Print WWW.SBEIY.COM
 ئەنچیلۆتى سێ یانەى رەتکردوەتەوە و بینیتیز ناپۆلى جێهێشت
28/05/2015 18:54:02
(سبەی):
کارلۆ ئەنچیلۆتى ئیتاڵى دواى ئەوەى لە پۆستى راهێنەرایەتى یانەى ریاڵ مەدرید دورخراوەتەوە بۆندى سێ یانەى رەتکردوەتەوە، هاوکات رافائێل بینێتیز کە بەهێزترین پاڵێوراوە بۆ جێگرتنەوەى ئەنچیلۆتى وازهێنانى لە ئەرکەکەى لەگەڵ یانەى ناپۆلى راگەیاند.
کەناڵى سکاى نیوز بڵاویکردەوە، کارلۆ ئەنچیلۆتى دواى ئەوەى بەهۆى ئەنجامەکانى یانەکەوە لە راهێنەرایەتى ریاڵ مەدرید دورخرایەوە، چەند یانەیەک پێشنیاریان کردوە گرێبەستى لەگەڵ بکەن بۆئەوەى مەشق بە تیمەکەیان بکات لەوانە ناپۆلى و رۆماى ئیتاڵى و لیڤەرپولى ئینگلیزى، بەڵام ئەو رەتیکردوەتەوە و تائێستا قایل نیە بە گرتنە دەستى ئەرکى راهێنەرایەتى هیچکام لەو یانانە، هاوکات جێگرى سەرۆکى یانەى میلان پەیوەندى پێوە کردوە بۆئەوەى دوبارە ببێتەوە راهێنەرى یانەکە.
لەلایەکى دیکەوە هەر ئەمڕۆ تۆڕى بی ئێن سپۆرت بڵاویکردەوە کە رافائێل بینیتزى ئیسپانى و راهێنەرى ناپۆلى ئیتاڵى کە بە بەهێزترین کاندیدى پۆستى راهێنەرى یانەى شاهانەى ئیسپانى دادەنرێت، بڕیارى دەستبەرداربونى لە ئەرکەکەى لەگەڵ یانە ئیتاڵیەکە داوە، کە لەژیر ئەرکى ئەو راهێنەرە ئیسپانیەدا لە پلەى چوارەمى خولى کالچۆدایە بە کۆکردنەوەى (65) خاڵ.
لەو کۆنگرە رۆژنامەوانیەشدا کە ئەمڕۆ سازیکرد، ئاماژەى بەوەکرد خێزانەکەى هۆکارى بڕیارى دورکەوتنەوەى بوە لە یانە ئیتاڵیەکە، لەگەڵ ئەوەشدا وتى :"دەمەوێت پیش رۆیشتنم کۆتا بردنەوە بۆ یانەکە مسۆگەر بکەین بۆئەوەى بچێتە پلەى سێیەمى ریزبەندى خولەکە بۆئەوەى وەرزى داهاتو بگاتە خولى یانە پاڵەوانەکانى ئەوروپا".