|
مانای سیاسه‌ت |
30/12/2014 10:47:31 |
ئه‌ندرێ كۆمت سپۆنڤیڵ
له‌عه‌ره‌بییه‌وه: سه‌ركه‌وت جه‌لیل
مرۆڤ گیانله‌به‌رێكی كۆمه‌ڵایه‌تیه: مه‌حاڵه بتوانێت له‌گه‌ڵ غه‌یری هاوشێوه‌كانی بژی و به‌سه‌ر غه‌یری هاوشێوه‌كانیشیدا بكرێته‌وه. به‌ڵام له‌هه‌مانكاتدا گیانله‌به‌رێكی خۆپه‌رستیشه، به ده‌ربڕینه‌كه‌ی كانت، پارادۆكسی "مه‌یل به‌لای كۆمه‌ڵگا و هاوكات دورهپهرێزیش لێی" وای لێكردوه، نه‌توانێت واز له‌وانی تر بهێنێت، هه‌روه‌ها نه‌شتوانێت له‌به‌ر ئه‌وان، واز له تێركردنی ئاره‌زوه تایبه‌ته‌كانی بهێنێت. له‌به‌ر ئه‌م هۆكاره‌ش زۆر پێویستمان به سیاسه‌ته، به ئامانجی یه‌كلاكردنه‌وه‌ی ململانێی به‌رژه‌وه‌ندیه‌كان به رێگه‌گه‌لی تری دور له توندوتیژی، هه‌روه‌ها بۆ یه‌كخستنی هه‌وڵه‌كانمان له‌بری پێكدادانیان، به ئومێدی خۆدورگرتن له جه‌نگ، له ترس و له به‌ربه‌ریزم، له‌به‌ر هه‌مو ئه‌و هۆكارانه‌ش پێویستمان به ده‌وڵه‌ته. نه‌ك له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خه‌ڵكی باش و راستگۆن، به‌ڵكو له‌به‌ر ئه‌وه‌ی سیفه‌تی باشی و راستگۆییان نیه.
هه‌روه‌ها له‌به‌ر ئه‌وه‌ش نا، كه ئه‌وان یه‌كگرتو و هاوخه‌من، به‌ڵكو چونكه هه‌لێكیان هه‌یه، كه وا ببن. گۆڕینیشیان به‌پێی سروشت نابێت، سه‌ره‌ڕای بۆچونه‌كانی ئه‌ریستۆ له‌و باره‌یه‌وه، به‌ڵكو به‌پێی كه‌لتور، مێژو و خودی سیاسه‌ت ده‌بێت، واته به‌پێی مێژو به‌و شێوه‌یه‌ی، كه دروستده‌كرێت، ده‌شكێنرێت، بنیاتده‌نرێته‌وه، به‌رده‌وامده‌بێت و به‌و شێوه‌یه‌شی، كه له ئێستاماندا ده‌رده‌كه‌وێت، به‌و پێیه‌ی تاكه مێژومانه و جگه له‌وه مێژوی ترمان نیه.
جا كه مه‌سه‌له‌كه به‌و شێوه‌یه‌یه، چۆن بتوانین بایه‌خ به سیاسه‌ت نه‌ده‌ین؟ بگره چۆن ده‌بێت پێوه‌ی سه‌رقاڵ نه‌بین، له‌كاتێكدا هه‌مو شته‌كان به په‌تی ئه‌وه‌وه به‌ندن؟ ئه‌ی كه‌واته مه‌به‌ست له سیاسه‌ت چیه؟ رێكخستنێكی ئاشتیانه‌ی ململانێكان، هاوپه‌یمانێتیه‌كان و په‌یوه‌ندیی هێزه‌كانه، نه‌ك ته‌نیا به‌و شێوه‌یه‌ی، كه له په‌یوه‌ندی نێوان تاكه‌كاندا ده‌رده‌كه‌وێت (وه‌ك ئه‌وه‌ی له خێزان یان له گروپێكی دیاریكراودا ده‌بینرێته‌وه) به‌ڵكو به‌و شێوه‌یه‌ی، كه له‌سه‌ر ئاستی ئاشتیی هه‌مو كۆمه‌ڵگادا ده‌بینرێت. به‌و مانایه‌ش، بریتیه له هونه‌ری پێكه‌وه ژیانی هاوبه‌ش له چوارچێوه‌ی هه‌مان ده‌وڵه‌ت و هه‌مان شار_ده‌وڵه‌تدا (polis به زمانی یۆنانیه‌كان). به مانایه‌كی تر، ژیانه له‌گه‌ڵ كه‌سانێكدا، كه به‌ده‌ستی خۆمان هه‌ڵمان نهبژاردون و هیچ هه‌ستێكی تایبه‌تیشمان له بهرامبهریاندانیه، بگره زیاتر له كێبڕكێداین وه‌ك له هاوپه‌یمانێتی. هه‌ر بۆیه پێویستمان به ده‌سه‌ڵاتێكی هاوبه‌ش و ململانێكردنیشه له‌سه‌ری. واته پێویستمان به حكومه‌ت و گۆڕینێكی به‌رده‌وامیه‌تی، به هه‌بونی روبه‌ڕوبونه‌وه، به‌ڵام به‌یاساییكراو، به هه‌بونی رێكه‌وتن، به‌ڵام كاتی و به‌مه‌به‌ستی ئه‌وه‌ی دواجار بگه‌ینه رێكه‌وتنێك ده‌رباره‌ی چۆنێتی چاره‌سه‌ركردن و كپكردنه‌وه‌ی ناكۆكیه‌كان. توندوتیژی ژیانمان جێناهێڵێت، ئه‌گه‌ر به سیاسه‌ت كۆتایی پێنه‌هێنرێت، ئه‌وه‌ش به‌ڵگه‌یه‌كی حاشاهه‌ڵنه‌گره بۆ سه‌لماندنی بایه‌خی سیاسه‌ت. سیاسه‌ت له‌و جێگه‌یه‌وه ده‌ستپێده‌كات، كه جه‌نگ كۆتایی پێدێت.
به‌و شێوه‌یه، مه‌سه‌له په‌یوه‌سته به‌وه‌ی كێ حوكم ده‌كات، كێ نوێنه‌ره، یان وه‌ك ده‌وترێت كێ یاسا داده‌ڕێژێت، یان به كێ ده‌ڵێین فه‌رمانڕه‌وا; ده‌شێت پادشا یان زۆردارێك بێت (وه‌ك له پادشایه‌تی ره‌هادا)، یان گه‌لێك (وه‌ك له دیموكراسیدا) یان كۆمه‌ڵه تاكێك بن (چینێكی كۆمه‌ڵایه‌تی، حیزبێك، ده‌سته‌بژێرێكی راسته‌قینه یان درۆینه، وه‌ك له ئهریستۆكراسیدا) یان ده‌شێت حوكمێكی تێكه‌ڵه و ناوازه بێت له هه‌ر سێ ئه‌و شێوه‌یه‌ی رژێم یان حكومه‌ت. به‌ڵام پرسیارێك هه‌ر ده‌مێنێته‌وه، ئایا ده‌شێت باسی سیاسه‌تێك به‌بێ ده‌سه‌ڵات بكرێت، كه له سه‌روی هه‌مو شتێكه‌وه بێت و لای كه‌م له‌م سه‌رزه‌ویه‌دا وه‌ك پارێزه‌ری هه‌مو خه‌ڵكی ده‌ربكه‌وێت؟ به ده‌ربڕینه‌كه‌ی میشێل فوكۆ: "ده‌سه‌ڵات له هه‌مو جێگه‌یه‌كدا هه‌یه". بگره باشتر وایه بوترێت، كه ناژمێردرێت. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پێكه‌وه ژیانیان به‌دینایه‌ت، له سایه‌ی ده‌سه‌ڵاتێكی دانپیانراو، یان ده‌سه‌ڵاتێكی پابه‌ندكه‌ری ملكهچپێكهری هه‌مو شێوازه‌كانی تری ده‌سه‌ڵاتدا نه‌بێت. ههمهجۆربونی شێوازه‌كانی ده‌سه‌ڵات و یه‌كێتی فه‌رمانڕه‌وا یان یه‌كێتی ده‌وڵه‌ت: هه‌مویان مه‌سه‌له‌گه‌لی سیاسین، كه لێره‌دا كاری خۆیان ده‌كه‌ن. هه‌ربۆیه بونیان، لای تاك و كۆمه‌ڵگاكانیش پێویسته.
له‌م چوارچێوه‌یه‌دا، ئایا ده‌كرێت ئێمه ملكه‌چی هه‌ر كه‌سێك بین، كه رێكه‌وتی ده‌كه‌ین؟ ئایا یه‌كه‌م سه‌رۆكی منداڵ ده‌بێت؟ به سروشتی حاڵ مومكین نیه! ئێمه سور ده‌زانین، كه پێویستمان به ده‌سه‌ڵات یان زیاتر هه‌یه، باشیش ده‌زانین، كه ملكه‌چكردن بۆی كارێكی پێویسته. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، ملكه‌چكردن نیه بۆ هه‌ر كه‌سێك، كه رێكه‌وتی ده‌كه‌ین، یان ئه‌وه‌ی بێ هیچ نرخێك بێت. ئێمه ده‌خوازین ملكهچكردنێكی ئازادانه بێت، نه‌ك به هێز، واته ده‌خوازین ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی ملكه‌چی ده‌بین، له هه‌مو زه‌وتكردنێكی ئازادیه‌كانمان به‌دور بێت، بگره ده‌بێت له پته‌وكردن و مسۆگهركردنیاندا به‌شدار بێت. له‌به‌رئه‌وه‌ی ناتوانین به‌شێوه‌یه‌كی ته‌واو پێی بگه‌ین، یان ئه‌وه‌ی به‌شێوه‌یه‌كی ته‌واو ده‌ستبه‌رداری ببین، بۆیه سیاسه‌تكردن كارێكی پێویسته بۆمان. به‌شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وامیش له چوارچێوه‌ی كۆمه‌ڵگایه‌كی یه‌كگرتودا خۆمانی لێ بهدورناگرین، بۆ ئه‌وه‌ی ئازادتر و به‌خته‌وه‌رتر و به‌هێزتر بین، وه‌ك ئه‌وه‌ی گروپی خۆپیشانده‌رانی پایزی 1995 بانگه‌وازیان بۆ ده‌كرد، جا پشتیوانیكهر بن یان به‌رهه‌ڵستكار، مادام مه‌سه‌له‌كه له پێویستیی زۆر به سیاسه‌ت تیناپهڕێت.
بێگومان سیاسه‌ت گریمانه‌ی ململانێ و ناكۆكی و دژیه‌كی ده‌كات، له هه‌ر جێگه‌یه‌ك هه‌مو خه‌ڵكی رێكه‌وتن (وه‌ك ئه‌وه‌ی لهسشاغی له نه‌خۆشی باشتره، یان به‌خته‌وه‌ری له به‌دبه‌ختی باشتره)، یان هه‌ر یه‌كه له ئێمه له گۆشه‌ی تایبه‌تی خۆیدا خۆی مه‌ڵاس بدات، یان سه‌رقاڵی كاروباری تایبه‌تی خۆی بێت، ئه‌مانه هیچ په‌یوه‌ندیه‌كیان به سیاسه‌ته‌وه نیه و نامێنێت، چونكه سیاسه‌ت بۆ ئه‌وه‌یه له‌كاتی ناكۆكیدا كۆمان بكاته‌وه، واته وامان لێبكات له‌سه‌ر باشترین رێگه‌كانی كۆبونه‌وه‌ی نێوانمان، ناكۆك بین. ئیتر به‌و شێوه‌یه. ئێمه زۆرجار خۆمان فریوده‌ده‌ین، كاتێك باسی ئاوابونی سیاسه‌ت ده‌كه‌ین، چونكه ئه‌گه‌ر وابێت مرۆڤایه‌تی، ئازادی و مێژو كۆتاییان پێدێت، به‌جۆرێك ناكرێت به‌رده‌وامبونی سیاسه‌ت مسۆگه‌ربكه‌ین، ته‌نیا له رێگه‌ی ململانێیه‌كی رێگه‌پێدراو و شیاوی تێپه‌ڕاندنه‌وه نه‌بێت.
سیاسه‌ت وه‌ك ده‌ریا وایه، هه‌میشه توانای خۆدوبارهكردنهوهی هه‌یه. له‌به‌رئه‌وه‌ی بریتیه له پێكدادان، بۆیه تاكه رێگه‌یه بۆ به‌ده‌ستهێنانی ئاشتیه‌كی مومكین. نهێنی مهزنێتیشی له‌وه‌دایه، كه روی پێچه‌وانه‌ی جه‌نگه. له‌به‌رئه‌وه‌شی پێچه‌وانه‌ی دۆخی سروشتیه، بۆیه گومان له بایه‌خ و پێویستی ناكرێت. كێ له ئێمه به‌ئاواته‌وه‌یه به‌ته‌نیا ژیان بگوزه‌رێنێت؟ كێ له ئێمه به‌ته‌مای ژیانێكی ته‌واو جیاوازه له هی ئه‌وانی تر؟ هۆبز، دۆخی سروشتی وا وێناده‌كات، كه "جه‌نگی هه‌موانه دژی هه‌موان": واته ژیانێكی پڕاوپڕ له "دوره‌په‌رێزی و فێڵكردن و دڵڕه‌قی و ئاژهڵیبون و ناشیرینی". چه‌نده ده‌سه‌ڵات هاوبه‌ش بێت، هێنده‌ش هه‌بونی یاسایه‌كی هاوبه‌ش یان خوی ده‌وڵه‌ت پێویست ده‌بێت. به‌ڵام مه‌رجی به‌رقه‌راربونی، به‌بێ سیاسه‌ت نابێت. كه‌واته چۆن بكرێت له چوارچێوه‌یه‌كی هاوبه‌شدا بژین؟ ئه‌ی چی ئه‌وه پێویست ده‌كات؟ ئه‌وه ئه‌و دو كێشه‌یه‌ن، كه ده‌بێت لێیان بكۆڵرێته‌وه و دوباره پێكه‌وه بخرێنه‌ڕو (مادام ده‌توانین بۆچونی خۆمان و پێگه و زۆرینه‌مان بگۆڕین)، هه‌ریه‌كه له ئێمه مافی بیرلێكردنه‌وه و مشتومڕی هه‌یه ده‌رباره‌یان.
ده‌چینه‌وه سه‌ر پرسیاره‌كه‌ی پێش‌و: سیاسه‌ت چیه؟ژیانی هاوبه‌شی و پێكدادانه، كه ملكه‌چی هه‌ژمون و چاودێری ده‌وڵه‌ته، چونكه ئاماژه‌یه به هونه‌ری ستاندن، هونه‌ری پاراستن و هونه‌ری به‌كارهێنانی ده‌سه‌ڵات. هاوكات، هونه‌ری دابه‌شكردنی ده‌سه‌ڵاتیشه، له‌به‌رئه‌وه‌ی رێگه‌یه‌كی تری غه‌یری سیاسه‌ت بۆ وهرگرتنینیه. ده‌شێت له ده‌رونماندا هه‌ستێكی وا دروستبێت، كه سیاسه‌ت ته‌نیا وه‌ك چالاكیه‌كی لاوه‌كی و سوك سه‌یربكه‌ین، هه‌رچۆنێك بێت ئه‌م به‌نزم سه‌یركردنه‌ی سیاسه‌ت نایپێكێت، چونكه گرنگیدان به ژیان و چاره‌نوس و به‌ره هاوبه‌شه‌كان كارێكی بنه‌ڕه‌تی هه‌مو بونه‌وه‌رێكی مرۆییه، به‌جۆرێك كه‌سی لێ هه‌ڵاوێرد نابێت. جا ئایا تۆ پێت خۆشه كێڵگه‌ی سیاسی بۆ ره‌گه‌زپه‌رستان و فاشیسته‌كان و دیماگۆگه‌كان چۆڵبكهیت؟ رێگه به خۆت ده‌ده‌یت واز له پرۆسه‌ی بڕیاردان بهێنێت بۆ بیرۆكراسیه‌كان، له‌بری ئه‌وه‌ی خۆت و به ویستی خۆت بڕیاربده‌یت؟ ئه‌ی ده‌ته‌وێت واز له بواره‌كه بهێنیت بۆ تێكنۆكرات و پسپۆڕه‌كان، به‌جۆرێك هه‌رچیان ویست و هه‌رچۆنیان ویست پابه‌ندت بكه‌ن پێوه‌ی؟ ئه‌گه‌ر تۆ به‌و راده‌یه بكشێیتهوه، له وه‌ها حاڵێكدا به چ مافێك گله‌یی له هه‌ندێك شت ده‌كه‌یت، كه پێتوایه له جێی خۆیاندا نین؟ چۆن تۆش له‌و گه‌نده‌ڵی و ناشرینیانهدا هاوبه‌ش نیت، ئه‌گه‌ر هه‌رگیز هه‌وڵی بنبڕكردنت نه‌دابێت؟ تۆ بڵێی كه‌س هه‌بێت گوێ له پۆزشهكانت بگرێت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ده‌سته‌وئه‌ژنۆ دانیشتویت یان بێ توانایت؟ كه تۆ بڕیاری دوره‌په‌رێزی له كرده‌ی سیاسی ده‌ده‌یت، ئه‌مه له‌لایه‌كه‌وه جاڕدانی وازهێنانته له ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ت، له‌لایه‌كی تریشه‌وه به‌رده‌وام وه‌ك هه‌ڵوێستێكی پڕ مه‌ترسی ده‌مێنێته‌وه. هه‌روه‌ها ئه‌و هه‌ڵوێسته، خۆدزینهوهته له بهرپرسیارێتیهكانت و سهرلهبهریشی هه‌ڵوێستێكی شایه‌نی ئیدانهكردنه. هه‌ربۆیه مه‌یلی دژه سیاسه‌ت، مه‌یلێكی هه‌ڵه و بێمانایه، چونكه زۆر به‌ساده‌یی دژی به‌رژه‌وه‌ندی و ئه‌ركه‌كانی هاوڵاتیانه.
ده‌شێت بمانه‌وێت سیاسه‌ت له ئه‌خلاقدا كورتبكه‌ینه‌وه، وه‌ك ئه‌وه‌ی سیاسه‌ت هیچ كارێكی نه‌بێت، جگه له به‌ده‌ستهێنانی خێر و چاكه و كاری پاكی دور له به‌رژه‌وه‌ندی. به‌هه‌رحاڵ، پێچه‌وانه‌ی ئه‌و قسه‌یه راسته. ئه‌گه‌ر زۆرینه‌ی خه‌ڵكی به‌ئه‌خلاق بن، ئه‌وكات پێویستمان به پۆلیس و یاسا و دادگاكان نابێت، پێویستمان به سوپا و ده‌وڵه‌ت و ته‌نانه‌ت سیاسه‌تیش نابێت!
ئاشكرایه، كه پشتبه‌ستن به ئه‌خلاق به‌مه‌به‌ستی زاڵبون به‌سه‌ر هه‌ژاری و بێبهشبوندا، یان هانابردن بۆ هاوكاری مرۆیی له‌بری سیاسه‌تی ده‌ره‌كی، دانانی چاكه‌خوازی له‌بری سیاسه‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی، تیشكخستنه سه‌ر به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی ره‌گه‌زپه‌رستی له‌بری دانانی سیاسه‌تێك بۆ كۆچ، ئه‌مانه به راشكاوی بیڵێم، كۆمه‌ڵێك حیكایهتن و هیچی تر. به‌ڵام نابێت وا له قسه‌كانم تێبگه‌ن، وه‌ك ئه‌وه‌ی بمه‌وێت به‌های ئه‌خلاقی له هه‌مو شتێكی په‌یوه‌ست به هاوكاری مرۆیی و خێرخوازی و نه‌هێشتنی ره‌گه‌زپه‌رستیه‌وه سفربكهمهوه، به‌ڵكو مه‌به‌ستمه بڵێم به‌ته‌نیا و به‌بێ سیاسه‌ت به‌س نین بۆ دۆزینه‌وه‌ی رێگه‌چاره بۆ هه‌ندێك له كێشه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان، جا هه‌ر سروشتێكیان هه‌بێت (ئه‌گه‌ر به‌س بونایه، هه‌ر له سه‌ره‌تاوه هانامان بۆ سیاسه‌ت نه‌ده‌برد). ئه‌گه‌ر ئه‌خلاق سنور و نیشتمان نه‌ناسێت، ئه‌وا سیاسه‌ت له‌و دوانه جیانابێته‌وه. هیچكامیان ناتوانن په‌یوه‌ندیه‌كی گونجاو له‌گه‌ڵ بیرۆكه‌ی ره‌گه‌زدا دروستبكه‌ن.
ره‌نگی پێست، مرۆڤایه‌تی و هاوڵاتیبون دروستناكات. ئه‌خلاق به‌هیچ جۆرێك له‌سه‌ر بنه‌مای به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی فه‌ره‌نسا و فه‌ره‌نسیه‌كان، یان ئه‌وروپا و ئه‌وروپیه‌كان به‌رپا نابێت، مادام ئه‌و ته‌نیا تاكه‌كه‌سه‌كان، واته مرۆڤایه‌تی ده‌ناسێت. له‌كاتێكدا هه‌مو سیاسه‌تێكی فه‌ره‌نسی یان ئه‌وروپی، جا راستڕه‌و بێت یان چه‌پڕه‌و، ته‌نیا بۆ به‌رگری كردن له گه‌ل یان گه‌لانی خۆیان هه‌ن. به‌دڵنیایشه‌وه دژی مرۆڤایه‌تی نا، چونكه ئه‌وكات كرده‌وه‌یه‌كی نائه‌خلاقی ده‌بێت، ئه‌گه‌ر خۆكوژانهش نه‌بێت. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش، سیاسه‌ت هه‌میشه له‌پێش ئه‌خلاقه‌وه ده‌مێنێته‌وه، ئه‌خلاق ناتوانێت پێشی سیاسه‌ت بكه‌وێت، جا به زۆرلێكردن بێت یان رێگری لێ‌كردن. خۆ ئێمه ده‌توانین بژاره‌ی ئه‌خلاقی و مرۆڤایه‌تی هه‌ڵبژێرین: واته بژاره‌ی پێویستنهبون به سیاسه‌ت، به‌ڵام ئه‌وه بژاره‌یه‌كی پێچه‌وانه‌ی لۆژیكی مێژو و فریودانی خودی خۆمانیش ده‌بێت. سیاسه‌ت به‌م مانایه، دژی خۆپه‌رستی نیه (ئه‌خلاقیش پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه‌یه) به‌ڵكو شێوه‌یه‌كه له شێوه‌كانی ده‌ربڕینی به‌كۆمه‌ڵ‌و كێبڕكێكاری له‌سه‌ری. مه‌سه‌له‌كه ئه‌وه‌یه، كه كۆی خۆپه‌رستیه‌كان بین، مادام هه‌ر ئه‌وه په‌ناگه‌مانه و باشترین رێگایه بۆ ژیانێكی مومكین. ئه‌ی ئه‌وه چۆن ده‌بێت؟ به‌وه ده‌بێت، كه به‌رژه‌وه‌ندیه پێكداداوه‌كان یان ئه‌وه‌ی پێی ده‌وترێت هاریكاری، رێك‌بخرێن (هاریكاری جیاوازه له به‌خشنده‌یی،كه ئه‌مه‌ی دوایی كرده‌وه‌یه‌كه به‌ته‌واوی دوره له به‌رژه‌وه‌ندیه‌وه). زۆربه‌ی جاران به‌خراپی باسی جیاوازیی نێوان هاریكاری (التچامن) و به‌خشنده‌یی (الكرم) ده‌كرێت، ئه‌وه‌ش هۆیه‌كی تره، كه زیاتر پێی له‌سه‌ر دابگرین. ئه‌وه‌ی تۆ هاریكار بیت، مانای وایه بێ هیچ گومانێك، به‌رگری له به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی خه‌ڵكی تر بكه‌یت، وه‌ك ئه‌وه‌ی راسته‌وخۆ یان ناڕاسته‌وخۆ یه‌كسان بن به به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی خۆت. ئه‌وه‌ی، كه من له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندی (خۆپه‌رستی) ئه‌و كارده‌كه‌م، هاوكات بۆ خۆمیشی ده‌كه‌م: چونكه هه‌ردوكمان هه‌مان نه‌یار و هه‌مان به‌رژه‌وه‌ندیشمان هه‌یه، هه‌روه‌ها هه‌ردوكمان له‌به‌رده‌م ئه‌گه‌ری هه‌مان مه‌ترسی و هێرشیشداین. ئه‌وه‌ش له رێكخستنه‌كانی سه‌ندیكایی و ده‌زگاكانی دڵنیایی و باجوهرگرتندا ده‌بینین. جا كێ خۆی وه‌ك چاكه‌كار یان به‌خشنده پیشان ده‌دات، ته‌نیا له‌به‌رئه‌وه‌ی له هه‌مومان زیاتر جێی دڵنیاییه، ئه‌ندامی سه‌ندیكایه یان باجده‌ره؟ كه‌واته ده‌بێت بوترێت، كه به‌خشنده‌یی رێڕه‌وێكی جیاوازی له هاریكاری هه‌یه: به‌خشنده‌یی واته به‌رگری كردن له به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی ئه‌وانی تر، بێئه‌وه‌ی پێویست بكات خۆمانیش هه‌مان به‌رژه‌وه‌ندیمان هه‌بێت، واته به‌رگری له به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی ئه‌وانی تر بكه‌م، هه‌رچه‌نده له‌گه‌ڵی هاوبه‌ش نه‌بم و حسابی تایبه‌تی خۆمی تێدا نه‌بینمه‌وه، به‌ڵكو بۆ ئه‌وه‌یه ئه‌و حسابی خۆی تێدا ببینێته‌وه. له‌به‌ر ئه‌و كارێك بكه‌م، بێئه‌وه‌ی ئه‌و كاره سودێكی بۆ خۆم تێدا بێت، بگره ئه‌گه‌ر ئه‌و كاره‌ی له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌و ده‌یكه‌م، ببێته هۆی له‌ده‌ستدانی شتێكم، ئه‌وه‌شمان زۆر جار بینیوه.
چۆن چاودێری شتێك بكه‌ین، كه ده‌یبه‌خشین؟ ئه‌ی چۆن شتێك ببه‌خشین، كه چاودێری ده‌كه‌ین؟ ئاسایی، سیاسه‌ت هه‌رگیز پێدان نیه، به‌ڵكو ئاڵوگۆڕه، به‌خشین نیه و هاریكاریه. هاریكاری شێوازێكی به‌رگریه به چه‌ند شێوه‌یه‌ك، له‌كاتێكدا به‌خشین، تا راده‌یه‌ك شێوازی قوربانیدان به خۆ له‌پێناو ئه‌وانی تردا ده‌گرێته‌به‌ر. هه‌ربۆیه به‌خشین كارێكی باڵای ئه‌خلاقی ده‌بێت، له‌كاتێكدا هاریكاری زیاتر به‌رژه‌وه‌ندیخوازانه و واقیعیه و له روی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسیشه‌وه به‌سودتره. كه‌س نیه ته‌نیا له‌به‌ر حه‌زكردن له به‌خشنده‌یی، له هاریكاری كۆمه‌ڵایه‌تی یان له باجداندا به‌شداری بكات. شتێكی زۆر سه‌یر ده‌بێت، ئه‌گه‌ر كه‌سێك ببینین ته‌نیا له‌به‌ر به‌خشنده‌یی بوبێته ئه‌ندامی سه‌ندیكا. به‌هه‌رحاڵ، دامه‌زراندنی ده‌زگاكانی باجوه‌رگرتن و بیمه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و سه‌ندیكاكان، زیاتر به ئامانجی دادپه‌روه‌ری بون وه‌ك له به‌خشنده‌یی، هه‌رچه‌نده هه‌ندێك جار توانیبێتیان جێ په‌نجه‌ی خۆیانی له‌سه‌ر جێبهێڵن. هه‌مان شت بۆ سیاسه‌تیش هه‌ر راسته، هیچ تاكه‌كه‌سێك ته‌نیا له‌به‌ر به‌خشنده‌یی رێز له یاسا ناگرێت و نابێته هاوڵاتی، به‌ڵكو ماف و ده‌وڵه‌ت زیاتر له‌سه‌ر بنچینه‌ی په‌سه‌ندكردنی دادپه‌روه‌ری و پاراستنی ئازادیه‌كان دامه‌زراون وه‌ك له‌وه‌ی له‌سه‌ر بنچینه‌ی هه‌سته جوان و مرۆییه‌كان. بۆیه هاریكاری و به‌خشنده‌یی هێنده‌ش دژی یه‌كتری نین. ده‌كرێت مرۆڤ له یه‌ككاتدا هاریكار و به‌خشنده‌ش بێت، هه‌رچه‌نده یهكسانبونیشیان مومكین نه‌بێت، بۆیه هیچكامیان، ناتوانێت به‌ته‌نیا به‌س بێت یان جێگه‌ی ئه‌وی تریان بگرێته‌وه. وا دیاره، كه ده‌كرێت به‌ته‌نیا به‌خشنده بین. به‌ڵام راستیه‌كه‌ی به‌ده‌گمه‌ن نه‌بێت ژیانی به‌خشنده‌ییمان تێدا نابینرێته‌وه. له‌به‌رئه‌وه پێویستیمان به هاریكاریه، كه فه‌زیله‌تی به‌خشنده‌ییمان وه‌ك فه‌زیله‌تێكی ئه‌خلاقی و هاریكاریشیمان وه‌ك فه‌زیله‌تێكی سیاسی له‌ده‌ستداوه. ئه‌و ئه‌ركی سه‌ركوتكردنه‌ی به ده‌وڵه‌تمان سپاردوه، خۆی له پێڕه‌وكردنی میكانیزمی به‌رزه‌فتكردن و رێكخستنی كۆمه‌ڵایه‌تیانه‌ی خۆپهرستیهكاندا ده‌بینێته‌وه. ئه‌وه‌شه وای لێكردوه، كه هه‌میشه پێویست بێت و قهرهبونهكرێتهوه. سیاسه‌ت مانای باڵاده‌ستی ئه‌خلاق، ئه‌رك و خۆشه‌ویستی نیه، به‌ڵكو له‌سه‌ر بنه‌مای باڵاده‌ستی په‌یوه‌ندی هێز، بۆچون، به‌رژه‌وه‌ندی و ململانێی به‌رژه‌وه‌ندیه‌كان بنیاتنراوه. ئه‌وه‌ش هه‌مان دیدی میكاڤیللی،ماركس، هۆبز و سپینۆزایه. هه‌روه‌ها شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كانی ئه‌وی تر په‌رستن نیه، چونكه خۆپهرستیهكی زیره‌كانه و كۆمهڵگاییانهیه. له‌به‌ر ئه‌و هۆیه‌شه ته‌نیا ئیدانه‌ی ناكه‌ین، به‌ڵكو ده‌مانه‌وێت پاساویشی بده‌ین، به‌و پێیه‌ی هه‌مومان خۆپه‌رستین. كێ هه‌یه له ئێمه پێی وانه‌بێت، كه توێژینه‌وه‌ی له‌سه‌ره‌خۆ و رێكخراو له خزمه‌تی به‌رژه‌وه‌ندیه‌كی هاوبه‌ش یان ئه‌وه‌ی پێمانوایه هاوبه‌شه، لای زۆرینه‌ی خه‌ڵكی زۆر باشتره له دروستبونی پێكدادان و ئاژاوه‌ی سه‌رانسه‌ری؟ كێ هه‌یه پێی وانه‌بێت، كه دادپه‌روه‌ری زۆر له سته‌م باشتره؟ جا ئه‌گه‌ر سیاسه‌ت له روی ئه‌خلاقیه‌وه پاساودار بێت یان نا، وه‌ك مه‌سه‌له‌یه‌كی به‌ڵگه‌نه‌ویست ده‌مێنێته‌وه، ئه‌وه‌ش بۆمان ده‌خاته‌ڕو، كه سیاسه‌ت و ئه‌خلاق له روی ئامانجه‌وه دژی یه‌كتری نین. له‌به‌ر ئه‌وه‌شی ئه‌خلاق به‌س نیه بۆ به‌ده‌ستهێنانی، ئه‌وا بهڵگهنهویستێكی تر سه‌هه‌ڵده‌دات، له‌و روه‌وه، كه نابێت تێكه‌ڵ به‌یه‌كتری بكرێن. به پشتبه‌ستن به‌مه‌ش، ئه‌گه‌ر ئه‌خلاق وه‌ك بنه‌ما، راسته‌وخۆ گرنگی به بواری گشتی نه‌دات، به‌و پێیه‌ی ئه‌خلاقێكی گه‌ردونیه، یان ده‌مانه‌وێت گه‌ردونی بێت، ئه‌وا سیاسه‌ت به‌هۆی ئه‌و مۆركه تایبه‌ته‌ی هه‌یه‌تی، مه‌حاڵه بتوانێت وا بێت. ئه‌گه‌ر ئه‌خلاق مۆركێكی دورهپهرێزانه یان تاكه‌كه‌سی هه‌بێت (كه ته‌نیا به شێوازی راناوی تاك دروستبێت)، ئه‌وا هیچ سیاسه‌تێك نایپێكت، ئه‌گه‌ر له چوارچێوه‌ی بونێكی به‌كۆمه‌ڵدا نه‌بێت. به‌و پێیه‌ش، ئه‌خلاق ناكارێت جێی سیاسه‌ت و سیاسه‌تیش جێی ئه‌خلاق بگرێته‌وه. ئێمه پێویستمان به هه‌ردوكیانه، به‌و مه‌رجه‌ی ره‌چاوی جیاوازیی نێوانیان بكه‌ین. با هه‌ڵبژاردنی سیاسی وه‌ك نمونه‌یه‌ك وه‌ربگرین، كه به‌ده‌گمه‌ن نه‌بێت چاكه‌كاران و خراپه‌كاران روبه‌ڕوی یه‌كتری ناكاته‌وه، به‌ڵكو به‌ره‌كان، گروپه كۆمه‌ڵایه‌تی و ئایدیۆلۆژیه‌كان، حیزبه‌كان، به‌رژه‌وه‌ندیه‌كان، بۆچونه‌كان، كاره سه‌ره‌كیه‌كان، بژاره‌كان و به‌رنامه‌كان و...تاد روبه‌ڕو ده‌كاته‌وه.
ئه‌گه‌ر ئه‌خلاق قسه‌یه‌كی هه‌بێت بۆ كردن، كه ده‌بێت هه‌میشه وه‌بیربهێنرێته‌وه (بونی دهنگگهلێكی هه‌ڵبژاردنی له روی ئه‌خلاقیه‌وه ئیدانهكراو)، ئه‌وا ئه‌وه‌ی نابێت له‌بیرمان بچێت، ئه‌وه‌یه ببێته جێگره‌وه‌ی هه‌ر پرۆژه یان ستراتیژێك. تۆ بڵێی ئه‌خلاق پێشنیازی چ بكات بۆ بێكاری، بۆ جه‌نگ و توندوتیژی؟ به‌دڵنیاییه‌وه ره‌نگه داوامان لێبكات به‌ره‌نگاری ببینه‌وه، به‌ڵام كێشه‌كه لێره‌دا له‌و شێوازه‌دایه، كه وا ده‌كات به‌سه‌ریدا زاڵ ببین. چونكه له روی سیاسیه‌وه مه‌سه‌له‌ی "چۆنێتی" بۆ ئێمه گرنگه. ئه‌گه‌ر بپرسیت: ئایا تۆ له‌گه‌ڵ دادپه‌روه‌ری و ئازادیدایت؟ ئه‌وكات وه‌ڵامه‌كه له دیدی ئه‌خلاقیه‌وه، شتێكی ساده و ئاسان ده‌بێت. به‌ڵام له روی سیاسیه‌وه هیچ هه‌واڵێك ده‌رباره‌ی چۆنێتی به‌رگری لێ‌كردن و چۆنێتی پێكه‌وه گونجاندنیان نیه.ره‌نگه تۆ حه‌زبكه‌یت رێكه‌وتنێكی دادپه‌روه‌رانه ده‌رباره‌ی بنیاتنانی نیشتمانێكی شكۆدار له‌نێوان ئیسرائیلیه‌كان و فه‌له‌ستینیه‌كاندا بكرێت، یان هه‌مو دانیشتوانی كۆسۆڤۆ به‌ئاشتی پێكه‌وه بژین، یان جیهانگیری ئابوری زیان به تاك و گه‌لان نه‌گه‌یه‌نێت، یان په‌ككه‌وتوان به ئاسوده‌یی خانه‌نشین ببن و گه‌نجانیش په‌روه‌رده‌یه‌كی شیاوی ناوه‌كه‌یان بۆ دابینبكرێت. بێگومان ئه‌خلاق ده‌توانێت ئه‌وانه‌ت بۆ بسه‌لمێنێت، به‌ڵام هیچ كه‌سێك پێت ناڵێت، كه چۆن بتوانین به‌كۆمه‌ڵ رێژه‌ی به‌ختمان زیاتر بكه‌ین یان چۆن به‌ده‌ستیان بهێنین. كێ هه‌یه پێی وابێت، كه ئابوری یان گه‌مه‌ی بازاڕی ئازاد به‌ته‌نیا به‌سه؟ بازاڕ ته‌نیا تایبه‌ته به شمه‌ك. ناكرێت چاوه‌ڕوانی ئه‌وه بین لێی، كه جیهان، ئازادی یان دادپه‌روه‌ری بكاته چه‌قی بواری كاركردنی. چه‌نده گه‌مژانه‌یه ئه‌گه‌ر شتێك راده‌ستی بازاڕ بكه‌ین، كه شیاوی فرۆشتن نه‌بێت! هه‌رچی ده‌رباره‌ی كۆنتهراتیشه، مه‌به‌ست لێی په‌یداكردنی قازانجه و ئه‌وه‌ش وه‌زیفه‌ی خۆیه‌تی و له‌به‌ر پێویستی به‌كۆمه‌ڵمان به‌و ده‌ستكه‌وتانه، نابێت لێی نزیكبینه‌وه. به‌ڵام كێیه بانگه‌شه‌ی ئه‌وه ده‌كات، كه ته‌نیا قازانج به‌سه بۆ بنیاتنانی كۆمه‌ڵگایه‌كی مرۆڤدۆستتر؟ به‌ڵگه‌نه‌ویسته، كه ئه‌ركی ئابوری به‌رهه‌مهێنانی سامانه. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، ئێمه پێویستمان به دادپه‌روه‌ری، ئازادی، ئاسایش، ئاشتی و برایه‌تی، پرۆژه و بیرۆكهگهلێكیش هه‌یه، هیچ بازاڕێكیش، چه‌نده توانایه‌كی باڵای هه‌بێت، ناتوانێت ئه‌وانه‌مان بۆ دابینبكات. كه‌واته له‌به‌ر به‌س نه‌بونی ئه‌خلاق و ئابوری پێكه‌وه، پێویستمان به پێڕه‌وكردنی سیاسه‌ت هه‌یه. كه‌واته له ئێستا بهدواوهئهگهر پێمانوابێت بازاڕ به‌ته‌نیا به‌سه، له روی ئه‌خلاقی و ئابوریشه‌وه ئیدانه‌كراوه.
كه‌واته چ وا ده‌كات سیاسه‌ت پێویست بێت؟ له‌وه‌وه دێت، كه ئێمه ته‌نیا فریشته یان به‌كاربه‌ر نین، به‌ڵكو هاوڵاتین و ده‌بێت وه‌هاش بین، تا بتوانین له‌سه‌ری به‌رده‌وام بین. بۆ ئه‌وانه‌شی سیاسه‌تیان كردوه به پیشه‌ی خۆیان، ده‌بێت هه‌وڵێكی تایبه‌تی بده‌ن به‌مه‌به‌ستی به‌ده‌ستهێنانی خێری هاوبه‌ش، بێئه‌وه‌ی به‌شێوه‌یه‌كی زێده‌ڕۆ خۆیان توشی وه‌همی ئه‌وه بكه‌ن، كه ته‌نیا پشت به توانایی و فه‌زیله‌تی خۆیان ببه‌ستن. چونكه هۆشیاری سیاسی به‌شێكی دانه‌بڕاوه له مافه‌كانی مرۆڤ و ئه‌ركه‌كانی هاوڵاتیش.
بۆیه، شیاو نیه ئه‌گه‌ر ئه‌و هۆشیاریه جه‌ماوه‌ریه به گاڵته‌جاڕیه‌وه جیابكرێته‌وه، كه گاڵته به هه‌مو شتێك ده‌كات، یان به به‌سوك زانینه‌وه، كه به چاوی سوك سه‌یری هه‌مو شتێك ده‌كات. ئه‌وه‌ی هۆشیاری سیاسیت هه‌بێت مانای وایه، كه به‌ئاسانی به قسه باوهڕنهكهیت و ئیدانه‌ش نه‌كه‌یت، ته‌نیا له‌سه‌ر بنچینه‌یه‌ك نه‌بێت. به‌وه‌ی به‌رده‌وام جنێو به ئه‌كته‌ره سیاسیه‌كان بده‌ین، كه سیاسه‌ت ده‌كه‌ن،شكۆ بۆ سیاسه‌ت ناگێڕینه‌وه له‌و روه‌وه‌ی مه‌سه‌له‌یه‌كی هه‌نوكه‌ییه. له ده‌وڵه‌تی دیموكراسیدا ده‌توانین پیاوی سیاسه‌تمه‌داری جێگه‌ی پێ‌زانین بدۆزینه‌وه. ئه‌وه‌ش هۆكارێكی تره، كه وا ده‌كات ئه‌و سیسته‌مه به‌سه‌ر ئه‌وانی تردا هه‌ڵبژێرین. له روی ئه‌خلاقیه‌وه مافی ئه‌وه‌مان هه‌یه گله‌یی له ره‌فتاره‌كانیان بكه‌ین_به‌دڵنیاییشه‌وه هۆكاره‌كانمان كه‌م نین_ به‌و مه‌رجه‌ی به‌مه‌به‌ستی گۆڕینیان، هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ ئه‌وانی تردا بكه‌ین. هێنده به‌س نیه، كه به‌ته‌مای دادپه‌روه‌ری، ئاشتی، ئازادی و بوژانه‌وه بین، به‌بێ ئه‌وه‌ی كار بۆ به‌رگری لێكردنیان بكه‌ین، بگره هه‌وڵی خێراتركردنیان بده‌ین. ئه‌وه‌ش به‌بێ كاری به‌كۆمه‌ڵی هاوبه‌ش مه‌یسه‌ر نابێت، به‌بێ هه‌بونی سیاسه‌تیش به‌دینایه‌ت. سیاسه‌ت، وه‌ك پێشتریش چه‌ند جارێك جه‌ختمان لێكردوه‌ته‌وه، به هیچ جۆرێك نابێت له ئه‌خلاق یان ئابوری‌دا كورتبكرێته‌وه. له‌كۆتاییدا و وه‌ك بیرهێنانه‌وه‌یه‌ك، مانای وانیه سیاسه‌ت به هه‌مو جۆرێك دور له ئه‌خلاق و ئابوری بێت.
هه‌مو تاكێكی شه‌یدای مافه‌كانی مرۆڤ و ژیانێكی شكۆمه‌ندانه گرنگی به سیاسه‌ت ده‌دات، نه‌ك ته‌نیا له‌پێناو دابینكردنی مافه‌كانی خۆی، به‌ڵكو له‌به‌ر هه‌ستان به ئه‌ركه‌كانی و پاراستنی بهرژهوهندیهكانیشی. ئه‌وه‌ش بێگومان تاكه رێگایه، كه ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌مان بۆ بڕه‌خسێنێت پێكه‌وه بیانگونجێنین. له‌نێوان یاسای دارستان و یاسای خۆشه‌ویستیدا، یاسایه‌كی به‌رته‌سك هه‌یه. له‌نێوان فریشته و بهربهریشدا، سیاسه‌ت هه‌یه. مرۆڤ ده‌توانێت چاوپۆشی له كرده‌وه‌ی فریشته‌كان بكات، ته‌نانه‌ت هی ئاژه‌ڵانیش، به‌ڵام ئه‌وه‌ی چاوپۆشی لێناكرێت، كرده‌وه‌ی مرۆڤه‌كانه. له چوارچێوه‌ی ئه‌م گۆشه‌نیگایه‌دا، راستی پێناسه‌كه‌ی ئهریستۆمان بۆ ده‌رده‌كه‌وێت، لای كه‌م له چوارچێوه‌ی ئه‌م مانایه‌دا، كه "مرۆڤ، گیانله‌به‌رێكی سیاسیه"، ناتوانێت مرۆڤبونی خۆشی به‌بێ سیاسه‌ت بپارێزێت.
به‌و شێوه‌یه، هێنده به‌س نیه، كه "مرۆڤێكی چاكه‌كار دروستبكه‌یت" (ئه‌خلاق) به‌ڵكو ده‌بێت كۆمه‌ڵگایه‌كیش دروستبكه‌یت، كه مرۆیی بێت (به‌و پێیه‌ی كۆمه‌ڵگا دروستكه‌ری مرۆڤه)، به‌جۆرێك هه‌رچه‌ند به‌شێوه‌یه‌كی ههندهكیش بێت، هه‌رگیز له دوباره بنیاتنانه‌وه‌ی دانه‌بڕێت. بۆیه سه‌یر نیه ئه‌گه‌ر جیهان به‌رده‌وام له گۆڕاندا بێت، هه‌ر كۆمه‌ڵگایه‌ك گۆڕانكاری تێیدا به‌رپا نه‌بێت، چاره‌نوسی ونبون و تیاچونه. قه‌ده‌ری مرۆڤه كه كاربكات، ململانێ بكات، به‌رگری بكات، رێگری بكات و بگۆڕێت. ئه‌ی سودی سیاسه‌ت چیه ئیتر؟ هیچ ئه‌ركێكی تری له‌مه گرنگتری هه‌یه؟ له‌وانه‌یه. به‌ڵام له لیستی پێویستیه‌كانی كۆمه‌ڵگادا، هیچ شتێك له‌وه گرنگتر و ههنوكهییتر نیه. مێژو چاوه‌ڕوانی ویستی هیچ كه‌سێك ناكات، هه‌رچه‌نده باڵاده‌ستیش بێت، گێلێتیه ئه‌گه‌ر خه‌ڵكی له چاوه‌ڕوانیه‌كی به‌رده‌وامدا بمێننه‌وه. به‌و مانایه‌ش، مێژو قه‌ده‌رێك نیه، ته‌نیا ئه‌وه‌ش نیه، كه هه‌رچی پێ خۆش بێت به‌سه‌رماندا بهێنێت، به‌ڵكو ئه‌وه‌یه، كه به‌كۆمه‌ڵ دروستی ده‌كه‌ین و دروستمان ده‌كات. به ده‌ربڕینێكی گشتگر بیڵێین، ئه‌و خودی سیاسه‌ته.
سه‌رچاوه: سایتی ئهلئهوان |
|
|