Print WWW.SBEIY.COM
 بان كی مۆن: 25 هەزار بیانی چونەتەناو گروپە تیرۆرستییەكانەوە
30/05/2015 21:45:29
(سبەی):
"رۆشتنی چەكداران بۆناو گروپە تیرۆرستییەكان لەوانە رێكخراوی داعش بە بەراورد بە ساڵی رابردو بە رێژەی 70% زیادی كردوە" بانی كی مۆن ئەمینداری گشتی نەتەوە یەكگرتوەكان وای راگەیاند.
لە وتەیەكدا لە پەراوێزی كۆبونەوەی نەتەوە یەكگرتوەكان كە ئەمڕۆ بەڕێوەچو بان كی مۆن وتی"زیادبونێك هەیە لە رێژەی رۆشتنی چەكدارانی بیانی بۆ ناو ریزەكانی رێكخراوی داعش‌و گروپە تیرۆرستییەكانی تر".
وتی: لە ناوەڕاستی ساڵی 2014 وە بۆ مانگی ئازاری ئەمساڵی 2015 بە رێژەی 70% ژمارەی ئەو چەكدارانە زیادیكردوە كە چونەتەناو گروپە تیرۆرستییەكان كە ژمارەیان 25 هەزار كەس بوە‌و لە 100 وڵاتەوە رویان لەناو ئەو گروپانە كردوە.
بان كی مۆن جەختیكرد لەسەر پێویستی دانانی پلانێك بۆ رێگرتن لە دزەكردنی چەكداران بۆ ناو عێراق‌و سوریا.
بڕیاری رۆژی 2 ی حوزەیران لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا كۆبونەوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی بە "داعش" بەڕێوەبچێت، حكومەتی عێراق بەنیازە لەو كۆبونەوەیەدا بابەتی رێگرتن لە دزەكردنی چەكداران بۆ ناو عێراق بخاتەبەر باس.