Print WWW.SBEIY.COM
 بۆچی ژنان په‌یوه‌ندی به‌ داعشه‌وه‌ ده‌که‌ن؟
29/05/2015 14:30:15
ئێلینا ڤیەتچ
لە ئینگلیزییەوە ئاراز ئەحمەد محمەد


بۆ هه‌ندێک له‌ ئافره‌تان له‌ عێراق و سوریادا، داعش شتێکیان پێشکەش دەکات هیچ کەسێکی تر تا ئێستا پێی نەبەخشیون: هێز.


لەنێو چەندین جۆری کرداری تیرۆر، داعش بە ناوبانگە بە توندوتیژییەکانی دژ بە ژنان.

داعش، که‌ له‌لایه‌ن رێکخراوی ئه‌لقاعیده‌وه‌ به‌ له‌ڕاده‌به‌ده‌ر رادیکاڵ داده‌نرێت، له‌مامه‌ڵه‌ی نه‌شیاویان به‌رامبه‌ر به‌ ژنان به‌م جۆره‌یه‌: کۆیله‌یی سێکس، به‌زۆر به‌شودان و کوشتنی ئه‌و ژنانه‌ی که‌ په‌یوه‌ندی په‌سه‌ند نه‌کراویان له‌گه‌ڵ ره‌گه‌زی بەرامبەر هه‌یه‌. ئه‌م‌ مامه‌ڵه‌ بێزراوانه‌ ته‌نها چه‌ند جۆرێکی ته‌کنیکی دزێویی داعشه‌ له‌ هه‌ڵاوێرکردنی جێنده‌ری که‌ له‌ راپۆرتێکی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتوه‌کاندا ئاماژه‌ی پێدراوه‌.

پرسیاره‌که‌ ئه‌وه‌یه‌: بۆچی ژنان- هه‌ڵبه‌ته‌ زۆربه‌یان به‌ ویستی خۆیان- په‌یوه‌ندی به‌ داعشه‌وه‌ ده‌که‌ن؟ 

کرداری تیرۆر زیاتر ده‌درێتە‌ پاڵ پیاوان و وادەزانرێت‌ ژنان به‌ زگماکی که‌متر توندوتیژن. به‌ درێژایی ئه‌م ساڵانه‌یی دوایی، ئه‌ل قاعیده‌ پشتی ئافره‌تانی ساردکردۆته‌وه‌ له‌ خۆتێوه‌گلان به‌ چالاکییه‌کانییه‌وه‌ به‌شێوه‌یه‌کی راسته‌وخۆ.

سه‌ره‌ڕای ئه‌وانه‌ش، مێینه‌ یاخیبوه‌کان رۆڵی سه‌ره‌کی ده‌گێڕن له‌ خۆته‌قاندنه‌وه‌ و هه‌ندێک په‌لاماری تیرۆریستی تر له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا. ژنانی فه‌ڵه‌ستین به‌ په‌رۆشییه‌وه‌ خۆیان ناونوس ده‌کرد بۆ خۆتەقاندنەوە له‌ ڕاپه‌ڕینی دوه‌می ساڵی ٢٠٠٠ دژ بە داگیرکاری ئیسرائیلییەکان. هەروەک چەندین ژنی تر لە لوبنان ئەو کارەیان ئەنجامدا دژ بە پەلاماری ئیسرائیل لە ساڵانی ١٩٨٠، لەکاتێکدا دەبوایە ڕێکخراوە سیکۆلارەکانی لوبنان ئەو بەرگرییەیان بکردایە.

ئەوەندەیی پەیوەندی بە داعشەوە هەبێت، داعش جالاکانە کەوتوەتە لەخشتەبردنی ژنان بۆ پەیوەندی کردن بەڕیزەکانییەوە- ئەگەرچی، ژنان لای داعش ڕۆڵی شەڕکردنیان پێنادرێت.

لە مانگی ٢-٢٠١٤ دا، داعش دو هێزی بۆ ژنان کردەوە بە ناوەکانی ئەلخەنساء و ئوم ئەلڕەیان بە مەبەستی سەپاندنی تێڕوانینی توندییان سەبارەت بە ئاکاری ئیسلامی. هەتاوەکو ساتی نوسینی ئەم بابەتە، داعش مێینەیی شونەکردو لە نێوان تەمەنی ١٨ بۆ ٢٥ ساڵی بەلایەق دەبینی بۆ بەشداری کردن، بە دابینکردنی موچەی مانگانە بە بڕی 25.000 لیرەیی سوری کە دەکاتە ١٤٠$ وەک هاندەرێک.


ئەو ژنانەی پەیوەندییان بە داعشەوە کردوە کرداری تیرۆر ئەنجام نادەن، هەروەک داعش بەو کارە تۆقێنەرانە ناوبانگی زڕاوە. لە جیاتی ئەوە، ئەو ژنانە چەند کارێکی وەک پشکنینی خەڵک لە خاڵەکانی پشکنین ئەنجام دەدەن ئەوەش بۆ کەشفکردنی ئەو پیاوانەیە کە جل و بەرگی ژنان لەبەر دەکەن بە مەبەستی خۆشاردنەوە لە ناونوسکردنیان بۆ شەڕکردن لەڕیزەکانی داعشدا. هەروەها، ئەم ژنانە وەک پۆلیسی ئاکار لەڕیزەکانی داعشدا خزمەت دەکەن بۆ دڵنیا بون لەوەی ژنان پەچە (نیقاب) بەڕێک و پێکی دەپۆشن، پاشانیش بۆ رێگری کردن لە چونە دەرەوەی ژنان ئەگەر هاوڕێیەتی نەکرابن لەلایەن نێرینەیەکەوە.

ئەو چیرۆکانەی لەسەر زاری ژنانی دەست بەسەرکراو لەلایەن گروپی ئەل خەنساوە دزەییان کردوە، دەگێڕنەوە هێزەکانی ژنانی داعش لە جێبەجێکردنی کارەکانیاندا تەنها لەلایەن سەرکردە نێرینەکانەوە فەرمان وەرناگرن، بەڵکو لەلایەن ژنانیشەوە فەرمان وەردەگرن. وادەردەکەوێت هێزی ژنانی داعش توانایی گەیشتن بە دەسەڵاتیان هەبێت. زەینەب کچێکی گەنجی سوریا کە لە مانگی ٣-٢٠١٤ دا لە لایەن هێزی ژنانی داعشەوە دەست بەسەر بو، دەڵێت: "سوکایەتیان پێکردم و هاواریان دەکرد بەسەرمدا. هیچ کەسێک هۆکاری دەستگیرکردنەکەمی پێنەوتم. هێزی ژنانی داعش ترسی لەنێو ژنان و کچانی شاری رەقای سوریادا دروستکردوە".

بژاردەیەک لەنێو کلتوری نێرسالاریدا
هەرچەندە ئامادەگی داعش بەبێ نکۆڵی لێکردن چەوساندوەی ژنانی زیاتر کردوە لە عێراق و سوریادا، بەڵام بارودۆخی ژنان خۆی لە بنەڕەتدا بەپێی پێویست نەبوە (هەرچەندە بارودۆخی ژنان لە عێراق و سوریادا تاڕادەیەک باشتر بوە بە بەراورد بە وڵاتانی تری دراوسێی ئەم دو وڵاتە).

لەو کۆمەڵگایانەی کە ئەنجامدانی تاوانی کوشتن بە بیانویی شەرەفپارێزی بەردەوام رودەدەن، ئەو مێینانەیی دەبن بە قوربانی بەهۆی دەستدرێژی سێکسییەوە بەردەوام لەکەدار دەکرێن، ئیتر گرنگ نییە ئەو کەسەی تاوانەکە ئەنجام دەدات ئەندامی داعش بێت یان هەرکەسێکی دی. بەهەمان شێوەش، لەو شوێنانەیی کە ژنان ناتوانن بە ویستی خۆیان جل و بەرگ بپۆشن یان رەفتار بکەن هەمیشە قوربانی دەسەڵاتی پیاوانن، ئیتر گرنگ نییە کێ لە دەسەڵاتدایە.

کەوابو ئەگەر داعش خراپتر بن لەئەنجامدانی تاوان دژ بە ژنان، بۆچی ژنان پەیوەندییان پێوە دەکەن؟

هەندێک لەو ژنانەی بەشدارن لە چالاکی ئەو بزوتنەوە رادیکاڵادە، تەنها لەپێناو پاراستنی سەلامەتی خۆیاندایە. لەباکورو ناوەڕاستی عێراق، ژمارەیەکی زۆر لە ژنان ناچارن بەرگری لەخۆیان بکەن لەغیابی ئەندامانی نێرینەیی خێزانەکانیان کە یان راپێچی شەڕ کراون یان کوژراون. پەیوەندیکردن بە داعشەوە رەنگە هەستی سەلامەتی لای ئەم ژنانە دروست بکات. بەدیوەکەیی تریشدا، هەستی راستەقینەیی پابەندبون لەنێو ژناندا دژ بە خراپ مامەڵەکردنی سەرانی حکومەتی عێراقی بەرامبەر بە ئەهلی سونە پاڵنەرێکی ترە.

لێکدانەوەیەکی تری دانسقە جەخت لەو گریمانەیە دەکاتەوە کە ژنان ئارەزوی ئەوە دەکەن دەسەڵاتیان بدرێتی لەو کۆمەڵگایانەی کە بەها نەریتیەکان ئازادی ژنان سنوردار دەکات.

ژنانی سوریا لە ڕاپەڕینی بەهاری عەرەبی لە ٢٠١١ دا بەشداربون، بەڵام لەسەرەتای دەستپێکردنی شەڕی ناوخۆوە، کە دوابەدوایی ڕاپەڕینەکە هاتەئاراوە، دەبوایە ژنان زیاتر خەباتیان لەسەر مانەوە بێت، نەک دەستپێشخەری بۆ گۆڕانکاری. هەروەک چۆن بەشار ئەلئەسەد سەرکەوتو بو لەبەکارهێنانی ژنان لە تەکنیکەکانی بۆ بەرەنگاربونەوەی یاخیبوان، رەنگە داعشیش هەندێک لە ژنانی بەوە قایل کردبێت کە دەسەڵات بگرنە دەست– هەڵبەتە بۆ چەوساندنەوەیی ئەندامانی مێینەیی کۆمەڵگایی خۆیان- لەوە باشترە دەسەڵاتیان بەسەردا بسەپێنن: هەستکردن بە چەوساندنەوە هەمو رۆژێک.

دەست تێکەڵاوکردنی هێزی ژنانی داعش لەسەپاندنی تێڕوانینی توند بۆ ئاکار ئەوە دەردەخات کە ژنان چۆن ویستویانە لەدەسەڵاتی نادادپەروەری پێش دروستبونی داعش هەڵبێن. بەدڵنیاییەوە، لێکدانەوەیی داعش بۆ ئیسلام دەبێتە مایەیی چەوساندنەوەیی ژنان، بەڵام ئەوەش ڕاستە کە هەبونی کلتوری نێرساڵاری لەو کۆمەڵگایانەدا- کە لە ئێستادا توندڕەوەکان دزەیان کردۆتە ناوییەوە- هەر ژنانی چەوساندۆتەوە. تۆماس هێگهامەری نەرویجی شارەزا لە بواری بەرگریدا، ڕونی دەکاتەوە کە "پرۆسەیەک ڕودەدات بۆ ئازادکردنی ژنان لەلایەن ئەو بزوتنەوە جیهادییەوە، ئەگەرچی پرۆسەکە زۆر سنوردار و قیزەونە".

بەبێ هاریکاری ژنان لەسەر ئاستی ناوخۆیی، داعش لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا نەیدەتوانی وا بە خێرایی و کاریگەرانە خۆی دابمەزرێنێت. بەڵام هەروەک بۆ ژنان ئاشکرایە لەسەر ئاستی جیهان، یارمەتیدانی ژنان لەدروستکردنی کۆمەڵگادا زۆر بە کەمی رێگر بوە لە کەنارگیرنەبونی ژنان لە هەمان ئەو کۆمەڵگایەدا.

سەرچاوە: فۆرین پۆلسی ئینفۆوکەس