Print WWW.SBEIY.COM
 سه‌وزه‌ چاره‌سه‌ری شێرپه‌نجه‌ ده‌كات
20/05/2015 10:10:41
(سبەی):
سه‌وزه‌كان به‌هۆی ده‌وڵه‌مه‌ندیان به‌ ڤیتامین و كانزا و مادده‌ خۆراكییه‌ به‌سوده‌كان، سودێكی زۆریان بۆ ته‌ندروستیی هه‌یه‌ و ئه‌گه‌ری توشبون به‌چه‌ندنی كێشه‌ی ته‌ندروستی كه‌مده‌كه‌نه‌وه‌.
چه‌ند پسپۆڕێكی ئه‌مەریكیش له‌ نوێترین توێژینه‌وه‌دا بۆیان ده‌ركه‌وتوه‌ كه‌ چوار جۆری سه‌وزه‌ ده‌بنه‌ هۆی كه‌مكردنه‌وه‌ی ئه‌گه‌ری توشبون به‌ شێرپه‌نجە.
چه‌ند پسپۆڕێكی ئه‌مەریكی توێژینه‌وه‌یه‌كی نوێیان له‌سه‌ر كاریگه‌ری سه‌وزه‌كان ئه‌نجامداوه‌ و بۆیان ده‌ركه‌وتوه‌ چوار جۆری سه‌وزه ئه‌گه‌ری توشبون به‌ شێرپه‌نجه‌ كه‌مده‌كه‌نه‌وه‌ و گه‌شه‌ی خانه‌ شێرپه‌نجه‌ییه‌كانی له‌ش ده‌وه‌ستێنن.
توێژینه‌وه‌كه‌ له‌لایه‌ن پسپۆڕه‌كانی زانكۆی ویلایه‌تی ساوس داكۆتای ئه‌مریكاوه‌ ئه‌نجامدراوه‌ و ده‌ركه‌وتوه‌ خواردنی سه‌وزه‌كانی بروكلی كه‌له‌رم و قه‌رنابیت و جه‌رجیر ده‌بنه‌ هۆی له‌ناوبردنی خانه‌ شێرپه‌نجه‌ییه‌كان هه‌روه‌ها رێگری ده‌كه‌ن له‌ توشبوننه‌وه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی پێشتر ئه‌و نه‌خۆشییه‌یان هه‌بوه‌.
به‌پێی هه‌واڵی ماڵپه‌ڕی شاین ئه‌و چوار سه‌وزه‌یه‌ له‌كاتی خواردنیاندا، مادده‌یه‌ك له‌ناو ده‌مدا ده‌رده‌ده‌ن كه‌ له‌ماوه‌ی (24) سەعاتدا (75%)ی خانه‌ شێرپه‌نجه‌ییه‌كان له‌ناو ده‌به‌ن و له‌چالاكییه‌كانیان كه‌مده‌كه‌نه‌وه‌.
به‌پێی توێژینه‌وه‌كه‌ ته‌نانه‌ت دوای وه‌رگرتنی چاره‌سه‌ری كیمیاوی و تیشكیش چه‌ند خانه‌یه‌كی بچوكی ره‌گی ده‌مێننه‌وه‌ كه‌ (5%)ی وه‌ره‌مه‌ شێرپه‌نجه‌ییه‌كان پێكده‌هێنن دواتریش ئه‌و خانه‌ بچوكانه‌ له‌ڕێی خوێنه‌وه‌ ده‌گوێزرێنه‌وه‌ و ئاشكرا كردنیان ئاسان نابێت، لێره‌شدا گرنگی سه‌وزه‌كانی بروكلی و كه‌له‌رم و قه‌رنابیت و جه‌رجیل ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ ده‌بنه‌ هۆی له‌ناوبردنی ئه‌و خانانه‌.
به‌ڕای پسپۆڕه‌كان گه‌ر ئه‌و چوار سه‌وزه‌یه‌ بكرێن به‌ شه‌ربه‌ت ئه‌وا ئه‌و سوده‌یان نابێت، چونكه‌ ئه‌و مادده‌یه‌ كاتێك چالاک دەبێت‌ کە لە ناو ‌ده‌مدا ورد بكرێن.
توێژینه‌وه‌كه‌ داوا له‌ هاوڵاتیان ده‌كات گرنگییه‌كی زۆر به‌ خواردنی سه‌وزه‌كان بده‌ن به‌جۆرێك ڕۆژانه‌ له‌ ژه‌مه‌ خۆراكییه‌كانیاندا بونی هه‌بێت جا به‌شێوازی ئاماده‌كراوبێت یاخود به‌ شێوه‌ی زه‌ڵاته‌.
پێشتریش چه‌ند توێژینه‌وه‌یه‌ك ده‌ریانخستبو سه‌وزه‌كانی بروكلی سپێناخ سودێكی زۆریان بۆ ته‌ندروستی له‌ش هه‌یه‌ و ئه‌گه‌ری توشبون به‌ نه‌خۆشی شێرپه‌نجه‌ كه‌مده‌كه‌نه‌وه به‌ تایبه‌ت شێرپه‌نجه‌كانی شێرپه‌نجه‌كانی كۆڵۆن و میزه‌ڵدان، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی گه‌شه‌ی خانه‌ شێرپه‌نجه‌ییه‌كانی مه‌مك و پرۆستات لاواز ده‌كات كه‌ دو بڵاوترین جۆری شێرپه‌نجه‌ داده‌نرێن و ساڵانه‌ ملیۆنان كه‌س ده‌كه‌نه‌ قوربانی.