|
ده‌رباره‌ی عه‌لمانیه‌ت |
04/01/2015 13:46:26 |
ئیبراهیم موبره‌ك
له عه‌ره‌بییه‌وه: سه‌ركه‌وت جه‌لیل
قسه‌كردن ده‌رباره‌ی عه‌لمانیه‌ت له‌چوارچێوه‌ی بانگه‌وازی چاكسازی و دیموكراسیدایه، له‌سه‌روبه‌ندی شۆڕشه‌كانی به‌هاری عه‌ره‌بی و گه‌یشتنی ئیسلامیه‌كان بۆ سه‌ر حوكم، كه لای هه‌ندێك له یاوه‌رانی ره‌وتی ئیسلامی وه‌ك گه‌ڕانه‌وه‌ی نه‌ته‌وه بۆ سه‌ر دینه‌كه‌ی و تیاچونی عه‌لمانیه‌ت لێكدرایه‌وه، كه له ماوه‌ی چه‌ند ده‌یه‌ی رابردودا، رژێمه سته‌مكاره‌كان نوێنه‌رایه‌تیان كردبو.
عه‌لمانیه‌ت له چوارچێوه‌ی گفتوگۆی فیكری له جیهانی عه‌ره‌بیدا، كۆمه‌ڵێك ده‌ركه‌وته و ماناپێدانی به‌خۆوه بینیوه، كه به تێپه‌ڕینی كات پێناسه‌یه‌كی جێگری به‌و چه‌مكه داوه، ئه‌وه‌تا لای ئیسلامیستێك مانای به‌ره‌ڵایی و به‌غه‌ربیكردنی كۆمه‌ڵگا ئیسلامیه‌كان ده‌گه‌یه‌نێت، لای یاوه‌رانیشی بانگه‌وازێكه بۆ ئه‌قڵانیه‌ت و دیموكراسی و مافه‌كانی مرۆڤ. له‌سه‌ر بنه‌مای جیاكردنه‌وه‌ی دین و ده‌وڵه‌ت مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌و چه‌مكه‌دا كراوه، له‌و پێناسه‌یه‌شه‌وه گفتوگۆی نێوان ئیسلام و عه‌لمانیه‌ت و شێوه‌كانی ناكۆكییان به‌ڕێوه‌چوه، له‌و نێوه‌نده‌شدا كۆمه‌ڵێك لایه‌نی په‌یوه‌ست به سیاقی مێژویی په‌ره‌سه‌ندنی ئه‌و چه‌مكه فه‌رامۆشكراون، هه‌روه‌ها ده‌ركه‌وته سیمانتیه‌كانیشی له به‌رژه‌وه‌ندیی ململانێی نێوان شوناس و نوێگه‌ری، ره‌سه‌نایه‌تی و نوێكردنه‌وه‌وه‌لانراون. له‌سایه‌ی پێشهاته‌كانی به‌هاری عه‌ره‌بیدا، پێویسته سه‌رله‌نوێ قسه له هه‌ندێك له چه‌مكه فیكریه‌كان بكرێت، به‌تایبه‌تی كه ئێستا تایفه‌گه‌رایی له زیادبوندایه و به ئاشكرا و به چاوی خۆمان له وڵاتانی وه‌كو عێراق، سوریا، لوبنان و یه‌مه‌ن ده‌یبینین، هه‌روه‌ها كه فه‌نده‌مێنتاڵیسته دینیه‌كانی ئه‌وروپاش گه‌ڕاونه‌ته‌وه، وه‌ك زیندوبونه‌وه‌ی دینی نا، كه هه‌ندێك له بیرمه‌نده رۆژئاواییه‌كانی وه‌ك پیته‌ر ل. بێرگر، نوریس و ئینگڵهارت و كه‌سانێكی تریش وێنای ده‌كه‌ن، به‌ڵكو وه‌كو شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كانی ده‌مارگیریی دینی له‌و رۆژئاوادا.
له‌گه‌ڵ هه‌ڵكشان و زه‌قبونه‌وه‌ی دیارده‌ی تایفه‌گه‌رایی له ناوچه‌ی عه‌ره‌بیدا و له‌گه‌ڵ فره‌بون و هه‌مه‌جۆریی ئه‌و ره‌وتانه‌ی نوێنه‌رایه‌تی ئیسلام ده‌كه‌ن و هه‌ریه‌كه‌شیان بانگه‌شه‌ی قسه‌كردن به‌ناوی دینی راسته‌قینه‌وه ده‌كه‌ن، هه‌مو خه‌مخۆرێكی چاكسازی له ناوچه‌كه‌دا بۆی هه‌یه پرسیار له باشترین شێوازه‌كانی پێكه‌وه‌ژیانی پێكهاته مه‌زه‌بی و تایفه‌ییه‌كان بكات، نزیكترین شێوازیش بۆ به‌دیهێنانی ئه‌و پێكه‌وه‌ژیانه، عه‌لمانیه‌ته. پێویسته سه‌رله‌نوێ باسی عه‌لمانیه‌ت بكرێته‌وه، له‌و روه‌وه‌ی كه خه‌سڵه‌ته جه‌وهه‌ریه‌كانی ئه‌و چه‌مكه بناسێنرێت، دور له هه‌ر چه‌مكێكی تر، كه ده‌شێت له‌گه‌ڵی یه‌كبگرێت بێئه‌وه‌ی بچێته چوارچێوه‌ی لایه‌نه جێگره‌كانی چه‌مككه‌وه.
فۆرمه‌كانی عه‌لمانیه‌ت زۆرن، وه‌كچۆن فۆرمه‌كانی چاره‌سه‌ری دینیش زۆرن، به‌ڵام جیاوازیی عه‌لمانیه‌ت له‌وه‌دایه، كه بانگه‌شه‌ی په‌یوه‌ندیی به سروشی ئاسمانه‌وه ناكات، خه‌ڵكیش ته‌نیا له‌به‌ر جیاوازیی دینی دادگایی ناكات و ناكوژێت، هه‌رچه‌نده ده‌شێت عه‌لمانیه‌تی فه‌ره‌نسی وا له هه‌ندێك بكات، كه باس له زۆرداریه‌كی عه‌لمانی بكه‌ن، به‌ڵام خۆ ئه‌و نمونه‌یه، دوایین و باشترین نمونه‌ی عه‌لمانیه‌ت نیه، هه‌روه‌ها چه‌مكی جیاكردنه‌وه‌ی دین و ده‌وڵه‌تیش كۆتا پێناسه‌ی عه‌لمانیه‌ت نیه، به‌حوكمی ئه‌و په‌یوه‌ندیه‌ی به شۆڕشی فه‌ره‌نسیه‌وه هه‌یه‌تی، كه وه‌ك ناوده‌نرێت عه‌لمانیه‌تی توند، یان وه‌ك بیرمه‌ندی كۆچكردو عه‌بدولوه‌هاب مه‌سیری ناویناوه، عه‌لمانیه‌تی گشتگری به‌رهه‌مهێنا. عه‌لمانیه‌تپرۆژه‌یه‌كی فیكری نیه، وه‌ك ئه‌وه‌ی لایه‌نگران و بانگخوازانی ده‌ڵێن و ده‌یبه‌ستنه‌وه به ئه‌قلانیه‌ت و دیموكراسی و مافه‌كانی مرۆڤه‌وه، وه‌كچۆن له به‌رامبه‌ریشدا ره‌مزێك نیه بۆ به‌ره‌ڵایی و به‌غه‌ربیكردن، وه‌ك ئه‌وه‌ی ئیسلامیه‌كان له چوارچێوه‌ی ململانێی شوناسدا بانگه‌شه‌ی ده‌كه‌ن. هه‌ربۆیه ناكرێت به لۆژیكی ره‌ها و كۆتایی مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ بكرێت، به‌ڵكو به لۆژیكی رێژه‌یی و گۆڕاو، به‌ڵام كه‌موكورتی له توێژینه‌وه‌ی سیاقی مێژوییدا، كه فاكته‌رێكی سه‌ره‌كیه له رونكردنه‌وه‌ی ره‌هه‌نده‌كانی تری چه‌مكه‌كه‌دا، وای كردوه له چوارچێوه‌ی ململانێی نێوان ئیسلامیه‌كان و نه‌یاره‌كانیاندا، مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ عه‌لمانیه‌تدا بكرێت.
جا ئایا ده‌شێت له پێناسه‌ی عه‌لمانیه‌تدا ته‌نیا به‌وه‌نده وازبهێنین، كه بڵێین دژی دینه و مانای جیاكردنه‌وه‌ی دینه له ده‌وڵه‌ت؟ جا ئایا ئه‌م پێناسه‌یه، به‌ته‌واوی له‌گه‌ڵ چه‌مكه‌كه‌دا وێك دێته‌وه؟ یان پێویسته به‌و پێناسه‌یه‌دا بچینه‌وه له رێگه‌ی توێژینه‌وه له سیاقی په‌ره‌سه‌ندنی عه‌لمانیه‌ت، تا ئه‌وه‌ی گه‌یشته كه‌ناراوی فیكری عه‌ره‌بی به هه‌مو ده‌ركه‌وته‌كانیه‌وه؟
وشه‌ی عه‌لمانیه‌ت وه‌ك ناو یان سیفه‌تی كه‌سانێك دروستبو، كه سه‌ر به هیچ كڵێسا و رێكخستنێكی كڵێسایی نه‌بون، ئه‌وه‌شی دایهێنا كلیمێنتی ئوسقوفی رۆما بو، كه ساڵی 97ز كۆچی دوایی كرد. به‌ڵام دواتر چه‌مكه‌كه شێوه‌یه‌كی تری به‌خۆوه‌گرت، ئه‌وه‌ش له ئه‌نجامی چه‌ند هۆكارێكی سه‌ره‌كی، وه‌ك كاریگه‌ری فه‌لسه‌فه‌ی یۆنانی وه‌ك سه‌رچاوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی فیكری رۆژئاوایی، كه له هه‌ناویدا چه‌مكی عه‌لمانیه‌ت گه‌شه‌ی سه‌ند، ئه‌وه‌ش به‌هۆی سه‌رده‌می یۆنانیه‌كانه‌وه كه باوه‌ڕیان به فره خوایی هه‌بو، له‌گه‌ڵ ئه‌و باوه‌ڕه‌ی له‌و فره‌ییه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرت ده‌رباره‌ی هه‌بونی ململانێ و كۆنترۆڵكردنی گه‌ردون له‌لایه‌ن خواوه‌نده‌كانه‌وه به‌بێ لایه‌نی مرۆیی. له‌وێشه‌وه هه‌ندێك له بیرمه‌ندانی یۆنان به‌دوای بنه‌ڕه‌تێكی تر بۆ لێكدانه‌وه‌ی بوندا ده‌گه‌ڕان، بۆیه تیۆری ئایدیاڵی ئه‌فلاتونی سه‌ریهه‌ڵدا، له‌گه‌ڵ په‌یوه‌ندیی ئه‌و ئایدیاڵانه به فیكر و جیهانی ئه‌زمونی و واقیعیه‌وه دور له ململانێی خواوه‌نده‌كان، ته‌نانه‌ت ئه‌فلاتون ئه‌وه‌ی له شاعیره‌كان قبوڵنه‌كرد، كه خواوه‌نده‌كان وه‌ك مرۆڤ وێنابكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی رێگه له هه‌ر هه‌وڵێك بگرێت كه مه‌به‌ستی راكێشانی خواوه‌نده‌كان بێت بۆ ناو ئه‌و ئایدیایانه‌ی گه‌ردونیان رێكخستوه. فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌تۆمیزمیش لای خۆیه‌وه رۆڵی هه‌بو، به‌پێی ئه‌و فه‌لسه‌فه‌یه، جیهان له ئه‌تۆمگه‌لێكی مادی و جوڵاو پێكهاتوه، له ئه‌نجامی پێكدادان و تێكه‌ڵبونه جیاوازه‌كانیشیانه‌وه له ململانێیه‌كی بێ سنوردان، به‌وه‌ش هه‌مو رۆڵێكی میتافیزیكی له دروستكردنی جیهاندا دورخسته‌وه. به‌وه‌ش بواری بۆ ده‌ركه‌وتنی مه‌یلی ئه‌زمونگه‌ری ره‌خساند، كه به ده‌ركه‌وتنی سۆفیستاییه‌كان گه‌یشته چڵه‌پۆپه، ئه‌وان باوه‌ڕیان وابو كه مرۆڤ پێوه‌ری هه‌مو شتێكه، حه‌قیقه‌تیش رێژه‌ییه، هه‌ر بۆیه ده‌بێت چاومان له‌سه‌ر ئه‌زمونی تاكه‌كه‌سی بێت، هیچ شتێكی غه‌یری ئه‌زمونیش ناتوانێت بنچینه‌یه‌كی گونجاومان بۆ گه‌یشتن به‌و ئامانجه بۆ فه‌راهه‌مبكات. ئه‌وانه و فاكته‌ری چاكسازی دینی به رێبه‌ڕایه‌تی مارتن لوسه‌ر و شۆڕشی زانستی فه‌لسه‌فی، كه فرانسیس بیكۆن ده‌ستیپێكرد و هه‌ریه‌كه له نیوتن و دیكارتیش درێژه‌یان پێدا، وه‌ك شۆڕشێك دژی قۆرخكردنی حه‌قیقه‌تی زانستی له‌لایه‌ن كڵێساوه و دژی هه‌ژمونی فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌ریستۆ، كه به درێژایی سه‌رده‌می سكۆلایی له سه‌ده‌ی حه‌وته‌مه‌وه تا سه‌ده‌ی چوارده‌م درێژبوه‌وه، سه‌ره‌ڕای رێنیسانسی ئه‌ده‌بیاتی ئیتالی و دواجاریش سه‌رهه‌ڵدانی بیرۆكه‌ی ده‌وڵه‌تی خاوه‌ن سه‌روه‌ری شانبه‌شانی چاكسازی دینی، كه به ویستی سه‌ربه‌خۆیی نه‌ته‌وه‌یی پاڵپشتكرابو، دواتریش سه‌ره‌تای ده‌ركه‌وتنی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی له‌گه‌ڵ تیۆریزه‌كردنی ده‌وڵه‌تی ماف و ئازادییه‌كان له‌لایه‌ن هۆبز، جۆن لۆك، رۆسۆ، مۆنتسكیو و ڤۆڵتێره‌وه، هه‌مو ئه‌و فاكته‌رانه پێكه‌وه پاڵیان به بیرۆكه‌ی عه‌لمانیه‌ته‌وه نا، كه بێته پێشه‌وه، بۆیه ته‌نیا كڵێسا به‌رپرس نیه له سه‌رهه‌ڵدانی عه‌لمانیه‌ت، هه‌روه‌ها شۆڕشی فه‌ره‌نسیش یه‌كه‌مین داهێنه‌ری نه‌بو، چونكه گه‌وره‌ترین رۆڵێك بدرێته پاڵ شۆڕشی فه‌ره‌نسی بریتیه له داتاشینی زاراوه‌كه له ساڵی 1871دا له رۆژنامه‌ی پاتریك، له سه‌روبه‌ندی مشت‌ومڕێك ده‌رباره‌ی پێگه‌ی په‌روه‌رده‌ی دینی له فێركردندا، دواتریش ساڵی 1873 وه‌ك ئاماژه‌دانێك به هه‌ر شتێك كه دینی نه‌بێت، چوه فه‌رهه‌نگه‌كانه‌وه، به یاسای ساڵی 1905 ده‌رباره‌ی جیاكردنه‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت له كڵێساكانیش ریشه‌ی داكوتا، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا عه‌لمانیه‌تی فه‌ره‌نسی، به توندترین فۆرمی عه‌لمانیه‌ت داده‌نرێت.
ژماره‌یه‌ك بیرمه‌ندی رۆژئاوایی له باسكردنی "مانای عه‌لمانیه‌ت"دا، دور له كاریگه‌ریه‌كانی شۆڕشی فه‌ره‌نسی و په‌یوه‌ندیه تونده‌كه‌ی به دینه‌وه رۆیشتون، باسیان له چه‌ند چه‌مكێك كردوه كه ده‌چنه خانه‌ی ئه‌ده‌بیاتی عه‌لمانیه‌ته‌وه، وه‌ك ئازادیی ئاینی و یه‌كسانی، به‌و شێوه‌یه‌ی لای كۆمه‌ڵناسی فه‌ره‌نسی ژاكلین كوستا لاسكو ده‌یبینین، یان به‌ستنه‌وه‌ی به مێژوی ده‌وڵه‌ته‌وه، به‌و شێوه‌یه‌ی لای مارسیل گۆشێ له كتێبی دین له دیموكراسیدا ده‌رده‌كه‌وێت، به‌ڵام مۆریس باربیێ له روی په‌یوه‌ندیی به دینه‌وه باسی چه‌مكه‌كه ده‌كات، تا بیسه‌لمێنێت كه عه‌لمانیه‌ت ره‌تكردنه‌وه‌ی دین نیه، به‌ته‌نیا جیاكردنه‌وه‌ی بابه‌تی رۆحی و بابه‌تی دنیایش نیه، باوه‌ڕ و ئایدیۆلۆژیاش نیه، په‌یمانێكی كۆمه‌ڵایه‌تیش نیه، به‌ڵكو چه‌مكێكه له‌سه‌ر جیاكردنه‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت له دین به‌نده، به‌ڵام به مه‌رجی بێلایه‌نیی ده‌وڵه‌ت له چالاكی دینی و ئازادكردنی ده‌وڵه‌تیش له ده‌سه‌ڵاتی داموده‌زگا و ره‌مزه دینیه‌كان.
به‌م هه‌مو بارگه فیكریه‌وه، چه‌مكی عه‌لمانیه‌ت له سه‌ده‌ی نۆزه‌ده‌دا و له ژێر باری خه‌می پێشكه‌وتن و به‌شارستانیبوندا هاته نێو جیهانی عه‌ره‌بیه‌وه، له پرۆژه‌ی چاكسازیی عوسمانیه‌كانه‌وه ده‌ستیپێكرد، هه‌ندێك له بیرۆكه و بنه‌ماكانی په‌یوه‌ست به عه‌لمانیه‌ت بوبون به خه‌م یان داواكاری بیرمه‌نده عه‌ره‌به مه‌سیحیه‌كان، به‌ڵام مشت‌ومڕ ده‌رباره‌ی چه‌مكه‌كه تا دو ده‌یه‌ی رابردو و له‌ژێر كاریگه‌ری گه‌شه‌ی فه‌نده‌مێنتاڵیزمی ئیسلامی (كه خۆی له شۆڕشی ئێرانی‌دا ده‌بینێته‌وه)و رابونی ئیسلامی‌دا، جێگر نه‌بو، له‌و ساته‌شه‌وه مشت‌ومڕێك هه‌یه له‌نێوان ره‌وتی ئیسلامی و ره‌وتێكی تردا، كه خۆی وه‌ك ره‌وتێكی خاوه‌ن پرۆژه‌یه‌كی عه‌لمانی ده‌خاته‌ڕو، به مانایه‌كی وه‌ها كه به‌ته‌واوه‌تی یه‌كسان بێت به چه‌مكه‌كانی ئه‌قڵ، نوێگه‌ری، پێشكه‌وتن و گه‌شه‌سه‌ندن. له‌نێو ئه‌و مشتومڕانه‌دا ده‌شێت هه‌ندێكیان وه‌ك توێژینه‌وه له چیه‌تی عه‌لمانیه‌ت و مه‌رجه پێویسته‌كانی بێنه ئه‌ژمار، له‌وانه‌ش نوسینه‌كانی مه‌سیری، عادل زاهیر، عه‌زیز عه‌زمه، سادق جه‌لال عه‌زم و بورهان غلیون. ئه‌و نوسینانه‌ش هه‌مه‌جۆر بون، هه‌ندێكیان ده‌یانویست مانایه‌كی نێگه‌تیڤ و جێگر و گشتگر به عه‌لمانیه‌ت ببه‌خشن، به‌و شێوه‌یه‌ی لای عه‌بدولوه‌هاب مه‌سیری ده‌یبینین، كه جیاوازی ده‌كات له‌نێوان عه‌لمانیه‌تی گشتگر و به‌شه‌كی، یه‌كه‌میشیان وه‌ك عه‌لمانیه‌تی باو و زاڵ له ئێستای جیهانی هاوچه‌رخدا ده‌خاته‌ڕو، تا ده‌گاته ئه‌وه‌ی ئه‌و چه‌مكه هێنده به‌رز رابگیرێت، كه له‌گه‌ڵ ئه‌قڵ و ئیماندا یه‌كسان بكرێت و وه‌ك توانایه‌كی به‌ده‌ستهێنانی سه‌ربه‌خۆیی مه‌عریفی و به‌هاكان دور له دین وێنابكرێت.
له‌مڕۆدا چۆن له عه‌لمانیه‌ت تێبگه‌ین؟
ئه‌وه پرسیارێكه، كه ئه‌م وتاره ده‌یه‌وێت وه‌ڵامی بداته‌وه، له سایه‌ی گفتوگۆ ده‌رباره‌ی چاكسازی له ناوچه‌كه و رۆڵی تایفه‌گه‌رایدا، به‌و پێیه‌ی زه‌قترین به‌ربه‌ستی به‌رده‌م پرۆژه‌ی چاكسازیه، عه‌لمانیه‌ت لای لایه‌نگرانی، پرۆژه‌یه‌كه بۆ رزگاربون، لای ئیسلامیه‌كانیش ئامرازێكی به‌ره‌ڵایی و به‌غه‌ربیكردنه، جا كام له‌م هه‌ڵوێستانه له راستیه‌وه نزیكترن؟ بێگومان ناڕونیی چه‌مكی عه‌لمانیه‌ت هه‌ندێكی هانداوه، كه ئه‌و چه‌مكه وازلێبهێنن و بیگۆڕنه‌وه به دیموكراسی و ئه‌قڵانیه‌ت، وه‌ك ئه‌وه‌ی جابری پێیوایه، به‌ڵام مه‌ترسیی ناڕونیی چه‌مكه‌كه به‌و هه‌مو تێگه‌یشتن و باوه‌ڕانه به‌راوردناكرێت، كه لای هه‌ردو به‌ره‌ی لایه‌نگر و دژ بونیان هه‌یه، وه‌ك پێناسه‌ی جیاكردنه‌وه‌ی دین له ده‌وڵه‌ت، به‌بێ ئه‌وه‌ی د‌رك به‌وه بكرێت كه ئه‌و جیاكردنه‌وه‌یه رێژه‌یی و گۆڕاوه و هیچ خه‌سڵه‌تێكی پێوانه‌یی نیه. ده‌شێت له هه‌ندێك له كۆمه‌ڵگا هه‌مه‌ره‌نگه‌كاندا، چاره‌سه‌ر سه‌پاندنی عه‌لمانیه‌ت بێت، به‌ڵام ئه‌و چاره‌سه‌ره بۆ كۆمه‌ڵگا یه‌ك ره‌نگیه‌كان له روی دینه‌وه نالوێت، ره‌نگه ئه‌زمونی توركی دیارترین نمونه‌یه‌ك بێت بۆ شكستهێنانی سه‌پاندنی عه‌لمانیه‌ت.
هه‌روه‌ها به‌ستنه‌وه‌ی عه‌لمانیه‌ت به هه‌ندێك دیارده یان بانگه‌وازی دیاریكراوه‌وه، یه‌كێكی تره له شێوازه‌كانی مامه‌ڵه‌كردنی خراپ له‌گه‌ڵ عه‌لمانیه‌تدا. ئه‌وه‌ش یه‌كێكه له ده‌ركه‌وته‌كانی تێگه‌یشتنی رابونی ئیسلامی، كه له توانای ره‌خنه‌گرتندا لاوازیه‌كی به‌رچاوی نیشانداوه، به‌هۆی تێكه‌ڵكردنی ئاشكرای دین وه‌ك كۆمه‌ڵێك باوه‌ڕ و نه‌گۆڕاو، له‌گه‌ڵ كه‌له‌پور وه‌ك پێدراوێكی مێژویی، هه‌روه‌ها پێدانی رۆڵێكی یه‌كلاكه‌ره‌وه به فیقهی سه‌له‌ف له یه‌كلاكردنه‌وه‌ی گۆڕانكاریه‌كانی واقیعدا، بۆ نمونه چ لۆژیكێك هه‌یه له به‌ستنه‌وه‌ی عه‌لمانیه‌ت به بانگه‌وازی لێخوڕینی ئۆتۆمبیل له‌لایه‌ن ژنان و تیكه‌ڵبون و رێگه‌دان به ئاشكراكردنی روخساری ژنان و چه‌ندانی تر له دۆزه فیقهی و داواكاریه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانه‌وه؟
دواجار، عه‌لمانیه‌ت هیچ نیه جگه له ئایدیایه‌ك بۆ به‌ڕێوه‌بردن و رێكخستنی پلوراڵیزمی فیكری و ئه‌تنی و تایفه‌یی به‌پێی چه‌ند خاڵێكی هاوبه‌شی نیشتمانی، مه‌سه‌له دینداریی كۆمه‌ڵگا و عه‌لمانیبونی ده‌وڵه‌ته.
سه‌رچاوه: سایتی ئه‌لئه‌وان |
|
|