(سبەی):
توێژینەوەكى نوێ کە لە زانكۆی گلاسكۆی سكۆتلەندا ئەنجامدراوە، دەریخستوە خواردنی شكولاتە رێگرە لە تەسكبونەوەی بۆرییەكانی خوێن و یارمەتی رێكخستنی سوڕی خوێن دەدات و بەوەش ئەگەری توشبون بە جەڵتەی مێشك كەمدەكاتەوە.
توێژەران لەو توێژینەوەیەدا چاودێری سوڕی خوێنی چەند كەسێكیان کردوە لەڕێى ئامێرێكی تایبەتەوە ئەویش لە كاتی خواردنی نەستەلەدا و لە ئەنجامدا بۆیان دەركەوتوە كە نەستەلەكە كاریگەری لەسەر رێكخستنی سوڕی خوێن هەیە و گەیشتونەتە ئەو بڕوایەى مادەیەك لە پێكهاتەی شوكولاتەدا هەیە كاریگەری راستەوخۆی لەسەر خوێن و بۆرییەكانی خوێن هەیە، پێدەچێت مادەكانی جۆری فلافۆنۆید بەرپرسبن لەو كاریگەرییە.
جەڵتەی مێشك واتە لەكاركەوتنی بەشێكی مێشك لە ئەنجامی نەگەیشتنی خوێنی پێویست بۆی بەهۆی گیرانی یان تەقینی یەكێك لە دەمارەكانی، ئەمەش كاریگەری لەسەر بەشێك یاخود هەمو ئەندامەكانی جوڵە و هەستی ئەو كەسە دروست دەكات. |