Print WWW.SBEIY.COM
 له‌ چاوه‌ڕوانی خراپتربونی شه‌ڕی دڕندانه‌ی تایفی له‌ عێراقدا
19/04/2015 14:42:51
لۆرێن ولیامس
له‌ ئینگلیزییه‌وه‌: ئاراز ئه‌حمه‌د محه‌مه‌د


جارێکی تر له‌ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا، ده‌ستکه‌وته‌ کورتخایه‌نه‌کان هه‌ژمون به‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌ درێژ خایه‌نه‌کاندا ده‌سه‌پێنن. به‌ په‌نای وشکبونه‌وه‌ی مەره‌که‌بی سه‌ر کاغه‌زی رێککه‌وتنامه‌ی ئه‌تۆمی ئێران، لاشه‌ی مردویی کۆکراوه‌ی خه‌ڵکیش به‌رزتر ده‌بێته‌وه‌. زۆربه‌ی ئه‌و لاشه‌ مردوانه‌ سو‌نی مه‌ده‌نین و له‌لایه‌ن میلیشیا شیعه‌کانه‌وه‌ ده‌کوژرێن، به‌ هاریکاری ئێران که‌ هاوپه‌یمانی حکومه‌تی عێراقه‌ له‌شه‌ڕکردن دژ به‌ داعشدا.

ژماره‌ی ئه‌و راپۆرتانه‌ی که‌ باس له‌هێرشی دڕندانەی میلیشیا شیعه‌کان ده‌کات بۆ سه‌ر دانیشتوانی سونی له‌ زیاد بوندان. رێکخراوی چاودێری مافه‌کانی مرۆڤ له‌ڕاپۆرتێکیدا له‌ مانگی 2-2015 دا رایگەیاند، "دانیشتوان ناچار ده‌کرێن به‌ جێهێشتنی ماڵه‌کانیان یان ده‌ڕفێنرێن یان ده‌ستبه‌جێ ده‌کوژرێن". راپۆرته‌که‌ ئاماژه‌ به‌ ده‌نگۆی‌ به‌کۆمه‌ڵ کوشتنی 72 هاوڵاتی مه‌ده‌نی له‌ شارۆچکه‌ی به‌روانه‌ له‌سه‌ر ده‌ستی میلیشیا شیعه‌کان و هێزه‌کانی سواته‌وه‌ ده‌کات. له‌کاردانه‌وه‌یان به‌رامبه‌ر هێرشه‌کانی داعش، گرته‌ی ڤیدیۆی دزێو له‌ تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کاندا ده‌بینرێت گوایه‌ ئه‌ندامانی میلیشیا شیعه‌کان به‌ شێوه‌یه‌کی دڕندانه‌ ئازاری سونییه‌کان ده‌ده‌ن.

له‌شه‌ڕی دژ به‌ داعشدا، هێزه‌کانی عێراق، پێشمه‌رگه‌ و میلیشیا شیعه‌کان له‌وانه‌ رێکخراوی به‌در و هێزه‌ میلیشیاکانی عه‌سایب ئه‌هل ئه‌ل حه‌ق پاڵپشتی ده‌کرێن له‌لایه‌ن ئه‌مەریکاوه‌و به‌ بلیۆنان دۆلار خه‌رج ده‌کرێت بۆ‌ چه‌ک و ته‌قه‌مه‌نی سه‌ربازی له‌ڕێگه‌ی حکومه‌تی عێراقییه‌وه‌. ئه‌و بارودۆخه‌ش ئه‌مەریکا به‌ شێوه‌یه‌کی دیفاکتۆ ده‌خاته‌ پێگه‌ی هاوپه‌یمانێتی له‌گه‌ڵ ئێران و بریکاره‌کانی (میلیشیا شیعه‌کان)، که‌ تۆمه‌تبارن به‌ ئه‌نجامدانی تاوانی جه‌نگ هاوشێوه‌ی ئه‌وانه‌ی داعش ئه‌نجامیداون.

له‌شاری تکریت که‌ زۆرینه‌ی دانیشتوانه‌که‌ی سونین، میلیشیا شیعه‌کان به‌ هاوشانی راوێژکاره‌ ئێرانییه‌کان و ته‌نانه‌ت ئیمامه‌ شیعه‌کانیش سەر‌په‌رشتی شه‌ڕێکیان بۆ ده‌ست به‌سه‌رداگرتنی شاری تکریت کرد. له‌سه‌ره‌تادا ئه‌مەریکا بێده‌نگی هه‌ڵبژارد، به‌ڵام له‌ کۆتایدا له‌ڕێگه‌ی فڕۆکه‌ی ئاسمانییه‌وه‌ هاریکاری میلیشیا شیعه‌کانی کرد. تکریت شوێنی دزێوترین به‌کوشتنی کۆمه‌ڵ بو له‌سه‌ر ده‌ستی داعش، کاتێک چه‌کدارانی داعش به‌کتوپڕی نزیکه‌ی 1000 شیعه‌ی لەناوبرد. ئێستا تکریت له‌ژێر کۆنتڕۆڵی هێزه‌کانی حکومه‌تی عێراقدایه‌و هه‌مان دیمه‌نی کوشتن و ئه‌نجامدانی تاوانی جه‌نگ ده‌بینرێت و ئه‌ندامانی میلیشیا شیعه‌کانی حه‌شدی شه‌عبی تۆمه‌تبار ده‌کرێن به‌ ئه‌نجامدانی ئه‌و تاوانانه‌ به‌رامبه‌ر به‌و که‌سانه‌ی گومانیان لێده‌که‌ن هاوکاری داعش بوبێتن.

هه‌روه‌ک شه‌ڕه‌که‌ نزیک ده‌بێته‌وه‌ له‌چه‌قی پارێزگاری ئه‌نبار- ئه‌نبار‌ قه‌ڵای گرنگی داعشه‌ و هاوسنوره‌ له‌گه‌ڵ سوریادا و یه‌کێک بو له‌به‌هێزترین شوێنی به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ دژ به‌ ئه‌مەریکا له‌ 2004- 2006 دا- پشت به‌ستن به‌ میلیشیا شیعه‌کان ئه‌وه‌نده‌ی تر مایه‌ی ئاڵۆزییه‌ .

له‌کاتێکدا هێزه‌ چه‌کداره‌ شیعه‌کان مه‌ستی سه‌رکه‌وتنن له‌ شاره‌کانی وه‌ک دیاله‌ و که‌رکوک، چاوه‌ڕێ ده‌کرێت سه‌رکه‌وتنی شیعه‌ له‌ پارێزگای ئه‌نبار ببێته‌ هۆکاری هه‌ڵگیرسانی شه‌ڕی تایفی و ره‌نگه‌ سه‌ر‌بکێشێت بۆ پاکتاوی ره‌گه‌زی و ته‌نانه‌ت هانده‌ر ده‌بێت بۆ هاوسۆزی خه‌ڵک بۆ داعش و دنه‌ی توندڕه‌وی هه‌ردو لایه‌نگرانی شیعه‌ و سونه‌ش بۆ پێکدادان ده‌دات.

حکومه‌تی عێراقی نائومێدکه‌رانه‌ تایفی و گه‌نده‌ڵه‌. له‌ڕاستیدا، سیاسه‌ته‌ تایفییه‌که‌ی نوری مالیکی- سه‌رۆک وه‌زیرانی پێشو- و پاڵدانه‌وه‌ی به‌ ئێرانه‌وه‌ بوه‌ هۆکاری سه‌رهه‌ڵدانی داعش. میراتگره‌وه‌که‌ی مالیکی، حه‌یده‌ر ئه‌لعه‌بادی، وا ده‌رده‌که‌وێت که‌سایه‌تییه‌کی میانڕه‌و و گیانی هه‌ره‌وه‌زی هه‌بێت، به‌ڵام مالیکی به‌رده‌وامه‌ له‌سه‌ر رابه‌رایه‌تی کردنی حیزبه‌که‌ی، حیزبی ده‌عوەی ئیسلامی و حکومه‌تیش توشی شه‌له‌ل بوه‌ به‌ده‌ست بارگرژی تایفییه‌وه‌ .

عه‌بادی له‌پێناوی سه‌رکردایه‌تی کردنی عێراقێکی ئارام و یه‌کگرتو و به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی پێشڕه‌وییه‌کانی داعش، پێویسته‌ دانیشتوانه‌ سونییه‌که‌ له‌ ئامێز بگرێته‌وه‌ (به‌تایبه‌ت خێڵه‌ سونییه‌کان) و خۆبپارێزێ له‌ ئاگری شه‌ڕی تایفی. په‌رله‌مانی عێراق به‌ جدی له‌هه‌وڵدایه‌ بۆ کارکردن له‌سه‌ر رە‌شنوسی مشتومڕئامێزی گاردی نیشتیمانی بۆ ئه‌وه‌ی ببێته‌ چه‌ترێک بۆ هه‌مو هیزه‌ سه‌ربازییه‌کان به‌ له‌خۆگرتنی سونییه‌کان و چه‌کداره‌ خێڵه‌کییه‌کان و ڕه‌نگه‌ پێشمه‌رگه‌ و میلیشیا شیعه‌کانیش تێیدا جێبکرێنه‌وه‌.

به‌ڵام له‌م چرکه‌ ساته‌ هه‌ستیارەی ‌شه‌ڕی دژ به‌ داعشدا ئه‌م پرۆژه‌ی گاردی نیشتیمانییه ره‌نگه‌ سه‌رنه‌گرێت. بۆچی؟‌
یه‌کێک له‌ هۆکاره‌کان ئه‌وه‌یه‌ که‌ خێڵه‌کان یه‌کگرتو نین. زۆربه‌ی ئه‌و خێڵه‌ سونیانه‌ی که‌ پاڵپشتی به‌هێزی ئه‌مەریکا بون له‌ دروستکردنی هێزه‌کانی ئه‌نجومه‌نی سه‌حوا که‌ ئه‌لقاعیده‌یان تێکشکاند له‌ 2008 دا، له‌ ئێستادا یان به‌ ئاشکرا لایەنگری داعشن یان تیا ماون له‌ نێوان دو لایه‌ندا و نازانن کامیان هه‌ڵبژێرن. ئه‌ندامانی خێڵ و هێزه‌کانی سه‌حوە به‌ توندی دژی حکومه‌ته‌که‌ی مالیکی بون و پێناچێت هاوپه‌یمانی دژ به‌ سونه‌کانی تر قبوڵ بکه‌ن. هه‌ندێک له‌ سه‌رکرده‌ی هۆزه‌ سونییه‌کان داوای چه‌ک و پاڵپشتیان کرد له‌ هه‌وڵدانیان بۆ وه‌ستانه‌وه‌ دژ به‌‌ داعش، به‌ڵام سه‌رکه‌وتو نه‌بون. ده‌ستی پۆڵاینی داعش بوه‌ هۆکاری‌ کپکردنه‌وه‌ی هه‌ر جۆره‌ به‌رهه‌‌ڵست کارییه‌کی ئه‌و سه‌رۆک هێزانه‌و به‌ قایمی دایمرکاندنه‌وه‌ .

هه‌رچه‌نده‌ هه‌ندێک له‌هاوڵاتی سونی سکاڵا له‌حوکمی توندی داعش ده‌که‌ن، به‌شێکی زۆریان پێشوازیان لێکردن وه‌ک ئازادکه‌ر و ته‌نانه‌ت له‌ کاروباری کارگێڕیدا ئاسانکاریان بۆ کردن. ره‌نگه‌ ئه‌و پاڵپشتییه‌ تاڕاده‌یه‌ک که‌مبوبێته‌وه‌ به‌هۆی حوکمی دڕندانه‌ و بێبه‌زه‌ییانه‌ی داعشه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وهاوڵاتییه‌ سونیانه‌ روبه‌ڕوی هه‌ڵبژاردنێک بونه‌وه‌ له‌ نێوان داعش و هێزێکی شیعی تایفی خوێنڕێژ به‌پاڵپشتی هێزه‌ ئیرانییه‌کان له‌ وڵاتێکدا که‌ خۆی نوقمی ڕقی تایفییه‌، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌یه‌ هاوڵاتی مه‌ده‌نی سونی ڕه‌نگه‌ داعش هه‌ڵبژێرن. ناونوسکردن بۆ سوپای گاردی نیشتیمانی له‌م حه‌وزه‌ لیخنه‌دا ره‌نگه‌ ئاسته‌م بێت.

ده‌ستپێشخه‌ری بۆ دروستکردنی گاردی نیشتیمانی هه‌ر زو روبه‌ڕوی به‌رهه‌ڵستی توندی فراکسیۆنه‌ شیعه‌کانی پاڵپشتکراو له‌ لایەن ئێرانه‌وه‌ بویه‌وه‌، چونکه‌ له‌وه‌ ده‌ترسن به‌هۆی ئه‌م سوپایه‌وه‌ ده‌سه‌ڵاتیان به‌سه‌‌ر هێزه‌کانی عێراقدا که‌مبێته‌وه‌و رێگاخۆشکه‌ریش بێت بۆ هێزێکی سونی بۆ به‌رهه‌ڵستی کردنی حکومه‌تی ناوه‌ند. مالیکی و پێشمه‌رگه‌ وا ده‌رده‌که‌وێت له‌هه‌وڵی وه‌ستاندنی ئه‌م ده‌ستپێشخه‌رییه‌دا بن.

ره‌خنه‌گران ئاماژه‌ بۆ رێکه‌وتنه‌ ئه‌تۆمییه‌که‌ی ئه‌مدواییه‌ی ئێران ده‌که‌ن و پێیان وایه‌ ئێران خۆی بوارد له‌ده‌ستێوه‌ردان له‌عێراقدا ‌تا دانوستانه‌کان گرژی تێنه‌که‌وێت. له‌ئێستادا که‌ رێکه‌وتنه‌که‌ وا خه‌ریکه‌ سه‌رده‌گرێت، ئێران شوێن پێی خۆی قایمکردوه‌ له‌ عێراقداو ده‌ستڕۆیشتویشی درێژ ده‌بێته‌وه‌ بۆ سوریا که‌‌ ئه‌مەریکا تیاماوه‌ له‌ هاریکاریکردنی به‌شار ئه‌سه‌د، ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕای ده‌ستڕۆیشتویی ئێران به‌سه‌ر بریکاره‌که‌ی که‌ حیزبوڵایه‌ له‌ لوبناندا و پێگه‌ی به‌هێزی هه‌یه‌. له‌ ئێستادا‌ سه‌رکه‌وتنی شیعه‌کان وه‌ک راستییه‌ک ده‌رده‌که‌وێت و له‌ ئان و ساتی کۆتایی هاتنی داعشدا، چاوه‌ڕێ ناکرێت ئه‌ندامانی میلیشیا شیعه‌ی ئێرانی، عێراق به‌ جێ بهێڵن. حه‌سه‌ن نه‌سروڵای سه‌رکرده‌ی حیزبوڵا رێکه‌وتنه‌ ئه‌تۆمییه‌که‌ی ئێرانی به‌ سه‌رکه‌وتن له‌ قه‌ڵه‌مدا، له‌ کاتێکدا سه‌رۆک وه‌زیرانی ئیسرایل رایگه‌یاند: "ئه‌و سازشکردنه‌ی پێشکه‌ش به‌ ئێران کراوه‌ نمونه‌یه‌کی خراپ ده‌بێت و مه‌ترسییه‌ بۆ سه‌ر ئیسرایل، رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و ئاشتی جیهانی".

ئه‌گه‌ر مه‌به‌ست بێت له‌رێگریکردن له‌ بڵاوبونه‌وه‌ی چه‌کی ئه‌تۆم به‌هه‌ر تێچونێک بێت، تێچونه‌کان ده‌بێت ئاماژه‌یان پێ بکرێت: عێراقێکی زیاتر دابه‌شکراو، هه‌ژمونی ئێران له‌هه‌رێمێکی تێکشکاودا، یان تلانه‌وه‌ی دانیشتوه‌ سونییه‌کان به‌ده‌ست ئازاره‌وه، یان به‌هێزبونی ئایدۆلۆجی زیاتری داعش.

سه‌رچاوه‌: لۆویئینته‌رپریته‌ر