|
هیچ بوارێك نییە بۆ هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ی بارزانی |
23/04/2013 20:34:35 |
سازدانی: به‌هادین یوسف
دادوه‌ر فاروق جه‌میل، وه‌زیری پێشوتری دادی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، پێیوایه یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان، زۆر رون و راشكاوانه‌یه و سه‌رۆكی هه‌رێم بۆی نییه بۆ خولی سێیه‌م خۆی هه‌ڵبژێرێته‌وه و دو خولی یاسایی خۆی ته‌واو كردوه.
رۆژی (18/4/2013) مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، رۆژی (21/9/2013)ی وه‌ك واده‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مان و سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم دیاریكرد، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پارتی و مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی هه‌مو هه‌وڵه‌كانیان خستوه‌ته‌گه‌ڕ بۆئه‌وه‌ی ده‌رچه‌یه‌ك بدۆزنه‌وه بۆ درێژكردنه‌وه‌ی ویلایه‌تی بارزانی، یان هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ی بۆ ویلایه‌تێكی تری سه‌رۆكایه‌تی، تا ماوه‌ی حوكمڕانێتی بۆ چوار ساڵی تر درێژ بكه‌نه‌وه.
هه‌رچه‌نده یه‌كێتی و پارتی دانبه‌وه‌دا ده‌نێن، كه كێشه‌ی یاسایی له‌به‌رده‌م بارزانیدایه بۆ درێژكردنه‌وه‌ی ویلایه‌ته‌كه‌ی، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌مو هه‌وڵێكی خۆیان خستوه‌ته‌گه‌ڕ بۆ درێژكردنه‌وه‌ی نایاسایی ویلایه‌تی بارزانی.
شاره‌زایان و پسپۆڕانی ده‌ستوریش سورن له‌سه‌رئه‌وه‌ی بارزانی ته‌مه‌نی یاسایی سه‌رۆكایه‌تی ته‌واوكردوه و ئه‌و یاسایه‌ی كه په‌رله‌مانی كوردستان له ساڵی (2005) ده‌ریكردوه و خودی بارزانی ئیمزای له‌سه‌ركردوه (یاسای ژماره (1)ی ساڵی (2005)ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان) رێگه به بارزانی نادات بۆ هه‌ڵبژاردنه گشتیه‌كانی مانگی ئه‌یلولی ساڵی (2013) رێگری له بارزانی ده‌كات بۆ دوباره خۆ كاندیدكردنه‌وه.
دادوه‌ر، فاروق جه‌میل، وه‌زیری پێشوتری دادی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، سه‌باره‌ت به خۆكاندیدكردنه‌وه‌ی بارزانی بۆ خولێكی تری سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان له دیمانه‌یه‌كی (سبه‌ی) دا رایدەگەیەنێت: به‌رای من قانونی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم زۆر سه‌ریح و رونه هیچ ناڕونیه‌كی تێدانییه و جێگای ته‌فسیر نییه، به ئاشكرا دیاریكردوه سه‌رۆكی هه‌رێم دو خول خۆی هه‌ڵبژێرێته‌وه، په‌رله‌مانیش هه‌ر هه‌ڵبژاردنه راسته‌وخۆ له‌لایه‌ن گه‌لیشه‌وه هه‌ڵبژاردنه، كه‌واته خولی (2005) و (2009)ی بۆ حسابه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر یاساكه‌ی له په‌رله‌مانه هه‌موار بكرێته‌وه بتوانێت خولێكی تر خۆی هه‌ڵبژێرێته‌وه، ئه‌گه‌ر نا یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم رێگه‌ی گرتوه هیچ سه‌رۆكێك له سه‌رۆكه‌كان ئه‌وه‌ی ئێستا و سه‌رۆكه‌كانی داهاتوش له دو خول زیاتر خۆیان هه‌ڵبژێرنه‌وه".
ئەوەش دەڵێت: "به‌رای من دو خول به‌سه، هه‌شت ساڵ سه‌رۆكێك حوكمی وڵاتێك بكات، با رێگه بدات یه‌كێكی دیكه‌ش ده‌سه‌ڵات بگرێته‌ده‌ست و دیموكراسیه‌ت بچه‌سپێت و له هه‌مو دنیادا هه‌روایه، سه‌رۆكه‌كان دو خول زیاتر بۆیان نییه، خۆیان هه‌ڵبژێرنه‌وه".
هه‌رچه‌نده پێشتر سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له نامه‌یه‌كیدا بۆ كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان داوایای كردبو ئاماده‌كاریی بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كان بكرێت به‌جۆرێك له (8/9/2013) تێپه‌ڕنه‌كات، سه‌ره‌ڕای ده‌بڕینی ئاماده‌یی و وه‌ڵانی كۆمسیۆن له‌وباره‌یه‌وه، به‌ڵام دواتر سه‌رۆكی هه‌رێم له راگه‌یه‌ندراوێكی فه‌رمیدا رایگه‌یاند: رۆژی (21/9/2013) وه‌ك واده‌ی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان و سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم دیاریكراوه، چاودێران و ژماره‌یه‌ك له په‌رله‌مانتاران مه‌ترسی خۆیان نه‌شارده‌وه له‌وه‌ی فێڵێك له پشت ئه‌و واده‌یه هه‌بێت بۆئه‌وه‌ی بۆشاییه‌كی یاسایی دروست بێت و له‌و ماوه‌یه‌دا ویلایه‌تی سه‌رۆكی هه‌رێم درێژبكرێته‌وه یان به بڕیارێك هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێم دوابخرێت.
سه‌باره‌ت به دروستبونی بۆشایی یاسایی له‌و ماوه‌یه‌دا فاروق جه‌میل دەڵێت: "ئه‌وكاته حكومه‌ت و په‌رله‌مان ده‌بنه كار راییكه‌ر (تصریف اعمال) و بۆشاییه‌كی یاسایی دروست ده‌بێت، به‌ڵام ماوه‌كه‌ی كه‌مه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بیانه‌وێت له‌و ماوه‌ی یاسایی ویلایه‌تی سه‌رۆك درێژبكه‌نه‌وه ئه‌وه شتێكی باش نییه و ناكرێت ئه‌و هه‌نگاوه بنرێت، چونكه ناشه‌رعییه".
دوای دیاریكردنی واده‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مان و سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان و فراكسیۆنه‌كانی ئۆپۆزسیۆن ده‌نگی ناڕه‌زاییان لێبه‌رز بوه‌وه، به‌هۆی دیارینه‌كردنی واده‌ی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان و داوایانكرد، هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستان هاوكات له‌گه‌ڵئه‌و واده‌یه‌دا ئه‌نجامبدرێت.
له‌وه‌ڵامی پرسیارێكی (سبه‌ی) دا، سه‌باره‌ت به هۆكاری ئه‌نجامنه‌دانی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی هه‌رێم له‌گه‌ڵ دو هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی تر، یان دواخستنی بۆ چه‌ند جارێك له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه، وه‌زیری پێشوتری دادی حكومه‌تی هه‌رێم وتی: "ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی هه‌رێم له ساڵی (2005) ئه‌نجامدراوه، ده‌بو ئێستا خولی سێیه‌م بوایه، ده‌بو ده‌سه‌ڵات بیكات و هه‌ر ئه‌وانیش به‌رپرسن له ئه‌نجامنه‌دان و دواخستنی، ئیتر نازانم هۆكاره‌كه‌ی ده‌بێت ترس بێت له هه‌ڵبژاردن یان شتێكی تر ئه‌وه وه‌ڵامه‌كه‌ی لای خۆیانه".
سبه‌ی: یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم هیچ ته‌فسیر و بواری ده‌رچه‌ی قانونی تێدایه بۆئه‌وه‌ی سه‌ۆركی هه‌رێم بۆ خولی سێیه‌م خۆی هه‌ڵبژێرێته‌وه؟
فاروق جه‌میل: نه‌خێر شتی وانییه، ئه‌گه‌ر ده‌رگایه‌كی دیكه بكه‌نه‌وه یان حیله‌یه‌كی ناقونی بدۆزنه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی بڵێن ته‌نها یه‌كجار راسته‌وخۆ له‌لایه‌ن گه‌له‌وه هه‌ڵبژێردراوه و جاری یه‌كه‌م له‌لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه بوه، ئه‌وه ره‌نگه رای تایبه‌تی ئه‌و كه‌سانه بێت، له‌راستیدا ئه‌وه پێشێلكاری و موخاله‌فه‌یه، یان بیانه‌وێت به واسته‌ی دادگای ته‌میز یان ئه‌نجومه‌نی شورا، ته‌فسیرێك بده‌نه ئه‌و بڕگه‌یه، ئه‌وه‌شیان ناكرێت و وارد نییه، له‌به‌رئه‌وه‌ی یاساكه زۆر به‌ڕونی و ئاشكرا دیاریكردوه، بواری ته‌فسیركردنی نییه.
سبه‌ی: ئه‌گه‌ر په‌رله‌مانی كوردستان كاریكرد بۆ هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاساكه و به‌ده‌نگی زۆرینه هه‌مواریانكرده‌وه؟ ده‌توانن به‌رگێكی قانونی به‌سه‌ر ئه‌و نا قانونیه‌دا بكه‌ن؟
فاروق جه‌میل: قانون له‌لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه ده‌رچوه، رێگای قانونیش هه‌یه بۆ هه‌مواركردنه‌وه‌ی ئه‌و قانونانه‌ی له‌لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه ده‌رده‌چێت.
سبه‌ی: ئه‌ی له‌ڕوی عورفی دنیاوه سه‌رۆكی ته‌نها بۆ دوخول بۆی هه‌یه خۆی هه‌ڵبژێرێت، ئه‌وكاته نیشانه‌ی پرسیار ناچێته‌سه‌ر ویلایه‌تی سێیه‌می سه‌رۆك؟
فاروق جه‌میل: پێموایه هیچ به‌هانه و موبه‌ریرێك نییه، چونكه له دنیادا ماوه‌ی سه‌رۆكایه‌تی ته‌نها دوجاره و ئه‌وه دیاریكراوه و یه‌كلابوه‌ته‌وه، ناكرێت تۆ قانونێك هه‌موار بكه‌یته‌وه ته‌نها له‌به‌ر مه‌به‌ستێكی دیاریكراو، ئه‌ی ئه‌وكاته قیمه‌تی قانون چی ده‌مێنێته‌وه.
سبه‌ی: بۆچونێكی تر هه‌یه به‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات له‌م ماوه‌یه‌دا كار بۆ تێپه‌ڕاندنی ده‌ستور بكات، ئه‌وكاته له به‌رواری تێپه‌ڕاندنی ده‌ستوره‌كه‌وه دو خولی تر بۆ سه‌رۆك درێژبكرێته‌وه؟
فاروق جه‌میل: ده‌ستور له هه‌مو قانونێك گه‌وره‌تره و دایكی قانونه‌كانه، نابێت قانون موخاله‌فه‌ی ده‌ستور بێت، ئه‌گه‌ر درایه راپرسی و خه‌ڵك ده‌نگی له‌سه‌ردا ئه‌وكاته بابه‌تێكی تره و قسه‌ی تر هه‌ڵده‌گرێت. |
|
|