Print WWW.SBEIY.COM
 هیوای‌ كورده‌كان بۆ دیموكراتیزه‌كردنی‌ توركیا
28/03/2015 17:06:58
عومەر تاچپینار
لەئینگلزییەوە: بورهان عومەر


به‌دڵنیاییه‌وه‌ له‌مێژوی‌ توركیادا ئه‌بێته‌ ئایرۆنی‌ ئه‌گه‌ر كورده‌كان رۆڵێكی‌ گرنگ ببینن له‌ دیموكراتیزه‌كردنی‌ توركیادا له‌دوای‌ كه‌مالیسته‌كانی‌ توركیا، ئێستا ئیسلامیه‌كان وا ده‌رئه‌كه‌ون كه‌ ئه‌ركه‌ مێژویه‌كانی‌ خۆیان ته‌واو كردبێت. هه‌ندێك وای‌ ده‌بینن پرۆسه‌ی‌ دیموكراسی‌ به‌ره‌وپێشه‌وه‌ هه‌نگاوی‌ ناوه‌ له‌دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ پارتی‌ دادوگه‌شه‌پێدان ده‌سه‌ڵاتیان گرته‌ده‌ست له ‌2002 . بەڵام له‌ئێستادا ئه‌بێت هیوامان به‌ لایه‌نی‌ دوه‌م هه‌بێت كه‌ بریتین له‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ سیاسی‌ كورده‌كان له‌ دیموكراتیزه‌كردنی‌ توركیا.

له‌چاوی‌ كه‌مالیسته‌كانی‌ توركیا كورده‌كان و ئیسلامیه‌كان وه‌ك بزوتنه‌وه‌ی‌ دژی‌ سیستم ده‌رئه‌كه‌ون. سه‌ركه‌وتنه‌كانی‌ هه‌ردولا وا ده‌رده‌كه‌وێت له‌وانه‌یه‌ ئه‌و بزوتنه‌وانه‌ی‌ دژی‌ سیستمن چانسێكی‌ باشیان هه‌یه‌ بۆ گۆڕینی‌ سیستم. ئه‌م تیۆریه‌ هه‌ڵه‌یه‌ ئه‌گه‌ر پێمان وابێت كه‌مالیسته‌كان پارتی‌ گه‌لی‌ كۆماری (CHP) ‌بتوانن پرۆسه‌یه‌كی‌ دیموكراسی‌ درێژخایه‌ن پێشكه‌ش بكه‌ن بۆ دوای‌ كه‌مالیسته‌كانی‌ توركیا.

له‌وكاته‌وه‌ی‌ سه‌رۆكی‌ زیندانی‌ كراوی‌ پارتی‌ كرێكارانی‌ كوردستان (PKK) بانگی‌ له‌ لایه‌نگرانی‌ كرد بۆ چه‌كدانان،‌ به‌شێك له‌ پرۆسه‌ی‌ ئاشتی‌ بۆ كۆتایهێنان به‌ 30 ساڵ له‌ ته‌نگژه‌ی‌ نێوان هه‌ردولا، تێڕوانینی‌ سیاسیانه‌ی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ گه‌لان (HDP) به‌ره‌و پێشچونێكی‌ به‌خۆوه‌ بینیوه‌ له‌وه‌ی‌ چانسی‌ ئه‌وه‌ی‌ هه‌بێت بتوانن 10%ی ده‌نگه‌كان به‌ ده‌ستبهێنن. ئه‌گه‌ر بتوانن ده‌وروبه‌ری‌ 9% به‌ده‌ستبهێنن ئه‌وا نزیكه‌ی‌ 60 كورسی‌ په‌رله‌مانی‌ ئه‌كات، ئه‌وا كورده‌كان ده‌توانن ببن به‌ هه‌ڵسوڕێنه‌ری‌ پرۆسه‌ی‌ دیموكراسی‌ له‌ توركیادا.

ئه‌گه‌ر هه‌ده‌په‌ به‌ ژیرانه‌ مامه‌ڵه ‌بكه‌ن، كورده‌كان ده‌توانن ئه‌وه‌ی‌ AKP نه‌یتوانی‌ له‌ پرۆسه‌ی‌ دیموكراتیزه‌كردنی‌ توركیادا بیكات ئه‌مان بیكه‌ن. ئه‌توانن زۆر فێربن له‌و ساڵانه‌ی‌ دوای‌ AKP كاتێك سه‌رۆك ره‌جه‌ب ته‌یب ئەردۆگان وه‌ك "بكه‌ری‌ گۆڕانكاری‌" ناسراوبو. كاتێك ئەردۆگان دوای‌ 13 ساڵ له‌ده‌سه‌ڵات، خۆی‌ وا ده‌رده‌خست وه‌ك گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ دیموكراسی‌ توركیا بۆ سه‌ر هێڵی‌ خۆی‌ دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌ ساڵی‌ 1990ەوە له‌و هێڵه‌ی‌ خۆی‌ لایداوه‌، له‌ كاتێكدا توركیا گیرۆده‌ی‌ ناجێگیری‌ سیاسی‌ و ئابوری‌ بوبو. پێچه‌وانه‌ی‌ ئیسلامیه‌كانی‌ پێش خۆی‌ به‌رده‌وام بو له‌ چاكسازی‌ و چونه‌ ناو یه‌كێتی‌ ئه‌وروپا. به‌ڵێنیدا له‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ سیاسی‌ سوپا. توانی‌ ئیسلامیه‌كان و كۆنزێرڤاتیڤه‌كان و لیبراڵه‌كان و گروپه‌ بازرگانیه‌كان له‌ ده‌وری ‌ AKPكۆبكاته‌وه‌ به‌ بیانوی‌ داماڵینی‌ سوپا له‌ سیاسه‌ت.

له‌سایه‌ی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ ئەردۆگان AKP ده‌ستیكرد به‌ چاكسازی‌ ئابوری‌ و سیاسی‌ روبه‌ڕوی‌ نوخبه‌ سوندمه‌نده‌كانی‌ كه‌مالیسته‌كان بویه‌وه‌، به‌تایبه‌ت  سوپاو‌ مه‌ساحه‌یه‌كی‌ فراوانی‌ سیاسی‌ كرده‌وه‌ له‌به‌رده‌م ئه‌و گروپانه‌ی‌ كه‌ له‌لایه‌ن كه‌مالیسته‌كانه‌وه‌ په‌راوێزخرابون. له‌م ساڵانه‌ی‌ دوایدا AKP و ئەردۆگان ته‌واو به‌ره‌و دیكتاتۆری‌ هانگاویان ناوه‌، سه‌ركوتكردنی‌ خۆپیشانده‌ران به‌ شێوه‌یه‌كی‌ دڕندانه‌، سنورداركردنی‌ ئازادی‌ راده‌ربڕین، گه‌نده‌ڵی‌ ئابڕوبه‌رانه‌ روبەڕوی توركیا بویه‌وه‌ له‌ژێر سایه‌ی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ ئه‌م سه‌رۆكه‌دا.

AKP یه‌كێكه‌ له‌ به‌ربه‌سته‌كانی‌ به‌هێزكردن و به‌ره‌وپێشبردنی‌ دیموكراسی‌ له‌ توركیادا. هێشتا یه‌كێكه‌ له‌پارته‌ دیاره‌كان له‌وڵاتدا. عەلمانیه‌كان CHP و پارتی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ نه‌ته‌وه‌په‌رسته‌كان (MHP) ناتوانن هیچ پرۆژه‌یه‌كی‌ لیبراڵ و دیموكراسی‌ پێشكه‌ش بكه‌ن. بەڵام هه‌رچۆنێك بێت HDP ده‌توانێت ئه‌و بۆشاییه‌ پڕبكاته‌وه‌ و ببێت به‌ جێگره‌وه‌یه‌كی‌ لیبراڵانه‌ كه‌ وڵات بێ‌ بیركردنه‌وه‌ پێویستی‌ پێیه‌تی‌.

HDP پێشتر به‌ ستراتیجی‌ خۆیدا چوبوه‌وه‌ له‌هه‌وڵدان بۆ چاكسازی‌ له‌هه‌مو به‌شێكی‌ كۆمه‌ڵگه‌ی‌ توركیدا نه‌ك ته‌نها بۆ كورده‌كان. سه‌رۆكی‌ HDP سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاش له‌هاوینی‌ رابردودا هه‌ڵمه‌تێكی‌ سه‌ركه‌وتوی‌ به‌ڕێكرد له‌هه‌ڵبژاردنی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ توركیادا، هه‌وڵه‌كانی‌ ته‌نها بۆ كورده‌كانی‌ وڵات نه‌بو، به‌ڵكو به‌تایبه‌ت جه‌ختكردنه‌وه‌ بو بۆ حوكمی‌ یاسا، به‌رپرسارێتی‌، ئازادی‌ راده‌ربڕین و به‌ره‌وپێشبردنی‌ دیموكراسی‌ بو بوه‌هۆی‌ به‌ ده‌ستهێنانی‌ ده‌نگێكی‌ زۆری‌ CHP و لیبراڵه‌كانی‌ توركیا.

ئه‌مڕۆ  HDPبه‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ ده‌میرتاش كاریگه‌ری‌ باشیان هه‌یه‌ بۆ دوباره‌ پیاچونه‌وه‌ به‌ چالاكیه‌كانیاندا. ده‌توانن هاوپه‌یمانیه‌تێكی‌ سه‌ركه‌وتوانه‌ له‌گه‌ڵ لیبراڵه‌كان و گه‌نجان و گروپه‌ په‌راوێزخراوه‌كان و به‌شێك له‌ CHP كه‌ له‌لایه‌ن CHPەوه‌ ته‌ریك كراون پێكبهێنن دژی‌ AKP و هاوپه‌یمانه‌كانی‌.

ئه‌م جوڵاندنه‌وه‌یه‌ ژیرانه‌ ده‌ستیپێكرد كاتێك ده‌میرتاش رایگه‌یاند له‌هه‌وڵی‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ یاسای‌ ئاسایشی‌ ناوخۆی‌ توركیادان كه‌ AKP سه‌رسه‌ختانه‌ به‌رگری‌ لێده‌كات، ئه‌مه‌ ناردنی‌ ئه‌و سیگناڵه‌ بو كه‌ پارته‌كه‌ی‌ (HDP) نه‌ك هه‌وڵی‌ چاره‌سه‌ری‌ پرسی‌ كورد ده‌دات، به‌ڵكو هه‌وڵی‌ چاره‌سه‌ری‌ هه‌مو ئه‌و كێشانه‌ی‌ كه‌ په‌یوه‌ندی‌ به‌ كۆمه‌ڵگه‌ی‌ توركییه‌وه‌ هه‌یه‌ ده‌دات. له‌هه‌موی‌ گرنگتر HDP دژی‌ خه‌ونی‌ رژێمی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ ئەردۆگانە كه‌ ئه‌مه‌ ئه‌كرێ ببێته‌ هۆی‌ رێگر له‌ هاتنه‌ ئارای‌ چاره‌سه‌ری‌ سیاسی‌ دیكه‌، به‌هه‌رحاڵ داهاتوی‌ دیموكراسی‌ توركیا ئێستا له‌ ده‌ستی‌ كورده‌كاندایه‌.

سه‌رچاوه‌: توده‌ی‌ زه‌مان