Print WWW.SBEIY.COM
 لەدوای کۆبانی چی گۆڕا؟
09/03/2015 11:30:29
دوگۆ ئێرگیل
لەئینگلزییەوە: هونەر ناسیح


بەگشتی تورکەکان گومانیان لە کوردەکان هەیە..

کۆماری تورکیا لەسەر ناوبانگی عوسمانیەکان بنیات دەنرێتەوە، کە بە سەروەریەکان یان هەڵوەشانەوەی دەیان ساڵە بیری هەموان دێتەوە، لەناوچونیشی ئەبەسترێتەوە بە خیانەتکردنی ئەو وڵاتانەی ژێر دەستەی عوسمانیەکان بون. هەڵە لێکدانەوەی ئەم مێژوە، بەڕێوەبردنی دەوڵەت بە شێوەیەکی لاواز و سەرکەشیە سیاسیەکانی نوخبەی ''گەنجانی تورک'' ی ناڕونتر کردوە، کە لە دەیەکانی کۆتاییدا دەسەڵاتی ئیمپراتۆریەتەکەیان لەدەستدا بو.

دامەزرێنەرانی کۆمار لە کادرە ناوەندیەکانی ''گەنجانی تورک'' بون. نەیان ئەتوانی دەسەڵات بگرنە دەست بەبێ بونی هۆیەکی شیاو بۆ لەناوبردنی ئەو دەوڵەتەی کە بەڕێوەیان ئەبرد.

بەهەمان شێوە، دوای سەرزەنشتکردنی نەتەوە و ئایین جیاوازەکانی تر، نەیانتوانی بەرگری لەسروشتی کەلتورە جۆراوجۆرەکانی ئەو خەڵکە بکەن کە بۆیان مابوەوە. دەرەنجامی ئەم بەش بەشکردنە پێویستی بەئەوە کرد کە ناموسڵمانەکان بگوازرێنەوە یان موسڵمانەکان وەک بەشێک لە وڵات قبوڵ بکرێن.

کوردەکان بەشێک بون کە دەوڵەتیان رەتکردەوە. بەرەنگاربونەوەی کوردەکان وەک خیانەت دانرا. هەر هەوڵێک بۆ دەربڕین و نیشاندانی پێناسی کلتوریان وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر ئاسایشی وڵات سەیر ئەکرا.

سیستەمی پەروەردە، یاساو دادوەری لەلایەن حکومەتەوە پڕکرابون لە گومان بەرامبەر ئەوێکی ''تر''، نەوەی نوێش بەشێکی تر بون کە پێویست بو وا تێبگەیەنرێن کە کوردەکان هەروەک مەسیحیەکان خراپن، ئەمەش نمونەیەکی تری رەگەزپەرستی بو.

دو نەوەی جیاواز نێردرانە بەرەکانی شەڕ لەوڵاتی خۆیان بەبیانوی ئەوەی کە یاخیبوەکان بەکرێگیراوی داگیرکەران (ئیمپریالیزم)و جوداخوازان و خیانەتکارانن. بەبێ ئەو هۆکارە شومانە، دژوار بو ملیۆنان خەڵک بنێردرێت بۆ شەڕکردن دژ بە هاونیشتمانیانی خۆیان لە وڵاتەکەی خۆیاندا. ئەم پڕوپاگەندە ژەهراویانە گومانێکی قوڵی لای بەشێک لەتورکەکان بەرامبەر کوردەکان دروستکردبو.

ئەم بیرکردنەوە خراپە بڵاوەیکرد تا گەشتە ئەوەی بەرامبەر ئەو کوردانەش هەیان بو کە لەدەرەوەی سنوری تورکیاش بون. کاتێک کە حکومەتی هەرێمی کوردستان دامەزرا لە عێراق، نوخبە حیزبی و سەربازیەکانی تورکیا بە توندی بەرپەرچیان دایەوە. ئەوەیان راگەیاند کە بونی قەوارەیەکی بەو شێوە ''هێڵی سورە'' و بە جدی بیریان لە لەناوبردنی کردەوە. بەڵام کاتێک لەوە تێگەشتن کە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەڕەشەیەک نیە بۆ سەریان و ئەکرێت هاوبەشێکی باشی بازرگانی بێت، بیرکردنەوەیان بەرامبەر ئەو حکومەتە گۆڕا.

دواتر، کاتێک شەڕی ناوخۆی سوریا دەستی پێکرد، کوردەکان چارەنوسی خۆیان خستەوە دەستی خۆیان لەکوردستانی سوریا، جارێکی تر نیگەرانی تورکەکان سەری هەڵدایەوە. لەبەر ئەم نیگەرانیە بو کە حکومەتی تورکیا تەنها سەیرکەرێکی دەوڵەتی ئیسلامی بو لەعێراق و شام تا گەشتنە کۆبانی  و بونە هەڕەشەیەک لەسەر بونی کورد لەو شارۆچکەو هەتا لەهەمو باکوری سوریا. خەمساردی تورکیا لە بارەی ئەو خەڵکەی کە بە شێوەی ڕەشە کوژی لەناوبران، کە لە ئەنجامی وێران کردنی ناوچەیەک زیاتر لە چل کەس کوژران، بوە هۆی دروستبونی ناڕەزایەتیەکی زۆر.

بەرگریکردن و رزگارکردنی کۆبانی چەند وانەیەکی تیابو بۆ تورکیا، لەوانەش:
1. بە دڵنیاییەوە کوردەکان ئەتوانن بەرگری لە خۆیان بکەن بە یارمەتییەکی کەمی دۆستەکانیان.
2. کورد ئێستا ئەتوانرێت وەک ئەکتەرێکی سەربازی سیاسی لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا سەیر بکرێت.
3. تورکیا پێویستە لە کۆتایدا لەگەڵ کوردەکاندا رێکبکەوێت. ئەمەش رونتر بویەوە کاتێک کە pkk رایانگەیاند، کە بۆ دروستکردنی دەوڵەتێکی جیاواز تێناکۆشن، بەڵکو ئەیانەوێت پێکەوەبن و پێکەوە بژین لە سایەی وڵاتێکی دیموکراسیدا.
4. سەرکەوتنی کوردەکان لەکۆبانی، رێگر بو لەوەی کە داعش نزیکترببنەوە لە سنوری تورکیاو ببن بە هاوسنور لەگەڵ تورکیاو کاربکەنە سەر ئەو جۆرە عەقڵانەی کە وەک داعش بیر ئەکەنەوە لە تورکیا، کە هەڕەشەیەکی جدیە بۆ سەر ئاسایشی تورکیا.
5. رێگریکردنی دەسەڵاتدارانی تورکیا لە تێپەڕبونی سوپا و شەڕڤانان بۆ ناو کۆبانی کاتێک کە لەژێر گەمارۆی داعشدا بو، بوە هۆی دروستبونی هەڵوێست دژ بە تورکیا، کە ئەمەش تورکیای زیاتر لەبازنە نێو دەوڵەتیەکان دورئەخستەوە.
6. بێمتمانەیی کوردەکان بەرامبەر بە بەشێک لە حکومەتی تورکیاو حیزبی داد و گەشەپێدان، لەوانەیە ژمارەی دەنگدەرانی کورد کەم بکاتەوە بۆ ئەم حیزبە لە هەڵبژاردنی چاوەڕوانکراوی مانگی حوزەیرانی داهاتودا.
7. ئێستا کوردەکان زۆر بە گومانن لە دڵسۆزی حکومەتی ئاکەپە بۆ تاوتوێکردنی مەسەلەی ئاشتی و پرۆسەی چارەسەر وەک فێڵێکی هەڵبژاردن ئەبینن.
8. پێگەیpkk  لە جیهانی دەرەوە وەک هێزیکی شەڕکەر بەرامبەر توندڕەوە ئیسلامیەکان زیاتر ئەبینرێت، جیاواز لەوەی کە پێشتر بە دوژمنی مرۆڤایەتی ناسراو بون. سەردەمێک تیرۆریست بون، بەڵام ئێستا جەنگاوەری ئازادین.
9. کۆبانی و دەوروبەری ئێستا لەژێر دەسەڵاتی یەکینەکانی پاراستنی گەلدایە (یەپەگە) کە هاوبەشی  pkk یە لەسوریا. جێگەی سەرسامیە کە حکومەتی تورکیا بەنهێنی داوای لە شەڕڤانانی  یەپەگە/ پەکەکە کردوە کە شوێنی مەرقەدی شا سولەیمان بپارێزن، کە با پیرە گەورەی دامەزرێنەری ئیمپراتۆریەتی عوسمانیە.

جێی سەرسامیە ئەو هەمو گۆڕانکاریانە ببینرێت لە ماوەیەکی ئەوەندە کورتدا. بەرگریکردن و رزگارکردنی شارێکی وێرانکراو، دەورێکی گرنگی بینی لەسیاسەتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. لەم پرۆسەیەدا تورکیا زیاتر و کەمتر تەنها چاودێرێک بو نەک لایەنێکی کاریگەر.

سەرچاوە: تودەی زەمان