Print WWW.SBEIY.COM
 پلاتەر بۆ جاری پێنجەم وەك سەرۆكی (فیفا) هەڵبژێردرایەوە
29/05/2015 20:44:51
(سبەی):
جوزێف پلاتەر بۆ ولایەتی پێنجەم وەك سەرۆكی یەكێتی تۆپی پێی نێودەوڵەتی (فیفا) هەڵبژێردرایەوە، ئەمە دوای ئەوەهات تاكە ركابەرەكەی شازادە عەلی بن حسێن لە خولی دوەمی دەنگداندا كشایەوە.
دوای ئەوەی هیچ یەكێك لە دو كاندیدەكە لە قۆناغی یەكەمی دەنگداندا نەیانتوانی رێژەی دو لەسەر سێ دەنگ بەدەستبهێنن پرۆسەكە كەوتە قۆناغی دوەمەوە.
لە قۆناغی یەكەمدا لە كۆی (206) دەنگ پلاتەر (133) دەنگی بەدەستهێنا‌و عەلی بن حسێنیش (73) دەنگ، ئەم ئەنجامە ئەوەی دەرخست كە بە دڵنیاییەوە لە قۆناغی دوەمدا پلاتەر هەڵبژاردنەكە دەباتەوە هەربۆیە عەلی بن حسێن لە قۆناغی دوەمدا كشایەوە، چونكە لە قۆناغی دوەمدا بۆ بردنەوە تەنیا رێژەی زیاتر لە نیوەی واتە زیاتر لە 50% ی دەنگەكان پێویستە.
پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆكی (فیفا) كە لەلایەن كۆنگرێسی یەكێتییەكەوە بەڕێوەدەچێت ماوەی چوارساڵ جارێكە‌و پرۆسەی دەنگدان بەشێوەی نهێنییە.
پلاتەر بۆ جاری یەكەم لە ساڵی 1975 وەك بەڕێوەبەری هونەری هاتوەتە ناو (فیفا)وە، لە ساڵی 1981 بوە بە ئەمینداری گشتی‌و دواتر بوەتە سەرۆك.
ئەم هەفتەیە حەوت كەس لە ئەندامانی (فیفا) بە تۆمەتی گەندەڵی دەستگیركران، سەرباری ئەمە پلاتەر ئامادە نەبو دەست لە خۆكاندیدكردنەكەی هەڵگرێت.