Print WWW.SBEIY.COM
  كەس تەفاسیلی كێشەكان و گفتوگۆ داخراوەكان نازانێ
09/03/2014 18:42:05
دیمانە: سبەی

ئارام شێخ محەمەد رێکخەری ژوری هەڵبژاردنی بزوتنەوەی گۆڕان لەم دیمانەیەدا لەگەڵ سبەی باس لە کێشەکانی نێوان هەرێم و حکومەتی ناوەند دەکات و رایدەگەیەنێت؛ "هۆكارگەلێكی زۆر هەن كە وائەكات بڵێین نوێنەرانی كورد لە بەغدا تەنها نوێنەری حیزبەكانی خۆیان بون، تا نوێنەری گوتارێكی نەتەوەیی هاوبەش، ئەمەش ئەو شكستەی لێكەوتۆتەوە كە حكومەتی عێراقی لەڕێگەی بودجەوە دەستی خستۆتە بینەقاقای هەرێم، لەڕاستیدا حكومەتی عێراق لە چەند ساڵی رابردوشدا دەیتوانی گەمارۆ بخاتەسەر هەرێمی كوردستان، بەڵام ئەوكات لەبەر نزیكی سەركردایەتی پارتی‌و یەكێتی لە نوری مالیكیەوە، ئەو فشارەی بەكارنەهێناوە".
سەبارەت بە ئەدا و رۆڵی فراکسیۆنی گۆڕانیش لە بەغدا ئارام شێخ محەمەد دەڵێت؛ "لە ماوەی ئەم چوار ساڵەدا فراكسیۆنی گۆڕان لە بەغدا بە راستگۆیانە نوێنەرایەتی كوردیان كردوە، لەم پێناوەدا سەرسەختانە دیفاعیان لە بەرژەوەندی كورد كردوە، گۆڕان لە بەغدا بەشێك نەبوە لە خواردنی كێكەكە، بەشێك نەبون لە ململانێی هێزە سیاسیە عێراقیەكان، هەر لە دیفاع كردن لە جێبەجێكردنی مادە دەستوریەكان كە لەبەرژەوەندی كوردن تا هاوتاكردنی موچەی هەرێم و بەغدا و كەمكردنەوەی نەفەقاتی سیادی و یاسای خانەنشینی ‌و شەڕكردن لەسەر زیادكردنی كورسی پارێزگاكانی هەرێم لە هەڵبژاردنەكان تا ئەگات بە بەپارێزگاكردنی هەڵەبجە".

سبەی: بودجەی 2014ی عێراق لە ئێستادا گەیشتۆتە پەرلەمانی عێراق‌ و ئامادەیە بۆ گفتوگۆكردن، هەمو ساڵێكیش لەم كاتەدا كێشە دەكەوێتە نێوان هەرێم‌و ناوەند لەسەر پشكی 17%ی كورد، ئایا بۆچی تائێستا ئەم مافەی هەرێم نەچەسپاوە؟
ئارام شێخ محەمەد: بەداخەوە بەهۆی هەندێك ماددەی پڕۆژە یاسای بودجەی 2014ی عێراقەوە، پشكی 17%ی هەرێمی كوردستان لەژێر مەترسیدایە، ئەمە جگەلەوەی بەهۆی زیادبونی خەرجی سیادی ‌و حاكیمەوە پشكی هەرێمی كوردستان كەم بوەتەوە بۆ 11%. پێموایە هۆكاری سەرەكی ئەم گرفتانە شێوازی كاركردنی نوێنەرانی كورد بوە لە هەرێم و بەغدا، كاتێك ئەم یاسایە و چەندین یاسای تریش تێپەڕین، بەڵام ئەكرێ راشكاوانەتریش قسە بكەین و هۆكارەكان بكەین بە دو بەشەوە، یەكێكیان ئەوەیە كە حكومەتی هەرێم داهاتی راستەقینەیان نەداوە بە حكومەتی عێراقی ‌و بێ متمانەیی زۆر هەیە لەنێوان هەردولادا، دوەم نوێنەرانی یەكێتی‌ و پارتی لە بەغدا یاری بەم مافەوە ئەکەن و کردویانە، ئەوكاتەی كە نزیك بون لە مالیكی بێ دەنگییان كردوە و ئەوكاتەش كە فشاریان بۆ هاتبێ وەك سەفەقەی سیاسی بەكاریان هێناوە نەك وەك مافێكی دەستوری، ئێستاش كە جارێكی تر گرژی كەوتۆتە نێوان حكومەتی هەرێم ‌و حكومەتی ناوەندی بەغداوە، كێشەكانی كورد لەگەڵ بەغدا سەریهەڵداوەتەوە‌ و باجەكەشی خەڵكی كوردستان دەیدات، كە بڕینی پشكی بودجەی هەرێمی كوردستانە و بوەتە هۆی ئەوەی كە خەڵك موچەی نەدرێتێ‌.

سبەی: هەڵسەنگاندنی ئێوە بۆ نوێنەرانی كورد لە حكومەتی عێراق‌و ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق چییە، كە نەیانتوانیوە مافەكانی كورد كە لە دەستوری عێراقدا هاتوە وەربگرن؟ ئایا نەیانتوانیوە، یان كەمتەرخەم بون؟
ئارام شێخ محەمەد: هۆكارگەلێكی زۆر هەن كە وائەكات بڵێین نوێنەرانی كورد لە بەغدا تەنها نوێنەری حیزبەكانی خۆیان بون، تا نوێنەری گوتارێكی نەتەوەیی هاوبەش، ئەمەش ئەو شكستەی لێكەوتۆتەوە كە حكومەتی عێراقی لەڕێگەی بودجەوە دەستی خستۆتە بینەقاقای هەرێم، لەڕاستیدا حكومەتی عێراق لە چەند ساڵی رابردوشدا دەیتوانی گەمارۆ بخاتەسەر هەرێمی كوردستان، بەڵام ئەوكات لەبەر نزیكی سەركردایەتی پارتی‌و یەكێتی لە نوری مالیكیەوە، ئەو فشارەی بەكارنەهێناوە.
پێویستە ئەوەش بڵێم كە كۆمەڵێك كێشەی هەڵپەسێردراو هەیە لە روخانی رژێمی پێشو تا ئێستا هەر بەردەوامە، مادەی 140 و ناوچە كوردستانیە كێشەلەسەرەكان، بودجەی هەرێم و پێشمەرگە و نەوت و ...هتد، هەمو ساڵێك هێواش هێواش لە مافەكانی ئێمە كەم ئەكرێتەوە و نوێنەرانی كوردیش لە بەغدا هەر خەریكی كوڕوزاندنەوە و هاواركردنی ئەوەن مافەكانمان كەم كراوەتەوە، كەسیش لە راستیدا تەفاسیلی كێشەكان و گفتوگۆ داخراوەكان نازانێ و هەتا ئەزمەكان زیاد نەكەن دەسەڵاتدارانی هەرێم تەنانەت هیچ بە نوێنەرەكانی خۆشیان ناڵێن، ئەمە سەرەڕای حساب نەكردن بۆ پەرلەمان و هیچ دامودەزگایەكی دامەزراوەیی هەرێمی كوردستان، چەندین جەولە گفتوگۆیان كردوە پەرلەمانتارێكیشیان لەگەڵ نەبوە و  نوێنەرانی حیزب لە كێشەكاندا خۆیان هەمو كێشەكانیان لە ئەزمەیەكەوە بۆ ئەزمەیەكی تر حەواڵە كردوە، ئەتوانین ئەم گرفتە بۆ ئەوە بگێڕینەوە كە نوێنەرانی زۆرینەی یەكێتی و پارتی نوێنەری بەرژەوەندی حیزبەكانی خۆیانن، بەغدا‌ و قەزیەی كوردیان خستۆتە خزمەتی پۆستەوە و لەم پێناوەشدا درێغییان لەوە نەكردوە رێگری بكەن لە هێزە سیاسیەكانی تری كوردستانیش بۆ نمونە گۆڕان و پێشیان عەیب نەبو مساوەمە لەسەر هەرشتێك بكەن تا گۆڕان هیچ پۆستێک وەرنەگرێت ئەگەر لەسەر حسابی کەمکردنەوەی نوێنەرایەتی کوردیش بێت وەک ئەوەی لە کۆمیسیۆن کردیان.

سبەی: بەپێی ئەو كۆت‌و بەندانەی لەناو پڕۆژە یاسای بودجەی 2014 هەیە، هەرێم روبەڕوی بڕینی بەشە بودجەكەی بۆتەوە، ئایا كێ بەرپرسیارە لەم گرفتە، حكومەتی عێراق كە بودجەكەی داڕشتوە، یان حكومەتی هەرێم كە پابەند نییە بە ناوەندەوە؟
ئارام شێخ محەمەد: بەر لە هەمو شتێك حكومەتی فیدڕاڵی عێراق بەرپرسیارە لەوەی ساڵانە پێش ناردنی پڕۆژەی یاسای بودجە بۆ پەرلەمان گفتوگۆ لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان ناكات، تا لەگەڵ حكومەتی هەرێم رێك بكەوێت لەسەر توانای هەناردەكردنی نەوتی هەرێم‌ و سەرفكردنی پارەی كۆمپانیا نەوتیەكان ‌و بودجەی پێشمەرگە‌و هەمو مافەكانی تری هەرێم، كە ئەگەر ئەمە بكرێت بە دڵنیاییەوە لیستە كوردیەكان باشتر پشتیوانی لە بودجە دەكەن‌ و هەوڵی زو پەسەندكردنی دەدەن، نەك وەك ئێستا كە لیستی كوردستانی‌ و سوننەكان رێگری دەكەن لە گفتوگۆكردنی بودجەی 2014ی عێراق. لە هەمانكاتدا ئەمجۆرە مامەڵەكردنەی عێراق لەگەڵ بودجە پێدەچێت ئەمەش گەمەیەك بێت بەغدا بیكات، كە بودجە بە كۆمەڵێك كێشەوە دەنێرێتە  پەرلەمان بۆ دەنگدان و كردویانە بە كارتی فشار، ئینجا هاتون باسی رێكەوتن ئەكەن.
هەرچی پەیوەندی بە حكومەتی هەرێمی كوردستانیشەوە هەیە پێویستە كۆتایی بەو كێشە‌و گرفتانە بهێنێت كە لەسەر داهاتی ناوخۆ‌ و هەناردەكردنی نەوتەوە لەگەڵ بەغدا هەیەتی، كە مێژوەكەیان ئەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2004‌و تائێستاش بەردەوامی هەیە، هەروەها حكومەتی هەرێمی كوردستان پێویستە لەسەر كێشەی پێشمەرگە لەگەڵ حكومەتی عێراق بگاتە رێكەوتن، چ لەسەر بە نیزامیكردنی هێزەكانی پێشمەرگە‌و چ لەسەر بودجەی پێشمەرگە، هەڵبەت ئەمەش بەو شێوەیەی كە لە دەستوری عێراقدا دیاریكراوە، بەڵام كە ئەمەش ناكرێت پەیوەندی بەهەرێمی كوردستانیشەوە هەیە، كە هێزە چەكدارەكان نەكراونەتە هێزی نیشتمانی و ئەمەش پەیوەندی بەدەسەڵاتە حیزبیەكەی یەكێتی و پارتیەوە هەیە.
پێویستە لێرەدا ئەوەش رونبكەمەوە كە ئێمە بە هیچ شێوەیەك دژی ئەوەنین هەرێم گرێبەست لەگەڵ كۆمپانیا نەوتییەكان بكات‌ و بەرەو سەربەخۆی ئابوری هەنگاو بنێین، بەڵام پێویستە ئەم پرسە لەسەر بنەمای دەستوربێت‌ و تا توشی ئەزمەی کوشندەمان نەکات، بەتایبەت دارایی نەوت شەفاف بێت. ئەم گرفتەش بە گفتوگۆ چارەسەر بكرێت و بەهیچ شێوەیەك ناكرێت خەڵكی كوردستان بكرێنە قوربانی، واتە ئێمە لەگەڵ گرێبەستی نەوت و بۆری نەوتین، بەڵام بۆری ئاشکرا، بەڵام دەبێت ئەو پارەیەی لەم چوارچێوەدا وەدەستدێت بۆ خزمەتی خەڵكی بێت، بە دڵنیایی بڕینی بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان زۆر كارێكی خراپە و پێویستە هەرێم و بەغدا بە گفتوگۆ چارەسەری ئەم گرفتە بكەن، پێویست بو حكومەتی هەرێم زو ئیعلانی بكردایە كە توانای هەناردەكردنی 400 هەزار بەرمیل نەوتی نیە و خۆی توشی ئەم گرفتە نەكردایە.

سبەی: حكومەتی عێراق لە دوای 2003وە بەردەوام رێگری كردوە لە جێبەجێكردنی ماددەی 140ی دەستور‌و بودجەی پێشمەرگە‌و كێشەی نەوت‌و گاز، بەڵام حكومەتی هەرێم‌و نوێنەرانی كورد لە بەغدا هیچ هەڵوێستێكی كۆنكرێتیان نەبوە، ئەی هەڵوێستی بزوتنەوەی گۆڕان چییە لەسەر ئەم كێشانە؟
ئارام شێخ محەمەد: بەڵی ئێمە لەسەر جێبەجێنەكردنی ماددەی 140 هەمیشە هەڵوێستی جدیمان هەبوە، بڕوامان وابوە سەركردایەتی هەردو حیزبی دەسەڵاتدار (یەكێتی‌و پارتی) ئەوەندی شەڕی پۆست‌و بەرژەوەندیان كردوە لە بەغدا، ئەوەندە شەڕیان لەسەر جێبەجێكردنی ماددەی 140 نەكردوە، لە راستیدا زیاڕەوی نییە ئەگەر بڵێین كەركوكیان بە بەرژەوەندیەكانیان گۆڕیوەتەوە و ئەمەش لەبەر ئەوەیە كە هاوكێشەی سیاسی هەرێم تێك ئەدات لەناوخۆدا بۆیە زۆر خەمساردبون چی بۆ كەركوك و چی بۆ ناوچەكانی تریش .
سەبارەت بە هێزی پێشمەرگەش ئێمە بڕوامان وایە كە حكومەتی عێراق بە ئاشكرا غەدر لە هێزی پێشمەرگە دەكات، لە پڕچەکكردن‌و تەدریب كردن‌و سەرفكردنی خەرجیەكانی وەك ئەوەی لە دەستوری عێراقدا هاتوە واتە (تدریب و تسلیح و تجهیز)، لەبەرامبەردا یەكێتی‌و پارتیش هێزی پێشمەرگەیان نەكردوەتە هێزێكی نیشتیمانی‌ و بەناوی ئەم هێزەوە گەندەڵییەكی زۆر دەكرێت‌و هێزی پێشمەرگەیان كردۆتە پاسەوانی مەڵبەند‌و كۆمیتە‌و لقەكانیان‌ و هەزاران كادری خۆیان بەناوی ئەم هێزەوە موچەی بن دیوار وەردەگرن. واتە دەبێت ئێمە پێشمەرگە بكەینە هێزێكی نیشتیمانی و ژمارەیان دیاربێ و پلەو پۆست لەسەر ئەساسی توانا بێ ‌و لەبەغداش پێكەوە بەرگری لەمافی پێشمەرگە بكەین.
بۆ مەسەلەی نەوتیش ئێمە بەرگری تەواو لەوە دەكەین كە هەرێم مافی گرێبەستی هەبێت، بەڵام دەبێت ئەم گەندەڵی و ناڕونییەی لە پرسی نەوتدا هەیە لانی كەم بۆ خەڵكی كوردستان‌ و پەرلەمانەکەی رونبكرێتەوە، بەڵام ناكرێت خەڵكی كوردستان نەزانێ ئەو داهاتەی لە چوارچێوەی پرۆسەی بەرهەمهێنانی نەوت دەستدەكەون چەندە‌و بۆ كوێ‌ ئەچێت، بەڵام چاوەڕوانیش بن پشتگیریان لێبكەیت لەم پڕۆسەیە.

سبەی: نزیكەی خولێكی تەواوە بزوتنەوەی گۆڕان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە 8 پەرلەمانتارەوە بونی هەیە؟ ئایا فراكسیۆنەكەتان توانیوێتی چ شتێكی جیاواز لە لیستە كوردیەكانی تر پێشكەشی خەڵكی كوردستان بكات؟
ئارام شێخ محەمەد: لە ماوەی ئەم چوار ساڵەدا فراكسیۆنی گۆڕان لە بەغدا بە راستگۆیانە نوێنەرایەتی كوردیان كردوە، لەم پێناوەدا سەرسەختانە دیفاعیان لە بەرژەوەندی كورد كردوە، گۆڕان لە بەغدا بەشێك نەبوە لە خواردنی كێكەكە، بەشێك نەبون لە ململانێی هێزە سیاسیە عێراقیەكان، هەر لە دیفاع كردن لە جێبەجێكردنی مادە دەستوریەكان كە لەبەرژەوەندی كوردن تا هاوتاكردنی موچەی هەرێم و بەغدا و كەمكردنەوەی نەفەقاتی سیادی و یاسای خانەنشینی ‌و شەڕكردن لەسەر زیادكردنی كورسی پارێزگاكانی هەرێم لە هەڵبژاردنەكان تا ئەگات بە بەپارێزگاكردنی هەڵەبجە، تەنانەت دروستکردنی لیژنەی بەدواداچونی جێبەجێکردنی مادەی 140 لە پەرلەمانی عێراق لەسەر داواو پێشنیازی فراکسیۆنی گۆڕان بوە، زۆر کاری باشی تریش كارنامەی جوانی فراكسیۆنەكەی ئێمەیە.