Print WWW.SBEIY.COM
 مه‌ترسی گه‌وره‌ ‌بۆ ئەردۆگان و کورد له‌ هه‌ڵبژاردنی داهاتودا به‌ڕێوه‌یه
21/04/2015 14:48:18
ده‌یڤ هۆڵمز
له‌ئینگلیزییه‌وه‌: ئاراز ئه‌حمه‌د محه‌مه‌د


له‌ هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانییه‌که‌ی تورکیا کە مانگی 7-2015 ئەنجامدەدرێت، مه‌ترسی گه‌وره‌ بۆ پارتی حکومڕانی دادو گه‌شه‌پێدان (ئه‌که‌په‌) و هاوڵاتیانی سته‌ملێکراوی کورد به‌ڕێوه‌یه‌.

پارته‌که‌ی ره‌جه‌ب ته‌یب ئەردۆگان (ئه‌که‌په)‌، 49% ده‌نگه‌کانی له‌هه‌ڵبژاردنی 2011 دا به‌ده‌ستهێنا و خاوه‌نی 312 کورسی په‌رله‌مانه‌ له‌ کۆی 550 کورسی. له‌ڕاپرسییه‌کی ده‌زگای گێزیجی ئاراشترما له‌ مانگی 1-2015 دا، پێشبینی ده‌کات له‌ هه‌ڵبژاردنه‌که‌ی‌ داهاتودا، ئه‌که‌په‌ رێژه‌ی ده‌نگه‌کانی بۆ‌ 9.7% دابه‌زێت؛ واته‌ بۆ خوار 40%.

پارته‌که‌ی سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاش، پارتی دیموکراتی گه‌لان (هه‌ده‌په‌)، به‌ به‌کارهێنانی ته‌کنیکی نوێ، چاوه‌ڕێ ده‌کرێت پێشکه‌وتنی گه‌وره‌ به‌ خۆیه‌وه‌ ببینێت. پێشتر که‌ کاندیده‌کانی به‌شێوه‌ی سه‌ربه‌خۆ بو، هه‌ده‌په‌ 27 کورسی په‌رله‌مانی به‌ده‌ستهێنا.

له‌هه‌ڵبژادنی ئه‌مجاره‌دا، هه‌ده‌په‌ وه‌ک پارتێک (نه‌ک کاندیدی سه‌ربه‌خۆ) له‌هه‌مو ناوچه‌کاندا به‌شداری ده‌کات.

ئه‌گه‌ر به‌ربه‌ستی نادیموکراتی 10% تێپه‌ڕێنێت (هه‌ر پارتێک ڕێژه‌ی له‌ 10% ده‌نگ که‌متر بێنێت، نوێنه‌ری نابێت له‌ په‌رله‌ماندا)، ئه‌وا ئه‌ندام په‌رله‌مانی زیاتر ده‌نێرێته‌ په‌رله‌مانه‌وه‌ و ده‌بێته‌ هێزێکی ناسراو له‌ سیاسه‌تی تورکیادا. ئه‌گه‌ر ئه‌و رێژه‌یه‌ تێنه‌په‌ڕێنێت، هه‌مو ده‌نگه‌کانی وه‌ک به‌خشیش ده‌ڕوات بۆ پارتی براوه‌ - که‌ پێشبینی ده‌کرێت ئه‌که‌په‌ بێت.

چاودێران پێیانوایه‌‌ هه‌ده‌په‌ سه‌رقاڵی گره‌وێکی مه‌ترسیداره‌، به‌ڵام راپرسییه‌کی نوێ به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ له‌پێشبینیه‌که‌ ده‌ڕوانێت.‌ له‌ڕاپرسی مانگی 4-2015 ده‌زگای گێزیجی له‌ شاری ئه‌سته‌مبوڵدا که‌ کورد له‌ 20% دانیشوانه‌که‌ی پێکده‌هێنێت، پێشبینی ده‌کات هه‌ده‌په‌ 13% ده‌نگه‌کان فه‌راهه‌م بکات که‌ زیادبونێکی دراماتیکییه‌ به‌ به‌راورد به‌ هه‌ڵبژاردنه‌که‌ی 2011 که‌ هه‌ده‌په‌ ته‌نها %5.3 به‌ده‌ستهێنا.

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، ئه‌که‌په‌ پاڵپشتی له‌نێو دانیشتوانه‌ کورده‌که‌ی ئه‌سته‌مبوڵدا له‌ ده‌ستداوه‌.

ئه‌ردۆگان جه‌ختی کرده‌وه‌ که‌ مه‌به‌ستی له‌ هه‌ڵبژاردنه‌که‌ی مانگی 7-2015 دا، دو له‌سه‌ر سێی ده‌نگه‌کان به‌ده‌ست بهێنێت هه‌تاوه‌کو بتوانێت له‌ ڕێگه‌ی ده‌نگدانی په‌رله‌مانییه‌وه‌ ده‌ستور بگۆڕێت بۆ سیسته‌مێکی ناوه‌ندی به‌هێزی سه‌رۆکایه‌تی.

گومان هه‌یه‌ له‌وه‌ی ئه‌که‌په‌ بتوانێت ئه‌م ئامانجه‌ی بپێکێت. دابه‌زینی ده‌نگده‌ری ئه‌که‌په‌ به‌پێی راپرسییه‌که‌، هه‌بونی بارگرژی له‌ناوخۆی ئه‌که‌په‌دا و به‌رزبونه‌وه‌ی لایه‌نگری بۆ هه‌ده‌په‌ واده‌کات که‌ ئه‌سته‌م بێت ئه‌ردۆگان بتوانێت دو له‌سه‌ر سێی ده‌نگه‌کان به‌ده‌ستبهێنێت.

رای گشتی دژ به‌ سیسته‌می سه‌رۆکایه‌تیه‌ و ته‌نانه‌ت له‌ناو خودی ئه‌که‌په‌شدا هه‌ندێک دژ به‌و سیسته‌مه‌ لێدوانیان داوه‌. ته‌نانه‌ت ئه‌که‌په‌ ره‌نگه‌ نه‌توانێت زۆرینه‌ی ده‌نگه‌کانی په‌رله‌مان به‌ده‌ستبهێنێت و ناچار بێت هاوپه‌یمانێتی ببه‌ستێت.

وه‌ک سه‌رۆک، ئه‌ردۆغان له‌سه‌رو سیاسه‌تی حیزبه‌وه‌یه‌و گومانیش نییه‌ له‌وه‌ی که‌ که‌سی یه‌که‌مه‌ له‌نێو ئه‌که‌په‌دا. هه‌رچه‌نده‌ به‌م دواییانه‌، دابه‌شبونێکی سه‌رسوڕهێنه‌رانه‌ له‌نێو ریزه‌کانی ئه‌که‌په‌دا ده‌بینرێت.

کێشه‌ی سه‌ره‌کی ئه‌که‌په‌ په‌یوه‌سه‌ته‌ به‌ کورده‌کانه‌وه‌. حکومه‌ت رایده‌گه‌یه‌نێت که‌ ئاماده‌یه‌ دانوستانی ئاشتیانه‌ له‌گه‌ڵ سه‌رکرده‌ کورده‌کان گرێبدات- له‌بنه‌ڕه‌تدا مه‌به‌ست پارتی کرێکارانی کورستان (په‌که‌که‌)یه‌، که‌ له‌لایه‌ن عه‌بدوڵا ئۆجه‌لانه‌وه‌ رابه‌رایه‌تی ده‌کرێت، به‌ڵام له‌ 1999 له‌زینداندایه‌. به‌مدواییانه‌ش، حکومه‌ت و سه‌رانی کورد به‌یاننامه‌یه‌کیان سه‌باره‌ت به‌هه‌مان پرۆسه‌ی پرسی دانوستانی ئاشتیانه‌ بڵاوکرده‌وه‌ .

هه‌ر له‌م سه‌روبه‌نده‌دا بو، ئه‌ردۆگان رایگه‌یاند که‌وا کێشه‌ی کورد له‌ تورکیادا بونی نییه‌ - ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ کرد که‌ کێشه‌ی کورد له‌ ده‌ره‌وه‌ دروستده‌کرێت نه‌ک ناوخۆی تورکیا.

ره‌نگه‌ ئه‌م لێدوانه‌ی ئه‌ردۆگان خزمه‌ت به‌خودی سیاسه‌ته‌ په‌ڕگیره‌ نه‌ته‌وه‌ په‌رستییه‌که‌ی ئه‌که‌په‌ بکات، به‌ڵام ئه‌سته‌مه‌ رای گشتی پێ هه‌ڵبخه‌ڵه‌تێنێت، چونکه‌ رای گشتی دانوستانی ئاشتیانه‌ی ده‌وێت.

پاڵپشتی سه‌ره‌کی هه‌ده‌په‌ ده‌که‌وێته‌ ئه‌و‌ ناوچانه‌ی دانیشتوانه‌ کورده‌که‌ی ده‌چه‌وسێنرێنه‌وه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا‌ هه‌ده‌په‌ له‌ هه‌مو تورکیادا تێده‌کۆشێت ببێت به‌ به‌رگریکه‌ر له‌وانه‌ی سته‌میان لێده‌کرێت و هه‌ڵاوێر ده‌کرێن. ئه‌وانه‌ش بریتین له‌ ژنان، که‌مایه‌تی ئاینی عه‌لاوییه‌کان، ژنانی هاوڕه‌گه‌زباز، پیاوانی هاوڕه‌گه‌زباز، نێره‌موکه‌کان و ئه‌و که‌سانه‌ش که‌ ره‌گه‌زیان گۆڕیوه‌، پاشانایش کرێکاران و چینه‌کانی تری هاوشێوه‌ .

به‌مدواییانه‌ هه‌ده‌په‌ به‌ڕه‌سمی ناوی پاڵێوراوه‌کانی بڵاوکرده‌وه‌ که‌ لیستێکی گشتگیر و به‌رفراوانه‌ و ره‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و ئامانجانه‌یه‌ که‌ هه‌ده‌په‌ ده‌یه‌وێت فه‌راهه‌می بکات. ئاژانسی هه‌واڵی فورات رایگه‌یاند: "لیسته‌که‌ی هه‌ده‌په‌ ئه‌رمه‌نی، ئیسلامی، عه‌لاوی، کرێکاران، ژنان، ژینگه‌پارێزان، چالاکه‌وانانی بواری هاوڕه‌زبازی و نوێنه‌ری هه‌مو ئه‌و گروپانه‌شی تێدایه‌ که‌ زوڵمیان ده‌رحه‌ق ده‌کرێت".

له‌کۆی ژماره‌ی 550 پاڵێوراو، 268 پالێوراوی ئافره‌تی تێدایه‌ - که‌ ئه‌مه‌ش ڕیکۆردێکی نوێیه‌ به‌ نیسبه‌تی وڵاتی تورکیاوه‌. له‌کاتێکدا ئه‌که‌په‌ ڕێژه‌ی ژنانی پاڵێوراوی که‌متر له‌ %20 ده‌بێت.

یه‌کێک له‌وانه‌ی که‌ رۆڵی گرنگ ده‌گێڕن بۆ تێپه‌ڕاندنی رێژه‌ی 10%ی ده‌نگه‌کان له‌ به‌رژه‌وه‌ندی هه‌ده‌په‌، ده‌نگده‌رانی تورک و کوردی نیشته‌جێی وڵاتانی ترن.

له‌بابه‌تێکی رۆژنامه‌ی زه‌مانی تورکی لە 30-3-2015 دا نوسراوه‌ که‌ ده‌نگده‌رانی تورکی نیشته‌جێی وڵاتانی ئه‌وروپی ده‌گه‌نه‌ 3% بۆ له‌ 4% کۆی گشتی رێژه‌ی ده‌نگده‌ران. ته‌نها له‌ ئه‌ڵمانیادا، 1.4 ملیۆن ده‌نگده‌ر هه‌یه‌ بۆ ده‌نگدانه‌ په‌رله‌مانییه‌که‌ له‌ مانگی 7- 2015 دا.

له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کانی پێشوتردا کاتێک که‌ پالێوراوه‌کانی هه‌ده‌په‌ به‌ سه‌ربه‌خۆ به‌شدار ده‌بون، هه‌ده‌په‌ نه‌یده‌توانی ده‌نگ له‌ ده‌نگده‌رانی وڵاتانی تره‌وه‌ به‌ده‌ست بهێنێت. به‌ڵام له‌ ئێستادا که‌ وه‌ک پارتێک به‌شداره‌، ئالیگره‌کانی هه‌ده‌په‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی تورکیا ده‌توانن به‌ڕاسته‌وخۆ ده‌نگ به‌ هه‌ده‌په‌ بده‌ن.

گه‌مارۆکه‌ی سه‌ر کۆبانێ به‌ درێژایی مانگی 9-2014 بۆ مانگی 1-2015، ئه‌و شاره‌ زۆرینه‌ کوردنشینه‌ی باکوری سوریا له‌لایه‌ن چه‌ته‌کانی داعشه‌وه‌ و به‌رخۆدانه‌ داستائاساییه‌که‌ی خه‌ڵکه‌که‌ی، کاریگه‌ری به‌هێزی هه‌یه‌ له‌سه‌ر سیاسه‌ت له‌ تورکیادا.

رۆڵی شه‌رمهێنه‌ری ئه‌ردۆگان و حکومه‌ته‌که‌ی- مه‌به‌ست له‌ڕه‌تکردنه‌وه‌که‌ی ئه‌ردۆگانه‌ بۆ یارمه‌تی دانی کوردانی کۆبانێ و لایه‌نگری بۆ داعش- به‌دڵنیاییه‌وه‌ کاریگه‌ری ده‌بێت له‌سه‌ر ئه‌و کوردانه‌ی که‌ پێشتر ده‌نگیان به‌ ئه‌ردۆگان داوه‌ .

ئه‌م پێشهاتانه‌ له‌کاتێکدایه‌ که‌ په‌که‌که‌ چالاکی سه‌ربازی دژ به‌ حکومه‌تی تورکیا هه‌ڵپه‌ساردوه‌و به‌ جدی له‌هه‌وڵی دانوستاندایه‌ بۆ به‌ده‌ستهێنانی چاره‌سه‌ری ناوخۆیی.

ئۆجه‌لان ده‌یه‌وێت په‌که‌که‌ ببێت به‌ پارتێکی سیاسی پوخت و خه‌بات بکات له‌پێناوی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری (ئوتۆنۆمی) کورد له‌چوارچێوه‌ی تورکیایه‌کی دیموکراسیدا.

ئه‌و‌ه‌ سه‌ربورده‌ی ئه‌و زمینه‌سازییه‌ که‌ هه‌ده‌په‌ بڕیاری بوێرانه‌ی لێداوه‌ وه‌ک پارتێک کێبڕکێی له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کاندا بکات. ئه‌گه‌ر هه‌ده‌په‌ بتوانێت به‌ربه‌ستی 10% ی ده‌نگ تێپه‌ڕێنێت، سیاسه‌تی تورکیا پێده‌نێته‌ قۆناغێکی تازه‌وه‌ .

سه‌رچاوه‌ : گرینلێفت