Print WWW.SBEIY.COM
 ''دەسەڵاتی مەركەزی لەعێراق كۆتایی هات''
29/05/2015 09:11:26
(سبەی):
راوێژكارێكی سەربازی ئەمەریكا دەڵێت: چیتر عێراق ناتوانێت بۆ دەسەڵاتی ناوەندی بگەڕێتەوەو رەوشی خراپی سوپاش دەبەستێتەوە بە رێك نەكەوتنی لایەنە سیاسییەكان لەسەر ناسنامەی دەوڵەتی عیراقی.
ئیما سكای، راوێژكاری سەربازی پێشوی سوپای ئەمەریكا لەلێدوانێكیدا بۆ تۆڕی هەواڵی سی ئێن ئێن رایگەیاند: رێك نەكەوتنی لایەنە سیاسییەكانی عێراق لەسەر ناسنامەی دەوڵەت كاریگەری لەسەر رەوشی سوپا دروستكردوەو بێ توانایی ئەو سوپایە و نەبونی سوپایەكی نیشتمانی بۆ پێك نەهاتنی لایەنە سیاسیەكان گەڕاندوەتەوە.
ئاماژەی بەوەشکردوە، هەمو توانای سەربازی بخرێتە بەردەست سوپای عێراق ناتوانێت ورەی شەڕكردنی بەرزبكاتەوە چونكە رێك نەكەوتنی لایەنە سیاسیەكانی عیراق كاردانەوەی لەسەر سایكۆلۆژیای ئەو سوپایە بەجێهێشتوە.
بەوتەی سكای، جارێكی تر عێراق توانای ئەوەی نابێت بۆ دەسەڵاتی ناوەندی بگەڕێتەوەو ناوەند باڵادەست بێت و تەئكیدی لەوەشكردوەتەوە كە حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی عێراق دەیەوێت كارێكی دروست بكات بەڵام ئەویش ئەو توانایەی نییە و لەبەردەم میلشیاو سیاسییە شیعەكاندا دەستەو وەستانەو لەئاكامە خراپەكانی پێدانی چەك بەسوننەكان ئاگاداریان كردوەتەوە.
راوێژكاری سەربازی پێشوی سوپای ئەمەریكا ئەوەش دەخاتەڕو، بەتەنیا سوننەكان دەتوانن تیرۆریستانی داعش ببەزێنن و لەئێستاشدا تەنیا رێگە بۆ لەناوەبردنی داعش كۆبونەوەی نێوان ئەمەریكاو سعودیەو ئێران و توركیایە.