Print WWW.SBEIY.COM
 گۆڕانكاری‌ به‌سه‌ر بارودۆخماندا نایه‌ت، تا دان به‌كه‌موكوڕی‌‌و كێشه‌كانماندا نه‌نێین
30/12/2014 10:10:04
*د. عادل عه‌بدولمه‌هدی‌
لەعەرەبییەوە: وه‌هاب حه‌سیب محه‌مه‌د


كه‌من ئه‌و گه‌ل‌و وڵاتانه‌ی‌ وه‌ك ئێمه‌ هۆكاری‌ كێشه‌كانیان ده‌ده‌ن به‌سه‌ر كه‌سانی دیكه‌دا، به‌ڕاستی‌ ئێمه‌ ئاماده‌نین به‌رپرسیارێتی‌ کەموکوڕییەکانمان له‌ئه‌ستۆبگرین، بگره‌ له‌سه‌ر شانی‌ خۆمانی‌ لاده‌ده‌ین تا یبده‌ین به‌سه‌ر كه‌سانیتردا.

له‌خانه‌واده‌یه‌كدا پیاو گشت ناته‌واویەكانی‌ ماڵه‌كه‌ی‌ ده‌خاته‌ ئه‌ستۆی‌ ژنه‌كه‌ی‌‌و هه‌ڕه‌شه‌یشی‌ لێده‌كات، هه‌ندێجار ئازاریشی‌ پێده‌گه‌یه‌نێت بێ ئه‌وه‌ی‌ ته‌ماشای‌ رۆڵ‌‌و به‌رپرسیارێتی‌ خۆی بكات، باوكان ره‌فتاری‌ هه‌ڕه‌مه‌كی‌و هه‌ڵه‌ی‌ رۆڵه‌كانیان ده‌خه‌نه‌ پای‌ منداڵه‌كانیان، بێئه‌وه‌ی‌ خۆیان به‌ به‌رپرس بزانن له‌ په‌روه‌رده‌‌و به‌هایه‌كی‌ دروستدا، له‌كۆمه‌ڵگادا گشت گروپێك به‌رپرسیارێتی ده‌خاته‌ سه‌رشانی‌ كۆمه‌ڵێكی‌ دیكە.

هه‌‌روه‌ها نێوانی‌ پارت‌و هێزه‌ رامیارێكان به‌ده‌ر نییه‌ له‌و بۆچونه‌، من دوێنی‌‌و ئێستاو به‌یانیش له‌سه‌ر هه‌قم، به‌رانبه‌ره‌كه‌م دوێنی‌، ئه‌وڕۆو سبه‌ینێش هه‌ڵه‌یه‌، هه‌ر یه‌كێكمان بانگه‌شه‌ی‌ ده‌ستكه‌وته‌كانی‌ ده‌كات كه‌ چۆن ئه‌ركه‌كانی‌ به ‌باشترین شێوه‌ جێبه‌جێكردوه‌، له‌هه‌مانكاتدا ئه‌وانیتر كه‌مته‌رخه‌م بون، هه‌ندێجار پیلانگێڕو خراپیش بون.

په‌رله‌مان حكومه‌ت ده‌كات به‌ به‌رپرسی‌ كه‌موكوڕییەكان‌و خۆی‌ لێ به‌دور ده‌گرێت، لای‌ خۆیه‌وه‌ حكومه‌ت به‌رپرسیارێتیەكه‌ ده‌خاته‌ ئه‌ستۆی‌ په‌رله‌مان‌و هێزه‌ سیاسیەكان، داواده‌كات لێپرسینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵدا بكرێت، سوننه‌ لۆمه‌ی‌ شیعه‌ ده‌كات‌و به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه‌.

هه‌روه‌ها كورد‌و عەرەب و ئه‌وانی تریش به‌ده‌رنین له‌و ره‌فتاره‌، كاره‌كان به‌مشێوه‌یه‌ هه‌ڵده‌كشێن تا لیستی‌ تۆمه‌ت‌و تاوانباركردمان ده‌گاته‌ ئاستی‌ هه‌رێمایه‌تی‌‌و جیهانی‌، هه‌موان دژ به‌ئێمه‌ پیلان دەگێڕن. ئێمه‌ گشت باشییەکی به‌رپرسیارێتیمان گه‌ره‌كه‌ به‌ده‌سه‌ڵات‌و سوده‌كانیەوه‌، ئه‌وه‌ ناونیشانێكه‌ ئێمه‌ وه‌ئه‌ستۆی‌ ده‌گرین، ئێمه‌ مافمان هه‌یه‌و ئه‌وانیتر به‌رپرسن له‌ ئه‌رك‌و هه‌ڵه‌كان.

ئه‌و كاره‌ ئاماژه‌یه‌كی‌ گه‌وره‌و گرنگی‌ تیادایه‌، له‌وانه‌یه‌ گرنگترینیان ئه‌وه‌ بێت ئێمه‌ ناچینه‌وه‌و به‌كارو كرده‌وه‌كانماندا، لێپرسینه‌وه‌ له‌گه‌ڵ‌ خۆماندا ناكه‌ین، به‌رنامه‌ی‌ ئێمه‌ له‌ جێبه‌جێكردنی‌ ئه‌رك‌و به‌هێزكردنی كاره‌كاندا بریتییه‌ له‌ دیاریكردنی‌ كه‌م‌وكوڕی‌و لادانه‌كان، بیناكردن‌و جێبه‌جێكردنی‌ بیرۆكه‌ی‌ به‌سود.

به‌رنامه‌یه‌كی‌ هه‌ڵه‌یه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای‌ راست پیاده‌ ناكرێ، سه‌ركه‌وتویی‌‌و كاریگه‌ری‌ به‌رنامه‌كه‌ له‌ ژیاندا ناسه‌لمێندرێ‌، ئه‌گه‌ر به‌ر له‌ كه‌سانیتر به‌رپرسیارێتی‌ ئه‌و ناته‌واویانه‌ی‌ ئه‌مڕۆ له‌ ئه‌ستۆ نه‌گرین‌و به‌خۆماندا نه‌چینه‌وه‌، ئه‌وا ئه‌و بارودۆخه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت‌و ته‌نگه‌ژه‌كان قوڵتر ده‌بنه‌وه‌.

بنه‌ماكانی‌ سه‌ركه‌وتنی‌ تاك‌و كۆمه‌ڵ‌ نه ‌كارێكی‌ په‌نهانه‌و نه‌ مه‌ته‌ڵه‌، به‌هه‌مان شێوه‌ په‌یوه‌ندی‌ به‌سودی‌ نێوان كه‌س‌و كۆمه‌ڵ‌و نه‌ته‌وه‌كان كارێكه‌ نهێنی‌ تیادا نییه‌ تا به‌پاساوی‌ ئه‌وه‌ی‌ كۆمه‌ڵگای‌ عێراقی‌ كۆمه‌ڵگایه‌كی‌ عه‌شایه‌رییه‌، یان عێراقیەكان چه‌وسێنه‌رێكی‌ دادپه‌روه‌ریان گه‌ره‌كه‌ یاخود به‌جۆره‌ها باس‌و خواسی‌ دیكه‌ عێراقییەکان له‌و بنه‌ماو سیسته‌مانه‌ به‌ده‌ر نین، ئه‌و بۆچونانه‌ به‌ڵگه‌ن له‌سه‌ر پێداگری‌ ئه‌و به‌رنامه‌ هه‌ڵه‌یه‌.

له‌عێراقدا به‌هۆی‌ بونی دەرامەتی ئاسان (نه‌وت) ده‌توانرێت تا دوا دڵۆپی‌ نه‌وت شكسته‌كان دوباره‌ بكرێنه‌وه‌‌و به‌رده‌وام بین له‌سه‌ر هه‌ڵه‌و بێ‌ پلانی‌، ژیانمان دوره‌ له‌ هه‌ر كارو به‌رنامه‌و سه‌ركه‌وتنێك، له‌ كاتێكدا خودای‌ باڵاده‌ست ده‌فه‌رموێت: "ان الله لا یغیر ما بقوم حتی‌ یغیروا ما بانفسهم" په‌روه‌ردگار داوامان لێده‌كات لێپێچینه‌وه‌ له‌گه‌ڵ‌ خۆماندا بكه‌ین، به‌رله‌وه‌ی‌ كه‌سانیتر لێپرسینه‌وه‌مان له‌گه‌ڵدا بكه‌ن‌و به‌رپرسیارێتیان وه‌ئه‌ستۆبخه‌ین.

*وه‌زیری‌ نه‌وتی‌ عێراق

سەرچاوە