Print WWW.SBEIY.COM
 بەرشە و ریاڵ لە (15) ساڵدا چیان چاند و چیان دوریوەتەوە؟
24/05/2015 18:04:23
(سبەی):
هەریەکە لە یانەکانى بەرشەلۆنە و ریاڵ مەدریدى ئیسپانى لەماوەى چەند ساڵى رابردودا بڕە پارەیەکى زۆریان خەرجکردوە، بەڵام داهات و دەستکەوتیشیان کەم نەبوە و چەندین خەڵات و بڕەپارە هاتوەتەوە ناو حسابەکانیان و هەژمونى خۆشیان بەسەر تۆپى پێى جیهاندا سەپاندوە و بە ملیۆنان هاندەریان هەیە.
فلۆرەنتینۆ پێرێزى، سەرۆكی ریاڵ مەدرید، لە دو كابینەی سەرۆكایەتیدا (800) ملیۆن یۆرۆی خەرجكردوە، ئەو لە یەكەم هەنگاویدا (180) ملیۆن یۆرۆی لە كڕینی یاریزاناندا خەرجكرد كە گرنگترینیان لویس فیگۆ بو دواتریش لە (2008-2009) دا (300) ملیۆن یۆرۆی خەرجكرد كە گرنگترینیان كڕینی كاكا‌ و كریستیانۆ بو، دواتریش لە ساڵى (2014)دا (111) ملیۆن یۆرۆی دیکەى خەرجكرد، بەڵام تەنها جامی سوپەری ئیسپانیا‌ و مۆندیالی یانەكانی بەدەستهێنا.
لە بەرامبەردا، خوان لاپۆرتا كە بۆ ماوەى حەوت ساڵ سەرۆکایەتى یانە کەتەلۆنیەکەى کرد (13) نازناوی بەدەستهێنا، بەڵام ئەوە دواى خەرجکردنى (436) ملیۆن یۆرۆ.
دواى ئەویش ماریا بارتۆمیۆ لە ساڵى (2014)دا سەرۆکایەتى بەرشەلۆنەى گرتە دەست و تائێستا (151) ملیۆن یۆرۆی لە گرێبەستى چوار یاریزاندا خەرجکردوە کە ئەوانیش سوارێز‌ و راكیتیچ‌ و براڤۆ‌ و تیر شتیگن بون، هاوکات لەو ماوەیەدا یانەکەى سێ نازناوی بردۆتەوە‌ و دو نازناوی تریشی لەبەردەمدایە.
ئەو یانانە بەردەوام لەژێر چاودێرى هەواداران و میدیاکاندان، بۆیە دەیانەوێت زۆرترین دەستکەوتیان هەبیت و پێگەى خۆیان لە مێژوى وەرزشدا قەبەتر بکەن، ئەوەش وایکردوە یاریزانى لێهاتو ببەنە ریزەکانیانیانەوە و ئەو راهێنەرانەش دوربخەنەوە کە ناتوانن ئەنجامى بەرچاویان هەبێت.
لەو نێوەندەدا ئێستا پێگەکەى ئەنچیلۆتی ئیتاڵى و راهێنەرى یانەى شاهانە زۆرترین قسەى لەبارەوە دەکرێت و بوەتە بابەتێکى گەرمى میدیاکان، ئەو راهێنەرە دواجار خۆى لەبارەى ئایندەیەوە وتى :"داهاتوم ئاشكرا و رونە، یان لەگەڵ یانەكەم رێكدەكەوم و بەردەوام دەبم، یان ساڵێك پشو دەدەم، بۆئەوەش لەم دو رۆژەدا لەگەڵ بەرپرسانی ریاڵ مەدرید كۆدەبمەوە و بڕیار لەسەر داهاتوی من لە یانەكە دەدەین".
ئەوە لەکاتێکدایە کە یانەی میلانى ئیتاڵى چاوەڕێى دورکەوتنەوەى ئەنچیلۆتیە لە یانە ئیسپانیەکە بۆئەوەى دوبارە بیگەڕێنێتەوە سەر کورسى راهێنەرایەتى یانەکە بەو ئومێدەى دوبارە میلان بگەڕێنێتەوە ناو کێبڕکێى گەورەکان کە پێشتر بە سێ راهێنەر نەیانتوانى ئەوە بکەن و یانەکە لە دۆخێکى خراپدایە.