سلێمانی به‌رده‌وام سزا دراوه
|
دیمانه: سبه‌ی
هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر، مامۆستای زانكۆ‌و نوسه‌رو رۆشنبیر بڕوای وایه: ئامانجه سه‌ره‌كیه‌كانی راپه‌ڕین هێشتا به‌دینه‌هاتون، ئه‌و خه‌باته‌ش كه خه‌ڵكی كوردستان بۆ چه‌سپاندنی ئازادی‌و دادپه‌روه‌ری كردی، ئه‌مڕۆ كه‌وتونه‌ته ناو به‌رداشی پارتی و یهكێتیو به‌رداشی ههرێمو ناوه‌نده‌وه.
ئه‌و مامۆستایه‌ی زانكۆ له‌م دیداره‌ی (سبه‌ی)دا ئه‌وه‌ش ئاشكراده‌كات "به پلان هه‌وڵ بۆ سنوربهندكردنی سلێمانی دراوه، ئه‌م پارێزگایه به‌شه زۆره‌كه‌ی دانیشتوانی هه‌رێمی كوردستانی به‌ركه‌وتوه، به‌ڵام به‌شه كه‌مه‌كه‌ی بودجه‌ی بۆ ته‌رخانكراوه".
سبه‌ی: مانگی ئازار مانگێكه پڕیه‌تی له خۆشی‌و ناخۆشی بۆ خه‌ڵكی كوردستان، یاده‌كانی راپه‌ڕین جێگه‌ی دڵخۆشینو كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌ش مایه‌ی دڵتهنگیو ئازارن بۆ گه‌لی كورد، به‌بڕوای به‌ڕێزتان ئه‌و ئامانجانه‌ی كه خه‌ڵكی كوردستان له‌پێناویدا راپه‌ڕینی كرد هاتونه‌ته‌دی؟
هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر: به‌شێكی كه‌می به قوربانیه‌كی زۆر هاتونه‌ته‌دی، به‌شه زۆره‌كه‌ی ماوه، ئه‌و به‌شه‌شی كه هاتوه‌ته‌دی له ئێستاداو هه‌ر له‌م مانگی ئازاره‌دا له ژێر هه‌ڕه‌شه‌دایه، دهستوریانهو یاسایانه نهچهسپێندراون، به‌پێچه‌وانه‌وه ئێمه وه‌ك كورد له سه‌ره‌تای راپه‌ڕینی 1991 و له ئێواره‌ی 20ی ئازاردا كه‌ركوكمان رزگاركرد، به‌ڵام ئه‌مڕۆ، كه‌ركوك و ته‌واوی ئه‌وناوچانه‌ی خزێنرانه ماده‌ی 58ی یاسای كاتی ئه‌نجومه‌نی حوكمڕانی عیراق و ماده‌ی 140ی ده‌ستوری عیراقه‌وه، به ئاقارێكی نه‌خوازراودا ده‌ڕۆن.
نه كێشه‌ی هاوڵاتیبون، نه كێشه‌ی زه‌وی، نه كێشه‌ی ئابوری، نه كێشه‌ی سامان، نه كێشه‌ی هێز، نه كێشه‌ی دامهزراوهیبون و نه ئه‌جێندای نیشتمانیمان، نه له‌گه‌ڵ خۆمان و نه له‌گه‌ڵ ناوه‌ندا یه‌كلانه‌كردۆته‌وه. لایه‌نه ده‌سه‌ڵاتداره‌كانی 23 ساڵی رابردوی هه‌رێم، له‌بری ئه‌وه‌ی هێزو ئابوری بۆ گێڕانه‌وه‌ی به‌شه له كوردستان بڕێنراوهكان به‌كاربه‌رن، هه‌رێمی كوردستانیان پێلهتكردوه، خه‌ڵكی كوردستان بۆ چه‌سپاندنی ئازادی و دادپه‌روه‌ری و حوكمی خۆبه‌خۆی و كۆتایهێنان به‌سته‌مكاری و تاكڕه‌وی خهباتیانكرد، به‌ڵام ئه‌مڕۆ هه‌مو ئه‌مانه كه‌وتونه‌ته به‌رداشی پارتی و یه‌كێتی، به‌رداشی هه‌رێم و ناوه‌نده‌وه، بۆیه به‌بڕوای من هێشتا ئامانجه سه‌ره‌كیه‌كانی راپه‌ڕین به‌دینه‌هاتون به به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌ی تا ئه‌مڕۆ جیاكاری و سته‌مكاری له فۆڕم و ناوه‌ڕۆكی جیاجیادا، به‌رده‌وامیان هه‌یه.
سبه‌ی: ئه‌م رۆژانه هه‌رێمی كوردستان به قه‌یرانێكی دارای قورس‌دا تێده‌په‌ڕێت، كه سه‌ره‌تای قه‌یرانه‌كه له پارێزگای سلێمانیه‌وه ده‌ستی پێكرد، بۆچی ده‌بێت سلێمانی هێنده فه‌رامۆش بكرێت، پێش هه‌ر پارێزگایه‌كی تر باجی فه‌رامۆشكردنی بدات؟
هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر: له‌به‌رئه‌وه‌ی به پلان هه‌وڵ بۆ سنوربهندكردنی سلێمانی دراوه، ئه‌م پارێزگایه به‌شه زۆره‌كه‌ی دانیشتوانی هه‌رێمی كوردستانی به‌ركه‌وتوه، به‌ڵام به‌شه كه‌مه‌كه‌ی بودجه‌ی بۆ ته‌رخانكراوه، به‌شه زۆره‌كه‌ی نه‌وت و غاز لێره ده‌رده‌هێنرێت، به‌ڵام فرۆشتن و ده‌سكه‌وته‌كه‌ی بۆ شوێنێكی تره، به‌شه زۆره‌كه‌ی سوته‌مه‌نی له عێراقه‌وه بۆ دێت، به‌ڵام به‌شه كه‌مه‌كه‌ی ده‌ده‌نێ، دو شاری وه‌ك هه‌ڵه‌بجه‌و قه‌ڵادزه‌و چه‌ندین ناحیه‌ی وه‌ك بنگردو گاپیڵۆن و حاجی ئاوا‌و سه‌دان گوند‌و دێهاتی وێرانكراون، به‌ڵام ئاستی په‌ره‌پێدان و ئاوه‌دانكردنه‌وه تیایدا لاوازه، ئه‌نفال و كیمیایباران به پله‌ی یه‌كه‌م له‌م ناوچانهدابون، به‌ڵام هه‌ر ئه‌م ناوچانهیشن مه‌حرومن، هۆكارێكی سه‌ره‌كی ئه‌وه‌یه كه به‌رده‌وام ئه‌م شاره شارێكی ههستیارو به‌هه‌ڵوێست و هه‌ڵچو ناڕازی بوه به‌رامبه‌ر به ناعه‌داله‌تی، دواتریش له 25/7/2009ه‌وه هێزێك حوكمی ده‌كات، له ئاست هێزی ده‌نگداندا، كه‌مینه‌یه، وه‌ك خاوه‌ن خۆی ده‌نوێنێت و خۆیشی به خاوه‌نی نازانێت، یان وه‌ك خاوه‌ن مامه‌ڵه ناكات.
هه‌ندێك هه‌ن ده‌یانه‌وێت ته‌نها به رابردو بیژێنن، هه‌ندێكیش ته‌نها بۆ خه‌ونه‌كانی ئایندهی ده‌به‌نه‌وه، به‌ڵام سلێمانی ئه‌مڕۆو ئێستای ده‌وێت بۆ ئه‌وه‌ی خۆی مێژو به ئاینده‌وه ببه‌ستێته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی ململانێی سه‌خت و سه‌قه‌تی نه‌وه‌كان و بیره‌كان و ئایدۆلۆژیا‌و به‌رژه‌وه‌ندیه‌كان بگۆڕێت بۆ یه‌كترته‌واوكردن و په‌ره‌پێدانی به‌رده‌وام، به‌جۆرێك كه په‌نجه‌كان یه‌كتری ته‌واوبكه‌ن، نه‌ك یه‌كتری بشكێنن.
سبه‌ی: شوباتی رابردو پارێزگای سلێمانی یادی روداوه‌كانی 17ی شوباتی كرده‌وه، كه تیایدا كۆمه‌ڵێك خه‌ڵكی بێ تاوان بونه قوربانی، ئایا هه‌ست ناكه‌یت له‌دوای ئه‌و روداوانه‌وه سزا بدرێت؟
هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر: نه‌خێر، سلێمانی به‌رده‌وام سزا دراوه، سزای زیندوێتی و هه‌ڵمه‌ت و قوربانیدانی دراوه، سزای نا كردن و بیركردنه‌وه‌ی رهخنهگرانهوهو تێڕوانینی ستراتیژیانهو گۆڕانی به‌رده‌وامی دراوه، زۆرن ئه‌وانه‌ی غیره‌ی لێده‌كه‌ن، غه‌دری لێده‌كه‌ن، غوبنی لێده‌كه‌ن، رۆحێك به‌رامبه‌ر به سلێمانی دروستبوه وه‌ك دوژمن مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌كات، بۆیه به‌ڕۆژی روناك نه‌وه‌كانی ده‌كوژرێن، زانكۆكانی ئهنفالدهكرێن، ده‌رفه‌تی ئازادیه‌كانی تهسكدهكرێنهوه، رۆژنامه‌نوسه‌كانی تیرۆرده‌كرێن، كه‌ناڵه‌كانی ده‌سوتێنرێن، سیمای شارستانی شاره‌كه ده‌شێوێنرێت، جوانیه‌كانی ته‌لبه‌ند ده‌كرێن، بازاڕه‌كانی ده‌وه‌ستێندرێن، سه‌رمایه‌داره‌كانی ده‌رده‌كرێن، بانكه‌كانی بهتاڵدهكرێن، مه‌زاری منه‌وه‌ره‌كانی ده‌شكێندرێن، ...تاد، سوته‌مه‌نی و وزه‌ی كاره‌باو داهاتی كه‌مده‌كرێنه‌وه، ناهێڵن زیادبكرێن، ئه‌م دیارده‌یه له 25/7/2009ه‌وه زیادیكردوه، له 17ی شوباته‌وه زۆر زیاتر بوه، له 21/9/2013ه‌وه زیاتر زۆر بوه...
سبه‌ی: ساڵی رابردوش ئه‌م پارێزگایه زنجیره‌یه‌ك روداوی ته‌قینه‌وه‌و كوشتن‌و توندوتیژی به‌خۆیه‌وه بینی، به‌شێوه‌یه‌ك كه حكومه‌تی هه‌رێم هاته سه‌ر خه‌ت كه ئارامی سلێمانی هێڵی سوره‌و نابێت ببه‌زێنرێت، ئایا ره‌وایه پارێزگایه‌كی وه‌ك سلێمانی باجی پاشه‌كشه‌ی هێزێكی سیاسی بدات؟
هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر: پێویسته هه‌مو لایه‌ك له‌و راستیه تێبگات، كه ئه‌م شاره بۆ شارنشینان دروستكراوه نه‌ك بۆ شانشینان، هه‌مو كه‌سێك له‌م شاره‌دا سه‌ركرده‌یه، رۆحێكی زیندو له‌م شاره‌دا هه‌یه كه نایه‌وێت ئه‌مڕۆی وه‌ك دوێنێ بێت، به‌رده‌وام چاوی له ئاینده‌یه‌كی رۆشنتره، لایه‌نه‌كان له سلێمانیدا به پشتیوانی خه‌ڵكه‌كه‌ی به‌هێز ده‌بن، هه‌ركاتێكیش خه‌ڵك پشتی تێكردن لاوازده‌بن، ئه‌م شاره هێزی خۆی له خه‌ڵكه‌كه‌یه‌وه وه‌رگرتوه، نه‌ك له شتێكی تره‌وه، خۆسه‌پێنی و تاكڕه‌وی و سته‌مكاری و بێباكی و بێئیراده‌ی له خۆشی قبوڵناكات نه‌ك له خه‌ڵكی تر، به‌شی زۆری شه‌هیدانی ئه‌م نیشتمانه جوگرافیاكهیان پارێزگای سلێمانیه، گۆڕستانهكانمان له زۆر شوێندا له كۆشك و تهلارهكانمان زیاترن، چونكه كه‌م ژیان و كه‌ڵ ژیانمان هه‌ڵبژادوه. بۆیه نه‌خێر سلێمانی شایسته‌ی دڵدانهوهو خزمه‌تكردنێكی رههایانهیه، شایانی رێزلێگرتن و پێ‌زانین و قهدرگرتنه، نه‌ك سزادان.
سبه‌ی: به‌ڕێزتان له‌زۆر دیبهیتو چاوپێكه‌وتندا باس له په‌راوێزخستنی سلێمانی‌و فرهكوێخای ده‌كه‌ن، ده‌كرێت ئه‌مه رونبكهنهوهو ده‌ستنیشانی هۆكاره‌كان بكه‌ن؟
هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر: خه‌باتی نیشتمانی ئه‌م كوردستانه به پله‌ی یه‌كه‌م له‌م پارێزگایه‌دا كراوه، هه‌مو هێزه سیاسیه‌كانی به درێژای مێژوی نوێ له‌م شاره‌دا سه‌ریانهه‌ڵداوه، چاپه‌مه‌نی، خوێندن و خوێنده‌واری، هاتنه‌مه‌یدانی ژنان، راپه‌ڕین، هه‌مو رێبازه ئه‌ده‌بی و فیكری و هونه‌ری و رۆژنامهگهریهكان، لێره‌بون، 7ی ئازاری 1991 پارێزگاكه وه‌ك یه‌كه‌م شاری كوردستان ئازادكراوه، وه‌ك وتم به‌شی هه‌ره زۆری وزه، داهات، توانای مرۆیی، زه‌وی، له‌م پارێزگایه‌دان، به‌ڵام تا ئێستا مه‌حرومه له خۆبه‌ڕێوه‌بردن، مه‌حرومه له پشتبه‌خۆبه‌ستن، رێز له ده‌نگی ده‌نگده‌رو بڕیاری ئینسانه‌كانی ناگیرێت، به‌رده‌وام وه‌ك سه‌رچاوه‌ی كێشه وێنایدهكهن، نه‌ك سه‌رچاوه‌ی گۆڕانكاری و چاره‌سه‌ر، له‌كاتێكدا ئه‌م شاره نهمهحكومی عه‌جه‌م ده‌بێت و نه سوخره‌كێشی ئالی عوسمان، ئه‌گه‌ر ئه‌مه په‌راوێزخستن نه‌بێت چیه؟ گرفته‌كه ئه‌وه‌یه له به‌ر به‌هاو نرخ و بایه‌خی ئه‌م شاره هه‌مو لایه‌ك خۆی به خاوه‌نی ده‌زانێت، به‌ڵام زۆریان شینیان بۆ ههریسهكهیهتی نه‌ك بۆ حسێنهكانی سلێمانی، زۆربه‌یان وه‌ك باوه‌پیاره ده‌رده‌كه‌ون، له خه‌می خۆیاندان نه‌ك له خه‌می نه‌وه‌كانی سلێمانی و ئایندهی سلێمانی و مێژوی سلێمانی.
سبه‌ی: به‌شێوه‌یه‌كی گشتی ژێرخانی ئابوری پارێزگای سلێمانی به سه‌رجه‌م قهزاكانیهوه له كوێی ستراتیجی خزمه‌تگوزاریه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمدایه، ده‌كرێت پارێزگایه‌كی وه‌كو سلێمانی بچوكترین قه‌یرانی وه‌كو سوتهمهنیو بێ كاره‌بای له‌سه‌ر ده‌ركه‌وێت؟
هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر: دو به‌نداوی كارۆئاوی، دوكان و ده‌ربه‌ندیخان، وێستگه گه‌وره‌كانی به‌رهه‌مهێنانی كاره‌با، سه‌رچاوه سه‌ره‌كیه‌كانی نه‌وت و غاز، له سنوری ئه‌م پارێزگایه‌دان، به‌ڵام وه‌ك پێویست پهرهیانپێنادرێت، به‌ته‌واوی فه‌رامۆشكراون، به‌غازی كۆرمۆر وێستگه‌ی به‌رهه‌مهێنانی كاره‌بای شوێنی تر په‌ره‌پێده‌ده‌ن، به‌ڵام خۆی مه‌حرومه، له كاره‌با كه‌مه‌كه‌ی خۆی 750 میگاوات سه‌ربه‌رزانه ده‌دات به كه‌ركوك، به‌ڵام خۆی بێكاره‌بایه، بازرگانی به نه‌وتی ته‌قته‌ق و كۆرمۆره‌وه ده‌كرێت، به‌ڵام خۆی بێسوتهمهنیه، داهاتی هه‌رێم دابینده‌كات، به‌ڵام بانكه‌كانی به‌تاڵن، وه‌ك پێویست به هه‌مان شێوه‌ی پاڵاوگه‌ی زاخۆ كار بۆ پاڵاوگه‌ی بازیان ناكه‌ن، گه‌رمیان ده‌توانێت به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت له 5000 به‌رمیله‌وه بكاته 50000 ناهێڵن، ئه‌و بڕه پاره‌یه‌ی كه 1-2%ی تێچونی هه‌ر پڕۆژهیهكهو بۆ ستافی سه‌رپه‌رشتكردنی ئه‌ندازه‌ی جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌كان خه‌رجده‌كرێت، له شاره‌كانی تر ده‌كرێت و لێره یان ناكرێت یان به‌مه‌زاج ده‌كرێت، رێگاوبانه‌كانی رێگای تانكه‌ری ژیانبهرن بۆ وڵاتان و مهرگهێنن بۆ هاوڵاتیانی وڵات...
سبه‌ی: ئه‌گه‌ر سلێمانی پایته‌ختی رۆشنبیریه، كوان ئه‌و ژێرخانه هونهریو شاره هونهریو دیداره رۆشنبیریانه‌ی كه ده‌بێت له‌م شاره‌دا هه‌بن، ئایا پایته‌ختی رۆشنبیری هه‌ر دروشمه یان پرۆژه‌ی ده‌وێت؟
هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر: ئه‌م شاره به‌درێژای مێژوی خۆی شاری رۆشنبیری بوه، شاری هونه‌رو داهێنان و ئه‌فراندن بوه، له سه‌ر بنه‌مای پایه‌كانی شاری مۆدێرن (پیشه‌سازی، بازرگانی، كه‌لتورو مێدیا) دروستبوه، به‌ڵام له 1963 ه‌وه به‌پلان كار بۆ كه‌نارگیركردنی ده‌كرێت، نابێت پایته‌ختی رۆشنبیری ته‌نها دروشم بێت، ده‌بێت پڕۆژه‌ی جدی هه‌بن بۆ پاراستن و ژیاندنه‌وه‌ی ژێرخان و سه‌رخانی كه‌لتوری ئه‌م پارێزگایه، له ئێستادا زۆر پڕۆژه‌ی جدی هه‌یه، چه‌ندین كه‌سی دڵسۆز هه‌رچه‌نده كه‌میش بن، خۆبه‌خشانه كاریان بۆ ده‌كه‌ن، به‌ڵام تائێستا پارێزگاری سلێمانی پێی وانیه كایه‌ی كه‌لتوری به‌شێكی سه‌ره‌كیه له كاره‌كانی ئه‌وان، بۆیه به‌ده‌ست رۆتین و بێڕوئیای و بیرۆكراتی و كورتبینی هه‌ندێك وه‌زاره‌ت و بهڕێوهبهرێتیهوه ده‌ناڵێنن، له‌م بوارانه‌دا ژێرخانێكی ده‌وڵه‌مه‌ندو له‌بارمان هه‌یه، به‌ڵام پێویستمان به تواناگه‌لێكی مرۆی زۆر‌و حكومه‌تێكی ره‌شید هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رخانی كه‌لتوری شاریان پێبنیاتبنێینهوه، ئێمه له خه‌می ئه‌وه‌دا ده‌بین بونیاتی شار‌و شارستانی به‌رینه ناو هه‌مو كوچه‌و كۆڵان و گوند‌و دێهاتێكیشهوه، نه‌ك وه‌ك ئه‌وانه‌ی رابردو شارهگهورهكانیشمان بۆ بكه‌نه گوندی چاخه‌به‌ردینه‌كان.
ئه‌م كاره كارێكی گه‌وره‌یه، هاوبه‌شی و خه‌مخۆری هه‌مومانی ده‌وێت، هه‌ر له پاراستنی ته‌لارسازی و ره‌سه‌نایه‌تی شاره‌وه، تا بنیاتنانی شاری كه‌لتوری، له‌ناو پارێزگاكه‌دا.
|
|