| 
                         | 
                     
                    
                        | 
                             وەزیری نەوت: نامانەوێت وەک کڕیار و فرۆشیار مامەڵە لەگەڵ هەرێم بکەین | 
                     
                    
                        | 
                            27/05/2015   12:14:29 | 
                     
                    
                        
                            (سبەی): 
وەزیری نەوتی عێراق رایدەگەیەنێت: رێککەوتنەکەی نێوان هەرێم و بەغدا بەشێوەیەکی باش بەڕێوە دەچێت و جەختیش دەکاتەوە لەوەی، کە دەرکردنی یاسای نەوت و غاز سەرجەم کێشە ژمێریارییەکان لەگەڵ هەرێم چارەسەر دەکات. 
ئەمڕۆ چوارشەممە، عادل عەبدول مەهدی، وەزیری نەوتی عێراق، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: رێککەوتنەکەی نێوان هەرێم و بەغدا بە شێوەیەکی زۆر باش بەڕێوەدەچێت و لە دواین سەردانیشمدا بۆ هەرێم، رێژەی نەوتی هەناردەی هەرێم بۆ (700) هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا بەرزببوەوە و هیواخوازیشین تا کۆتایی ئەم مانگە ئەو رێژەیەی هەناردە دەکرێت، نزیک بێت لەو بڕەی کە لەسەری رێککەوتوین. 
ئەو پییوایە؛ پەیوەندییەکانی ئێستای نێوان هەرێم و بەغدا لە دۆخێکى "باش"دایە و دەڵێت: "هەرێم و بەغدا لەگەڵ یەکدا راستگۆن، بەڵام هەمو کێشەکان چارەسەر نەکراون و پێوسیتە بە دانیشتنی نێوان هەردولا چارەسەر بکرێن". 
لەبارەى چارەسەرکردنی تەواوەتى کێشەکانییشەوە، وتی: "دەرکردنی یاسای نەوت و غاز چارەسەری سەرجەم کێشە ژمێریارییەکانی هەرێم دەکات لەگەڵ بەغدا و پێویستە دانیشتن بکەین بۆ ئەوەی بەشی هەرێم لە فرۆشی نەوت بە شێوەی کۆتایی جیا بکەینەوە، جگە لەوەش نامانەوێت وەکو کڕیار و فرۆشیار مامەڵە لەگەڵ هەرێم بکەین". | 
                     
                    
                        | 
                         | 
                     
                 
             |