Print
 
 ٢٥-٧ ئومێد و هیوای خەڵك
نوسه‌ر:  فایەق سەرچناری
Friday, July 25, 2014
کوردستانی باشور لە سەرەتای ساڵەکانی 1991وە توانی رژێمی ئەوسای بەعس لە کوردستان وەدەرنێ و لەو ساتەوەختەوە کورد خۆی حوکمی گرتەدەست و توانی پەرلەمان و حکومەت دابمەزرێنێت، قۆناغێکی باشی بڕی، بەڵام بەهۆی کەمتەرخەمی بەرپرسان و هەوڵدان بۆ بەرژەوەندی شەخسی و کەسوکاریان، نەیانتوانی پرۆسەکە بەباشی بەڕێوەبەرن و هاوسەنگی راگرن. بۆیە هەر لەسەرەتاوە کوردستانیان توشی زۆر قەیرانی نەخوازراو کرد و تا دەهات جەماوەر زیاتر بێزاری پێوە دیاربو.

25/7 بۆ خەڵکی چەوساوەی کوردستان بوە رۆژێکی مێژویی و لەم ساتەوەختەدا بزوتنەوەی گۆڕان هاتەمەیدان. توانی بۆ یەکەم جار بەشداری هەڵبژاردنەکانی هەرێم بکات، لەبەرئەوەی بزوتنەوەکە تازەبو هەر بۆیەش هەندێ لە سیاسیەکان پێیانوابو ئەم بزوتنەوەیە کاتیە و بۆماوەیەکی کەم کار ئەکا و ئەپوکێتەوە، بەڵام لەم قۆناغەدا توانی بەبێ سەرمایە و بێ هێزی چەکدار 25 کورسی بەدەست بێنێ و بڕیاریشیدا بەشداری حکومەت نەکات، بەڵکو وەك هێزێکی ئۆپۆزسیۆنی چالاك دەستبەکاربو و بوە چاودێرێکی بەهێز بەسەر حکومەتەوە.

دیارە لە 4 ساڵی تەمەنی ئەم بزوتنەوەیە توانی زۆر کاری باش بکات، خەڵك لە هەمو کەموکوڕی و گەندەڵیەکان بەئاگا بێنێتەوە و ببێتە هێزێکی زۆر چالاك، لەڕوی میدیاییشەوە چەندە ئەم بزوتنەوەیە لە هەرێمی کوردستان بوە چەترێ بۆ خەڵك و جەماوەرێکی زۆری لەخۆی کۆکردەوە، هێندەش لەناو رەوەندی کوردی رەنگدانەوەی دروستکرد و توانی دەنگی بگەیەنێتە هەر شوێنێك کە کوردێکی لێ نیشتەجێیە. لەسەر ئاستی وڵاتانی دەوروبەریش قورسایی خۆی نیشاندا، هەربۆیەش زۆربەی هەرە زۆری کوردانی تاراوگە بونە پاڵپشتی ئەم بزوتنەوەیە، نمونەش چەندین خەڵکی تێکۆشەر خۆبەخشانە بەشەو و رۆژ هەوڵی تەواو ئەدەن بۆ بەرەوپێشبردنی.

ئەگەر ئاوڕێك لە هەڵبژاردنەکانی ئەم داوییە بدەینەوە، هەرچەندە غەدرێکی زۆری لێکرا ، بەڵام بەدەنگە پاك و بێگەردەکانی خۆی توانی متمانەی جەماوەری خۆی زیاد بکاو بەشداری لە حکومەتدا بکات، هاوکێشە سیاسیەکانی هەرێمی بەتەواوی گۆڕی.

گەنجترین سەرۆکی پەرلەمان لە مێژوی کوردا لەسەر دەستی ئەم بزوتنەوەیە دیاری کرا، ئەمەش ئەیسەلمێنێ کە دەرگای بەسەر گەنجا دانەخستوە و هەوڵ ئەدا بۆ ئەم جیلە نوێیە کە بەشداری لە خەباتی سیاسی و ئیداریدا بکەن، ئەو ژنانەی کە لە خولی پێشوی پەرلەماندا کاریان کرد نەك هەر هاوشانی پیاوەکان بگرە زیاتریش کاری پەرلەمانی خۆیان ئەنجامدا و بەگژ هەمو ناعەدالەتیەکاندا ئەچونەوە، ئەمڕۆش ئەو بزوتنەوەیە کە بەشدارە لە حکومەتدا بۆ بەڕێوەبردن، هەمو ئەزانین کە کوردستان بەکۆمەڵێ قەیرانی سەختدا تێئەپەڕێ و لەملاشەوە بانقەکان سفرن لە داهات، موچەی فەرمانبەران بوە بە 60 رۆژ یان جاری وا هەیە زیاتریش، بۆیە ئەم بزوتنەوەیە بەرپرسیرێتیەکی زۆر گەورەی کەوتوەتە ئەستۆ و ئەبێ هەوڵی تەواو بدات بۆ چارەسەرکردنیان، با هەمومان پشتگیری تەواوی بکەین و نەهێڵین قەیران بەسەریدا زاڵبێ، چونکە پەیمانی زۆر و بەرپرسیارێتی زۆر پێویستی بە کاری زۆر و هەماهەنگی هەیە.
Sbeiy.com © 2007