هیوادارین پارتی هه‌ڵه‌یه‌كی مێژویی تر نه‌كات
|
سازدانی: هۆشیار عه‌بدوڵا
نه‌وشیروان مسته‌فا، رێكخه‌ری گشتی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ئاماژه به‌وه ده‌كات كه هیچ ناكۆكیه‌كی شه‌خسیان له‌گه‌ڵ یه‌كێتی و پارتی نییه و ناكۆكیه‌كانیان سیاسییه.
له دیمانەکەیدا له به‌رنامه‌ی روبه‌ڕوی كه‌ناڵی ئاسمانی (KNN) رێكخه‌ری گشتی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، سه‌باره‌ت به تێپه‌ڕاندنی ده‌ستوریش له‌لایه‌ن سه‌رۆكی هه‌رێم یان پارتی دیموكراتی كوردستانه‌وه، ده‌ڵێت: هیوادارین پارتی هه‌ڵه‌ی مێژویی هاوشێوه‌ی هه‌ڵه‌كه‌ی ساڵی (1975) و هه‌ڵه مێژوییه‌كه‌ی (31)ی ئاب دوباره نه‌كاته‌وه.
KNN : یه‌كه‌م ته‌وه‌ر، په‌یوه‌ندی نێوان ئێوه و یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستانه، باس له‌وه ده‌كرێت كه ئێوه جۆرێك له نزیكایهتیتیان هه‌یه له‌گه‌ڵ یه‌كێتی كه جیاتان ده‌كاته‌وه له‌گه‌ڵ پارتی هەمو هێزه‌كانی تر؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: له راستیدا دوری و نزیكی ئێمه له یه‌كێتی یان هه‌ر هێزێكی سیاسی تر له كوردستانی عێراقدا، په‌یوه‌ندی به مه‌سه‌له‌ی سیاسییه‌وه هه‌یه، ئێمه هیچ ناكۆكییه‌كی شه‌خسیمان له‌گه‌ڵ یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان نه‌بوه و نییه، ئه‌وه‌ی كه هه‌بوه ناكۆكی سیاسی بوه له‌گه‌ڵ یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان، ناكۆكیشمان له‌سه‌ر سیسته‌می سیاسی هه‌رێمی كوردستان، له‌سه‌ر سیسته‌می به‌ڕێوه‌بردنی هه‌رێمی كوردستان، له‌سه‌ر سیسته‌می حوكمڕانی بوه له هه‌رێمی كوردستاندا، ئێمه پێمانوایه یه‌كێتی وه‌كو یه‌كێك له دو حیزبه‌كه‌ی كه له‌ماوه‌ی ساڵانی رابردودا حوكمی هه‌رێمی كوردستانی عێراقیان به‌ده‌سته‌وه بوه، مه‌سئولن له‌وه‌ی ئه‌م وه‌زعه‌ی ئێستا له كوردستانی عێراقدا هه‌یه، ئێمه پێمانوایه ئه‌وان مه‌سئولن له‌وه‌ی كه تائێستا عه‌داله‌تی ئیجتیماعی له هه‌رێمی كوردستاندا نییه، له‌وه‌ی كه سه‌روه‌ت و سامانی ئه‌م وڵاته به عه‌داله‌ت دابه‌ش ناكرێت، كۆمه‌ڵگای ئێمه خه‌ریكه دابه‌ش ده‌بێت به‌سه‌ر چینێكی كه‌می ده‌وڵه‌مه‌ند و چینێكی زۆری فه‌قیردا، مه‌سئولن له‌وه‌ی كه تائێستا هێزه چه‌كداره‌كانی كوردستانی عێراق نه‌بون به‌هێزی نیشتیمانی، تائێستا وه‌لائیان بۆ حیزب و سه‌ركرده هه‌یه، هه‌تاوه‌كو ئێستا دادگایه‌كی سه‌ربه‌خۆمان نییه، تاكو ئێستا زانكۆیه‌كی نیشتیمانیمان نییه، تائێستا میدیای نیشتیمانیمان نییه، تائێستا زمانێكی حكومهتیمان نییه، من ناڵێم زمانی ستاندارد، به‌ڵكو زمانێكمان هه‌بوایه كه له دهۆك و سلێمانی و هه‌ولێر به‌و زمانه بیان نوسیایه، هه‌ر زمانێك بوایه، بازاڕێكی نیشتیمانیمان نییه، یانی بازاڕه‌كانیش دابه‌شبون، ئێمه پێمانوایه، ناكۆكیه‌كانمان له‌گه‌ڵ یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان ناكۆكی سیاسی بوه، هه‌ركاتێك ئه‌و ناكۆكیانه چاره‌سه‌ر كرا ئێمه لێیانه‌وه نزیكده‌بینه‌وه.
KNN: پاش ململانێیه‌كی توند له نێوانتاندا دواجار كۆبونه‌وه‌یه‌ك رویدا كه له‌ناوه‌ندی سیاسی و میدیایدا به رێكه‌وتنی ده‌باشان ناسراوه، كه له‌نێوان ئێوه و تاڵه‌بانیدا بو، تائێستا ئێوه وه‌كو بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان پابه‌ندن به رێكه‌وتننامه‌ی نێوان خۆتان له‌گه‌ڵ یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: به‌ڵێ ئه‌مه شتێكی زۆر گرنگ بو، چونكه یه‌كێتیش هاته سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌ی كه پێویسته سیسته‌می سیاسی له كوردستانی عێراقدا له سهرۆكایهتیهوه بگۆڕدرێت بۆ په‌رله‌مانی هاوشێوه‌ی به‌غدا بێت، هاته سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌ی كه ره‌شنوسی ده‌ستوری هه‌رێمی كوردستان و ئه‌و قانونانه‌ی له په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه ده‌رچون و ره‌هه‌ندی نیشتیمان هه‌یه بهێنرێنه‌وه بۆ گفتوگۆ و لێدوان و هه‌مواركردنه‌وه، به‌ڵێ ئێمه لای خۆمانه‌وه پابه‌ندین به‌و رێكهوتنەی له ده‌باشان كرا و دواتریش دیسان جارێكی تر دوباره‌مان كرده‌وه.
KNN: به‌وپێیه‌ی تاڵه‌بانی به‌شداربو له‌و رێكه‌وتننامه‌یه و دواتر دوای دیار نه‌مانی تاڵه‌بانی له‌سه‌ر شانۆی سیاسی ئێوه هیچ هه‌ڵوێستێكتان له‌و رێكه‌وتننامه‌یه گۆڕاوه، یاخود هه‌ر له‌سه‌ری به‌رده‌وامن؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: ئه‌وه‌نده‌ی په‌یوه‌ندی به ئێمه‌وه هه‌بێت تائێستا مولتهزیمین به‌وه‌وه.
KNN: ئه‌ی ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به یه‌كێتییه‌وه هه‌یه، به‌پێی زانیاریه‌كانی خۆتان؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: ئه‌وه ئه‌بێت له‌خۆیان بپرسیت، به‌ڵام ئێمه له‌ماوه‌ی چه‌ند مانگی رابردودا هیچ جۆره ئاماژه‌یه‌كمان نه‌بینیوه كه یه‌كێتی ئیلتیزامی خۆی به‌و رێكه‌وتنه‌وه، یاخود شێوه‌ی جێبه‌جێكردنی ده‌رببڕێت و پشان بدات.
KNN: ئێستا جگه له رێكه‌وتنامه‌ی ده‌باشان كه له‌سه‌ر سیسته‌می سیاسی و جۆری حوكمكردنه له كوردستاندا، قسه‌وباس هه‌یه ده‌رباره‌ی هه‌ڵبژاردن، باس له‌وه‌ده‌كرێت دورونزیكی ئێوه بۆ هه‌ڵبژاردن ئه‌وه‌یه كه یه‌كێتی به جیا ده‌چێته هه‌ڵبژاردنه‌وه یاخود له‌گه‌ڵ پارتی ده‌چێت، ئێوه هیچ هه‌ڵوێستێكی گه‌ڵاڵه كراوتان له‌نێواندایه بۆ هه‌ڵبژاردن یاخود نا؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: تائێستا شتێكی وا له‌نێوان ئێمه‌دا نیه.
KNN: ئه‌گه‌ر بێینه سه‌ر ته‌وه‌ری په‌یوه‌ندی نێوان ئێوه و پارتی دیموكراتی كورستان، قسه‌یه‌ك له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ئێوه ره‌خنه‌یه‌كی زۆرتان له پارتی دیموكراتی كوردستان هه‌یه، به‌رده‌وام ره‌خنه‌كانی ئێوه ئاراسته‌ی پارتی ده‌كرێت، به ته‌عبیری خۆیان ئێوه زیاتر له‌سه‌ر پارتی توندن، تا هه‌ر هێزێكی تر، به‌تایبه‌ت كه ئێستا باس له‌وه ده‌كه‌یت كه یه‌كێتیش به‌شداره به پشكی خۆی له‌و دۆخه‌ی ئێستا له كوردستان هاتۆته ئاراوه؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: هه‌مان بۆچونی كه ده‌رباره‌ی یه‌كێتی باسمكرد، ئێمه له‌گه‌ڵ پارتی دیموكراتی كوردستانیش هیچ جۆره ناكۆكییه‌كی شه‌خسیمان نییه، نه له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی پارتی نه له‌گه‌ڵ ئه‌ندامه‌كانی مه‌كته‌بی سیاسی نه سه‌ركردایه‌تی، له‌گه‌ڵ ئه‌وانیش ناكۆكی ئێمه له‌سه‌ر سیسته‌می سیاسییه، هه‌مان ناكۆكی كه له‌گه‌ڵ یه‌كێتی هه‌مانه له‌گه‌ڵ ئه‌وانیش هه‌مانه، كه بریتیه له سیسته‌می سیاسی هه‌رێمی كوردستان، جۆری به‌ڕێوه‌بردنی وڵات، جۆری سیسته‌می حوكمڕانی له هه‌رێمی كوردستاندا، ئه‌گه‌ر ئێمه له‌و روه‌وه توندتر بوبین به‌رامبه‌ر پارتی، كه پێموایه به‌رامبه‌ر هه‌ردوكیان وه‌كو یه‌ك ره‌فتارمان كردوه، هۆكاره‌كه‌ی ئه‌وه‌یه پارتی هێزی سه‌ره‌كی بوە، هه‌رچه‌نده ده‌ڵێن دو هێزه سه‌ره‌كییه‌كه و دو حیزبه سه‌ره‌كیه‌كه، له راستیدا له حوكمڕانی هه‌رێمی كوردستان له‌ماوه‌ی چه‌ند ساڵی رابردودا پارتی هێزی سه‌ره‌كی بوه، له‌به‌رئه‌وه زۆری ره‌خنه‌كان ئه‌وانی گرتوه‌ته‌وه.
KNN: مادام باس له‌وه ده‌كه‌ن ره‌خنه‌كانی ئێوه شه‌خسی نین و كێشه‌كانتان له‌سه‌ر سیستمی حوكمڕانییه، ئێوه هه‌وڵێكتان هه‌بوه له‌ماوەی رابردودا، ئه‌وه رێكه‌وتننامه‌ی ده‌باشان باسی ده‌كه‌ین، ئێوه هیچ هه‌وڵێكتان له‌گه‌ڵ پارتیدا هه‌بوه بۆ ئه‌وه‌ی كه جۆر و دید و تێڕوانینی خۆتانیان پێبڵێن سه‌باره‌ت به جۆری حوكمڕانی، یان ئه‌و به‌رپرسیارێتییه‌ی له ئه‌ستۆیاندایه؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: ئێمه له‌گه‌ڵ یه‌كێتی له‌مدواییه‌دا دوجار یه‌كتریمان بینیوه، له‌گه‌ڵ پارتیدا چه‌ندجارێك وه‌فدی ئێمه وه‌فدی پارتی بینیوه، من خۆشم سێ‌جار كاك مه‌سعود بارزانیم بینیوه، به‌ڵێ هه‌وڵمانداوه له‌گه‌ڵیاندا.
KNN: دیارترین ره‌خنه‌ی ئێوه له پارتی مه‌سه‌له‌ی ده‌ستوره، ئێستا جگه‌له پارتی، ئه‌گه‌ر رێكه‌وتنامه‌ی ده‌باشان به بنه‌ما بگرین یه‌كێتیش له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دایه دهستوهرهكه هه‌موار بكرێته‌وه، پێتانوایه پارتی دیموكراتی كوردستان له مه‌سه‌له‌ی ده‌ستوردا پێویسته هه‌ڵوێستی چۆن بێت، خوێندنه‌وه‌تان بۆ ئه‌و شێوازه له تێڕوانینی پارتی چییه له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی ده‌ستور و سیستمی سیاسی له هه‌رێمی كوردستاندا؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: من پێموایه ئێستا هه‌مو حیزبه‌كانی كوردستانی عێراق، جگه له پارتی دیموكراتی كوردستان رازین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ره‌شنوسی ده‌ستوری هه‌رێمی كوردستان بهێنرێته‌وه بۆ گفتوگۆ و چ له‌په‌رله‌ماندا بێت، چ له‌ده‌ره‌وه‌ی په‌رله‌ماندا بێت، گفتوگۆی له‌سه‌ر بكرێت و سازانێكی نیشتیمانی له‌سه‌ر دروستبكه‌ن، جگه له پارتی ئه‌وه‌نده‌ی ئێمه بیستومانە هه‌مو لایه‌نه‌كانی تر ئه‌مه‌یان پێباشه، وه كێشه و ناكۆكی سه‌ره‌كی نێوان ئێمه و پارتی له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی دهستورە.
KNN: گریمان پارتی دیموكراتی كوردستان، یان سه‌رۆكی هه‌رێم ره‌شنوسی ئه‌و ده‌ستوره‌ی ئێستا كه باسده‌كرێت هه‌موان گله‌ییان له‌سه‌ر هه‌یه خسته راپرسییه‌وه، به‌ڕای ئێوه چی روده‌دات؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: هیوادارم شتی وانەكات.
KNN: گریمان كردی؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: ئه‌گه‌ر كردی پێمانوایه هه‌ڵه‌یه‌كی مێژوییه، وه‌كو چۆن ساڵی (1975) پارتی هه‌ڵه‌یه‌كی مێژویی كرد له (31)ی ئابدا هه‌ڵه‌یه‌كی مێژویی كرد، پێموایه ئه‌مه‌ش ده‌بێته هه‌ڵه‌یه‌كی مێژویی تر و ده‌چێته پاڵ ئه‌و هه‌ڵه ستراتیجی و مێژویانه‌ی تر كه پارتی كردویه‌تی، هیوادارم پارتی شتی وانه‌كات.
KNN: با بێینه سه‌ر په‌یوه‌ندی ئێوه و ئیسلامیه‌كان، ئێوه له‌ماوه‌ی رابردودا و له قۆناغێكی دورودرێژدا له‌گه‌ڵ ئیسلامیه‌كاندا هه‌ماهه‌نگ بون به‌یه‌كه‌وه پاكێجی چاكسازیتان پێشكه‌شكردوه پێكه‌وه، تائێستاش لیژنەی هه‌ماهه‌نگی له‌نێوانتاندا هه‌یه، په‌یوه‌ندیه‌كانتان له‌گه‌ڵ ئیسلامیه‌كان چۆنه؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: له‌م قۆناغه‌ی ئێستادا له‌گه‌ڵ یه‌كگرتوی ئیسلامی، له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵی ئیسلامی هیچ جۆره ناكۆكیه‌كمان نییه، به‌پێچه‌وانه‌وه كۆمه‌ڵێك پرۆژه‌ی هاوبه‌شمان هه‌یه، بۆ چاكسازی بنه‌ڕه‌تی له شه‌ش وه‌زاره‌تی گرنگی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا، پرۆژه‌ی هاوبه‌شمان هه‌یه بۆ هه‌مواركردنه‌وه‌ی ده‌ستوری هه‌رێمی كوردستان، پرۆژه‌ی هاوبه‌شمان هه‌یه بۆ هه‌مواركردنی كۆمه‌ڵێك له‌و قانونانه‌ی كه ره‌هه‌ندی نیشتیمانیان هه‌یه، له‌سه‌ر زۆر خاڵ ئێمه پرۆژه‌ی هاوبه‌شمان هه‌یه بیروڕا و بۆچونی هاوبه‌شمان هه‌یه، له‌به‌رئه‌وه له‌م قۆناغه‌دا هیچ جۆره ناكۆكیه‌كمان نییه.
KNN: له‌ماوه‌ی رابردودا له میدیاكاندا راپۆرتێك بڵاوكرایه‌وه كه راپۆرتی ژوری توێژینه‌وه‌ی كارگێڕی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانه، كه ته‌رحێكه باس له زۆر شت ده‌كات یه‌كێكیان دیدی ئێوه بۆ حوكمڕانی چۆنه و چۆن نییه، تا ڕاده‌یه ئیسلامیه‌كان ئه‌گه‌ر به ناڕاسته‌وخۆش بوبێت جۆرێك له نیگه‌رانیان هه‌یه له‌م راپۆرته رای ئێوه له‌سه‌ر راپۆرته‌كه له‌گه‌ڵئه‌وه‌ی وه‌ك بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان رونكردنهوهیهكتان بڵاوكردوه‌ته‌وه، به‌ڵام پێمخۆشه بۆچی به‌ڕێزیشت بزانین؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: ئێمه له بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان یانزه ژورمان هه‌یه، ژورمان هه‌یه بۆ توێژینه‌وه‌ی سیاسی، بۆ توێژینه‌وه‌ی قانونی بۆ توێژینه‌وه‌ی ئابوری، بۆ ماده‌ی (140) ژوری جیاجیامان هه‌یه، به‌شێكیان وه‌كو خانه‌ی بیركردنه‌وه كارده‌كه‌ن، ئه‌مانه ده‌یان سیناریۆی جیاوازیان له‌سه‌ر روداوه‌كانی كوردستان و عێراق و ئه‌و پێشهاتانه‌ی دێنه پێشه‌وه ئاماده‌كردوه، ره‌نگه جیاوازیه‌ك له‌نێوان بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و هه‌مو حیزبه‌كانی دیكه‌ی كوردستانی عێراقدا هه‌بێت، له شێوه‌ی دروستكردنی بڕیاری سیاسی‌دا ئه‌وه‌بێت، ئه‌و ژورانه پرۆژه ئاماده ده‌كه‌ن، سیناریۆی جیاواز ئاماده ده‌كه‌ن، راپۆرت ئاماده ده‌كه‌ن، لێكۆڵینه‌وه ئاماده ده‌كه‌ن، رای خۆیان ده‌ڵێن، به‌ڵام دوایی له زۆری ژوره‌كاندا موناقه‌شه‌ی ده‌كرێت، موناقه‌شه‌ی به كۆمه‌ڵی ده‌كرێت، وه به كۆمه‌ڵ له‌گه‌ڵ باژێڕوان و لایه‌نه‌كانی تردا گفتوگۆی له‌سه‌ر ده‌كرێت، پرۆسه‌ی دروستكردنی بڕیاری سیاسی له‌ناو بزوتنه‌وه‌ی گۆڕاندا پرۆسه‌یه‌كی زۆر درێژخایه‌نه له‌هه‌ندێك حاڵ‌دا به‌تایبه‌تی ئه‌و شتانه‌ی كه كاریگه‌ری دور مه‌ودایان هه‌یه و به كۆمه‌ڵ ئه‌وانه ده‌كرێت، به‌مانای ئه‌وه نییه كه ژورێك رایه‌كی ده‌بڕی یان راپۆرتێكی ئاماده‌كرد، بزوتنه‌وه‌كه ناچاره كه ته‌به‌نی بكات، له پاش ئه‌وه‌ی له‌لایه‌ن هه‌مو ئه‌و ژورانهوه په‌سه‌ند ده‌كرێت، یان له‌لایه‌ن زۆرایهتییانهوه په‌سه‌ند ده‌كرێت، یان له‌لایه‌ن جڤاتی نیشتیمانیه‌وه په‌سه‌ند ده‌كرێت ئینجا ته‌به‌نی ده‌كرێت.
KNN: بابێینه سه‌ر ته‌وه‌ری په‌یوه‌ندی نێوان هه‌رێمی كوردستان و به‌غدا، یه‌كێك له‌و ره‌خنانه‌ی له‌ماوه‌ی رابردودا گرتوتانه به ئاشكرا، سیاسه‌تی دو پێوانه‌یی سه‌ركردایه‌تی هه‌رێمی كوردستانه، ئه‌وه‌ی كه له كوردستان به نه‌وعێك مامه‌ڵه ده‌كه‌ن و له به‌غدا به شێوه‌یه‌كی تر مامه‌ڵه ده‌كه‌ن، پێتانوایه تا ئه‌م چركه‌ساته‌ش سیاسه‌تی دو پێوانه‌یی له‌لایه‌ن سه‌ركردایه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه هه‌ر به‌رده‌وامه؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: به‌ڵێ پێمانوایه كه تائێستا سیاسه‌تی دو پێوانه‌یی په‌یڕه‌و ده‌كرێت له‌لایه‌ن سه‌ركردایه‌تی پارتییه‌وه، نمونه‌ی نزیك بهێنمه‌وه، نمونه‌یه‌كیان وه‌زیره‌كانی پارتی له ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراقدا ئیمزایان له‌سه‌ر ئه‌و میزانیه‌یه كردوه كه له په‌رله‌مانی عێراقدا په‌رله‌مانتاره‌كانی كورد كشانه‌وه و له كوردستان ئه‌و ئاگره‌یان كردوه‌ته‌وه له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی بودجه، ئه‌و بودجه‌یه به به‌رده‌می وه‌زیره‌كانی پارتیدا تێپه‌ڕیوه یه‌كێكیان ئیعترازی له‌سه‌ر نه‌گرتوه، به‌ڵكو موافه‌قه‌تیان له‌سه‌ر كردوه، ئه‌مه دو پێوانه‌ییه، له كوردستان دژی میزانیهكهن له به‌غدا موافه‌قه‌تیان له‌سه‌ر كردوه، نمونه‌یه‌كی تری نزیك، چونی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراقه كه دیسانه‌وه پارتیه بۆ ده‌وحه و له‌وێ ناڕازی بوه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه ئۆپۆزسیۆنی سوریا جێگه‌ی حكومه‌تی سوریا بگرێته‌وه، ئه‌وه‌ش نمونه‌یه‌كی تره، له‌لایه‌كه‌وه ئه‌مانه پشتیوانی له ئۆپۆزسیۆنی سوریا ده‌كه‌ن، له‌لایه‌كی تره‌وه بێده‌نگ ده‌بن، یان سیاسه‌ته‌كه‌ی مالیكی جێبه‌جێده‌كه‌ن.
KNN: باس له‌وه ده‌كرێت شه‌ڕ له به‌غدا له‌پێناوی چیدایه، خۆتان له رابردودا زۆر ره‌خنه‌تان له‌وه گرتوه كه شه‌ڕی به‌غدا له‌سه‌ر پۆست و پاره‌یه له‌سه‌ر خاك نییه، شه‌ڕی كۆمه‌ڵێك به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌یی نییه، شێوازی ئه‌و شه‌ڕانه لای ئێوهپ ێویسته چۆن بێت؟ كه له ئێستاشدا شه‌ڕێكی گه‌وره له نێوان هه‌رێمی كوردستان و به‌غدادایه؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: پێموایه شه‌ڕ له هه‌رێمی كوردستاندا به راگه‌یاندنی كوردی و به‌وه نابێت، كورد ئه‌گه‌ر بیه‌وێت شه‌ڕ بكات شه‌ڕی سیاسی، ده‌بێت له ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و په‌رله‌مانی عێراقدا بیكات، پێمانوایه شه‌ڕی سیاسی راسته‌قینه ده‌بێت له‌و دو جێگایه بیكه‌ین كه ناوه‌ندی بڕیاری سیاسین له به‌غدا، به پله‌ی سه‌ره‌كیش ده‌بێت شه‌ڕه‌كه‌ی ئێمه له‌سه‌ر خاك بێت، نه‌ك وه‌كو ئه‌مجاره له‌سه‌ر چوار ملیار دۆلار بێت و له‌سه‌ر پاره‌ی نه‌وت و ... بێت.
KNN: باس له مه‌سه‌له‌ی كشانه‌وه ده‌كرێت، مه‌سه‌له‌ی به‌كارهێنانی كارتی كشانه‌وه له حكومه‌ته‌كه‌ی ئێستای مالیكی و له رابردوشدا باسكراوه، مه‌سه‌له‌ی كشانه‌وه‌ی كورد له‌م تهقیتهی ئێستا هه‌یه پشتگیری ده‌كات، وه روبه‌ڕوی ره‌خنه‌ی زۆریش بوه‌ته‌وه، تێڕوانینی ئێوه چییه؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: ئێمه له حكومه‌ته‌كه‌ی مالیكی‌دا نین تا بكشێینه‌وه.
KNN: سه‌باره‌ت به‌وه‌ی كورد له كابینه وهزاریهكه بكشێته‌وه؟ ئه‌وه چۆنه ئایا له به‌رژه‌وه‌ندی كورده؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: له‌سه‌رچی ده‌كشێنه‌وه، ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر چوار ملیار دۆلاربێت، ئه‌وه ناهێنێت بكشێنه‌وه، ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر كه‌ركوك و سنجار و خانه‌قین بێت، یان له‌سه‌ر ئه‌وه‌بێت وه‌زعی قانونی پێشمه‌رگه ته‌نزیم بكرێت و میزانیه‌كه‌ی باشبكرێت و چهكداربكرێت، ئه‌وه ده‌هێنێت، به‌ڵام پاره‌ی كۆمپانیاكانی نه‌وت له كوردستاندا، ئه‌وه ناهێنێت كه له‌سه‌ری بكشێنه‌وه، به‌پێچه‌وانه‌وه شوێنی شه‌ڕی راسته‌قینه ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و په‌رله‌مانی عێراقه.
KNN: دێینه سه‌ر مه‌له‌فی نه‌وتیش، به‌ڵام پێشئه‌وه باس له‌وه بكه‌ین ئێوه له رابردودا كۆمه‌ڵێك پرۆژه‌تان هه‌بو له‌سه‌ر به دامه‌زراوه‌یی كردنی په‌یوه‌ندی نێوان هه‌رێمی كوردستان و به‌غدا، هیچ ئومێدێكتان به دامه‌زراوه‌ییكردنی په‌یوه‌ندی نێوان هه‌رێمی كوردستان و به‌غدا ماوه؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: ئێمه ده‌بێت ئومێدمان هه‌بێت، نابێت بێ‌ئومێد بین، به‌ڵام پێموانیه حاڵی حازر به‌و حكومه‌ته‌ی ئێستا هه‌یه و به‌م دامودهزگایەی كه ئێستا له كوردستاندا و به‌م سیسته‌می سیاسیه‌ی هه‌یه بتوانن ئه‌وه بكه‌ن.
KNN: با بێینه سه‌ر مه‌له‌فی نه‌وت، ره‌خنه‌یه‌كی زۆر له ئێوه ده‌گیرێت كه ئێوه زۆر دژی مه‌له‌فی نه‌وتن، دژی ئه‌وه‌ن هه‌رێمی كوردستان نه‌وتی خۆی ده‌ربهێنێت، بیفرۆشێت، هه‌ڵوێستی ئێوه له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی نه‌وت به رونی چییه؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: هه‌ڵوێستی ئێمه دو لایه‌نی هه‌یه، لایه‌نێكیان لایه‌نی مه‌بده‌ئی و سیاسی و قانونیه، ئێمه پێمانوایه هه‌رێمی كوردستان ده‌بێت، توانا و ده‌سه‌ڵاتی هه‌بێت به‌سه‌ر سامانه سروشتیه‌كانی كه له هه‌رێمی كوردستاندا هه‌یه، بتوانێت به چاكترین شێوه به‌كاری بهێنێت، بۆ بیناكردنی ژێرخانی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی بۆ گه‌شه‌پێدانی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوری، له‌هه‌مانكاتدا زۆرمان پێباشه حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ده‌عوه‌تی هه‌مو كۆمپانیا گه‌وره‌كان بكات بێت له كوردستان وه‌به‌رهێنان بكه‌ن، له‌هه‌مو بواره‌كاندا به‌تایبه‌تیش له بواری نه‌وتدا، له‌و روه‌وه زۆرمان پێباشه ئه‌گه‌ر حكومه‌تی هه‌رێم هه‌نگاوی له‌و بابه‌ت بنێت، یان هه‌نگاوی له‌و بابه‌ته‌ی نابێت، به‌ڵام كێشه‌ی ئێمه له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه، نازانین ناوه‌ڕۆكی ئه‌و گرێبه‌ستانه‌ی ده‌یبه‌ستن، مه‌رجه سیاسیه‌كان، مه‌رجه ئابوریه‌كان چین، له‌مه‌ش خراپتر ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به ئێمه‌وه بێت، ئێمه نازانین داهاتی نه‌وت بۆ كوێ ده‌چێت و له كوێدا ون ده‌بێت و له كوێدا سه‌رف ده‌كرێت و چی لێدێت و ده‌چێته گیرفانی كێوه.
KNN: مه‌سه‌له‌ی نه‌وت بوه به‌یه‌كێك له پرسه گرنگه‌كان وای لێهاتوه، ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێم باس له‌وه ده‌كه‌ن ده‌وڵه‌تێكی گه‌وره‌ی وه‌كو توركیا پشتیوانی له سیاسه‌تی نه‌وتی و گرێبه‌سته‌كانی ئه‌و كۆمپانیایانه ده‌كات كه له هه‌رێمی كوردستاندا هه‌ن، ئایا ئه‌وه كارێكی باش نیه؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: ئه‌وه‌ی كه هه‌رێمی كوردستان په‌یوه‌ندییه‌كی هاوسه‌نگ و ته‌ندروست و باشی له‌گه‌ڵ دراوسێكانیدا هه‌بێت، هه‌مو دراوسێكانی شتێكی زۆرباشه و پێویسته حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان په‌یڕه‌وی بكات، هه‌وڵبدات په‌یوه‌ندی هاوسه‌نگ و ته‌ندروست له بواری بازرگانی، له‌بواری ئابوری له بواری نه‌وت، ته‌نانه‌ت له بواری زانستی و ئه‌كادیمی له‌گه‌ڵ دراوسێكاندا دروستی بكات، ئه‌وه ئاساییه به مه‌رجێك له قازانجی میله‌ته‌كه‌ی خۆماندا بێت.
KNN: دۆخی ئێستای عێراق و ناوچه‌كه، له دۆخێكی هه‌ستیار و گۆڕاودایه، له‌لایه‌كه‌وه دۆخی سوریا، له‌لایه‌كه‌وه ئه‌وو ئاڵۆزییه‌ی له حكومه‌تی عێراقدا هه‌یه، توركیا به‌تایبه‌تی له‌سه‌ر هێڵه، ئێوه له رابردودا باستان له ئه‌جێندایه‌كی سه‌ربه‌خۆ ده‌كرد بۆ كوردستان، هیچ شتێك له‌و ئه‌جێندا سه‌ربه‌خۆیه گه‌ڵاڵه بوه و ده‌یبینن؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان كاتی خۆی نه‌خشه رێگایه‌كی له‌وباره‌یه‌وه كه به‌شێك له‌م ستراتیجه‌ی رهنگیدهدایهوه پێشكه‌شی هه‌مو لایه‌نه‌كان كرد، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئێمه ده‌یبینین، ئه‌وه‌ی ئێمه ده‌یبیستین، هه‌ستی پێده‌كه‌ین، له‌سه‌ر ئه‌رز پێمانوانیه ئه‌م حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌ی ئێستا و ئه‌م په‌رله‌مانه‌ی ئێستا هه‌یه و ئه‌م داموده‌زگایه‌ی كه حوكمڕانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات هیچ جۆره ستراتیجیه‌كی نیشتیمانی نه‌ته‌وه‌یی هه‌بێت، بۆ ئێستا و پاشه‌ڕۆژی هه‌رێمی كوردستان.
KNN : كۆكی له‌گه‌ڵ ئه‌و بۆچونه‌ی كه ئه‌وه‌ی كورد ده‌یكات له‌و دۆخه هه‌ستیار و گۆڕاوه‌ی ئێستادا جۆرێكه له خۆدانه ده‌ست قه‌ده‌ر، به‌قه‌ده‌ر ئه‌وه به‌رچاوی رون نییه؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: منیش پێموایه كاره‌كانیان كاردانه‌وه‌یه نه‌ك، نه‌خشه و پلانێكیان دانابێت بۆ ئێستا و پێنج ساڵی داهاتو، یان ده ساڵی داهاتو كه‌چی بكرێت و چی نه‌كرێت، له بواری سیاسی و په‌یوه‌ندی نێوده‌وڵه‌تی و له بواری دراوسێكاندا له بواری بیناكردنی ژێرخاندا، له بواری بیناكردنی ده‌وڵه‌تی كوردیدا، له بواری ئیعلانكردنی سه‌ربه‌خۆیدا، ئه‌وشتانه‌یان داوه‌ته ده‌ست روداوی رۆژانه و كاردانه‌وه‌ی رۆژانه، من هه‌ستناكه‌م كه ستراتیجێكی نیشتیمانی و نه‌ته‌وه‌یی له‌و بواره‌دا هه‌بێت.
KNN: بابێینه سه‌ر دۆخی رێكخراوه‌یی، یان ناوخۆی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، پێتانوایه دۆخی ناوخۆیی بزوتنه‌وه‌كه‌تان له ئێستادا چۆنه؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: پێمانوایه له‌وپه‌ڕی باشیداین، ئێستا ئێمه خۆمانمان رێكخستوه، هیچ ناحیه‌یه‌ك و ئۆردوگایه‌ك و قه‌زایه‌ك نیه، له كوردستانی عێراقدا و هیچ شوێنێك نییه، له‌سه‌رتاسه‌ری دنیادا كه كوردی كوردستانی عێراقی لێبێت، بازنه‌یه‌ك یان رایه‌ڵه‌یه‌ك، یان بنكه‌یه‌ك یان ئه‌نجومه‌نێكی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانی لێنه‌بێت، له‌و بواره‌دا پێموایه هه‌نگاوی زۆر گه‌وره بۆ پێشه‌وه چوین.
KNN: له‌سه‌ر ئاستی رێكخراوه‌یی و شێوازی خۆ رێكخستنه‌وه‌ی ئێوه قسه له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كرێت كه مۆدێله‌كه‌ی ئێوه ته‌واو نوێیه، ره‌نگه رای پێچه‌وانه هه‌بێت، شێوازی خۆ رێكخستنه‌وه‌ی ئێوه، یان هه‌وڵێك بۆ دروستنهكردنهوهی حیزبی نهریتهوانی كوردی دوباره بێته‌وه چییه؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: من خۆم پێموایه هه‌ندێك له هاوڕێكانیشم هه‌روان، مۆدێلی حیزبی شمولی و حیزبی عه‌مودی كه لاساییكردنه‌وه‌ی حیزبه شیوعیه‌كانی ئه‌وروپای شه‌رقی بو له كوردستانی عێراق به‌سه‌ر چوه، وه‌كو چۆن له شوێنانی تری دنیا به‌سه‌رچوه، له قۆناغی شۆڕشی چه‌كدار و شه‌ڕی عهسابات و ته‌نزیماتی سڕی ئه‌و حیزبانه باوی هه‌بێت، ئه‌و جۆره حیزبانه جۆرێكه له جه‌یش، وه‌كو چۆن جه‌یش ته‌جنیدی عه‌سكه‌ریان هه‌یه، هه‌یئه‌تی ئه‌ركانی هه‌یه، فه‌یله‌قی هه‌یه فیرقه‌ی هه‌یه، لیوای هه‌یه فه‌وجی هه‌یه، به‌هه‌مانشێوه ئه‌م حیزبه نهریتوانانهی كوردستانیش مه‌كته‌بی سیاسیان هه‌یه كه جێگای هه‌یئه‌تی ئه‌ركانی گرتوه‌ته‌وه، لق و مهڵهبهند و مه‌كته‌ب و ئه‌وانه‌یان هه‌یه كه جێگای فه‌یله‌قه‌كان ده‌گرێته‌وه، كۆمیته و ناوچه‌كانیان جێگای لیوا و فه‌وج و ئه‌وانه ده‌گرێته‌وه، ئه‌مانه ته‌جنیدی سیاسی ده‌كه‌ن له بری ته‌جنیدی عه‌سكه‌ری، چونكه حیزبه‌كانی تریان چه‌كداری تریان هه‌یه، له‌به‌ر ئه‌وه پێمانوایه ته‌مه‌نی ئه‌مه به‌سه‌رچوه، ئه‌م مۆدێله به‌سه‌رچوه، مۆدێلی زۆر هه‌یه له دنیادا بۆ رێكخستنی حیزبی سیاسی، له‌وانه مۆدێلی حیزبی په‌رله‌مانی، ئێمه مۆدێلی حیزبی په‌رله‌مانیمان هه‌ڵبژاردوه.
KNN: ئێوه خۆتان داتانهێناوه؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: نه‌خێر ئێمه خۆمان دامان نه‌هێناوه، ئێمه هیچ شتێكی تازه‌مان دانه‌هێناوه، ئێمه چوین هه‌وڵمانداوه لێكۆڵینه‌وه بكه‌ین له‌سه‌ر ته‌جروبه‌ی پارتی داد‌و گه‌شه‌پێدانی توركیا، پارتی گه‌لی پاكستانی، پارتی سۆسیالستی فه‌ره‌نسی، پارتی سۆسیال دیموكراتی ئه‌ڵمانی، پارتی سۆسیال دیموكراتی نه‌مسایی، كۆمه‌ڵێك خه‌ڵك زۆر به وردی لێكۆڵینه‌وه‌ی ئه‌مانه‌یان كردوه، بێجگه له‌وه پرسی كۆمه‌ڵێك رێكخراوی ناودهوڵهتیمان كردوه كه شاره‌زای كاروباری هه‌ڵبژاردن و ژیانی په‌رله‌مانی و شاره‌زای گوێزانه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگا بون له قۆناغی حیزبی شمولی وه‌كو حیزبه شیوعیه‌كان بۆ قۆناغی په‌رله‌مانی و قۆناغی فره‌یی و فره حیزبی.
KNN: یه‌كێك له كێشه گه‌وره‌كانی دنیای حیزبی كه باس ده‌كرێت مه‌سه‌له‌ی پله به‌ندییه، له‌ناو ئێوه‌دا مه‌سه‌له‌ی پله به‌ندی حیزبی چۆنه، لایه‌نی كه‌م ئه‌و راوێژانه كه كردوتانه گهیشتونهتهچی ده‌ره‌نجامێك؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: یه‌كێك له‌و هۆیانه‌ی كه پاڵی به ئێمه‌وه ناوه بۆ ئه‌وه‌ی ستراكچه‌رێكی زۆرجیاواز له یه‌كێتی و پارتی بهێنینه كایه‌وه، ئه‌وه‌یه كه ئه‌م حیزبه نهریتهوانانهی كه له كوردستاندا هه‌یه، ناو حیزبه‌كه وه‌كو چۆن له‌ناو كۆمه‌ڵگا دابه‌ش بوه، دابه‌شبونێكی چینایه‌تی تێدایه، له‌ڕوی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابورییه‌وه، كۆمه‌ڵگا دابه‌ش بوه به‌سه‌ر چینی ده‌وڵه‌مه‌ند و هه‌ژار له‌ناو حیزبه‌كانیشدا چینی مه‌سئول و ئه‌ندام هه‌یه، چینی مه‌سئولیش توێژی جیاجیای تێدایه كه ده‌توانین ناوی بنێین كاستی سیاسی.
KNN: مه‌به‌ستت له كاستی سیاسی چییه؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: وه‌كو چۆن له‌ناو دینهكاندا كاست هه‌یه، نا‌توانیت له كاستێكهوه بگوێزیته‌وه بۆ كاستێكی تر، له‌ناو رێكخرا و حیزبه ته‌قلیدیه‌كانی كوردستانیشدا جۆرێك له ئهرستۆقراتیهتی حیزبی دروست بوه، له‌ناو ئه‌مه‌دا كاست دروستبوه، به نمونه كاستی مه‌كته‌بی سیاسی دروستبوه، یه‌كێك له كاستی مه‌كته‌بی سیاسی ئه‌م حیزبانه بوبێت وه‌ختێك ده‌گوێزێته‌وه بۆ ناو حیزبێكی تر، ده‌بێت بچێته ناو مه‌كته‌بی سیاسیه‌وه، له سه‌ركردایه‌تی بوه ده‌بێت بچێته ناو سه‌ركردایه‌تی حیزبه‌كه‌ی تره‌وه، له ئاستی مه‌ڵبه‌ند و لقدا بوه، ده‌بێت بچێته ئاستی لق و مه‌ڵبه‌ندی حیزبه‌كه‌ی تره‌وه، له‌وه كه‌متر رازی نابێت ته‌نانه‌ت، له دنیادا، زۆرجار سه‌رۆك وه‌زیره‌کان له فهترهیهكدا، كاتێك حیزبه‌كه‌ی ده‌بێت به حیزبی دوه‌م ئاماده‌یە بڕوات وه‌زیری بكات، له كوردستاندا ئه‌مه نییه، جۆرێك له ئهرستۆقراتیهتی حیزبی دروستبوه له‌ناو حیزبه‌كانیشدا جۆرێك له چینی مه‌سئول دروستبوه، له‌ناو چینه مهسئولهكهشدا به‌هۆی ئیمتیازاتی مادییه‌وه ئه‌و ده‌سه‌ڵاته مادیه زۆره‌ی لهبهردهستایهتی ئه‌وه دروستبوه، له‌ناو ئێمه‌دا به‌هیچ جۆرێك رێگه به‌مجۆره نه‌ریته ناده‌ین له‌ناو بزوتنه‌وه‌كه‌دا.
KNN: یه‌كێك له كێشه‌كانی تری دنیای حیزبایه‌تی كردن مه‌سه‌له‌ی سه‌ركردایه‌تی كردنه، له‌ناو ئێوه سه‌ركردایه‌تی كردن چۆنه؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: ئێمه له‌و ماوه‌یه‌ی پێشودا شه‌ش رێنماییمان بڵاوكردوه‌ته‌وه، دو رێنماییان ده‌رباره‌ی ئه‌و ده‌زگا سهركردایهتیانهن كه له ناو بزوتنه‌وه‌ی گۆڕاندا كارده‌كه‌ن، یه‌كێكیان جڤاتی نیشتیمانیه، یه‌كێكیان جڤاتی گشتییه، كه هێشتا هه‌ردوكیان به ناتهواوهتی ماونه‌ته‌وه و ناتهواوهتیهكانمان پڕنهكردوتهوه، ده‌زگای سه‌ركردایه‌تی له ناو بزوتنه‌وه‌ی گۆڕاندا، جڤاتی نیشتیمانی و جڤاتی گشتیه، له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌وه ئێمه هیچ سه‌ركردایه‌تییه‌كی نهێنیمان نییه، هیچ سه‌ركردایه‌تی جیاوازمان نییه.
KNN : ئه‌وه‌ی باستكرد له مه‌سه‌له‌ی سه‌ركردایه‌تی كردن، جۆرێك له گله‌یی و گازنده‌ی به‌دوای خۆیدا هێناوه، ته‌علیقت له‌سه‌ر ئه‌وه چییه؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: ئێمه له دو سێ ساڵی رابردودا سه‌دان پرۆژه‌ی جیاجیامان بۆهاتوه، سه‌دان نامه‌مان بۆ هاتوه، سه‌ردان پێشنیاری جۆراو جۆرمان بۆهاتوه، له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی چۆن خۆمان رێكبخه‌ین، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌مه‌ی ئێمه زۆر تازه‌یه، نمونه‌كه‌ی له كوردستاندا زۆر تازه‌یه، ره‌نگه له‌چاو هه‌ندێك ده‌وڵه‌تی دراوسێشماندا تازه‌بێت، بۆیه هه‌زمكردنی ئه‌مه له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵێك خه‌ڵكه‌وه هه‌تا رادێن له‌سه‌ری و فێری ده‌بن و لێی تێده‌گه‌ن، تۆزێك ده‌خایه‌نێت، له‌به‌رئه‌وه ئاساییه هه‌ندێك كه‌س نامه‌ی ناڕه‌زایی بنێرێت.
KNN: دواجار ره‌خنه‌و گله‌ییه‌كان گوێ لێگیراون له‌لایه‌ن ئێوه‌وه؟ پرۆژه هه‌یه قسه ده‌كرێت كه گۆڕان باشتر بكرێت له‌سه‌ر ئه‌و ره‌خنانه كراون به پرۆژه؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: ئێمه ساغبوینهتهوه له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی جێگیر كردن و تۆكمه‌كردنی جڤاتی نیشتیمانی و جڤاتی گشتی، له چوارچێوه‌ی ئه‌وه‌دا هه‌رچی پرۆژه و پێشنیارێكمان بۆ بێت بێگومان به‌هه‌ند وه‌ریده‌گرین.
KNN: له كۆتاییدا بۆچونێك رایهكت هه‌بێت؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: من وه‌كو ده‌ڵێن ئه‌م به‌نده‌ی خوایه ئه‌وه‌ی كه واجب بوه له‌سه‌رم، واجبی ئه‌خلاقی واجبی سیاسی، واجبی دینی، واجبی نیشتیمانی و نه‌ته‌وه‌یی، ئه‌وه‌ی من له توانامدا بوبێت به هاوكاری هاوكاره‌كانم كردومانه بۆئه‌وه‌ی خه‌ڵك هۆشیار بكه‌ینه‌وه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه حه‌ق و واجباتیان چیه، ئومێدمان وایه كه توانیبێتمان متمانه‌ی به‌شێكی زۆری میله‌ته‌كه‌مان به‌ده‌ستهێنابێت و له‌هه‌ڵبژاردنی داهاتودا قه‌زاوه‌تی میله‌ته‌كه‌مان ببینین كه بزانین تا چه‌ندێك متمانه‌یان به ئێمه هه‌یه.
|
|