|
سوپای عێراق؛ ئامادەیەکی نائامادە لە شەڕی داعشدا |
17/02/2015 14:27:42 |
(سبەی):
لە شەڕی دژی داعشدا، دەنگی چەکی هەموان دەبیسترێت، بەڵام چەخماخەی چەکی عێراق ونە لەو شەڕەدا، لەکاتێکدا ژمارەی ئەو سوپایە نزیکەی یەک ملیۆن چەکدارە، بەڵام ئامادەیی بۆ شەڕ لەڕوی سیاسی و لۆجسیتی و شەڕکردنەوە، ئەمڕۆ جێگای پرسیارە.
زۆربەی ئەو کەسانەی چاودێری شەڕی دژی داعشن، پرسیار لەسەر رۆڵی سوپای عێراق دەکەن لەو شەڕەدا، بۆچی ئامادەیی ئەو سوپایە ئەوەندە کەمە؟
شتیڤان بوخن، رۆژنامەنوسی ئەڵمانی و تایبەتمەند لە دۆسیەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی (دوێچە ڤێلا)ی ئەڵمانی و لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا پێیوایە، کە سوپای عێراق ئامادەی روبەڕوبونەوەی داعش نییە و لەوبارەیەوە دەڵێت: "پشکی زۆر و یەکەمی روبەڕوبونەوەی داعش دەگەڕێتەوە بۆ هێزی ئاسمانی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی، هێزی پیشمەرگە و پارتی کرێکارانی کوردستان بەپلەی دوەم – رۆڵی پەکەکە حیزبە زیاتر لە شەنگالە- هەروەها میلیشیا شیعە عێراقییەکان کە بە پلەی سێیەم هەندێک دەستکەوتی کەمیان هەبوە".
بندیوار و هەواییەکان بەشێکن لە کێشەکە
سوپای عێراق کە بەشداری سەرجەم شەڕەکانی سەدامی کردوە لە ماوەی سێ دەیەدا، تائێستاش سوپای ملیۆنییە، بەڵام بەشێکی زۆری ئەو ژمارەیە دەچنە ئەو چوارچێوەیەوە کە عێراقییەکان بە "هەوایی" ناویان دەبەن، ئەوەش بەمانای ئەوەدێت، کە ئەو کەسانە بەشێوەیەکی فەرمی لە ریزی سوپادا تۆمارکراون و پەیوەستن بە کارێکی کاتییە و ئەو موچەو پارەیەی وەریدەگرن لەگەڵ بەرپرسان و ئەفسەرەکانیاندا بەشی دەکەن وەک (رەشوە)، لەبەرامبەر ئەوەی کە لە گۆەڕەپان و سەربازگاندا بەبەردەوامی نائامادە و ونن.
یان ئەو ناوە وەهمییانەی کە بە بەڵگەنامەی ساختە تۆمارکراون و کۆی موچەکانیان دەچێت بۆ فەرماندە سەربازییەکان، ئەوانەش سوپای هەوایی و وەهمین.
مانگی تشرینی دوەمی ساڵی (2014) حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق، ئاشکرایکرد: (50) هەزار سەربازی هەوایی و وەهمی هەن و دوای ئاشکرابونیان لەسەر لیستی سوپا و موچە سڕدراونەتەوە، پیشتریش بابەتێکی دیکەی ئابڕوبەری هاوشێوە دەنگی دایە، لەکاتی ئەنجامدانی گرێبەستێکی (5) ملیار دۆلاری کڕینی چەک لە روسیا لە ساڵی (2012).
هەمو ئەوانە تواناکانی سوپای عێراق بەهەدەر دەدەن، تەنانەت بونی وەک هێزێکی کاریگەر لەسەر گۆڕەپانەکە جێگای پرسیارە.
لەوبارەیەوە، د.موهەند ئەلعەزاوی، شارەزاری سەربازی و بەڕێوەبەری ناوەندی سەقەر بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیژی دەڵێت: "هەر لەسەرەتای دروستبونییەوە ئەو سوپایە فشەڵ بو، تەنانەت پێشئەوەی داعش بچێتە موسڵەوە، لەڕوی راهێنان و بڕوای سەربازییەوە". بەردەوام دەبێت و دەڵێت : "جیاوازی و هەمەڕەنگی عەقیدەی سەربازی کێشەیەکی دیکەیە، ناکرێت گەندەڵیش لە بیر بکەین، بەتایبەت ئەوانەی پێیاندەوترێت سەربازانی هەوایی و وەهمی، سەرەڕای پڕچەککردنی ناڕێک و پێک و هەڕەمەکی، ئەوەش بەشێکە لەو هۆکارانەی بوە هۆی ئەوەی کە نیوەی خاکی عێراق بکەوێتە ژێر دەستی داعشەوە".
پێکهاتە و پەیکەری سوپای عێراق لە (6)ی کانونی دوەمی ساڵی (1921) لەسەر پەیکەری سوپای بەریتانی داڕێژرایەوە، بەجۆرێک سەرکردایەتی سوپا و فەیلەق و فیرقەکان سەر بە سەرۆکایەتی ئەرکان بون، دوای ساڵی (2003) و هەڵوەشاندنەوەی سوپای عێراق و دوبارە پێکهێنانەوەی، ئەو پێکهاتەیە دروستکرایەوەو سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپا پێکهێنرایەوە، بەڵام وەک بێکارێک مایەوە، سەرکردایەتی سوپا بەسترایەوە بەنوسینگەی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراقەوە (سەرۆکی حکومەت هەمان بەپرسیارێتی سەرۆکایەتی ئەرکان لەئەستۆ دەگرێت).
موهەنەد ئەلعەزاوی، شارەزای سەربازی ئاماژە بەوە دەکات کە "ئەو نوسینگەیە یەکێکە لە کێشە سەربازییەکان، حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق درکی بە مەترسی رۆڵی ئەو نوسینگەیە کرد و هەر زو ئەو نوسینگەیە هەڵوەشاندەوە".
سوپایەک ناسنامەکەی ونە
لایەنێکی دیکەی شیکارییەکانی کێشەی سوپای عێراقی، کە بە ئاسانی تێبینی دەکرێت ئەوەیە، کە عێراقییەکان کۆک نین لەسەر ناسنامەکەی، کە بەوتەی شیڤان بوخن: "ئەو سوپایە پاڵپشتییەکی میللی و سیاسی نییە و بۆ ئەوەی نوێنەرایەتی هەمو رەنگەکانی عێراق بکات، بازنەیەکی فراوانی سونەکانی عێراق پێیانوایە کە حکومەتی عێراق و سوپاکەی بەتەنها نوێنەرایەتی بەرژەوەندی شیعەکان دەکات لە عێراقدا".
لەناو عێراقییەکاندا دەستەواژەی (سەنگەری مەزهەبی) باوە، شارەزایان باس لەوە دەکەن ئەستەمە سوپای عێراق بتوانێت سنوری ئەو دەستەواژەیە تێپەڕێنێت، ئەوەش کێشە و تەحەدایەکی سیاسی مەترسیدارە کە روبەڕوی حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق دەبێتەوە، کە هەوڵ دەدات و دەیەوێت هێزێکی کەم و خێرا بۆ شەڕی ئازادکردنی موسڵ ئامادە بکات.
بەوتەی ئەلعەزاوی، هۆکارێکی سەرەکی لاوازی سوپای عێراق دەگەڕێتەوە بۆ : "نائامادەیی عەقڵی سەربازی پلان بۆ داڕێژراو، کێشەکە ئەوەیە کە سەرجەم توانا سەربازییەکان لەدەستوچن، هێزی چەکدار هەڵوەشاوەتەوە، توانان و عەقڵەکان کە سوپایان بەڕێوەدەوبرد دەرکراون و ونن، کەشتی سەربازی دراوەتە دەست هەندێک کەس کە شارەزاییان لە گۆڕەپانەکەدا نییە".
سەرچاوە : DW |
|
|