|
بەرنامەی حکومەتمان لاگرنگە نەک پۆست |
26/10/2013 18:43:04 |
دیمانە: دەشتی سالار
رێکخەری ژوری پەیوەندییە دبلۆماسییەکانی بزوتنەوەی گۆڕان ئاماژە بەوە دەکات، بەچەندین شێواز ساختەکاری لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی 21ی ئەیلولی هەرێمی کوردستاندا و کراوە و لە هەندێ ناوچە نەهێڵراوە جگە لە هێزێک، هیچ هێزێکی دیکە دەنگ بهێنێت، بەرپرسیارێتیەکەش دەخاتە ئەستۆی دەسەڵات و کۆمسیۆن. هەروەک پێشیوایە ئەگەر هەڵبژاردنەکە بەشێوەیەک دور لە هەمو جۆرە ساختەکاریەک بوایە، زۆر لەئێستا دەنگی زیاتریان دەهێناو پێیانوایە دەبونە هێزی یەکەم.
محەمەد تۆفیق رەحیم، لەم دیمانەیەی (سبەی)دا، ئەوەش دەخاتەڕو سەرباری هەمو رەخنە و تێبینییەکانیان لەسەر بەڕێوەچونی هەڵبژاردنەکە، پێگەی گۆڕان لەئاستێکی بەرزدا دەبینن، هاوکات هەڵوێستی بزوتنەوەکەیان سەبارەت بە پێکهێنانی حکومەتی داهاتو دەخاتەڕو و دەڵێت: ئێمە و دو لایەنەکەی دیکەی ئۆپۆزسیۆنیش ئەوەی بەلامانەوە گرنگە بەرنامەی ئەو حکومەتەیە کە پێکدەهێنرێت، واتە ئێمە لەسەر بەرنامە بەشداری دەکەین لە حکومەتدا، نەک لەسەر پۆست و پلەوپایە.
جگەلەوەش هۆشداری دەدات سەبارەت بە پێکهێنانی حکومەت بە تەنها لەلایەن دو حیزبەکەوە و دەڵێت: زۆر زەحمەتە و کارێکی سەختە بۆ هەردو لایەنەکەی دەسەڵات بتوانن هەڵوێست و بیر و بۆچونەکان و بەرنامەکانی ئۆپۆزسیۆن پەراوێز بخەن، ئەگەر ئەوەشیان کرد، ئەوە بە زیانێکی گەورە تەواو دەبێت بۆیان.
لەبارەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانیش، هێما بۆ ئەوە دەکات، دواخستنی ئەو هەڵبژاردنە لەلایەن دەسەڵاتەوە بەهۆی ترسیانەوەیە و دەشڵێت: هەمو فشارێکی سیاسی و دیموکراتیانە بەکاردەهێنین، بۆ ئەوەی لە وادەی خۆیدا بکرێت.
سبەی: بزوتنەوەی گۆڕان بەشداری هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی 21ی ئەیلولی کرد و ئەنجامەکانیش راگەیەندران، رای ئێوە لەسەر دەرەئەنجامی هەڵبژاردنەکە و پێگەی سیاسی گۆڕان بۆ داهاتو چیە؟
محەمەد تۆفیق رەحیم: بزوتنەوەی گۆڕان بەشداری هەڵبژاردنەکەی 21ی ئەیلولی کرد و لەئێستاشدا ئەنجامەکان کەم تا زۆر دیارە، پێشمانوایە ئەگەر بهاتبایە لەهەندێ شوێن و ناوچەدا پرۆسەی هەڵبژاردنەکە بەشێوەیەکی ئازادانەتر و پاکتر بەڕێوەبچوایە، ئەوا ئەنجامەکانی ئێمە وەک بزوتنەوەی گۆڕان زۆر لەئێستا باشتر دەبو. بەتایبەتیش لە دهۆک کە رێگەنەدرا هیچ حیزبێک دەنگ بهێنێت غەیری یەک دو حیزب نەبێت، بەتایبەتیش پارتی دیموکراتی کوردستان.
بۆیە ئێمە پێمانوایە ئەگەر هەڵبژاردنەکە بەوشێوەیە نەبوایە، ئەوا دەنگێکی زۆر زیاترمان لەئێستا دەهێنا لەو ناوچانە.
سبەی: کەواتە ئێستا پێگەی خۆتان چۆن دەبینین؟
محەمەد تۆفیق رەحیم: پێگەی خۆمان لەئاستێکی بەرزدا دەبینین، بۆ نمونە ئەگەر دەنگەکانی بزوتنەوەی گۆڕان لەهەردو پارێزگای سلێمانی و هەولێر لێک بدەیت ئێمە لیستی یەکەمین، هەروەها لە هەرسێ پارێزگاکەش پێکەوە، ئێمە لیستی دوەمین. جگەلەوەش سەرباری ئەو هەمو سەرنج و تێبینیەی هەمانە لەسەر مەسەلەی هەڵبژاردن و شێوازی بەڕێوەچونییەوە، ئێمە پێمانوایە بزوتنەوەی گۆڕان توانیویەتی لەسەر پێی خۆی بوەستێ و ئەنجامێکی باش بەدەستبهێنێت.
سبەی: رای ئێوە لەسەر بەڕێوەچونی هەڵبژاردنەکە چۆن بو، لەکاتێکدا لەم هەڵبژاردنەشدا وەک هەڵبژاردنەکانی پێشو گلەیی و گازندەی زۆر و بەڵگەدار هەبو، لە دیارترینیان دەستکاریکردنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن؟
محەمەد تۆفیق رەحیم: راستییەکەی برادەرانی ژوری هەڵبژاردنی بزوتنەوەی گۆڕان وردەکاری زیاتریان لایە، بەڵام ئەوەی پێمان راگەیەندراوە بەڵێ لە هەڵبژاردنەکاندا غەدر لە زۆر لایەن کراوە، بەتایبەتیش لە گۆڕان، بەوەی کە کۆمسیۆن بەوشێوەیەی دەبو، هەڵبژاردنەکەی نەبردوە بەڕێوە، لەمەشدا بەرپرسیارێتییەکە دەکەوێتە ئەستۆی دەسەڵات و کۆمسیۆن. ئەوەش ئاشکرایە کە کۆمسیۆن نوێنەرەکانی لەلایەن دەسەڵاتەوە دانراوە، ئەوانەی لە کۆمسیۆندان لە سەرتاسەری عێراقدا، نوێنەری حیزبەکانن کە لە دەسەڵاتدان.
سبەی: ئەگەر هەڵبژاردن بەشێوەیەکی ئازادانە و پاک و بێگەرد و دور لە ساختەکاری بکرایە، ئێوە وەک بزوتنەوەی گۆڕان پێگەی خۆتان چۆن دەبینی؟
محەمەد تۆفیق رەحیم: لەو بڕوایەداین و وای دەبینین ئەگەر هەڵبژاردنەکە بەشێوەیەک دور لە هەمو جۆرە ساختەکاریەک بوایە، زۆر زۆر لەئێستا دەنگی زیاترمان دەهێنا، بەجۆرێک کە پێمانوایە دەبوینە هێزی یەکەم.
سبەی: بەرنامەتان چییە بۆ رێگریکردن لە دوبارەبونەوەی ئەو ساختەکاری و کەموکوڕیانەی هەبوە؟
محەمەد تۆفیق رەحیم: لە هەمو هەڵبژاردنێکدا ئەزمون و وانەیەک وەردەگرین لە هەڵبژاردنەکانی پێشو، بۆئەوەی بتوانیت کە رێگری لەهەر هەوڵێکی ساختەکاری بگرێت و کەمی بکاتەوە، هەمو هەڵبژاردنێکیش وانەیەکی لێ وەردەگیرێت بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتو.
سبەی: ئێستا بەرەو پێکهێنانی حکومەت دەڕۆین، هەڵوێستی بزوتنەوەی گۆڕان لەوبارەیەوە چیە؟
محەمەد تۆفیق رەحیم: هەڵوێستی ئێمە سەبارەت بە پێکهێنانی حکومەت رونە، ئێمە لەگەڵ لایەنەکانی دیکەی ئۆپۆزسیۆن بەردەوام لە گفتوگۆ و راوێژ و ئاڵوگۆڕی بیروڕاین، ئێستا من بەناوی گۆڕانەوە قسەدەکەم، بەڵام هەرسێ لایەنەکەی ئۆپۆزسیۆن بەلامانەوە گرنگە بەرنامەی ئەو حکومەتەی پێکدەهێنرێت چیە.
ئەگەر ئەو بەرنامەیە کە حکومەتی داهاتو بۆ چوار ساڵی داهاتو کاری لەسەر دەکات، گونجاو بێت و ئەگەر بزانین بارودۆخەکەی هەرێمی کوردستان بەوشێوەیە دەگۆڕێت، کە گەندەڵی نەبێت و دادی کۆمەڵایەتی هەبێت و ئیدارەیەکی رێکوپێک و مەدەنی دور لە دەسەڵاتی حیزبەکان بێتە کایەوە، هەروەها دەسەڵاتی دادوەری ئەکتیڤ و سەربەخۆ بکات، ئێمە هەڵوێستی ئیجابیمان دەبێت لەسەر بەشداریکردن لە حکومەتدا.
سبەی: کەواتە میکانیزمی بەشداریکردنتان لە حکومەتی داهاتودا، چ جیاوازییەکی دەبێت لەگەڵ لایەنەکانی دیکە؟ ئایا مەرجتان هەیە بۆ بەشداریکردن لە حکومەت؟
محەمەد تۆفیق رەحیم: ئێمە لەسەر بەرنامە بەشداری دەکەین لە حکومەتدا، نەک لەسەر پۆست و پلەوپایە، تەنها مەرجیشمان بۆ بەشداریکردن لە حکومەتدا بەرنامەکەیە. هەروەها بەپێی ئەو دانیشتنن و گفتوگۆیانەی لەگەڵ لایەنەکانی دیکەی ئۆپۆزسیۆنیش کردومانە، تائێستا یەک هەڵوێست و بیروبۆچونمان هەیە بۆ بەشداریکردن لە حکومەتدا.
سبەی: تا چەند ئەگەری ئەوە هەیە ئەمجارەش وەکو کابینەکانی تر، هەر یەکێتی و پارتی بە تەنها خۆیان حکومەت پێکبهێنن، یاخود ئەگەر هەوڵێک هەبێت بۆ پەراوێزخستنی ئۆپۆزسیۆن، ئێوە لەوکاتەدا هەڵوێستتان چی دەبێت؟
محەمەد تۆفیق رەحیم: ئێمە پێمانوایە زۆر زۆر زەحمەتە و کارێکی سەختە بۆ هەردو لایەنەکەی دەسەڵات، کە تائێستا هەر ئەوان لە دەسەڵاتدان، بتوانن هەڵوێست و بیر و بۆچونەکان و بەرنامەکانی ئۆپۆزسیۆن پەراوێز بخەن، ئەگەر ئەوەشیان کرد، ئەوە بە زیانێکی گەورە تەواو دەبێت بۆیان.
سبەی: سێ هەڵبژاردنە بزوتنەوەی گۆڕان لەو ناوچانەی پێی دەوترێت زۆنی سەوز براوەیە و زۆرترینی دەنگەکان بەدەستدەهێنێت، بەڵام دوای هەڵبژاردن لەباتی ئەوەی بەپێی دەنگ و قورسایی خۆی بەشداری پێبکرێت لە ئیدارەی ئەم ناوچانەدا، کەچی سزای لایەنگران و دەنگدەرانی دەدرێت، پلانتان چیە بۆ رێگری لەم کارە؟
محەمەد تۆفیق رەحیم: ئەوە بەدەردی حیزبەکانی دەسەڵات ناخوا، هەمو جارێک پەنا دەبەنەبەر سزادانی سیاسی، بەڵام دەرکەوتوە خۆیان زەرەری لێدەکەن، پێگەی جەماوەریان کەم دەکات و خەڵکیان زیاتر لێ توڕە دەکات.
سبەی: بەپێی لێدوانی بەرپرسانی کۆمسیۆن و حکومەت، ئەگەرێکی زۆر هەیە بۆئەوەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان نەکرێت، رای ئێوە لەوبارەیەوە؟
محەمەد تۆفیق رەحیم: ئەوە نۆ ساڵە لە عێراق بە بەردەوامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان هەبوە لەگەڵ هەمو ئەو بارودۆخە خراپە ئەمنی و ئاسایشەی لە عێراق هەیە، بەڵام لە هەرێمی کوردستان سەرباری ئەوەی بارودۆخی ئاسایش لەبارەو هێمنی و ئارامی هەیە، بەڵام هەرجارەو بە بیانویەک دوای دەخەن.
دەوترێت ئەو هەڵبژاردن جارێکی تر دوادەکەوێت، بەڵام دواخستنی هەڵبژادنی ئەنجومەنی پارێزگاکان دەریدەخات کە حیزبەکانی دەسەڵات لەو هەڵبژاردنە دەترسن.
سبەی: کەواتە دوا هەڵوێستی ئێوە لەوبارەیەوە چی دەبێت، ئایا ئەم پرسە وەک مەرجێک نابەستنەوە بە بەشداریکردنتان لە حکومەتی داهاتودا؟
محەمەد تۆفیق رەحیم: ئەم بابەتە بەشێک دەبێت لە بەرنامەکان لەکاتی مەسەلەی پڕۆگرامی حکومەتی داهاتودا، بەڵام ئێمە هەمو فشارێکی سیاسی و دیموکراتیانە بەکاردەهێنین، بۆئەوەی ئەو هەڵبژاردنانە دوانەکەوێت و لەوادەی دیاریکراوی خۆیدا ئەنجامبدرێت. |
|
|