولاو لایه‌نه‌كانی دیكه‌ش به‌رنامه و پڕۆژه‌ی خۆی بۆ ئه‌و شوێنانه هه‌بێت.
ئه‌م هه‌ڵبژاردنه ئه‌گه‌ر هه‌ندێ كه‌موكوڕی به‌لاوه‌نێین و قسه له‌سه‌ر هێنانی كورسیه‌كان بكه‌ین تاڕاده‌یه‌كی زۆر ئه‌وه ریفراندۆمێكی گرنگه، ئیدی لێره‌وه قۆناغێكی تری ماده‌ی 140یش كه راپرسیه ته‌واو بو.
بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كه پێویسته به‌خۆداچونه‌وه بكات ده‌بێت ئه‌م ده‌نگهێنانه وه‌ك ده‌سكه‌وتێكی گرنگ لێكبداته‌وه و له‌سه‌ر ئه‌و ده‌نگهێنانه نه‌خشه‌ی ئاینده داڕێژێ.
یه‌كێتی و گۆڕان و ئه‌م ناوچانه:
من پێشتریش له‌سه‌ر پێكه‌وه‌كاركردن و پێكه‌وه‌یی گۆڕان و یه‌كێتی قسه‌م كردوه، نزیكی سروشتی سیاسی كوردی له‌نێوان سلێمانی و كه‌ركوك و گه‌رمیاندا واده‌كات چه‌ند یه‌كێتی و گۆڕان پێویسته له سلێمانی كار له‌سه‌ر پته‌وكردنی خاڵه هاوبه‌شه‌كانی نێوانیان بده‌ن، له كه‌ركوك و گه‌رمیانیش ده‌بێت هه‌مان هه‌نگاو بنێن، من لاموانیه ئه‌م ژماره داتایانه تا سه‌ر واده‌بن، هه‌روه‌ك بۆ پێكه‌وه‌كاركردن و پێكه‌وه‌یی زۆر بایه‌خ به ژماره و قه‌باره نادرێت، ئه‌وه‌نده‌ی بایه‌خ به‌وه ده‌درێ چۆن ئاشتی كۆمه‌ڵایه‌تی و پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتیانه به‌ره‌وسه‌ر ببرێ.
گۆڕان نه‌ك هه‌ر له گه‌ڵ یه‌كێتی ده‌بێت له‌گه‌ڵ ئه‌وانی تریش بیر لە میكانیزمێكی تری كاركردن بكه‌نه‌وه، وه‌ك ئه‌وه‌ی چۆن كار بۆ جێبه‌جێ كردنی ماده‌ی 140 ده‌كه‌ن، كاری هاوبه‌شی كوردی له‌و روه‌وه چۆن ده‌بێت، ئایه له ده‌ستوری ئاینده‌ی كوردستاندا كه‌ركوك و ناوچه دابڕێنراوه‌كان ده‌كه‌وتنه كوێوه، گریمان له ئاینده‌دا كه‌ركوك و به‌شێك له ناوچه دابڕێنراوه‌كان وه‌ك هه‌رێمێكی جیاواز ده‌رده‌كه‌ون، بیروڕای گۆڕان له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته، په‌یوه‌ندی ئه‌و هه‌رێمه به هه‌رێمی كوردستانه‌وه، ئه‌وه‌نده‌ی من بزانم ئێستا به مكوڕی توركیا كار له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كات هاوشێوه‌ی هه‌رێمی كوردستان، به‌شێك له سونه‌كان هاندات بۆ دروستكردنی هه‌رێمی تایبه‌ت به خۆیان، ئه‌مه تا چه‌ند سه‌ر ده‌گرێت ئه‌وه مه‌سه‌له‌یه‌كی دیكه‌یه، به‌ڵام بێشك دروستبونی هه‌رێمی سونه رێگه ده‌كاته‌وه بۆئه‌وه‌ی كه‌ركوكیش بیر له بابه‌تێكی وا بكاته‌وه، ده‌بێت گۆڕان به وردی توێژینه‌وه له‌م بابه‌ته بكات و له گه‌ڵ ئیداره‌ی كه‌ركوكدا له‌سه‌ر هێڵ بێت، ئه‌گه‌ر هه‌رێمی سونه‌كان وه‌ك ئه‌وه‌ی توركیا و نوجه‌یفی ده‌یانه‌وێت ببێت دیفاكتۆ، ئه‌وه سبه‌ینێ كه‌ركوكیش ده‌بێته دیفاكتۆ و ره‌نگه ئه‌م بابه‌ته هه‌ر له ناوچه شیعه نشینه‌كان و ناوه‌ند به‌و شێوازه بمێنێته‌وه، كه ئێستا هه‌یه و ئه‌وه‌ش له‌ئاینده‌دا گۆڕانی به‌سه‌ردا دێت و ره‌نگه ئه‌و ناوچانه‌ش بۆ چوار یان پێنج هه‌رێم دابه‌شبكرێن.
هه‌مو ئه‌م دیدوبۆچون و ئه‌گه‌رانه ئه‌وه ده‌خوازێت، كه گۆڕان كارایانه تر له‌سه‌ر ئه‌م ناوچانه نه‌خشی خۆی دا‌نێت.
|
|
|