Print WWW.SBEIY.COM
 د. دەرباز محەمەد: گەلێك جوڵاوە، نەك ئاوارەبون
27/10/2014 14:57:41
ئامادەکردنی: سبەی

وه‌زیری‌ كۆچ و كۆچبه‌رانی‌ عێراق، ئاماژە بەوە دەكات لەسەر سێ ئاست كار بۆ ئاوارەكان دەكەن هەر لەدابینكردنی پێداویستی خێرا تا پێدانی مینحە و داڵدەدانیان، بەڵام پێیوایە زۆری ژمارەی ئاوارەكان وایكردوە نەتوانرێت وەك پێویست هاوكاریەكان دابین بكرێت و دەڵێت: "ژمارەكە هێندە زۆرە کە من بە (جوڵانی گەلێك) ناوى دەبەم، چونكە ژمارەی خێزانە ئاوارەكان هێندەی ژمارەی هەمو خێزانەكانی دانیشتوی پارێزگای سلێمانیە".

د. دەرباز لەم دیدارەیدا لەگەڵ (سبەی) ئاماژە بەوەش دەكات، سەرباری زۆری ئەو ژمارەیە كارەكان بەردەوامن بۆ دابینكردنی شوێنی نیشتەجێبونی ئاوارەكان و باس لەوەش دەكات، تا كۆتایی مانگی داهاتو كەرەڤان و خێمەی سێ به‌رگی دابین دەكەن و دەڵێت: "لەبارەی ئاوارەكانی كۆبانیش لەگەڵ پارێزگاری هەولێر قسەم كردوە، شوێنیان بۆ دابین كردون و ئێمەش كەرەڤانەیان بۆ دابین دەكەین".

فریاكەوتن، مینحە، داڵدەدان
وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عێراق، ئاماژە بەوە دەكات كە له‌سه‌ر سێ ئاست هاوكاری‌ ئاواره‌كان ده‌كه‌ن؛ یه‌كه‌میان لەدو سەعاتی یەكەم تا هەفتەی یەكەمی ئاوارەبونیان دەگرێتەوە و فریاكه‌وتن و دابینكردنی‌ پێداویستی‌ سه‌ره‌تایی‌ و جل و بەرگ و نوێن و خۆراكه‌، دوه‌م پێدانی‌ بڕێك پارەیە كە مینحه‌یەكی‌ یه‌ك ملیۆن دیناریه‌ بۆ هەر خێزانێك و سێیەمیشیان دابینكردنی شوێنی مانەوە و داڵده‌دانیانه‌.

ئەو دەڵێت: "ئه‌و خێزانانه‌ی‌ له‌ (10/6/2014)ه‌وه‌ ئاواره‌بون بڕیاره‌كه‌ ده‌یانگرێته‌وه‌ و بڕە پارەكەیان دەدرێتێ و ئەو پرۆسەیەش لە بواری جێبەجێكردندایە و لەكۆتایی نزیك بوەتەوە، به‌شێوه‌یه‌ك (96%)یان وه‌ریانگرتوه‌ و ئه‌و پرۆسه‌یه‌ش به‌رده‌وامه‌ تا هه‌مویان وه‌ریده‌گرن".

ئەو باس لەزۆری ژمارەی ئاوارەكان دەكات كە بە وتەی خۆی (350 بۆ 400) هەزار خێزانن، هێندەی خێزانەكانی دانیشتوی هەمو پارێزگای سلێمانی دەكات، دەڵێت: "ئەوانیش سێ بەشن؛ بەشێكیان كە كەمترین رێژەیانە خۆیان ئاستی داراییان باشەو خانویان بەكرێگرتوەو شوێنی نیشتەجێبونیان بۆ خۆیان دابینكردوە، بەشێكیشیان لەخانو یان باڵەخانە هەیكەلەكاندا نیشتەجێ بون، بەشی سێیەمیان كە گەورەترینیانە هیچ پەناگەیەكیان نەبوە و پێویستیان بە كەمپە كە بۆ ئەوەی نیشتەجێ بكرێت پێویستە گرێبەست بكەین، ئەوەش كە باری ئسوڵی خۆی وەربگرێت و بەتەندەر بكرێت چەند هەفتەیەك و زیاتر لەمانگێكی دەوێت، ئەوەش تەنها خێمە نیە، كارەبا و پێداویستی ئامادەكردنی خواردن و گەرمكەرە و فێنككەرەوە و شتی دیکەیان دەوێت، كە رێكخراوی كۆچی نێودەوڵەتی و (UNCHR) رۆڵی باشیان بینیوە بۆ دابینكردنی خێمە بۆ بەشێكیان لە پارێزگاكان".

"(20) هەزار خێمەی سێ به‌رگی و (11) هەزار كەرەڤانەیان بۆ دابین دەكەین"
د. دەرباز محەمەد، ئاماژە بەوە دەكات، لەڕێی ئەو لیژنە باڵایەوە كە لەبەغدا بۆ كاروباری ئاوارەكان پێكهێنراوە بە سەرۆكایەتی ساڵح موتڵەگ جێگری سەرۆك وەزیران و جێگری وەزیری كۆچ و كۆچبەران و ئەندامێتی وەزارەتە پەیوەندیدارەكانی وەك تەندروستی و نەوت و بازرگانی، لەماوەی رابردودا بە بەهای دەیان ملیار دینار پێداویستی خێرا بۆ ئاوارەكان كڕدراوە، بەڵام (80%)ی كارەكان لەسەر تواناو كادری وەزارەتی كۆچ و كۆچبەران بوە.

وتیشی: "بۆ دروستكردنی كەمپیش، ئێمە بۆ دابینكردنی (20) هەزار چادرگەی سێ به‌رگی كە باشترین جۆری چادرگەیە بۆ ئاوارە لە جیهاندا، گرێبەستمان كردوە و لەچوار شوێنی جیاواز لەپارێزگاكان جێگیریان دەكەین، ئەوە ئێستا لەبواری جێبەجێكردندایەو لەناوەڕاست بۆ كۆتایی مانگی داهاتو (11)دا دەبێت تەواو بكرێت، كە زیاتر بۆ ئەو ئاوارانە دەبێت كە ئێستا لەقوتابخانەكاندان بەشێكیان لەهەولێر و بەشی زۆرینەیان لەدهۆكن".

ئەوەش دەخاتەڕو، سەرباری ئەو خێمە مۆدێرنانە (11) هەزار كەرەڤانەش دابین دەكەن و "ئەویش لەبواری جێبەجێكردندایە، كە بەهەمان شێوە بەسەر ئەو ناوچانە دابەشدەكرێت كە ئاوارەكانیان تێدایە، هەندێكیشیان بۆ ناوەڕاست و باشورە".

لەگەڵ ئەوەشدا رونیدەكاتەوە ئەوەی ئێستا كێشەی ئەوانە دابینكردنی سوتەمەنیە، كە بەتایبەت وەرزی سەرما و باران بارین نزیك بوەتەوە، لەگەڵ چارەسەری پزیشكی و دابینكردنی تیمی تەندروستی یان دابینكردنی خۆراكەكانیان، بەڵام باس لەوە دەكات، كە ئەوانە كاری وەزارەتەكانی دیكەیە نەك كۆچ و كۆچبەران و دەڵێت: "ئێمە تەنها دەتوانین ئاماری ئاوارەكان و ناوەكانیان بدەینێ بۆ ئەوەی پێداویستیەكانیان كە لەشوێنەكانی خۆیان بۆیان دابین دەكرا، بۆیان بگوازرێتەوە".

جەخت لەوەش دەكاتەوە، وەزارەتی كۆچ و كۆچبەران، ناتوانێت كاری هەمو وەزارەتەكان بكات و "پێویستە وەزارەتە پەیوەندیدارەكان ئەركی خۆیان جێبەجێ بكەن و پێداویستیەكانی دیكە بۆ ئاوارەكان دابین بكەن".

شوێنی هەندێك لەكەمپەكان نەگونجاوە
لەماوەی رابردودا و لەگەڵ یەكەم شەپۆلی باران باریندا بەشێك لەئاوارەكانی نیشتەجێی كەپەكان كەوتنە ناڕەحەتی و هەر بەهۆی ئەو رەشەباو ئاگرەوە كە بەوهۆیەوە كەوتەوە، سێ منداڵ لە كەمپی خانكێ گیانیان لەدەستداو وەزارەتی ئەوقافیش وەك چارەسەرێكی كاتی بڕیاریدا بە كردنەوەی دەرگای هۆڵی بۆنە ئاینیەكان بەڕوی ئاوارەكاندا.

لەوبارەیەوە د. دەرباز وتی: "لەهەندێك لەو كەمپانەی دروستكراون كێشەیەك هەیە كە ئەوەیە شوێنی كەمپەكان دیراسە نەكراوە و بەهۆی دۆخەكەوە بەخێرایی دروستكراون، بەشێوەیەك هەندێك كەمپ لەسەر زەوی كشتوكاڵی دروستكراون كە زەویەكی فشەڵە ئەوەش هەڵەیە، چونكە بە بارینی باران دانیشتوانی كەمپەكە دەكەونە ناڕەحەتیەوە".

ئەوەش رون دەكاتەوە، كە لەبنەڕەتدا دەبێت وەزارەتەكەی ئەو چاودێری كەمپەكان و دۆخی ئاوارەكان بكات، بەڵام ئەوە دەخاتەڕو كە بەهۆی زۆری ژمارەكەوە فریایان ناكەون، "جگە لەوەش بەشێكیان پارێزگاكان راستەوخۆ سەرپەرشتی دەكەن بەوەی حكومەتی هەرێم و پارێزگاكان كە رۆڵی گرنگیان بینیوە لەچارەسەر كردنی دۆخەكە لەپەیوەندیدا بون لەگەڵ رێكخراوە نێودەوڵەتیەكان".

كەرەڤانە بۆ ئاوارەكانی كۆبانی دابین دەكرێت
ئەوەی دۆخەكەی ئاڵۆز كردوە، ئەو ئاوارانەی بەناچاری و دوای هێرشەكانی چەكدارانی رێكخراوی داعش هانایان بۆ هەرێمی كوردستان هێناوە تەنها ئاوارەی ناوچە كێشە لەسەرەكان و شارەكانی دیكەی عێراق نین، بەڵكو بەشێكیشیان ئاوارەی سوریان و لەم كۆتاییەشدا هەزاران كوردی رۆژئاوا و كۆبانی ئاوارەی هەرێم بون.

سەبارەت بە كاری وەزارەتەكەی بۆ ئەو ئاوارانە، د. دەرباز محەمەد دەڵێت: "ئاوارەكانی سوریا پێشتر كە ئەوانەی هاتون و (250) هەزار كەس دەبن، لایەنە پەیوەندیدارەكان و رێكخراوەكان خەمیان خواردون و كاریان بۆ كراوە بەراورد بەوانی دیكە ئەمان خەمێكی ئەوتۆیان نیە، بەڵام كوردانی كۆبانی-ش كە لەم كۆتاییەداو دوای هێرشە بەرفراوانەكەی رێكخراوی داعش بۆسەر شارەكەیان ئاوارەی هەرێم بون سەرقاڵی ئەوەین شوێنیان بۆ دابین بكەین، بۆ ئەوەش لەگەڵ پارێزگای هەولێر گفتوگۆمكردوە و پێی راگەیاندم شوێنیان بۆ دیاریكردوین و ئێمەش كەرەڤانەیان بۆ دابین دەكەین بە پێداویستیەكانی دیكەوە".

كۆچ و كۆچبەران هەماهەنگی هەرێمە
لەماوەی رابردودا هەرێمی كوردستان بە فەرمی رایگەیاندوە، كە لەتوانای ئەودا نیە پێداویستی ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارەكان دابین بكات بەتایبەت كە بودجەی هەرێم لەناوەندەوە بڕدراوە و خۆشی بەدرێژایی سنورەكەی لە شەڕێكی قورسدایە لەگەڵ داعش، بۆیە داوای لەوڵاتان و رێكخراوە نێودەوڵەتیەكان كردوە لەو روەوە هاوكاری بن.

وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عێراق، دەڵێت: "لەڕێی فەرمانگەی پەیوەندیدارەوە هەماهەنگی تەواومان هەیە لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان و پارێزگاكان، هەرچەندە بەشێكیان لەڕێی خودی حكومەتی هەرێم و پارێزگاكانەوەیە كە كار لەگەڵ رێكخراوە نێودەوڵەتیەكان دەكەن بۆ دابینكردنی پێداویستی و دروستكردنی كەپ بۆ ئاوارەكان".

وتیشی: "هەرچەندە وەزارەتی كۆچ و كۆچبەران تاكە وەزارەتی بەرپرس نیە لەدۆخ و گوزەرانی ئاوارەكان، چونكە پێویستە تەواوی دامەزراوەكانی دەوڵەت ئەو كارانە بكەن و هەر سێكتەرێك پێویستە وەزارەتی تایبەتمەند كاری لەسەر بكەن، ئێمە داوامان لە ناوەند كردوە ئەو بابەتانە رادەستی هەرێمی كوردستان بكەن، بۆئەوەی كاروبارەكان خێراتر بڕوات و لەناوەند نەبێت، بۆنمونە دەرمان و پێداویستی پزیشكی بدەن بە هەرێم و لێرەش تیمیان بۆ دروست بكرێت، بەو شێوەیە بۆ هەمو بوارەكانی دیكەی وەك دابینكردنی نەوت و سوتەمەنی و خۆراك و هتد".

"ئەگەر بەڵگەی گەندەڵی هەیە رادەستی بكەن"
یەكشەممەی رابردو پەرلەمانتارێكی عێراق لە لیژنەی كاتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ ئاوارەكان، رایگەیاند لەكڕینی پێداویستی ئاوارەكان و چادرگە و مینحەكاندا گەندەڵی كراوە.

لەوبارەیەوە د. دەرباز وتی: "هەقە هەر پەرلەمانتار و لایەنێك كە بابەتێكی وا دەوروژێنێت بەڵگەی هەبێت و رادەستی ئێمە و لایەنە پەیوەندیدارەكانی بكەن بۆ ئەوەی لێپێچەنوەی لەسەر بكەین، چونكە ئەگەر بوترێت كەموكوڕی و كێشە هەیە ئەوە راستە و خۆشمان دركمان پێكردوە و سەرقاڵی ئەوەین بە لیژنەکانی خۆمان چارەسەری ئەو بابەتانە و كەموكوڕیەكان بكەین، بەڵام ناتوانرێت بوترێت گەندەڵی هەیە تا بەڵگەی لەسەر نەبێت، ئەگەر هەر بەڵگەیەكیش لەسەر بونی گەندەڵی هەیە با رادەستی ئێمەی بكەن بۆئەوەی هەر كەسێك بێت لێپێچینەوەی لەگەڵ بكەین و بیدەینە دادگا".