Print WWW.SBEIY.COM
 جەنگی سوریا.. شەڕێک بە سەرکردایەتی ئێران
24/02/2015 11:14:54
(سبەی):
لەگەڵ سەرهەڵدانی روداوەکانی سوریا، ئێران بە هەمو قورسایی خۆیەوە لە پشت رژێمی سوریاوە وەستا، بەڵێنیدا کە رێگە بە کەوتنی نەدات، بونی ئەم پاڵپشتییە راگەیەندراوەی ئێران بۆ سوریا، وای لە بەشێکی لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن کردوە بڵێن ئەوە "داگیرکردنی سوریایە لەلایەن ئێرانەوە".

کەسی یەکەمیش کە ئەو رۆڵەی ئێران و هێزەکەی دەبینێت، لیوا قاسم سلێمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێرانە، کە بەڕای بەشێک لە چاودێران ئەو پەیوەندییەی نێوان دیمەشق و تاران لە هاوپەیمانێتییەوە بۆ داگیرکردنی سوریا لەلایەن ئێرانەوە گۆڕدراوە.

هیچ بوارێک نەماوەتەوە بۆ نکوڵیکردنی بونی ئێران لەژمارەیەک پایتەختی عەرەبیدا، هەر لە بەغداوە بۆ بەیروت و تێپەڕبون بە دیمەشق و پاشان بەرەو پایتەختی دیکە.

ئەم بونەی ئێران لە زۆرێک لە پێگەو پایتەختی وڵاتاندا، لە کەسێکدا کۆدەبێتەوە ئەویش ژەنڕاڵ قاسم سلێمانییە، کە فەرماندەی فەیلەقی قودسە.

ئەم کەسە، پلاندانەر و ئامادەکار و سەرپەرشتی جێبەجێکردنی دەکات، لەو ماوە درێژەی هاوپەیمانێتیشیان لەگەڵ سوریا، سوپای پاسدارانی ئێران و ئەندامەکانیان رۆچونەتە ناو تەواوی جومگەکانی دەوڵەتی سوریا.

راپەڕین دژی ئەسەدو رۆڵی ئێران
لە سەرەتای راپەڕینە جەماوەرییەکان دژی رژێمەکەی بەشار ئەسەدی سەرۆکی سوریا، تاران بە هەمو قورسایی خۆی لەڕوی سیاسی، سەربازی و ئابورییەوە پێشکەش بە سوریا کرد، بۆ رێگریکردن لە کەوتنی رژێم.

ئەم پاڵپشتیە سیاسی و سەربازی و ئابورییەی ئێران، گەیشتە بەشداری راستەوخۆیان لە شەڕدا، لەوانەش دەرکەوتنی ئاشکرایان لە گۆڕەپانەکانی شەڕدا لە سوریا، لە شەڕی قەسیر لە ریفی حمس لە ساڵی (2013)دا، دژی چەکدارانی ئۆپۆزسیۆن و بەرەو نوسرە.

لەوکاتەشدا رژێمی سوریا ئەو جەنگەی بە یەکلایی کەرەوە لەقەڵەمدەدا، بۆ راگرتنی هاوکاری و پاڵپشتییەکانی ئۆپۆزسیۆن لە باکورەوە.

هاوشێوەکەیان لە عێراق دوبارەکردەوە
دوای چەند مانگێکیش، هێزە ئێرانییەکان هاوشێوەی ئەو دیمەنەیان لە عێراق بە سەرکردایەتی قاسم سلێمانی لە شەڕی جەرف ئەلسەخر دوبارە بکاتەوە. (جەرف ئەلسەخر؛ دەکەوێتە باکوری پارێزگای بابل و ناوچەیەکی ستراتیژییەو دەکەوێتە ناوەڕاستی سنوری هەر چوار پارێزگای بابل، بەغدا، ئەنبار، کەربەلا، شەڕی کۆنتڕۆڵکردنەوەی لە دەستی داعش لە کۆتایی مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردودا ئەنجامدرا).

ئێران لە عێراق لەڕێی هێزی پاسدارانەوە شەڕ دەکەن، یاخود لەڕێی هاوکارەکانیان (حیزبوڵا)وە، لەگەڵ ئەو بونە راستەوخۆیەیان، ئێران بەشداری بە میلیشیاکانیش کردوە هەر لە کۆکردنەوەو پێکهێنان و مەشق و راهێنان پێیان.

بەرەو پایتەختی چوارەم
هاوکات لەگەڵ توندبونەوەی شەڕ و پێکدادانەکان لەلایەن هێزەکانی سەر بە ئۆپۆزسیۆنی سوریاوە، جارێکی دیکە ئێرانییەکان لە گۆڕەپانەکانی سوریادا دەرکەوتنەوە، بەڵام ئەمجارەیان لە ناوچەکانی حوران و ریفی دەرعا و ریفی باشوری دیمەشق.

سەرچاوەیەکی ئۆپۆزسیۆنی سوریاش جەختیکردوەتەوە، حیزبوڵا لەو شەڕەدا دەجەنگن، سەرکردایەتییەکەشی قاسم سلێمانییە.

ئەوەش ئامادەییەکی چڕ و دەرکەوتنی ئاشکرای ئێران لە بەرەکانی سوریا، هەر ئەمەش وایکردوە بەشێک لە چاودێران بڵێن، پەیوەندییەکەی نێوان سوریاو ئێران، لە هاوپەیمانێتییەوە گۆڕدراوە بۆ داگیرکردنی ئەو وڵاتە لەلایەن ئێرانەوە.

ئەوە واقیعێکە ناکرێت نکوڵی لێ بکرێت کە دەوترێت "پیاوە بەهێزەکەی ئێران" قاسم سلێمانی، کە سێ پایتەختی عەرەبی بەڕێوەدەبات، ئەوانیش بەغدا، دیمەشق و بەیروت.. خواستیشیان هەیە بۆ ئەوەی بەمنزیکانە هەژمونیان سەنعای پایتەختی یەمەنیش لەخۆبگرێت.



سەرچاوە: سکای نیوز