Print
 
  موچه‌ و مرۆڤ
نوسه‌ر:  له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج
Wednesday, September 3, 2014

له‌ كوردستان چه‌پ و راست ئه‌ركیان بوه‌ به‌ تێكشكاندنی‌ مرۆڤی‌ كورد و هێنده‌ی‌ كار له‌سه‌ر نابودكردن و بێبایه‌خكردنی‌ ئه‌و مرۆڤه‌ ده‌كرێت، هێنده‌ كار له‌سه‌ر چاككردنی‌ سیستم ناكرێت، ئه‌وه‌ی‌ له‌و چه‌ند رۆژه‌ له‌په‌نای‌ لێدان له‌هه‌ندێ‌ ناوه‌وه‌  كه‌ ده‌شێ‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ نایاسایی‌ و له‌ژێر ناوێكی‌ نایاسایدا سۆسیالێك وه‌ربگرن، به‌ توێژێكی‌ كۆمه‌ڵی‌ كورده‌واری‌ كرا، له‌ڕوی‌ شكاندنی‌ بون و شكۆوه‌ هیچی‌ له‌ ئه‌نفالكردنی‌ جه‌سته‌ كه‌متر نیه‌، ئه‌مه‌ له‌بری‌ ئه‌وه‌ی‌ داوای‌ چاره‌سه‌ری‌ كێشه‌كه‌ و گێڕانه‌وه‌ی‌ شكۆی‌ مرۆڤ بۆ شوێنی‌ خۆی‌ و بایه‌خدان به‌ "دابینی‌ خۆیی‌" كه‌ ئه‌مه‌ ئه‌ركی‌ هه‌ر پارله‌مانتارێكه‌ له‌ رێگه‌ی‌ ده‌ركردنی‌ یاساوه‌ شه‌ڕ له‌سه‌ر ژیانی‌ باش و ئازادی‌ زیاتری‌ مرۆڤه‌كان بكات نه‌ك وردو خاشیان كات و خۆشی‌ لێببێته‌ پاڵه‌وان، له‌ هه‌مو دنیا ئامانجی‌ یه‌كه‌م مرۆڤه‌ نه‌ك شتێكی‌ تر.

له‌ وڵاته‌ پێشكه‌وتوه‌كانی‌ دنیا له‌ رێگه‌ی‌ سۆسیال، بیمه‌ی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌، دابینكردنی‌ شوێنی‌ ژیان، دابینكردنی‌ پێداویستیه‌ ته‌ندروستیه‌كان، دابینكردنی‌ خوێندنی‌ شیاو، هه‌روه‌ها دابینكردنی‌ بڕێك پاره‌ بۆ هه‌ر مناڵێك تا ته‌مه‌نی‌ ده‌بێته‌ 18 ساڵ له‌و كارانه‌ن كه‌ حیزبه‌كان له‌ گه‌مه‌ی‌ هه‌ڵبژاردنا ململانێی‌ یه‌كتری‌ پێده‌كه‌ن، ئه‌وان له‌سه‌ر شتی‌ كورت و پوخت ده‌نگده‌ر كۆده‌كه‌نه‌وه ‌و به‌ڵێنه‌كان ده‌به‌نه‌سه‌ر، هه‌رچۆن له‌ بانگه‌شه‌ی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ خۆیشماندا به‌ڵنه‌كان ده‌ده‌ین لێ‌ بردنه‌ سه‌ریان نابینین، هێرشی‌ ناجۆر و ناڕه‌وا له‌لایه‌ن كه‌سانێكه‌وه‌ كه‌ خۆیان موچه‌ی‌ زۆرباش وه‌رده‌گرن و ئه‌ركی‌ سه‌ره‌كیشیان ده‌بێ‌ داكۆكی‌ كردن بێت له‌ مرۆڤ خۆی‌ بۆ هه‌ر هاونیشتمانی‌ و هاوڵاتیه‌كی‌ ئه‌م وڵاته‌ مایه‌ی‌ سه‌رسامیه‌، چونكه‌ شوێن و جێگه‌ی‌ دیكه‌ هه‌یه‌ بۆئه‌وه‌ی‌ ئه‌گه‌ر نادادی‌  و گه‌نده‌ڵی‌ له‌ بابه‌تێكی‌ وادا هه‌بێت بۆئه‌وه‌ی‌ كاری‌ له‌سه‌ر بكرێت، لێدان له‌ مرۆڤه‌كان و دروستكردنی‌ ناوناتۆره‌ بۆیان كارێكی‌ ناقانونیه‌ و ده‌بێ‌ له‌ڕێگه‌ی‌ یاساوه‌ چاره‌سه‌ر بكرێت، مرۆڤه‌كان شایانی‌ ژیانی‌ شایسته‌ن، هه‌مو هاوڵاتیه‌كیش ده‌بێت شوێنی‌ ژیان و بژێوی‌ رۆژانه‌ی‌ بۆ دابین بكرێ.

ده‌مزانی‌ قسه‌كردن له‌ بڕینه‌وه‌ی‌ موچه‌ بۆ كابانی‌ ماڵ له‌ كاتی‌ بانگه‌شه‌ی‌ هه‌ڵبژاردنا له‌لایه‌ن خۆپاڵێوه‌كانی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕانه‌وه‌ ئه‌سته‌مه‌ جێبه‌جێ‌ بكرێت، به‌ڵام به‌ بانگه‌شه‌یه‌كی‌ دروست و ره‌وام ده‌زانی‌، چونكه‌ من ده‌مبینی‌ ئه‌و كابانانه‌ی‌ ماڵ كه‌ موچه‌یه‌كیان نیه‌و مناڵ په‌روه‌رده‌ ده‌كه‌ن و ره‌نج ده‌كێشن چه‌ند ماندو ده‌بن، ئه‌و بانگه‌شه‌یه‌ ئه‌مڕۆ یاسبه‌ی‌ هه‌رده‌بێت كاری‌ له‌سه‌ر بكرێت، پێچه‌وانه‌ی‌ ئه‌مه‌و بانگه‌شه‌ بۆ بڕینی‌ قوتی‌ خه‌ڵك و ده‌رونشكێنیان له‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ هه‌مو عورف و عاده‌تێكه‌، ئه‌ركی‌ تۆ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر له‌به‌رانبه‌ر پێدانی‌ بڕێك موچه‌ به‌ مرۆڤگه‌لێك به‌ هه‌ر بیانویه‌ك خراوه‌ته‌ ژێر ناوێكه‌وه‌ كه‌ نابێ‌ له‌وێ‌ بێت، ئه‌وه‌یه‌ بیگێڕیته‌وه‌ بۆ شوێنی‌ خۆی‌ و موچه‌كه‌ی‌ بخه‌یته‌وه‌ سه‌ر ئه‌و شوێنه‌ی‌ كه‌لێیه‌تی‌، ئه‌وه‌ 100 هه‌زاره‌ یان زیاتر و كه‌متر، حیزبین یان حیزبی‌ نین، به‌ر له‌هه‌ر شت مرۆڤن، بۆیه‌ ده‌بێ‌ به‌و شێوه‌یه‌ مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ بكرێ‌، نه‌ك شێوه‌یه‌كی‌ تر ئه‌شێ‌ له‌ناو 100 هه‌زارا سه‌دانی‌ ناشایسته‌ش هه‌بن، ئه‌وانیش مرۆڤن، وه‌ك چۆن ناكرێ‌ تۆ بڵێی‌ هه‌ر 111 پارله‌مانتاره‌كه‌ شایسته ‌و شیاون، به‌ڵام هه‌مویان مرۆڤن، ئێمه‌ ده‌بێ‌ له‌و روانگه‌یه‌وه‌ قسه‌ی‌ خۆمان بكه‌ین، ئه‌گه‌ر چاره‌سه‌رمان ده‌وێت و ده‌مانه‌وێ‌ به‌ گژ گه‌نده‌ڵی‌ و نادادی‌ و گه‌نه‌گانی‌ گه‌نده‌ڵیدا بچینه‌وه‌، پێویسته‌ سیسته‌مه‌كه‌ هه‌ڵوه‌شێنینه‌وه‌ نه‌ك مرۆڤه‌كان نابود بكه‌ین، هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ و چاره‌سه‌ركردنی‌ سیسته‌م بۆ باشكردن و گێڕانه‌وه‌ی‌ شكۆیه‌ بۆ مرۆڤ، بۆیه‌ هه‌قه‌ له‌به‌رانبه‌ر ئه‌و هه‌مو سوكایه‌تیه‌ی‌ ئه‌و چه‌ند رۆژه‌ به‌ مرۆڤی‌ كوردمان كردوه‌، لانی‌ كه‌م داوای‌ لێبوردن بكه‌ین.
Sbeiy.com © 2007