Print WWW.SBEIY.COM
 ئاو لەنەوت گرنگترە، با گرنگی پێبدەین
25/02/2015 16:31:43
عادل عەبدولمەهدی
لەعەرەبیەوە: وه‌هاب حه‌سیب


لەکۆتاییەکانی مانگی رابردو لە باشوری عێراق، زیاد لە (1500) كلیۆمەتر رێگامان بڕی، خەرمانەی زۆنگاوی گەورەمان دەهاتە پێش، ئەو دەریاچانە بەدرێرژایی رێگا واخۆیان پیشان دەدا كە لەهەمو لایەكەوە ئاویان تێدەڕژێت، پاش بەرزبونەوەی پلەی گەرما، ئەو بڕە ئاوە وەستاوانە دەبن بەهەڵم، هۆكارن بۆ بەبیابان بون‌و لە ناوچونی زەوی، هەروەها زۆنگاوەكان سەرچاوەی نەخۆشی‌و پەتان، سەرەڕای كێشەی رێرەوی زۆنگاوەكان‌و تێكەڵبونیان بە ئاوی خواردنەوە، بەتایبەت لە گەڕەكە هەژار نشینەكاندا.

لەوڵاتی ئیمارات (شانشینی یەكگرتوی عەرەب) لەڕێگای تۆڕێكی ناوخۆییەوە دەستیان كردوە بە كۆكردنەوەی دڵۆپەی ئاوی فێنككەرەوەی ماڵان "سپلت" پاشان لەڕێگای تۆڕێكی ناوخۆییەوە دەگەیەنرێتە وێستگەكانی كۆكردنەوەی ئاو.

لە ئەڵمانیاداو لەرێگای كاری هاوبەشەوە لەكاتی بارینی بەفردا دەست دەكەن بەكۆكردنەوەی بەفر، لە رێگای بارهەڵگری تایبەتەوە بەفرەكە دەگەیەنرێنە دەریاچە دەستكردەكان، لە زۆربەی وڵاتاندا كەناڵ و ئاوەڕۆی تایبەت دروستكراوە، بەپشت بەشتن بە بەرزی‌و نزمی زەوی بۆ كۆكردنەوەی ئاو لە ئەمبارە سروشتی‌و دەستكردەكاندا.

وڵاتان هێڵێكی گریمانەیان دروستكردوە ناویان ناوە هێڵی باران! وڵات دابەشدەكات بۆ ژێر "200 ملم" واتە: ناوچە جیاوازەكانی وڵات لەڕوی رادەی باران بارینەوە دابەشدەكات بۆ 200 ملم‌و زیاتر.

ناوەڕاستی وڵات "عێراق/ وەرگێڕ" ‌و باكوری بەغدا كشتوكاڵی دێمیە "كشتوكاڵێك كە پشت بەباران دەبەستێت"، بەتایبەت لە وەرزی زستاندا، باشوریش زەویەكەی ئاوی باران ناگرێتە خۆی‌و ئاوەكە بەسەر زەویەكەدا دەڕوات‌و زەویەكە سودی لێنابینێت، بەهۆی دابەزینی رێڕەوەكانی ئاوەوە هۆكارێكە بۆ پاشەكشەی كشتوكاڵ‌و ئاژەڵداری.

بەهۆی رۆچونی ئاو بەناخی زەویدا، كشتوكاڵ و ئاژەڵداری لەپاشەكشەدایە، سەرەڕای بەكارهێنانی ئاودێری بەرێگا‌و شێوازی كۆن، لەماوەی دو ساڵی رابردودا، لە ناوچەی ناوەڕاست‌و باشور زیاد لە (200) ملم باران باریوە، لە باكوریش رێژەكە زیاترە.

هۆكارەكانی پاشەكشەی ئاژەڵداری‌و كشتوكاڵ وەك پێشتر ئاماژەمان پێدا، گۆڕانكاری كەش‌و هەوا‌و ... هتد، دەرئەنجامی گۆڕانكاریەكە هەرچۆنێك بێت، ئێمە پێویستە تێڕوانینی نوێمان هەبێت بۆ كێشەی ئاو. لەوانە: شێوازە كۆنەكەی ئاودێری بەلاوە بخرێت، چونكە "90% سەرچاوە ئاویەکانی عێراق لە دەورەی تخوبی وڵاتن، ئەوەش هۆكارێكی لاوازی ئەم وڵاتەیە بەتایبەت لە بواری ستراتیژی نەتەوەیی لە بواری ئاودا/ وەرگێڕ" هەروەها بەشێكی وڵاتەكەمان بیابانە، وڵاتەكانی هاوشێوەی عێراق، بەكاری بەردەوام‌و تاقەت پروكێن توانیویانە بەهەمو شێوەیەك وەبەرهێنان لەبواری ئاودا بكەن، لەوانە سود وەرگرتن لە شێی هەوا لە رێگای تۆڕی ئاوەوە ئەم شێوازە لە ئەمەریكای لاتین پیادە دەكرێت، یان سود وەرگرتن  لە ئاوی دەریاو باراناو، وڵاتانی كەنداو ئەم شێوازە پەیڕەودەكەن، یاخود هەڵگرتنی ئاوی باراناو رێكردو "وەك ئاوی دەریاچەكان/ وەرگێڕ".

لەمێژودا وڵاتی عێراق بە دەوڵەتی" هیدرۆلی" ناوبراوە، لەبەرئەوەی لە كشتوكاڵدا پشتی بەستبو بە ئاودێری و هەڵگرتنی ئاو، بەڵام ئەم تێڕوانینە لە پاشەكشەدا بو كاتێك زیاترو زیاتر دەوڵەت پشت ئەستور بو بە نەوت، لەوكاتەوە پرۆژە ئاودێریەكانی حكومەت و دەستپێشخەرییەكان لەبواری تاكەكەسیدا لە پاشەكشەدابون.

لە ئێستادا پێویستە ئامادەسازی بۆ كێشەی ئاوبكرێت.. بەداخەوە كەرتی ئاو و ئاوەڕۆ لەساڵی 2013 بۆ رێژەی 5,9% دابەزیوە‌و تەنها بڕی 1.1 تریلیۆن دیناریش بۆ وەزارەتی سەرچاوە ئاویەكان تەرخانكراوە، ئەمەش رێژەیەكی كەمە لەچاو بودجەی ساڵی رابردودا* كە 163 تریلیۆن دینارە.

---------------------------------------------------------------

*لەو ساڵەدا بودجه‌ خه‌رجنه‌كرا، به‌هۆی‌ كێشه‌ جۆراو جۆره‌كانی‌ وڵاته‌وه‌، له‌م بواره‌دا عێراق بو بە به‌كه‌م وڵات كه‌ ساڵێك تێپه‌ڕێنێت بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ بودجه‌ په‌سه‌ند بكرێت.

سەرچاوە:جریدە العدالە