Print WWW.SBEIY.COM
 هیوادارین پارتی سیاسه‌تی‌ توركیا نه‌گرێته‌به‌ر
31/12/2012 17:11:55
دیمانەی: هەنگاو هاشم

ساڵح موسلیم، هاوسه‌رۆكی پارتی‌ یه‌كێتی‌ دیموكراتی‌ (په‌یه‌ده‌)، داوا له‌ پارتی‌ دیموكراتی كوردستان ده‌كات له‌ دوژمنایه‌تی و دروستكردنی مه‌ترسی بۆ سه‌ر ئاینده‌ی‌ رۆژئاوای‌ كوردستان شوێنپێی‌ توركیا هه‌ڵنه‌گرێت.
هاوسه‌رۆكی په‌یه‌ده لەم دیمانەیەیدا لەگەڵ (سبەی)،‌ توركیاو ئه‌و گروپه‌ش به‌ مه‌ترسی بۆ سه‌ر ئاینده‌ی رۆژئاوای‌ كوردستان ده‌زانێت كه‌ له‌لایه‌ن ئه‌نكه‌ره‌وه‌ پشتیوانیان لێده‌كرێت و رایدەگەیەنێت: ئه‌و هێزه‌ چه‌كداره‌ چه‌تانه‌ی ئێستا دروستبون مه‌ترسیه‌كی گه‌وره‌ن، توركیا حه‌ز ده‌كات شه‌ڕی ناوخۆ له‌ رۆژئاواو سیاسه‌تی جیاواز دروستبێت.
داواش ده‌كات به‌وپێیه‌ی‌ به‌رژه‌وه‌ندی ئابوری‌ هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ توركیا، پارتی دیموكراتی كوردستان-يش نه‌كه‌وێته‌ ژێر كاریگه‌ری‌ سیاسه‌تی توركیاوه‌و ده‌ڵێت: هیوادارم ئێمه‌ی كورد نه‌كه‌وینه‌ ئه‌و هه‌ڵه‌یه‌وه‌، هه‌رێمی كوردستانیش ئه‌م سیاسه‌ته‌ نه‌گرێته‌به‌ر، به‌تایبه‌تیش پارتی دیموكراتی كوردستان كه‌ هه‌ندێ به‌رژه‌وه‌ندی له‌گه‌ڵ توركیادا هه‌یه‌.

سبه‌ی‌: له‌ به‌رامبه‌ر چیدا ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێم ده‌روازه‌ سنورییه‌كان به‌ڕوی‌ هاوڵاتیانی‌ رۆژئاوا ناكه‌نه‌وه‌، چی له‌ په‌یه‌ده‌و یه‌كینه‌كان داوا ده‌كه‌ن؟
ساڵح موسلیم: به‌شێوه‌یه‌كی فه‌رمی سنور دانه‌خراوه‌، به‌ڵام پێشتر هاوكاری زیاتر بو، هیچ ئاسته‌نگێك نه‌بو، كوردانی رۆژئاوا بێ ئاسته‌نگ ده‌رباز ده‌بون، له‌چون و هاتندا ئاسته‌نگ نه‌بو ته‌نانه‌ت بۆ كاری قاچاغیش، به‌ڵام ئێستا گرفت دروستكراوه‌ بۆ هاتوچۆ، چ داواكارییه‌ك له‌ ئێمه‌ نه‌بوه‌، ته‌نها ویسترا پێشمه‌رگه‌ به‌رپرسیاریه‌تی سه‌ر سنور بگرنه‌ ئه‌ستۆ.

سبه‌ی‌: به‌رپرسانی‌ پارتی‌ ده‌ڵێن به‌هۆی‌ یه‌كنه‌گرتویی هێزه‌ كوردییه‌كانه‌وه‌ سنوره‌كانمان داخستوه‌ به‌روی‌ رۆژئاوادا، ئه‌و قسه‌یه‌ مانای‌ چیه‌و چۆنه‌؟ ئێوه‌ وه‌ك په‌یه‌ده‌ كێ به‌ تۆمه‌تبار ده‌زانن له‌و قسه‌یه‌، ده‌وترێت داخستنی سنوره‌كان و دروستكردنی ئاسته‌نگ بۆ ئاواره‌كانی رۆژئاوای‌ كوردستان جۆرێك بوه‌ له‌ سزا به‌سه‌ر (په‌یه‌ده‌)دا، به‌هۆی پابه‌ند نه‌بونی به‌ رێككه‌وتننامه‌كه‌ی هه‌ولێری‌ نێوان لایه‌نه‌ كوردیه‌كان؟
ساڵح موسلیم: له‌ رێككه‌وتنامه‌كه‌ی هه‌ولێر هاوپه‌یمانیه‌تی و ده‌سته‌ی بڵند هاتۆته‌ كایه‌وه‌، كه‌ له‌ دو ئه‌نجومه‌ن پێكهاتوه‌؛ ئه‌نجومه‌نی گه‌لی رۆژئاوای كوردستان و ئه‌نجومه‌نی نیشتیمانی كوردی سوریا. به‌ڵام هه‌ندێك لایه‌نی ناو ده‌سته‌ی بڵند هه‌ن نایانه‌وێت ده‌سته‌ی بڵند كاربكات و ئاسته‌نگ دروست ده‌كه‌ن. هه‌ندێك له‌و لایه‌نانه‌ داوا ده‌كه‌ن كۆمیته‌ی هاوبه‌ش دروست بكه‌ن، هه‌ندێكیان له‌به‌رژه‌وه‌ندی توركیا كارده‌كه‌ن.
ناتوانم بڵێم كێ به‌رپرسه‌ له‌ داخستنی سنوری نێوان هه‌رێم و رۆژئاوای كوردستان، به‌ڵام باس له‌بونی ترسی‌ توركیاو حكومه‌تی عێراق ده‌كرێت له‌ سنور. پێشمه‌رگه‌ش رێگر بوه‌ له‌ ده‌رباز بونی خۆراك و كه‌لوپه‌ل، ئه‌مه‌ش زیانی بۆ كوردانی رۆژئاوا هه‌بو، چونكه‌ ئێستا به‌ده‌ست نه‌بونی خواردن و سوته‌مه‌نیه‌وه‌ ده‌ناڵێنن.

سبه‌ی‌: له‌م رۆژانه‌دا باست له‌وه‌كرد كه‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێم بڕیاریانداوه‌ له‌ماوه‌ی دو رۆژدا سنوره‌كان بكه‌نه‌وه‌، چۆن رێككه‌وتون له‌سه‌ر كردنه‌وه‌ی سنوری نێوان هه‌رێمی كوردستان و رۆژئاوای كوردستان؟
ساڵح موسلیم: له‌باره‌ی سنوره‌وه‌ ئاماده‌كاری ده‌كرێت بۆ كردنه‌وه‌ی و كۆمیته‌یه‌ك دروست ده‌كرێت بۆ چاودێریكردنی سنوره‌كه‌، بۆ هاریكاری مرۆڤایه‌تی و گه‌یاندنی هاوكارییه‌كان. كۆمیته‌كه‌ له‌لایه‌ن هه‌رێمی كوردستان و ده‌سته‌ی باڵای رۆژئاواوه‌ به‌ڕێوده‌چێت.

سبه‌ی‌: بۆچی‌ یه‌كینه‌كان ئه‌و چه‌كدارانه‌ به‌شداری‌ پێناكه‌ن له‌ پاراستنی‌ ناوچه‌ كوردییه‌كان كه‌ پارتی له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان مه‌شقی پێكردون؟
ساڵح موسلیم: كاتێك ده‌سته‌ی بڵند دروستبو، بیروباوه‌ڕێك هه‌بو كه‌ هێزی چه‌كدار قیاده‌یه‌كی تایبه‌ت و تایبه‌تمه‌ند بێت، ده‌خوازرا هه‌مو لایه‌ك كۆك بن له‌سه‌ری، یه‌كینه‌ی پاراستنی گه‌ل-یش له‌ رۆژئاوای كوردستان شه‌رعیه‌تی هه‌یه‌.
 
سبه‌ی‌: توركیا ئێستا فشاری‌ له‌سه‌ر رۆژئاوای‌ كوردستان دروستكردوه‌، پێتانوانیه‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ هه‌رێم به‌ تایبه‌ت پارتی كه‌ له‌ ئێستادا له‌گه‌ڵ توركیا زۆر په‌یوه‌ندی به‌هێزه‌، به‌ فشاری‌ ئه‌نكه‌ره‌ ئه‌و كاره‌ بكات؟
ساڵح موسلیم: په‌یوه‌ندی هه‌رێمی كوردستان و به‌تایبه‌ت پارتی دیموكراتی كوردستان، زیاتر په‌یوه‌ندیه‌كی ئابورییه‌، هیوادارین ئه‌گه‌ر به‌ فشاری توركیا كاربكات دوربكه‌وێته‌وه‌. توركیاش هه‌وڵده‌دات فشار له‌سه‌ر هه‌مو لایه‌ك دروست بكات. ئێمه‌ وه‌ك كورد ده‌بێت به‌رژه‌وه‌ندی گه‌له‌كه‌مان بخه‌ینه‌ پێش چاو و ده‌بێت ئه‌م سیاسه‌ته‌مان هه‌بێت.

سبه‌ی‌:  ده‌وترێت وه‌ك په‌یه‌ده‌و یه‌كینه‌كان هیچ حسابێك بۆ لایه‌نه‌ كوردییه‌كانی‌ دیكه‌ ناكه‌ن له‌ رۆژئاوای‌ كوردستان؟
ساڵح موسلیم: نا، ئێمه‌ وه‌كو په‌یه‌ده‌ ئه‌وه‌ بیروبۆچونمان نیه‌و له‌كوردستانی رۆژئاوا ده‌سته‌ی بڵند هه‌یه‌، ئێمه‌ وه‌كو پارتێكی سیاسی سیسته‌می خۆمان هه‌یه‌، كوردان له‌ رۆژئاوا خۆی خۆی به‌ڕێوه‌ ده‌بات، به‌ڵام بابه‌تی كێشه‌ دروستكردن زۆر كێشه‌مان بۆ دروستكراوه‌ و كێشه‌ بۆ گه‌لی كوردیش دروستبوه‌.

سبه‌ی‌: لایه‌نی كوردی هه‌یه‌ به‌ ئه‌جێندای توركیا كاربكات؟
ساڵح موسلیم: هه‌ندێك له‌كوردانی رۆژئاوا هه‌ن له‌به‌ره‌یه‌ك كارده‌كه‌ن كه‌ دژی كورده‌، به‌ره‌یه‌ك له‌ ئه‌وروپا دروستبوه‌ كه‌ پێی ده‌ڵێن (به‌ره‌ی رزگاركه‌ری جه‌زیره‌ و فورات) به‌هه‌مان شێوه‌ له‌دژی كوردان كارده‌كه‌ن، توركیا پشتیوانی‌ له‌و به‌ره‌یه‌ ده‌كات و توركمان و عه‌ره‌ب و كوردی تێدایه‌.

سبه‌ی‌: ئێستا دۆخی‌ خه‌ڵكی رۆژئاوا چۆنه‌ له‌ڕوی‌ بژێویه‌وه‌، ئه‌گه‌ر بژێوی‌ خه‌ڵك سه‌خت بێت، كێ به‌رپرسه‌؛ توركیا، ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ هه‌رێم، یاخود یه‌كینه‌كان؟
ساڵح موسلیم: سیاسه‌تی توركیا له‌سه‌ر ئه‌مه‌ كاریگه‌ری هه‌یه‌، چونكه‌ توركیاش ده‌یه‌وێت له‌ رزگاركردنی سوریا و رزگارنه‌كردنی كاریگه‌ری هه‌بێت و مه‌به‌ستیه‌تی كوردانی رۆژئاوا نه‌گه‌نه‌ ماف و ئامانجه‌كانیان هه‌ر به‌وهۆیه‌ توركیا كاریگه‌ری زۆری هه‌یه‌.
ئێمه‌ توركیا بە به‌رپرسیاری یه‌كه‌م ده‌زانین، ئێستا چه‌ندین باندی چه‌ته‌ دروستبون له‌ سه‌رێكانی و له‌ حه‌ڵه‌ب و عه‌فرین و ته‌نانه‌ت سه‌رێكانی به‌ده‌ست ئه‌و چه‌تانه‌ بو. ئه‌و چه‌تانه‌ له‌سه‌ر ده‌ستی توركیا دروستبون و تانكه‌ری سوته‌مه‌نی ده‌گرن و به‌ره‌و شوێنی دیكه‌ی ده‌به‌ن. سه‌باره‌ت به‌ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێمیش ئیهمالی هه‌بوه ‌و هه‌یه‌، به‌شێوه‌یه‌كی باش ئاماده‌یی خۆیان نیشان نه‌داوه‌.

سبه‌ی‌: له‌ ئێستادا چ هێز و لایه‌نێك به‌ مه‌ترسی بۆ سه‌ر كورد ده‌زانن له‌ رۆژئاوای‌ كوردستان، یاخود له‌ ئاینده‌دا روبه‌ڕوی‌ چ هێزو لایه‌نێك ده‌بنه‌وه‌ كه‌ هه‌ڕه‌شه‌ بێت له‌سه‌ر مافه‌كانی كورد له‌ رۆژئاوا؟
ساڵح موسلیم: ئه‌و هێزه‌ چه‌كداره‌ چه‌تانه‌ی ئێستا دروستبون مه‌ترسییه‌كی گه‌وره‌ن؛ توركیا حه‌ز ده‌كات شه‌ڕی ناوخۆ له‌ كوردستان و سیاسه‌تی جیاواز هه‌بێت، هه‌ر ئه‌مه‌ مه‌ترسی یه‌كه‌مه ‌و هیوادارم ئێمه‌ی كورد نه‌كه‌وینه‌ ئه‌و هه‌ڵه‌یه‌وه‌، هه‌رێمی كوردستانیش ئه‌م سیاسه‌ته‌ نه‌گرێته‌به‌ر، به‌ تایبه‌تیش پارتی دیموكراتی كوردستان كه‌ هه‌ندێك به‌رژه‌وه‌ندی له‌گه‌ڵ توركیادا هه‌یه‌ ئه‌ویش به‌رژه‌وه‌ندی نه‌وت و بازرگانی و كۆمپانیایه‌.