|
دەنگدان بە گۆڕان، دەسەڵاتی تاکڕەو و بنەماڵەیی ناهێڵێت |
11/09/2013 00:53:43 |
دیمانەی: عەلی فەتاح
سه‌عید كاكه‌یی رایدەگەیەنێت، پشتگیریكردنی په‌یام و بەرنامەکانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان دەبێتە مایه‌ی شۆڕشێكی بێ وێنه‌ی ئاشتیخوازانه له‌رۆژهه‌ڵاتی ناوەڕاستدا بۆ به‌ره‌و پێشبردنی كۆمه‌ڵگای كوردستانی و گه‌یشتن به‌و مافانه‌ی كه هاوڵاتیان داوای دەکەن.
ناوبراو لەم دیمانەیەیدا لەگەڵ (سبەی) ئاماژە بەوەش دەکات، بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان وه‌رچه‌رخان و گۆڕانێكی بنه‌ڕه‌تیه له‌مێژوی هاوچه‌رخی بزوتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كوردستان و دەڵێت: وەک لایه‌نگرێكی گۆڕانخوازانی كوردستان له‌و باوه‌ڕه‌دام هه‌ڵبژاردنی ٢١ی ئه‌یلولی داهاتو ببێته یه‌كه‌م وێستگه‌ی ژیانێكی دیموكراسیانه‌ی ئازاد.
سەعید کاکەیی، كاندیدی دكتۆرا له شیكردنه‌وه و چاره‌سه‌ری كێشه نێوده‌وڵه‌تیه‌كان و یاریده‌ری مامۆستای زانكۆی له زانكۆی (نۆڤا) فلۆریدا له ئه‌مەریكا، داوا لە هاوڵاتیان دەکات بەشداری فراوان لە هەڵبژاردندا بکەن و ئەوەش دەخاتەڕو: ده‌رئه‌نجامی ده‌نگ نه‌دان به زه‌ره‌ری خودی هاوڵاتی ده‌شكێته‌وه. ئه‌گه‌ر هاوڵاتی نه‌چێته ده‌نگدان كه‌واتە ره‌زامه‌نده به‌مانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی گه‌نده‌ڵ و ده‌سه‌ڵاتی بنه‌ماڵه‌یی، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بچێت بۆ ده‌نگدان و كاندیدی خۆی هه‌ڵبژێرێت، ئه‌وا ئه‌گه‌ری ده‌ستاوده‌ستكردنی ئاشتیانه‌ی ده‌سه‌ڵات زۆر به‌هێزتر ده‌بێت.
سبه‌ی: چۆن له هه‌ڵبژاردنه‌كانی 21ی ئەیلولی داهاتو ده‌ڕوانن؟
سه‌عید كاكه‌یی: پێشه‌كی به‌بێ هه‌ڵبژاردن هیچ بڕیارێك ده‌سته‌به‌ر ناكرێت، ئه‌گه‌ر بڕیاری باش بده‌یت كاردانه‌وه‌كه‌ی باش ده‌بێت، پرۆسه‌ی بڕیاردان گرێدراوی ئه‌و بژاردانه‌یه كه خراونه‌ته به‌رده‌ستی بڕیارده‌ر بۆ هه‌ڵبژاردنی بژاره هه‌ره باشه‌كان.
دیموكراسیه‌ت بریتییه له پرۆسه‌ی ره‌خساندنی هه‌ل بۆ ئه‌ندامانی گه‌ل تاوه‌كو بتوانن له كه‌شێكی ئازادانه‌دا نه‌ك ته‌نها بڕیاری هه‌ڵبژاردنی كاندیده‌كانی خۆیان بده‌ن، به‌ڵكو ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌شی لێ دروست بكه‌ن كه پێویستن بۆ كۆنتڕۆڵكردنی نوێنه‌رو سه‌ركرده‌كانیان له‌لایه‌ك و له‌لایه‌كی تریشه‌وه بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی مافه‌كانی وه‌ك ئازادی راده‌ربڕین و ژیانێكی ئاسوده‌ی شكۆمه‌ندو هه‌لی كاری یه‌كسان و راهێنان و فێركاری و زامنكردنی ته‌ندروستیه‌كی شیاو... هتد. به‌جیا له‌م مه‌به‌سته بنه‌ڕه‌تیه پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن چه‌ندین مه‌به‌ستی گرنگی تریشی هه‌ن، وه‌ك به كۆمه‌ڵایه‌تی كردنی چالاكیه سیاسیه‌كان و به دامه‌زراوه‌كردنی كاریگه‌ریه جه‌ماوه‌ریه‌كان له‌سه‌ر لایه‌نه سیاسیه‌كان و به دامه‌زراوه‌كردنی مافی گه‌ل له كۆنتڕۆڵكردنی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و به‌هێزكردنی توانا‌و ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌ت به‌سه‌ر كێشه ناوخۆیی و ده‌ره‌كیه‌كاندا.
پاش راپه‌ڕینه مه‌زنه‌كه‌ی ساڵی ١٩٩١و هه‌تا سه‌رهه‌ڵدان و دامه‌زراندنی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له ساڵی ٢٠٠٩دا، لایه‌نه سیاسیه‌كانی هه‌رێمی كوردستان چه‌ندین هه‌نگاوی روكه‌شی دیموكراتیزهیان هه‌ڵناوه به‌هیوای ده‌سته‌به‌ركردنی سیسته‌مێكی حوكمڕانی دیموكراسیانه. به‌ڵام مه‌خابن هه‌تا ئێستا نه‌ك هه‌ر ئه‌و سیسته‌مه‌یان ده‌سته‌به‌ر نه‌كردوه، به‌ڵكو نه‌گه‌یشتونه‌ته پرۆسه‌ی دیموكراسیه‌تی ئازادانه "دیموكراسیه‌تی لیبرال" له‌به‌ر چه‌ندین هۆی كه‌ڵه‌كه‌بوی سیاسی كه زه‌قترینیان بریتین له گشتگهرییهكی وابه‌سته به دابونه‌ریتی خێڵایه‌تی گرێ‌دراو به ئه‌قڵیه‌تی ته‌سكی بنه‌ماڵه‌یی و تاكڕه‌وی حیزبی.
خۆشبه‌ختانه، له‌گه‌ڵ دروستبونی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و به‌رزكردنه‌وه‌ی په‌یامی گۆڕینی ئاشتیخوازانه‌ی ده‌سه‌ڵاتی بنه‌ماڵه‌یی و له‌باربردنی قۆرخكاری حیزبیانه له‌لایه‌ك و خێراتربونی هه‌نگاوه‌كانی به‌دیموكراتیزه‌كردنی باری سیاسی و ئابوری و كۆمه‌ڵایه‌تی له‌لاكه‌ی تره‌وه، خواستی گه‌یشتن به پرۆسه‌ی دیموكراسیه‌تی ئازادانه تادێت خێراتر ده‌بێته‌وه‌و بره‌و به‌ده‌سه‌ڵاتی گه‌نده‌ڵ و قۆرخكارو تاكڕه‌وی به‌رته‌سكتر ده‌بێته‌وه، بۆیه وه‌ك لایه‌نگرێكی گۆڕانخوازانی كوردستان له‌و باوه‌ڕه‌دام كه هه‌ڵبژاردنه‌كانی ٢١ی ئه‌یلولی داهاتو ببێته یه‌كه‌م وێستگه‌ی ژیانێكی دیموكراسیانه‌ی ئازاد كه تیایدا تاكی كوردستانی ده‌كرێ به بڕیاری بوێرانه‌ی خۆی به‌شداربێت له بزمار رێژكردنی تابوتی ده‌سه‌ڵاتی گه‌نده‌ڵكارو لەگۆڕنانی کەلاکی خیانه‌تی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانی و گه‌نده‌ڵی و مه‌حسوبیه‌ت. ئه‌گینا به هه‌نگاوی خاوی دیموكراتیزه‌كردن، ئه‌وا كه‌س له گێژهونی كۆیلایه‌تی و ژیانی مه‌ژی و مه‌مره رزگاری نابێت.
سبه‌ی: تاچه‌ند به‌شداریكردنی به‌رفراوانی هاوڵاتیان به گرنگ ده‌زانن؟
سه‌عید كاكه‌یی: دیموكراتیزهبون پرۆسه‌یه‌كی جه‌ماوه‌رییه نه‌ك حزبی و تاكه كه‌سی، به‌بێ به‌شداریكردنی به‌رفراوانی هاوڵاتیان، ئاسته‌مه ئه‌م پرۆسه‌یه بگاته وێستگه‌ی دیموكراسی ئازاد، له‌مه‌ش خراپتر ئه‌گه‌ر هاوڵاتیان به شێوه‌یه‌كی به‌رفراوان به‌شداری هه‌ڵبژاردنه‌كان نه‌كه‌ن، ئه‌وا چوار ساڵ و له‌وانه‌شه هه‌شت ساڵی داهاتوی كوردستان بكه‌وێته ده‌ست ده‌سه‌ڵاتێكی تاكڕه‌وی بنه‌ماڵه‌یی.
له سیسته‌می ده‌سه‌ڵاتی تاكڕه‌ویدا، بره‌وی هاوڵاتی بۆ به‌شداریكردن له كاروباری سیاسی‌دا به‌رته‌سك ده‌بێت. هه‌روه‌ها پێگه‌ی ئابوری و كۆمه‌ڵایه‌تی هاوڵاتیان و به‌تایبه‌ت هه‌ڵگرانی بڕوانامه‌ی خوێندنی زانكۆیی لاوازتر ده‌بن به‌هۆی په‌یڕه‌وكردنی سیاسه‌تی به‌ربڵاوی گه‌وجاندن و به كۆیله‌كردنی خه‌ڵك و به‌تایبه‌ت چینی هه‌ژاران. ئا له‌م جۆره كه‌ش و هەوایهدا، كۆنه‌په‌رستی و هزری خێڵه‌كی زاڵ ده‌بن به‌سه‌ر خواسته‌كانی تازه‌گه‌ری و داهێنان و پێشكه‌وتنی كۆمه‌ڵایه‌تی. ره‌وشتی قێزه‌ون و ناشرینی وه‌ك خیانه‌ت و بەتاڵانبردنی سامانی نەتەوە ده‌بنه مۆركی جوامێری خیانەتکاران و ره‌وشتی نیشتیمانپه‌روه‌ری و پێشكه‌وتنخوازی و ئازادی راده‌ربڕین ده‌بنه مۆركی ناشرینی بیانی و خه‌ڵكی پێ سه‌ركۆنه ده‌كرێت.
كه‌واتە بۆ برهونهدان به دروستبونی ده‌سه‌ڵاتی تاكڕه‌وی، ئه‌ركی نیشتیمانی و ئه‌خلاقی هه‌مو هاوڵاتیه‌كه کە مافی ده‌نگدانی هه‌بێت، به‌شداری بكات له هه‌ڵبژاردنه‌كان و بڕیار له‌سه‌ر ئه‌و كاندیده بدات كه ده‌یه‌وێت ببێته نوێنه‌ری گه‌ل له‌په‌رله‌مانی داهاتوی كوردستاندا، ئه‌ڵبه‌ته ئه‌گه‌ر هاوڵاتی كاندیده‌كانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و لایه‌نه‌كانی تری ئۆپۆزسیۆن هه‌ڵبژێرێت و به رێژه‌یه‌كی باش ئه‌ندام په‌رله‌مانی تازه بنێرێته په‌رله‌مانی كوردستان، ئه‌وكاته هاوكێشه سیاسیه‌كانی هه‌رێمی كوردستان گۆڕانكاری سه‌ره‌كییان به‌سه‌ردێت و پرسی گرنگی وه‌ك هه‌مواركردنه‌وه‌ی ره‌شنوسی ده‌ستوری هه‌رێم ده‌بێته كاری سه‌ره‌كی په‌رله‌مانتارانی تازه بۆ له‌باربردنی خه‌ونی تاكڕه‌وی و قۆرخكردنی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم له‌ده‌ستی بنه‌ماڵه‌یه‌كی دیاریکراودا، هه‌روه‌ها پرسی كۆنترۆڵكردنی سه‌روه‌ت و سامانی نیشتیمانی ده‌كه‌وێته به‌ر چاودێری نوێنه‌رانی گه‌ل و هاوڵاتیانیش له‌چۆنیه‌تی به‌كارهێنانی داهاتی ئه‌و سه‌روه‌ت و سامانانه نه‌ك ته‌نها ئاگادار ده‌بنه‌وه، به‌ڵكو ده‌بنه رهقیبێك بۆ چۆنیه‌تی خه‌رجكردنی له‌پڕۆژه ستراتیژیه‌كانی داهاتوی هه‌رێمدا وه‌ك دابینكردنی بژێوی ژیانی بێ منه‌ت بۆ هه‌مو هاوڵاتیه‌ك و زامنكردنی خوێدنی باڵا بۆ هه‌مو هاوڵاتیه‌كی ئارهزومهندو له‌سه‌روی هه‌موشیانه‌وه گه‌ره‌نتی كردنی خزمه‌تگوزاریه سه‌ره‌تاییه‌كانی ته‌ندروستی بۆ هه‌مو تاكێكی كوردستانی.
زۆرێك هه‌ن هێشتا مه‌ستی ده‌ستكه‌وتی تاكه كه‌سین و ره‌خنه له‌م زه‌نگی مه‌ترسیانه‌ی من ده‌گرن به‌وه‌ی كه به‌نده چاوی به‌و پێشكه‌وتنه‌ی كوردستان هه‌ڵنایه‌ت و راستیه‌كان وه‌ك خۆی نابینێت. له وه‌ڵامی ئه‌و به‌ڕێزانه‌دا ده‌ڵێم با ئاوڕێك له‌ساڵانی حه‌فتاكانی حوكمی به‌عس بده‌ینه‌وه له‌عێراق و بزانین چی‌یان نه‌كرد بۆ گه‌شه‌پێدانی شاره‌كانی وه‌ك به‌غداو تكریت و موسڵ و باقوبه‌و رومادی كه به هه‌واداری سه‌رسه‌ختی به‌عسیه‌كان ناسرابون! ئایا ئه‌و گه‌شه‌پێدانانه له‌سه‌ر حیسابی شاره‌كانی كوردستان و باشوری عێراق نه‌بون كه به نه‌یاری به‌عس ناسرابون؟ ئایا ئه‌و گه‌شه‌پێدانه بیناسازیانه كافی بون بۆ گه‌شه‌پێدانی ژیانی هاوڵاتیان یان بونه مایه‌ی داپوكان و پوچهڵكردنی ناخی تاكی عه‌ره‌بی سوننه؟
هه‌روه‌ها بڕوانه وڵاته عه‌ره‌بیه‌كانی ناوچه‌كه كه به به‌هاری عه‌ره‌بیدا تێده‌په‌ڕن، چونكه عه‌ره‌به‌كان به‌شداریكردنێكی به‌رفراوانیان له‌پرۆسه‌ی دیموكراتیزه‌كردنی سیسته‌می سیاسی خۆیاندا نه‌كردوه، نه‌ك ته‌نها پرۆسه‌كانیان نه‌گه‌یشتونه‌ته ئامانجی سه‌ره‌كی خۆیان، به‌ڵكو له وڵاتانی وه‌ك لیبیا‌و سوریا‌و میسر به ئاقارێكی زۆر خوێناویدا تێده‌په‌ڕن و دهرئهنجامهكانیشیان هێشتا نادیارن، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بێت و بڕوانینه پرۆسه‌كانی بهدیموكراتیزهبونی مالیزیا‌و ئه‌ندۆنیسیا كه هاوڵاتیان به‌شدارییه‌كی به‌رفراوانیان تێدا كرد، ئه‌وا بێگومان بۆمان ساغ ده‌بێته‌وه كه ئه‌م دو وڵاته نه‌ك ته‌نها گه‌یشتونه‌ته یه‌كه‌م وێستگه‌ی دیموكراسیه‌تی ئازادانه، به‌ڵكو له دو وڵاتی هه‌ژاری ئاسیای باشوره‌وه بونه‌ته دو وڵاتی پێشه‌نگی ئه‌و ناوچه‌یه‌ی جیهان.
سبه‌ی: نه‌چون بۆ ده‌نگدان ده‌چێته چ خانه‌یه‌كی خزمه‌تكردنه‌وه؟
سه‌عید كاكه‌یی: با زۆر به رونی و راشكاوانه وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌تان بده‌مه‌وه، له‌كاتێكدا هاوڵاتی ئازاده به چ شێوه‌یه‌ك مافی ده‌نگدانی خۆی به‌كاردێنێت و ئازاده له‌وه‌ی به‌شداری پرۆسه‌ی ده‌نگدان بكات یاخود نه‌یكات، به‌ڵام ده‌رئه‌نجامی ده‌نگ نه‌دان به زه‌ره‌ری خودی هاوڵاتی ده‌شكێته‌وه. نمونه‌ی زیندوشمان به‌شداری كردنه كه‌مه‌كه‌ی هاوڵاتیانی سوننه‌ی عه‌ره‌به له‌هه‌ڵبژاردنه‌كانی ساڵی ٢٠٠٥ی عێراقدا كه چۆن بوه مایه‌ی په‌راوێزخستنی عه‌ره‌بی سوننه، بێگومان هه‌مومان ئاگادارین كه ئاكامی ئه‌و به‌شداریكردنه كه‌مه چه‌ند خوێناوی بو، به‌تایبه‌ت له‌نێوان ساڵانی ٢٠٠٦ و ٢٠٠٧دا. لێره‌دا پێویسته دوباره جه‌خت له‌و راستیه بكه‌مه‌وه كه هه‌رێمی كوردستان به پرۆسه‌ی دیموكراتیزهكردندا ده‌ڕوات و هێشتا نه‌گه‌یشتۆته وێستگه‌ی یه‌كه‌می دیموكراسی كه تیایدا ده‌نگ و بڕیاری هاوڵاتی سه‌نگ و قورسایی خۆی هه‌بێت، به واتایه‌كی ره‌ق و ته‌ق ئه‌گه‌ر هاوڵاتی نه‌چێته ده‌نگدان كه‌واتا ره‌زامه‌نده به مانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی گه‌نده‌ڵ و قایله به مانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی بنه‌ماڵه‌یی، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بچێت بۆ ده‌نگدان و كاندیدی خۆی هه‌ڵبژێرێت، ئه‌وا ئه‌گه‌ری ده‌ستاوده‌ست كردنی ئاشتیانه‌ی ده‌سه‌ڵات زۆر به‌هێزتر ده‌بێت.
نمونه‌یه‌كی تر له‌وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌دا وێنا ده‌كرێته‌وه كه ئاخۆ بۆ ته‌زویرو ته‌زویركاری پیشه‌یه‌كی ناحهزو قێزه‌ونه؟ لایه‌نه سیاسیه ته‌قلیدیه‌كان ئه‌وكاته په‌نا بۆ تهزویركردن ده‌به‌ن كه دڵنیاده‌بن له‌وه‌ی به‌شداریكردنی به‌رفراوانی هاوڵاتیانی ناڕازی له‌سیاسه‌ته‌كانیان ده‌بێته مه‌ترسیه‌كی گه‌وره بۆ داماڵینی ده‌سه‌ڵاته ناحهزهكهیان، كه‌واتە نه‌چون بۆ ده‌نگدان نه‌ك ته‌نها ده‌چێته خانه‌ی سه‌ركه‌وتنی ده‌سه‌ڵاتی گه‌نده‌ڵ، به‌ڵكو چه‌كێكی كوشنده‌یه بۆ لاوازكردنی قه‌واره‌ی سیاسی لایه‌نه‌كانی ئۆپۆزسیۆن.
سبه‌ی: تێڕوانینتان له‌سه‌ر په‌یام و به‌رنامه‌كانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان چییه؟
سه‌عید كاكه‌یی: په‌یام و به‌رنامه‌كانی ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه زۆر رون و ئاشكرا‌و بێ پێچ و په‌نان، به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه ناكرێ فه‌رامۆش بكرێت په‌یامی سه‌ره‌كی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانه كه بریتیه له‌گه‌ڕاندنه‌وه‌ی جڵه‌وی ده‌سه‌ڵات بۆ هاوڵاتیان به میكانیزمی ئاشتیانه‌ی مه‌ده‌نی له‌رێگای سندوقه‌كانی ده‌نگدانه‌وه بێ خۆبه‌ستنه‌وه به ئایدۆلۆژیایه‌كی به‌رته‌سكی دیاریكراو، ئه‌ڵبه‌ته ئه‌م ئازادیه فیكرییه گه‌نجینه‌یه‌كی ده‌وڵه‌مه‌ندو له‌بن نه‌هاتوه‌و هێزێكی بێ هاوتای به‌خشیوه‌ته بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان بۆ داڕشتنی به‌رنامه‌یه‌كی كاری سیاسی كه بتوانێت گۆڕانكاری بنه‌ڕه‌تی و چاكسازی ریشه‌یی له‌بواره سیاسی و ئابوری و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كاندا ئه‌نجام بدات.
وه‌ك چه‌پێكی میانڕه‌و، بیست ساڵی ره‌به‌قه به‌شداری ده‌كه‌م له‌پرۆسه‌ی سیاسی وڵاتی كه‌نه‌دا چ وه‌ك سۆشیال دیموكراتێك و چ وه‌ك چه‌پێكی لیبرال، له‌ماوه‌ی ئه‌م بیست ساڵه‌دا چه‌ندین په‌یام و پرۆگرامی سیاسی هه‌ردو حزبی دیموكراتی تازه‌ی كه‌نه‌دایی و حزبی لیبرالی كهنەداییم خوێندۆته‌وه‌و به‌تایبه‌ت ئه‌و په‌یام و به‌رنامانه‌ی كه په‌یوه‌ستن به هه‌رێمی (كیوبه‌ك)ه‌وه. به به‌راوردكردنی په‌یام و به‌رنامه‌كانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌گه‌ڵ بەشێک له‌په‌یام و به‌رنامه‌كانی ئه‌و دو حزبه‌ی كه ئاماژه‌م به ناویان كردووه، زۆر گه‌شبینم و دڵنیام له‌وه‌ی كه پشتگیریكردنی ئه‌م په‌یام و به‌رنامانه‌ی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ده‌شێ ببنه مایه‌ی شۆڕشێكی بێ وێنه‌ی ئاشتیخوازانه له‌رۆژهه‌ڵاتی ناوێن‌دا بۆ به‌ره‌و پێشبردنی كۆمه‌ڵگای كوردستانی و گه‌یشتن به‌و مافانه‌ی كه هاوڵاتیانی كه‌نه‌دایی له‌هه‌رێمی كیوبهكدا پتر له‌په‌نجا ساڵه به‌ده‌ستیان هێناوه. ئه‌مه له‌لایه‌ك، له‌لایه‌كی تریشه‌وه ئه‌گه‌ر فاكته‌ره‌كانی جیۆپۆلۆتیكی هه‌رێمی كوردستان بخه‌ینه به‌رچاو، بێگومانم له‌وه‌ی كه به داكۆكیكردن له‌په‌یام و به‌رنامه‌كانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، هه‌رێمی كوردستان خێراتر ده‌گاته سه‌ربه‌خۆیی خۆی.
یه‌ك له‌مه‌رجه سه‌ره‌كیه‌كانی سه‌ربه‌خۆیی هه‌ر گه‌لێك به‌نده به رێژه‌و پته‌وی دامه‌زراوه دیموكراسیهكانیهوه. ئه‌گه‌ر هه‌ر ده‌سه‌ڵاتێكی سیاسی دامه‌زراوه‌ی دیموكراسی نه‌بێت و جڵه‌وی بۆ ئه‌ناركیزم و پاشاگه‌ردانی و تاكڕه‌وی شۆڕكردبێتهوه، بێگومان كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی ئامێزی بۆ ناكاته‌وه‌و پێچه‌وانه‌كه‌شی راسته. كه‌واتە به‌گژداچونی ئاشتیانه‌ی قۆرخكردنی ده‌سه‌ڵات له‌لایه‌ن بنه‌ماڵه‌و وەزیرە دهستڕۆكانهوهو به دامه‌زراوه‌كردنی حكومه‌ت دور له‌ده‌ستێوه‌ردانی حزبی دو مه‌رجی سه‌ره‌كین بۆ رزگاری و سه‌ربه‌خۆیی كوردستان. ئه‌م دو مه‌رجه‌ش وه‌ك ئه‌ستێره‌ی گه‌لاوێژ له فه‌زای په‌یام و به‌رنامه‌كانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕاندا ده‌دره‌وشێنه‌وه. ئه‌ركی هاوڵاتییش له‌م قۆناغه هه‌ستیاره‌دا پشتگیریكردنی به‌رفراوانه له‌كاندیده‌كانی لیستی گۆڕان بۆ به‌دیهێنانی ئه‌م په‌یام و به‌رنامانه كه نه‌ك ته‌نها واقیعیانه داڕێژراون، به‌ڵكو بناغه‌ی سهرهكیشن بۆ خۆشگوزه‌رانی و پێشخستنی كۆمه‌ڵگای كوردستانی، بۆ نمونه به‌رنامه‌ی هه‌لی كاری یه‌كسان بۆ هه‌مو هاوڵاتیه‌ك زامنی ئازادكردنی تاكه له كۆیلایه‌تی و زه‌برێكی كوشنده‌یه بۆ نه‌هێشتنی مه‌حسوبیه‌ت. هه‌روه‌ها به‌رنامه‌ی بیمه‌ی كار بۆ بێكاران هه‌نگاوێكی تره بۆ ئازادكردنی تاك له زه‌لاله‌تی حزبایه‌تی و مه‌حسوبیه‌ت و تاكپه‌رستی. له‌سه‌روی هه‌موشیانه‌وه، گه‌ڕانه‌وه‌ی شه‌رعیه‌تی ده‌سه‌ڵاته بۆ هاوڵاتیان كه ئه‌گه‌ر له ریفراندۆمێكی به‌رفراواندا بڕیاری سه‌ربه‌خۆیی بۆ كوردستان بده‌ن، هێز نیه بتوانێت پێشگری له جێبه‌جێكردنی بڕیاری شه‌رعی گه‌ل بكات.
سبه‌ی: چوار ساڵی رابردو گۆڕان چی كردوه‌و چۆن له ده‌ركه‌وته‌ی كاره‌كانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ده‌ڕوانن؟
سه‌عید كاكه‌یی: لێتان ناشارمه‌وه له‌سه‌ره‌تای دروستبونی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان به گومانه‌وه ده‌مڕوانیه په‌یام و به‌رنامه‌كانی. به‌ڵام وه‌ك چاودێرێكی دوره وڵات رۆژ به‌رۆژ به‌دواداچونم بۆ هه‌واڵ و كار‌و چالاكیه سیاسیه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كرد. له‌ماوه‌ی سێ ساڵی رابردودا ئه‌و باوه‌ڕه‌م بۆ گه‌ڵاڵه بو كه نه‌خێر، بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان وه‌رچه‌رخان و گۆڕانێكی بنه‌ڕه‌تیه له‌مێژوی هاوچه‌رخی بزوتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كوردستاندا. كار‌و چالاكی ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌كانی گۆڕان چ له هه‌ولێر و چ له به‌غدا ئه‌وه‌یان بۆ سه‌لماندم كه بیر‌و هزری سیاسی كورد قه‌تیس نه‌ماوه‌و شۆڕشێكی تازه‌گه‌ری بێ توندوتیژی به‌ڕێوه‌یه‌و وه‌ك ئه‌ركێكی ئه‌خلاقی خۆم ده‌كرێ سه‌ره‌تا وه‌ك لایه‌نگرو پاشان پشتگیرو له‌هه‌لێكی گونجاویشدا ببمه تاكێكی به‌كه‌ڵك بۆ به‌شداریكردن له‌م پرۆسه دیموكراسیه تازهگهریهدا، راستیه‌كی تریش هه‌یه پێویسته لێره‌دا ئاماژه‌ی بۆ بكه‌م ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كه گڕوتینی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان بو ئاشتی كردمه‌وه له‌گه‌ڵ وشه‌ی كوردی و دوای دابڕانێكی دورو درێژ جارێكتر بگه‌ڕێمه‌وه سه‌ر نوسینی بابه‌ت و توێژینه‌وه‌ی ئه‌كادیمی به زمانی كوردی.
ئه‌مه‌ی كه لێره‌دا باسم كرد كاردانه‌وه‌ی یه‌ك لهدهركهوتهكانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانه به‌سه‌ر خودی خۆمه‌وه، جا ئه‌گه‌ر بێت و بڕوانینه ئه‌و هوشیاری و چاوكراوهییه گشتییه‌ی له‌كوردستاندا هه‌یه، ئه‌وا چه‌ندین به‌رگی كتێبیان لێ ده‌نوسرێنه‌وه وه‌ك به‌ڵگه‌ی حاشا هه‌ڵنه‌گر بۆ ئه‌و ده‌سكه‌وته سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تیانه‌ی كه به ئه‌رك و ئه‌مه‌كی گۆڕانخوازانی ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه به‌رجه‌سته كراون.
سبه‌ی: لیستی (117)ی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنن؟
سه‌عید كاكه‌یی: لیستی ١١٧ی گۆڕان پەلکهزێڕینهی هه‌رێمی كوردستانه. به پێچه‌وانه‌ی لیسته‌كانی تر، لیستی ١١٧ی گۆڕان پته‌وترین لیسته كه هاوڵاتیان بتوانن بڕیار له‌سه‌ر ئه‌و كاندیده به‌ڕێزانه بده‌ن به مه‌به‌ستی كردنیان به نوێنه‌رانی گه‌ل له‌په‌رله‌مانی داهاتوی كوردستاندا، بۆ نمونه گه‌نجانی كوردستان ده‌توانن ئه‌و كاندیده گه‌نجانه هه‌ڵبژێرن كه جێ په‌نجه‌یان دیاره له‌ده‌ستنیشانكردنی گه‌نده‌ڵی و قۆرخكاریهكانی ده‌سه‌ڵاتی بنه‌ماڵه‌و پاشكۆكانی، چه‌ندین كاندیدی بوێر‌و به‌توانای ئافره‌تی تیادا هه‌یه كه نمونه‌ی به‌رخۆدانن بۆ داكۆكی كردن له‌مافه‌كانی ئافره‌تان و منداڵانی كوردستان.
به‌نده وه‌ك دانوستكارێكی نێوده‌وڵه‌تی مایه‌ی شانازییه بۆ من كه چه‌ندین پسپۆری شاره‌زاو هه‌ڵگری بڕوانامه‌ی به‌رز له‌ناو لیستی ١١٧ی گۆڕاندا ده‌بینم كه بێگومان هه‌ر یه‌كه‌و لهدیسپلینی خۆیدا كارایه. به‌شێوه‌یه‌كی گشتی تێكڕای كاندیده به‌ڕێزه‌كانی لیستی گۆڕان شایسته‌و شایانی ئه‌وه‌ن كه ببنه نوێنه‌ری گه‌ل له‌په‌رله‌مانی داهاتوی كوردستاندا.
سبه‌ی: پاڵنه‌ره‌كانی پشتگیریكردنت له‌لیستی (117)ی گۆڕان چین؟
سه‌عید كاكه‌یی: ئه‌ڵبه‌ته هۆكاره‌كان یاخود پاڵنه‌ره‌كان زۆرن و لێره‌دا ته‌نها ئاماژه بۆ سێ هۆكاری سه‌ره‌كی ده‌كه‌م كه بریتین له:
یه‌كه‌م، ته‌نها بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانه كه په‌یام و به‌رنامه‌گه‌لێكی دیاری هه‌ن بۆ گۆڕینی سیسته‌می ئیداره‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌سیسته‌مێكی سه‌رۆكایه‌تی وابه‌سته به بنه‌ماڵه و پاشكۆ زهلیلهكانی بۆ سیسته‌می دیموكراسیانه‌ی حكومه‌تی هاوڵاتیان یاخود په‌رله‌مانی.
دوه‌م، پسپۆری و توانا هه‌مه‌جۆرو جیاجیاكانی كاندیده به‌ڕێزه‌كانی لیستی ١١٧ی گۆڕان.
سێیه‌م، له‌سیسته‌می په‌رله‌مانیدا نوێنه‌رانی گه‌ل نه‌ك ته‌نها ده‌سه‌ڵاتی ته‌شریعی و یاساساییان ده‌بێت، به‌ڵكو چاودێریی ئه‌ركه‌كانی ده‌سه‌ڵاتی ئیداره‌ی حكومه‌تیش ده‌كه‌ن، ئه‌م خاڵه به‌لای منه‌وه زۆر گرنگه، چونكه ئه‌وه‌تا له‌غیابی ده‌سه‌ڵاتی په‌رله‌مانیدا ده‌سه‌ڵاته داته‌پیوه‌كه‌ی سه‌رۆكی ناشه‌رعی هه‌رێم پرسه چاره‌نوسسازه‌كانی نه‌ته‌وه‌ی كوردی له‌ودیوی ده‌رگا داخراوهكانداو تا ساڵی ٢٠٢٠ دێزه به‌ده‌رخۆنه كردوه، مه‌به‌ستم پرسی كه‌ركوك و ناوچه دابڕاوه‌كانی تری كوردستانه.
وه‌ك كوردێكی پارێزگای كه‌ركوك كه چل ساڵی ژیانم بریتی بوه له‌ده‌ربه‌ده‌ری ئۆردوگاكانی ئێران و ژیانی باشوری عێراق و ماڵ وێرانی و پێشمه‌رگایه‌تی و شه‌هید بونی برا و براده‌ری نزیك و ئه‌نفال بونی خزمان و دو ده‌یه‌ی ژیانی هه‌نده‌رانم و له‌سه‌روی هه‌موشیانه‌وه به حوكمی ئه‌وه‌ی كه توێژه‌ری كێشه نێودهوڵهتیهكانم و ئاگادارم له لاوازی و به بنبه‌ست گه‌یشتنی ده‌سه‌ڵاتی گه‌نده‌ڵی هه‌نوكه‌ی هه‌رێمی كوردستان، له‌م بارودۆخه‌ی ئێستادا هیچ لایه‌نێكیتر به شیاو نازانم بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی كه‌ركوك و ناوچه دابڕاوه‌كانی تر بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان له‌غه‌یری بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان.
سبه‌ی: ئایا ئاماده‌یت كار بۆ سه‌ركه‌وتنی لیستی (117)ی گۆڕان بكه‌یت؟
سه‌عید كاكه‌یی: بێگومان و بێ‌وچان كار بۆ سه‌ركه‌وتنی لیستی ١١٧ی گۆڕان ده‌كه‌م و به‌تایبه‌ت له‌سه‌ر تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان كه به دیارده‌یه‌كی مۆدێرن و شارستانیانە ده‌زانم بۆ گه‌یاندنی په‌یامی كاندیده‌كانی گۆڕان به هاوڵاتیانی كورد له‌هه‌ر شوێنێكی دنیادابن. له‌م قۆناغه هه‌ستیاره‌ی خه‌باتی گۆڕانخوازانی كوردستاندا، كاركردن بۆ سه‌ركه‌وتنی لیستی گۆڕان به ئه‌ركی سه‌رشانی خۆمی ده‌زانم و داواكارم له‌هه‌مو هاوڵاتیانی كوردی بێلایه‌ن فاكته‌ره‌كانی گه‌نده‌ڵی و مه‌حسوبیه‌ت و خوێنی شه‌هیدانی ١٧ی شوبات و رۆژانی دوایی و كوده‌تا چه‌په‌ڵه‌كه‌ی ٣٠ حوزه‌یرانی ئه‌م ساڵ بهێننه به‌رچاو و چیتر گۆشه‌گیری بێلایه‌نی نه‌بن و هه‌ڵوێست وه‌رگرن له‌هه‌مبه‌ر پێشێلكردنی یاساكان، ئه‌گینا ره‌گ داكوتانی ده‌سه‌ڵاتی تاكڕه‌وی زیانی بۆ هه‌مو لایه‌ك ده‌بێت به‌بێ جیاوازی.
سبه‌ی: په‌یوه‌ندیت لەگەڵ رێكخه‌ری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان هه‌یه؟
سه‌عید كاكه‌یی: نه په‌یوه‌ندیم به رێكخه‌ری گشتی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانه‌وه كردوه‌و نه له ده ساڵی رابردودا بینیومه، جیا له هاوڵاتیه‌كی خه‌مخۆرو لایه‌نگرێكی گۆڕانخواز، مافی ئه‌وه به‌خۆم ناده‌م لەبەرگێکی تردا كه‌سایه‌تیه‌كی ترم هه‌بێت و هه‌ڵپه‌ی هاوشانی كاك نه‌وشیروان مسته‌فا بكه‌م. به‌ڕێزیان كه‌سایه‌تیه‌كی ناسراو و راستگۆ‌و ماندو نه‌ناسن و به‌نده‌ش له‌سه‌دا یه‌كی كار‌و خه‌باتی ئه‌وی نه‌كردوه.
سبه‌ی: پرسی ئازاییه گشتییه‌كان و ئازادی نوسین و ده‌ربڕین له كوێی گرنگی پێدانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕاندایه؟
سه‌عید كاكه‌یی: به‌رته‌سككردنی ئازادیه گشتییه‌كان و سانسۆركردنی ئازادی نوسین و راده‌ربڕین دو فاكته‌ری سه‌ره‌كین بۆ دروستبونی رژێمی گشتگهری و تاكڕه‌وی و دیكتاتۆری. هه‌ر له ساڵی ١٩٨٠وه كه ده‌ستم به نوسین و بڵاوكردنه‌وه‌ی بابه‌تی شانۆیی و ئه‌ده‌بی و سیاسی كردوه، زۆرجار ئه‌و فاكتهرانهم به‌ڕودا ته‌قیونه‌ته‌وه‌و نوسینه‌كانم به‌ر چه‌ندین مقه‌ستی ناڕه‌وا كه‌وتون. هه‌ندێ جاریش بابه‌ت و نوسینه‌كانم به‌ته‌واوی سانسۆر كروان و به‌تایبه‌ت پاش ٣١ی ئابی ١٩٩٦. لێ له‌وه‌ته‌ی بۆ گۆڤاری رۆشنگه‌ری و ماڵپه‌ڕی سبه‌ی و سایت و رۆژنامه بێلایه‌نه‌كان ده‌نوسمه‌وه، هێشتا نه‌مدیوه ته‌نانه‌ت تاكه وشه‌یه‌كیشم ده‌ستكاری بكرێت، جا چ جای سانسۆر كردن!
ئه‌م ئازادی نوسین و راده‌ربڕینه بێ سنوره‌ی كه ده‌زگاكانی راگه‌یاندنی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان په‌یڕه‌وی ده‌كه‌ن، ره‌هه‌ندگه‌لێكی ئێجگار گرنگن و ده‌كرێ به چاكی به‌كاربهێنرێن بۆ له ئامێزگرتنی ئه‌و خامه‌و بیرمه‌ندانه‌ی بایه‌خ به گۆڕانكاریه سیاسی و ئابوری و كۆمه‌ڵایه‌تی و كولتوریه‌كان ده‌ده‌ن. ئه‌ركی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانه كه به هه‌مو هێزو توانهیهكهوه بایه‌خ و گرنگییه‌كی زۆر بدات به له ئامێزگرتنه‌وه‌ی ئه‌و نوسه‌رو رۆشنبیره كوردانه‌ی كه رابردویهكی نیشتیمانپه‌روه‌ری بێگه‌ردیان هه‌یه‌و له‌به‌ر هۆیه‌ك له هۆكانی سیاسه‌تی نه‌زۆكی حزبه ته‌قلیدیه‌كانی كوردستان دڵیان رهنجاوهو كه‌س جارێ ئاوڕی لێنه‌داونه‌ته‌وه.
سبه‌ی: له‌م كاته‌دا په‌یامت بۆ خه‌ڵكی كوردستان به‌گشتی و ئه‌و كه‌سانه‌ی كاریگه‌ریت له‌سه‌ریان هه‌یه به‌تایبه‌تی چییه؟
سه‌عید كاكه‌یی: په‌یامی من بۆ خه‌ڵكی كوردستان به‌گشتی ئه‌وه‌یه كه ئه‌وانه‌ی رابردوی خۆیان له‌بیر بچێته‌وه، ده‌كه‌ونه به‌ر لۆمه‌ی داهاتوی نه‌وه‌كانیان، چونكه هه‌ر بونیات و دامه‌زراوه‌یه‌ك له‌سه‌ر هه‌ڵه بناغه‌ی بۆ ساز كرابێت به هه‌ڵه‌و سه‌قه‌تی ده‌مێنێته‌وه. نسکۆی شۆڕش لەساڵی ١٩٧٥ و خیانه‌تی ٣١ی ئابی ١٩٩٦ و كوده‌تا ناحهزهكهی ٣٠ ی حوزه‌یرانی ٢٠١٣ سێ هه‌ڵه‌ی كوشنده‌ی پارتی دیموكراتی كوردستانن. هه‌ڵه‌ی چواره‌م كه تارماییەكهی دیاره كه چۆن كه‌ركوك و ناوچه دابڕاوه‌كانی تری كوردستانی دیزه به ده‌رخۆنه كردوه. قسه هه‌زاره‌و یه‌كی به‌كاره: ده‌نگدانتان به پارتی ده‌نگدانه به ده‌سه‌ڵاتی تاكڕه‌وی.
له‌م خاڵه‌شه‌وه داوا له‌و دڵسۆزه به‌ڕێزانه ده‌كه‌م كه بایه‌خ به بیر‌و بۆچونه‌كانم ده‌ده‌ن زۆر هه‌ستیارانه‌و به‌رپرسانه به رۆڵی ئاشتیخوازانه‌ی خۆیان هه‌ستن له هۆشیاركردنه‌وه‌ی ئه‌و هاوڵاتیانه‌ی به پاره‌و ئیمتیازات و هه‌ڕه‌شه‌و ترس و تۆقاندن فریو دراون و كه‌وتونه به‌ر ركێفی کەسانی ده‌سه‌ڵاتی گه‌نده‌ڵی بنه‌ماڵه‌یی. ئه‌ركی ئینسانی ئێمه‌ی گۆڕانخوازانه كه نیشتیمان و هاوڵاتیانمان خۆش بوێت به‌بێ ناوچه‌گه‌ری و جیاوازی ئینتیمای فیكری و مه‌زهه‌بی و ره‌گه‌زی و ئیتنی.
كوردستان موڵكی بنه‌ماڵه‌یه‌ك و خێڵێك و حزبێك و دو حزب و ده‌یان حزب نیه، به‌ڵكو موڵكی هه‌مومانه. چۆن ناخۆشیه‌كانی بۆ هه‌مومان یه‌كسان بوه، خێر‌و بێرو خۆشیهكانیشی ده‌بێ بۆ هه‌مومان یه‌كسان بێت. هه‌ژاران و پاڵه‌و جوتیارانی كوردستان كه‌س و كار‌و داڵده‌ی رۆژانی سه‌ختمان بون، زامنكردنی خۆشگوزه‌رانی و دابینكردنی خزمه‌تگوزاری پێویست بۆ ئه‌م چین و توێژه دڵسۆزانه ئه‌ركی ئه‌خلاقی هه‌مومانه. لێ داخه‌كه‌م به‌درێژایی ته‌مه‌نی ٢١ ساڵه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌م دو حزبه‌ی دەسەڵات نه‌ك ته‌نها به ئه‌ركی ئه‌خلاقی خۆیان هه‌ڵنه‌ستاون بۆ پێشخستنی باری ژیانی هه‌ژاران و پاڵه‌و جوتیارانی كوردستان، به‌ڵكو په‌یتا په‌یتا سه‌رقاڵی به كۆیله‌كردن و گه‌وجاندنی رۆڵه‌كانیانن. بۆیه پڕ به‌ده‌م هاوار بكه‌ن: ئیدی به‌سه گه‌وجاندن و بێحورمهتی، ئیدی به‌سه خیانه‌ت و بێمروه‌تی. ده‌نگ بده‌ن به گۆڕان بۆ لابردنی زۆرداران.
پرۆفایل:
سەعید کاکەیی
لەدایکبوی ساڵی 1960 - كه‌ركوك
* زمانه‌كانی كوردی و عه‌ره‌بی و ئینگلیزی و توركی و فارسی به پاراوی ده‌زانێت
* له ساڵی 1985دا چوه‌ته ریزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان و وه‌ك كادری پێشكه‌وتوی حسك (1978 – 1987) و حزبی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستان (1988- 1993) و یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان (1993 – 1995) ده‌ستبه‌كار بوم.
* نوسه‌ر و ده‌رهێنه‌ر و به‌رهه‌مهێنه‌ری فلیمی داكیۆدرامای "له‌چاوه‌ڕوانی هیوادا" كه باسی كیمیابارانه‌كه‌ی هه‌ڵه‌بجه ده‌كات و براوه‌ی خه‌ڵاتی باشترین درامای نێوده‌وڵه‌تی بوو له ڤیستیڤاڵی سینه‌ما و ڤیدیۆی نیۆیۆركی جیهانی ساڵی 2004.
* چه‌ندین نوسین و لێكۆڵینه‌وه‌ی ئه‌كادیمی له‌بواره‌كانی سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تی و دانوستاندن و دیپلۆماسیه‌تی به زمانه‌كانی كوردی و ئینگلیزی و عه‌ره‌بی بڵاوكردۆته‌وه.
* چه‌ندین نوسین و لێكۆڵینه‌وه‌ی ئه‌كادیمی له‌بواره‌كانی سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تی و دانوستاندن و دیپلۆماسیه‌تی به زمانه‌كانی كوردی و ئینگلیزی و عه‌ره‌بی بڵاوكردۆته‌وه.
* راوێژكار و پسپۆری دانوستاندن و مامۆستای دانوستاندن له‌ئه‌كادیمیای په‌ره‌پێدانی سه‌ركرده‌یی له‌ویلایه‌تی كالیفۆرنیا- ئه‌مریكا.
* پتر له 18 ساڵ شاره‌زایی پیشه‌یی له‌بواره‌كانی دانوستاندن و ئیداره‌ی حكومه‌ت و به‌ڕێوه‌بردن و چاره‌سه‌ركردنی كێشه نێوده‌وڵه‌تیه‌كان له ئه‌فریقای باشور و بۆزنیا و هرسك و عێراق.
ئاستی خوێندەواری
* كاندیدی دكتۆرا له شیكردنه‌وه و چاره‌سه‌ری كێشه نێوده‌وڵه‌تیه‌كان و یاریده‌ری مامۆستای زانكۆ له زانكۆی نۆڤا، فلۆریدا، ئه‌مریكا (2010 – 2014)
* ماجستێر له هونه‌ری دیپلۆماسی/ به‌ڕێوه‌بردن و چاره‌سه‌ری كێشه‌كان– زانكۆی نۆروچ، ڤرمۆنت، ئه‌مریكا (2009)
* بڕوانامه‌ی مۆڵه‌تی پیشه‌ی دانوستاندن له زانكۆی هارڤرد، ئه‌مریكا (2000)
* به‌كالۆریۆسی زانسته سیاسیه‌كان له زانكۆی وینیپهگ، كه‌نه‌دا (1994)
|
|
|