Print WWW.SBEIY.COM
 کوردو پەیدابونیان
01/02/2015 16:19:25

یوسف زێدان
لەعەرەبییەوە: بۆتان لەتیف ماویلی
زاراوەی میسری بلیمەتیێکی تایبەتی هەیە، ئەمە لەهەندێ گوزارشتیدا بەدیار دەکەوێت، کە زۆرجار چەند واتاو بەڵگەیەک لەیەک وشەدا کۆدەکاتەوە. لەڕاستیدا لەساڵی رابردو دەستمکرد بە هەڵچنینی هەندێ لەو وشە قوڵە جڵفی و گشتیانە؛ تا ببێتە دەروازەیەک بۆ ئاشکراکردنی بلیمەتیی گوزارشتی گشتی (زاراوەی رۆژانەی خەڵک). لەسەر لاپەڕەکەم (فەیسبوک) هەندێک لەم وشانەم رونکردنەوە؛ لەژێر ناونیشانی ((هاشتاج- بە وشەیەک دەڵێن کە تەنیا میسریەکان ماناکەی تێ دەگەن/ لەزاراوەی رۆژانەی خەڵکدا)): تێگەیشتنی زاراوەی رۆژانەی گشت، وەک سەرەتایەک بۆ کۆکردنەوەیان لەتوێی کتێبێکدا لەداهاتو. بەڵام ئاڵۆزیی بارودۆخمان و عەقڵی هەموان، ناجێگیریی گشتی لەناو وردەکاری لەشتە گرنگەکاندا؛ وای لێکردم کە ئەم کارە دوا بخەم بۆ ماوەیەکی تری نادیار.

لەڕوە بلیمەتیەکانی زاراوەی گشتی میسری؛ ئەم قسەیەمانە؛ دەربارەی کەسێک، کە کەسێک هەڵدەخەڵەتێنێت و شتێکی لێ دەبات بێ ئەوەی نرخەکەی بداتێ. بەگوێرەی وشەی زاراوە میسریەکە: (استکردە!)؛ واتە فێڵی لێکردو هەڵخەڵەتاند. ئەم وشەیە فرمانی رابردوەو لە بنەڕەتە عامیە باوەکەی (زاراوەی میسری) نێوان هەمو خەڵک و نەخوێندەواران وەرگیراوە. مەبەستم وشەی (استکراد)ە، کە ئاماژەیە بۆ کەسێکی هەڵخەڵەتێنەر (فێڵباز)، کەخۆی دەدزێتەوەو رائەکات لەوەی مافی خاوەن مافەکە بدات. هەروایە، ئەم وشە عامیەو داڕشتەکانی راستەوخۆ لە (الأکراد) وەرگیراوە، کە لەسەر دەستی عەرەبەکان بەکوردی کراون، بەدرێژایی چەند سەدەیەکی دورو درێژ، بەو ئاڕاستەیەی کە بەدورو درێژی دەیخەینەڕو، لەمیانەی هەفتانە وتارەکەم دا؛ کە ئەمڕۆ بەقسە کردن لەسەر کوردەکان و یەکەم پەیدابونیان و بنەڕەتی رەچەڵەکە جۆراوجۆرەکەیان لەقوڵایی مێژودا دەست پێ دەکەم.

(الأکراد، الکرد) بەزمانی کوردی (کورد)، ئەوانە زۆرینەیان کۆمەڵە موسڵمانێکن، نیشتەجێی ناوچەیەکی سەختن، کە ناونراوە کوردستان، واتە شوێنی کوردان یان وڵاتیان، ناوچەیەکە باکوری عێراق و باشوری رۆژهەڵاتی تورکیا دەگرێتەوە، هەروەک باکوری رۆژئاوای ئێران و باکوری رۆژهەڵاتی سوریاش دەگرێتەوە. ژمارەی کوردەکان لەمڕۆدا لەنێوان ٢٥ بۆ ٣٠ ملیۆن کەسە. لەڕوی جوگرافیەوە کوردەکان لەکوردستان بەشێوەیەکی نزیکەیی بەمجۆرە دابەشبون: ١٥ ملیۆن لەتورکیا، ٤ ملیۆن لەعێراق و ٤ ملیۆنیش لەئێران، ٢ ملیۆن لەسوریا... بەشێوەی پەرت و بڵاویش لەوڵاتانی جیهان هەن، لەئەڵمانیا زیاتر لەنیو ملیۆن کورد هەیە، لەکەنداوی عەرەبی سەدان هەزارو لەئەفغانستان و دەوروبەری دەیان هەزار کورد هەن.

کوردەکان بەمکوڕی و کۆڵنەدەری پیاوانیان و جوانی ژنەکانیان بەناوبانگن. لەبەرئەوەی نەتەوەیەکی سادەن؛ ژیانێکی سادەش دەژین لەبەرزایی و دۆڵی فراواندا... هەزاران ساڵە مێژونوسان قاڵبوی ئەوەن کە رەچەڵەک و بنەڕەتە سەرەتاییەکانی کورد ئاشکرا بکەن و دەربخەن، لەنێوان چەند بیردۆزێکدا تیا ماون، سادەترینیان ئەوەی کە کوردەکان کۆچەرو دەوارنشینی فارسن. بەو مانایەی کە نەتەوەی فارسی (ئێرانی) رەسەن، دانیشتوانی شارو شارنشینی هەبوە، لەوانە کشتیاران (کشتوکالی) و جوتیاران، کە نیشتەجێی دۆڵە فراوانە بەپیتەکانی وڵاتی فارسن، دەوارنشین و کۆچەر کە شارەزای شوانکارەیین؛ لەناوچە بەرزەکانی چیای زاگرۆسن، هەر ئەوانەشن لەداهاتودا بونەتە کوردو بەکوردەکان ناسراون.

لەبەرامبەر ئەمەشدا، هەندێ مێژونوسی دیکە پێیانوایە، کوردەکان ئەو کۆمەڵە کۆنەن؛ کە لەناوچەی ناسراو بە (میدیا) لەئەنادۆڵەوە هاتون، لەگەڵ دانیشتوانی خۆجێی باکوری کوردستان تێکەڵ بون. کوردەکان هەر ئەوانەن، بەرهەمی ئەم تێکەڵەیەن کە پێش نزیکەی ٣ هەزار ساڵ روی داوە... هەروەها بەشداریان کردوە لەو روداوە گەورانەی لەو ناوچە سەختەدا رویان داوە. بەکەمی سەرکەوتنیان بەدەستهێناوە؛ بەڵام لەزۆربەی کاتدا بونەتە قوربانی ئەو جەنگ و پشێوی و ماڵوێرانیەی بەدرێژایی مێژو وڵاتی ئەوان سەکۆی بوە... یان رونتر بڵێین شوێنی بەرکەوتن بوە لەجەنگی نێوان: فارس و یۆنانەکان، ئاشوری و کلدانەکان، موسڵمانان و بیزەنتیەکان، سەفەوی و عوسمانیەکان... ئەمە بێجگە لەو نەهامەتیە زۆرانەی بەسەر کورد هێنراون، لەمیانەی سەرکێشیە سەربازیە یەک لەدوای یەکەکان لەسەر ئەم زەویە بەلار و ترسە؛ ترس و تۆقاندنی جیهانی بەخۆوە دیوە؛ تائێستاش بەخۆیەوە دەبینێ لەسەر دەستی (داعش).

جیاوازی لەسەر رەچەڵەکی کوردان کۆنە، پێش نزیکەی هەزار ساڵ ئەم جیاوازیە لەڕەچەڵەکیاندا دەرکەوت، لەمیانەی پەرتوکی ئەلمەسعودی دا (مروج الذهب ومعادن الجوهر- برەوی زێڕ و کانزای گەوهەر)؛ کە تیایدا دەڵێت: خەڵک ناکۆکە لەبارەی سەرەتای کورد؛ هەندێکیان پێیانوایە لەنەوەی (رەبیعەی کوڕی نزار)ن، هەر لەکۆنەوە جیابونەتەوە و هاوسێیەتی بیانی و فارسیان کردوە، و لەزمانی عەرەبیانەوە لایان داوەو زمانەکەیان بوەتە بیانی، هەروەها هەندێ خەڵکی تر پێیانوایە لە (مضری کوڕی نزار)ن، و لەکوڕی (کرد کوڕی مرد کوڕی سەعسەعە کوڕی هوازن)ن، لەکۆنەوە جیا بونەتەوە بەهۆی ئەو روداوانەی نێوانیان لەگەڵ غەسانەکان، هەروەها هەندێ خەڵکی تر پێیانوایە لە (ربیعە و مضر)ن، پەنایان بۆ چیاکان بردوە بەمەبەستی ئاو و کشتیاری (کاری کشتوکاڵی)، لەزمانی عەرەبی لایان داوە. پاشان ئەلمەسعودی چەند قسەیەکی تر ئەگێڕێتەوە، سەرسوڕهێنەرن لەبارەی رەچەڵەکی کوردان، یەکێک لەو قسانە؛ ئەوەی کە کوردەکان لە کوڕەکانی هەردو ژنەکەی پێغەمبەر (سلێمان)ن کە لەشەیتانەوە سکیان پڕ بوە!

پێویستە لەمڕۆدا، ئێمە زۆر سەرسام بین بەم جۆرە بۆچونە سەیرانە! کە لەماوەی کۆندا بەربڵاو بوینە، مێژونوسان هەندێکیان بۆ ئێمە گواستونەتەوە بەشێوەی چیرۆک، بەڵام نەک ئەو مێژوە عەقڵانیە رێکەی ئێستا دەیناسین؛ بەشێوەیەک دەبینین کە میسریەکان لەنەوەی (مصرایم)ن! عەرەبەکان کوڕەزاو کچەزای کەنیشک و زەنجی میسری (هاجەر)ن!.. هەروەها عەمونیەکان و مەئوابینەکان (العمونیین والمٶابیین)یش لە پێغەمبەر (لوط)ن، کە سەرخۆش بوەو بەناشەرعی لەگەڵ کچەکانی کۆبوەتەوە، یەکەمیان سک پڕ بوە و (بنی عمی)ی لێ بوە کە باپیری عەمونیەکانە، دوەمیشیان سک پڕ بوە و (مٶاب)ی لێ بوە؛ کە باپیری مەئوابینەکانە!... و (هەردوکیشیان لەڕەچەی دانیشتوانی ئێستای وڵاتی ئەردەن)ن! لەڕاستیدا؛ هەر ئەفسانە تەوراتیەکانن کە بەردەوام دەبنە سەرچاوەی ئەو جۆرە لێکدانەوەو راڤە سەیرو سەمەرانەی؛ بۆ رەچەڵەکی کۆمەڵە گەورەکان دەکرێت، لەو جۆرە رەچەڵەکە شێواوانە نزیکیان دەخەنەوە! کوڕانی خودان (یەهودی) کە لەڕاستیدا هیچ کامیان رەچەڵەکی خۆیان نازانن.

دەگەڕێینەوە بۆ پرسی رەچەڵەکی کورد؛ بەدیاریکراوی بەشی یەکەمی پەرتوکی ئینسکلۆپیدیاییمان دەست دەکەوێت، یەکێک لەنوسەرە هاوچەرخەکانی کورد دایناوە؛ ئەویش (د.جەمال رەشید ئەحمەد)ە، بەناونیشانی (دەرکەوتنی کورد لەمێژودا). لەم بەشەیدا کە هەزار لاپەڕەیە، چڕو پڕە بە بۆچون و قسەی جیاوازو پێچەوانەی یەکتر، کۆشش دەکات بۆ ئاشکراکردنی رەچەڵەکی کورد، لەڕوی رەگەزی، رەنگە نەتوانین؛ دوای رۆچونمان لەناو ئەو زۆری و بۆریەدا بەئەنجامێکی دیاریکراو بگەین!. بۆچی؟ لەبەر زۆریی مەترسی و تێکەڵاوبونی زانست بە ئەفسانە، هەروەک ئەوەی کە باوە لەکاتی هەوڵی گەڕان بەدوای بنەڕەتە سەرەتاییەکانی رەچەڵەکی هەر کۆمەڵێکی مرۆیی گەورەو فراوان. هەر ئەوەش دەمانگێڕێتەوە بۆ ئەو سەرەتایەی کە وتارەکەمان پێ دەستپێکرد، ئەویش رونبونەوەی بلیمەتی زاراوەی گشتی میسریە (العامیة المصریة) لە شکاندن و لابردنی ناکۆکی و جیاوازیی بەهێزی ناو راو بۆچونە پێچەوانەو دژیەکەکان سەبارەت بە رەچەڵەکی میسریەکان و دەوڵەتەکەیان، کە ئاوەزو عەقڵە کۆمکاریە میسریەکە لەمەوە دێ؛ بەگشتی بەشێوەیەکی نۆبەرەیی، گوزارشت لەم وتە بەناوبانگە دەکات کە دەڵێت: (ئەوەی کە میسڕی بونیاد نا؛ بەڕەچەڵەک حەلوانیە!).

لەکۆتاییدا، بە لەبەرچاو نەگرتنی پرسی رەچەڵەکی یەکەمی کورد؛ یان خەڵکی دیکەش، لەبەر سەختی نەگەیشتن بە رایەکی زانستی و بڕواپێکەر؛ بەتایبەت ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ ماوەی پێش مێژوی نوسراو، دەڵێین: لەڕاستیدا کورد نەتەوەیەکی گەورەن، موسڵمانن، ماوەی سەدان ساڵە لەگەڵ عەرەب دەژین، ئەمڕۆش روبەڕوی جەنگێکی لەناوبەری دڕندانە بونەتەوە بەدەستی عەرەب و هاوکاری تورک.

با ئەم وتارە بە چامەیەکی نەناسراوی شاعیری عەرەب مەحمود دەروێس کۆتایی پێ بێنین دەربارەی کورد؛ ئەم هەفتانە وتارەم بە چامەیەکی نەناسراوی ئەو کۆتایی پێ دێنم کە لەسەر کورد نوسیویەتی و تیایدا دەڵێت:
کوردەکە بەبیری دێتەوە کاتێ سەردانی دەکەم
بەیانیەکەی خۆی
کە دوری دەخاتەوە بەگێسکی تەپوتۆز...
تاریکی دەکشێت بەسەر ناسنامەکەیدا
ناسنامەکەم زمانمە، من زمانمم..
دڵم پەنگرە..
بەزمان سەرکەوتم بەسەر ناسنامەکەدا
بەکوردەکەم گوت: بەزمان تۆڵەت لە ئامادەنەبون کردەوە..
گوتی: نایێم بۆ بیابان
گوتم: هەروەها منیش..
بەلای (با)دا سەرنجم دا
ئێوارە باڵی کێشا..
ئێوارە باڵی کێشا..
...............

سەرچاوە: سایتی الوطن