Print WWW.SBEIY.COM
 ئیراده‌ی‌ خه‌ڵكە وایكردوه‌ بتوانین روبه‌ڕوی قەیرانەکان‌ ببینه‌وه‌
02/11/2014 13:46:46
(سبەی):
كۆتایی‌ نیسانی‌ رابردو یوسف محه‌مه‌د سادق، بوه‌ سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان، ده‌ستبه‌كاربونی‌ ئه‌و هاوكات بو له‌گه‌ڵ‌ قوڵبونه‌وه‌ی‌ قه‌یرانی‌ سیاسی‌ نێوان هه‌ولێرو به‌غداو دو مانگ دواتریش داعش وه‌ك رێكخراوێكی‌ چه‌كداری‌ كاریگه‌ر له‌ناوچه‌كه‌دا ده‌ركه‌وت، بۆیه‌ ره‌نگه‌ یوسف محه‌مه‌د جگه‌ له‌نازناوی‌ گه‌نجترین سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مان، نازناوی‌ سه‌رۆكی‌ قه‌یراناویترین خولی‌ په‌رله‌مان وه‌ربگرێت.

د. یوسف محه‌مه‌د، پاڵێوراوی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان بو بۆ ئه‌و پۆسته‌، كه‌ بزوتنه‌وه‌كه‌ی‌ له‌ژێر دروشمی‌ به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی‌ گه‌نده‌ڵیدا 24 كورسی‌ په‌رله‌مانی‌ كۆكرده‌وه‌ (له‌كۆی‌ 111 كورسی‌)، بۆیه‌ ئێستا ده‌نگده‌ره‌كانی‌ چاوه‌ڕێی‌ ئه‌وه‌ی‌ لێده‌كه‌ن به‌راستی‌ له‌سه‌ر كورسی‌ سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مانه‌وه‌ شه‌ڕی‌ گه‌نده‌ڵی‌ بكات.

سایتی (نیقاش) له‌باره‌ی‌ بارودۆخی‌ ناوخۆی‌ هه‌رێم‌و په‌یوه‌ندی‌ له‌گه‌ڵ‌ به‌غداو وڵاتانی‌ ناوچه‌كه‌ ئه‌م چاوپێكه‌وتنه‌ی‌ له‌گه‌ڵ‌ سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان ئه‌نجامدا.

نیقاش: له‌وكاته‌دا كه‌ ئێوه‌ بونه‌ سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مان كۆمه‌ڵێك قه‌یرانی‌ ئابوری‌‌و سیاسی‌‌و ئه‌منی‌ به‌رۆكی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانی‌ گرته‌وه‌، ئه‌مانه‌ نه‌بونه‌ رێگر له‌به‌رده‌م ئه‌و پلانانه‌ی‌ ئێوه‌ی‌ هه‌تانبو؟
یوسف محه‌مه‌د: به‌دڵنیاییه‌وه‌ بۆ هه‌ندێكیان رێگری‌ دروستكردوه‌، بۆ نمونه‌ به‌شێكی‌ زۆری‌ ئه‌و پرۆژه‌ یاسایانه‌ی‌ بۆ رێكخستنه‌وه‌ی‌ موچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌ران‌و خانه‌نشینی‌ گشتی‌، خانه‌نشینی‌ كه‌رتی‌ تایبه‌ت، زیادكردنی‌ موچه‌ی‌ خانه‌نشینی‌ به‌گشتی‌، هێنانه‌ كایه‌ی‌ دادی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ كه‌ له‌به‌رنامه‌ماندا بو خوێندنه‌وه‌ی‌ یه‌كه‌میشی‌ بۆ كراوه‌، ئێستا به‌داخه‌وه‌ ناتوانین ده‌ستیان بۆ ببه‌ین‌و گفتوگۆیان له‌باره‌وه‌ بكه‌ین‌و بڕیاری‌ كۆتایی‌ له‌سه‌ر بده‌ین، چونكه‌ بارودۆخی‌ دارایی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌بارێكی‌ خرپدایه‌.

به‌هه‌مان شێوه‌ ئه‌م بارودۆخه‌ی‌ له‌ئارادایه‌ په‌رله‌مانی‌ سەرقاڵ کردوە، هه‌م به‌سه‌ردانكردنی‌ لیژنه‌كانی‌ په‌رله‌مان بۆ به‌ره‌كانی‌ جه‌نگ‌و بۆ شوێنی‌ روداوه‌كان، سه‌رۆكایه‌تی‌ په‌رله‌مانیش به‌هه‌مان شێوه‌ به‌و بارودۆخه‌وه‌ سه‌رقاڵه‌ كه‌ ده‌بێت له‌وباره‌یه‌وه‌ راپۆرت ئاماده‌ بكرێت‌و خوێندنه‌وه‌ی‌ بۆ بكرێت‌و ده‌نگی‌ له‌سه‌ر بدرێت، ته‌نانه‌ت بارودۆخی‌ رۆژئاوا ئه‌وا بۆ ماوه‌ی‌ سێ‌ هه‌فته‌یه‌ په‌رله‌مان کاری لەسەر ئەکات، هه‌م به‌ناردنی‌ لیژنه‌ بۆ كۆبانێ‌‌و سه‌ردانیكردنی‌ ئاواره‌كانی‌ كۆبانێ‌‌و هه‌م به‌ وتوێژكردن له‌ناو هۆڵی‌ په‌رله‌مان.

له‌به‌رامبه‌ردا هه‌ندێك له‌و به‌رنامانه‌ی‌ كه‌ هه‌مانبون جێبه‌جێمان كردون، بۆ نمونه‌ هێنانه‌ كایه‌ی‌ شه‌فافیه‌ت له‌دانیشتنه‌كانی‌ په‌رله‌مان، دروستكردنی‌ سیسته‌م له‌چۆنێتی‌ ئیداره‌دانی‌ دانیشتنه‌كانی‌ په‌رله‌مان‌و رێكخستنی‌ گفتوگۆكان‌و پاراستنی‌ هاوسه‌نگی‌ له‌نێوان كوتله‌ جیاوازه‌كانی‌ په‌رله‌مان‌و كاراكردنی‌ رۆڵی‌ په‌رله‌مان له‌پرسه‌كانی‌ په‌یوه‌ست به‌ده‌سه‌ڵاتی‌ جێبه‌جێكردن، هه‌روه‌ها متمانه‌دان به‌حكومه‌ت، ئه‌و هه‌وڵانه‌ی‌ له‌ناو په‌رله‌ماندا درا وایكرد پێکهێنانی حكومه‌ت لەوە زیاتر دوا نەکەوێت، ئه‌گه‌رنا دور نه‌بو دروستكردنی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان دوابخرێت تا دروستكردنی‌ حكومه‌تی‌ عێراقی‌ (رۆژی‌ 21ی‌ ئه‌یلولی‌ 2013 هه‌ڵبژاردنی‌ په‌رله‌مان به‌ڕێوه‌چو - دوای‌ نۆ مانگ رۆژی‌ 18ی‌ حوزه‌یرانی‌ 2014 كابینه‌ی‌ هه‌شته‌می‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم پێكهات)
بۆیه‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ گشتی‌ ئه‌م بارودۆخه‌ له‌هه‌ندێ‌ پرسدا ده‌ستی‌ گرتوین‌و ناتوانین كاربكه‌ین‌و سه‌رقاڵی‌ كردوین‌و له‌گه‌ڵ‌ روداوه‌كان سەرەدەری ئەکەین‌و بڕیارده‌ده‌ین، به‌ڵام له‌هه‌ندێكی‌ تردا كاره‌كانی‌ خۆمان ئه‌نجامداوه‌و پرۆسه‌ی‌ چاودێریكردن باش ده‌ڕواته‌ پێشه‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ زۆر لێی‌ رازی‌ نیم، به‌ڵام ده‌بێت ئه‌وه‌ له‌به‌رچاوبگرین حكومه‌تی‌ هه‌رێم له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وه‌ی‌ تازه‌ دروستبوه‌، هاوكات كه‌وتوه‌ به‌سه‌ر زۆر قه‌یرانی‌ گه‌وره‌دا، وه‌ك قه‌یرانی‌ دارایی‌‌و قه‌یرانی‌ ئاواره‌كان‌و شه‌ڕی‌ داعش كه‌ نزیكه‌ی‌ هه‌زارو سی‌ كیلۆمه‌تر به‌ره‌مان له‌گه‌ڵ‌ داعشدا هه‌یه‌و هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ی‌ لێیه‌و ئیداره‌دانی‌ ئه‌م به‌رانه‌ش کارێکی قورسه‌. به‌ڵام له‌هه‌مانكاتدا پرۆسه‌ی‌ پرسیاركردنی‌ ئه‌ندامانی‌ په‌رله‌مان له‌حكومه‌ت‌و وه‌ڵامدانه‌وه‌ی‌ له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌، پرۆسه‌ی‌ بانگكردنی‌ وه‌زیره‌كان بۆ به‌رده‌م لیژنه‌ تایبه‌ته‌كانی‌ په‌رله‌مان به‌رده‌وامه‌ كه‌ تائێستا چه‌ندین وه‌زیر هاتونه‌ته‌ په‌رله‌مان‌و له‌لایه‌ن لیژنه‌كانه‌وه‌ پرسیاریان لێكراوه‌ سه‌باره‌ت به‌كۆی‌ ئه‌و بارودۆخه‌ی‌ له‌ئارادایه‌. هه‌ڵبه‌ت كۆمه‌ڵێك یاساو بڕیاریش ده‌ركراون كه‌ ئه‌توانین بڵێین هه‌ندێكیان مێژوین وه‌كو ئه‌و بڕیارەی‌ 22ی‌ ئه‌م مانگه‌ سه‌باره‌ت به‌ناردنی‌ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ بۆ كۆبانێ له‌په‌رله‌مانی‌ كوردستان ده‌رچو كه‌ له‌مێژوی‌ په‌رله‌ماندا وێنه‌ی‌ نه‌بوه‌. هه‌روه‌ها هه‌ندێ‌ یاساو پرۆژه‌ یاسا ته‌واوكراون كه‌ له‌خوله‌كانی‌ پێشو كێشه‌ی‌ گه‌وره‌یان له‌پێش بوه‌‌و نه‌توانراوه‌ یه‌كلابكرێنه‌وه‌، له‌م ماوه‌ كه‌مه‌دا یه‌كلایی‌ كرانه‌وه‌، بۆ نمونه‌ یاسای‌ كۆمسیۆنی‌ باڵای‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان، یاسای بودجەی‌ حیزبه‌كان، یاسای‌ خۆپیشاندان كه‌ به‌داخه‌وه‌ له‌لایه‌ن سه‌رۆكی‌ هه‌رێمه‌وه‌ ره‌تكرایه‌وه‌، به‌ڵام فراكسیۆنه‌كان رێككه‌وتون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ كه‌ له‌وه‌رزی‌ نوێی‌ ته‌شریعی‌ په‌رله‌مان ئه‌و یاسایه‌ ده‌ربكه‌نه‌وه‌.

نیقاش: خه‌ڵك گله‌یی‌ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ ئه‌م بارودۆخه‌ پرسی‌ گه‌نده‌ڵی‌ له‌بیر ئێوه‌ بردوه‌ته‌وه‌، له‌كاتێكدا هه‌م به‌ڕێزت‌و هه‌م كوتله‌كه‌ت (گۆڕان) ئه‌و متمانه‌ی‌ له‌خه‌ڵكه‌وه‌ وه‌رتانگرتوه‌ متمانه‌ی‌ به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی‌ گه‌نده‌ڵییه‌؟
یوسف محه‌مه‌د: پرسی‌ گه‌نده‌ڵی‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك له‌په‌رله‌مانی‌ كوردستان فه‌رامۆش نه‌كراوه‌، هه‌م لیژنه‌ی‌ نه‌زاهه‌مان ئه‌كتیڤه‌، هه‌م هه‌وڵی‌ ئه‌وه‌ماندا له‌گه‌ڵ‌ ده‌ستبه‌كاربونی‌ ئێمه‌ دیوانی‌ چاودێری‌ داراییش ده‌ستبه‌كار بێت، سه‌رۆكه‌كه‌ی‌ سوێندی‌ خوارد له‌به‌رده‌م په‌رله‌مان، ئه‌نجومه‌نی‌ باڵای‌ ده‌سته‌ی‌ چاودێری‌ دارایی‌ دروست بوه‌و ئێستا ئه‌و ده‌سته‌یه‌ تیمه‌كانی‌ خۆی‌ بۆ هه‌مو وه‌زاره‌ته‌كان ده‌نێرێت‌و راپۆرت ئاماده‌ ده‌كات. ته‌نانه‌ت له‌م بارودۆخەی‌ ئێستاشدا به‌شێكی‌ گرنگی‌ سه‌رنجی‌ ئێمه‌ له‌سه‌ر پێشمه‌رگه‌و به‌ره‌كانی‌ جه‌نگ بۆ ئه‌و بابه‌تانه‌یه‌ كه‌ په‌یوه‌ندییان به‌گه‌نده‌ڵییه‌وه‌ هه‌یه‌، چونكه‌ پێمان وایه‌ گه‌نده‌ڵی‌ خۆره‌ی‌ ئیراده‌ی‌ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌یه‌، هه‌م ده‌بێته‌ هۆی‌ به‌هه‌ده‌ردانی‌ سامان‌و هه‌م له‌ده‌ستدانی‌ وره‌ له‌لایه‌ن پێشمه‌رگه‌وه‌، هه‌ندێ‌ زانیارییمان بیستوه‌ كه‌ ده‌ستبه‌جێ‌ له‌لایه‌ن لیژنه‌ی‌ پێشمه‌رگه‌ی‌ په‌رله‌مان‌و لیژنه‌ی‌ نه‌زاهه‌و لیژنه‌ی‌ داراییه‌وه‌ به‌دواداچونیان بۆ كراوه‌. پرسی‌ گه‌نده‌ڵی‌ فه‌رامۆش نه‌كراوه‌، به‌ڵام ده‌مانه‌وێت ئه‌و ده‌سته‌و دامه‌زراوانه‌ی‌ تریش ئاكتیڤ بكه‌ین كه‌ هاوته‌ریب له‌گه‌ڵ‌ په‌رله‌مان كاری‌ به‌دواداچون‌و لێپێچینه‌وه‌ ده‌كه‌ن، به‌دڵنیاییه‌وه‌ له‌م خوله‌دا داواكاری‌ گشتیش زیاتر ئاكتیڤ ده‌كه‌ین له‌رێی‌ یاسایه‌كه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی‌ له‌رێی‌ دادگاكانیشه‌وه‌ پرسی‌ گه‌نده‌ڵی‌ به‌دواداچونی‌ بۆ بكرێت.

 
نیقاش: خه‌ڵك چاوه‌ڕێی‌ له‌ئێوه‌ ده‌كرد بۆ ئه‌وه‌ی‌ بتوانن یاسا به‌سه‌ر هه‌مو لایه‌نه‌كاندا جێبه‌جێ‌ بكه‌ن سه‌ره‌تا له‌وه‌زیره‌كانی‌ كوتله‌كانی‌ خۆتانه‌وه‌ ده‌ست پێبكه‌ن، گۆڕان چه‌ند وه‌زیرێكی‌ هه‌یه‌، به‌تایبه‌تی‌ هه‌ردو وه‌زاره‌تی‌ پێشمه‌رگه‌و دارایی‌، خه‌ڵك ده‌ڵێن وه‌زاره‌تی‌ دارایی‌ به‌شێكی‌ گه‌وره‌ی‌ به‌رپرسیارێتی‌ قه‌یرانی‌ دارایی‌ ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆ، ئه‌وه‌نده‌ی‌ په‌یوه‌ندی‌ به‌وه‌زاره‌تی‌ پێشمه‌رگه‌شه‌وه‌ هه‌یه‌ به‌ره‌یه‌كی‌ زۆری‌ شه‌ڕ له‌ئارادایه‌و كه‌موكوڕی‌ له‌ناوپێشمه‌رگه‌دا هه‌یه‌، به‌ڵام تائێستا هاوڵاتیان نه‌یانبینی‌ هیچ كام له‌وه‌زیره‌كانتان بانگ بكه‌ن بۆ لێپرسینه‌وه‌، بۆچی‌؟

یوسف محه‌مه‌د: ئه‌بێت فراکسیۆنی گۆڕان خۆی‌ وه‌ڵامی‌ ئه‌م پرسیاره‌ بداته‌وه‌، بەڵام هێندەی من ئاگادارم هیچ یەکێک لەفراکسیۆنەکان خۆ ناپارێزن لەپرسیار کردن‌و بانگکردنی وەزیرەکانی خۆیان. ئه‌وه‌ی‌ په‌یوه‌ندیداره‌ به‌ئێمه‌ وه‌ك سه‌رۆكایەتی‌ په‌رله‌مان هیچ داواكارییه‌ك له‌لایه‌ن هیچ فراكسیۆنێكی‌ په‌رله‌مانیه‌وه‌ نه‌گه‌یشتوه‌ته‌ ده‌ست ئێمه‌ بۆ بانگهێشتكردنی‌ وه‌زیری‌ دارایی‌‌و پێشمه‌رگه‌‌و ئێمه‌ ره‌تمانكردبێته‌وه‌و نه‌مانناردبێت بۆ وه‌زیری‌ دارایی‌‌و پێشمه‌رگه‌، رۆژی دوشەمەی رابردو وه‌زیری‌ پێشمه‌رگه‌ بانگهێشتی‌ به‌رده‌م لیژنه‌ی‌ پێشمه‌رگه‌و جینۆسایدو زیندانیان كراو ئامادە بو، ئێمه‌ كاری‌ خۆمانمان كردوه‌ له‌و روه‌وه‌ بێ‌ كه‌موكوڕی‌.

نیقاش: پێش ئه‌وه‌ی‌ ببنه‌ سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مان تێزی‌ دكتۆراكه‌ی‌ ئێوه‌ له‌سه‌ر فاكته‌ره‌ كاریگه‌ره‌كانی‌ ئاینده‌ی‌ سیاسی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان بو، پێشبینی‌ ئه‌م روداوانه‌تان كردبو له‌هه‌رێمدا روبدات، به‌ له‌به‌رچاوگرتنی‌ واقیعه‌ نوێیه‌كه‌ چی‌ له‌بارودۆخه‌كه‌ ده‌خوێننه‌وه‌؟

یوسف محه‌مه‌د: راستیه‌كه‌ی‌ ئه‌م بارودۆخه‌ی‌ ئێستا هاتوه‌ته ‌پێش پێی‌ وتین هه‌رێمی‌ كوردستان له‌قه‌یراندا ده‌ژی‌ له‌سێ‌ روه‌وه‌: قه‌یرانی‌ گه‌وره‌مان هه‌یه‌ له‌روه‌كانی‌ ئابوری‌‌و سیاسی‌‌و سه‌ربازییه‌وه‌، ئه‌وه‌ به‌هێزی‌‌و ئیراده‌ی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستانە وایكردوه‌ بتوانین روبه‌ڕوی‌ ئه‌م هه‌مو قه‌یرانه‌ ببینه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌بێت راستگۆیانه‌ له‌گه‌ڵ‌ خۆماندا بزانین كه‌ ئه‌م قه‌یرانانه‌مان هه‌یه‌.

له‌ڕوی‌ داراییه‌وه‌ قه‌یرانی‌ ئه‌وه‌مان هه‌یه‌ كه‌ به‌ته‌واوی‌ پشتمان به ‌به‌غدا به‌ستوه‌، نزیكه‌ی‌ 85% بودجه‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان پشتی بەبەشە بودجەی هەرێم لەبودجەی گشتیی عێراق بەستوە، له‌كاتێكدا پێش ساڵی‌ 2003 هه‌رێمی‌ كوردستان 100% پشتی‌ به‌خۆی‌ به‌ستوه‌، كه‌واته‌ سێكته‌ره‌كانی‌ تری‌ هه‌رێمی‌ كوردستان سست کراون‌و گه‌شه‌یان نه‌كردوه‌. له‌ماوه‌ی‌ 10 ساڵی‌ رابردو نزیكه‌ی‌ (70) ملیار دۆلار هاتوه‌ته‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ به‌راورد بكه‌ین به‌وڵاته‌ قه‌یرانزه‌ده‌كان، بۆ نمونه‌ له‌دوای‌ جه‌نگی‌ جیهانی‌ دوه‌م 16 وڵاتی‌ ئه‌وروپای‌ رۆژئاوا کە زۆربەی شارەکانیان‌و ژێرخانی ئابوریان بەتەواوی وێران بوبو، توانیان به‌بڕی‌ 13 ملیار دۆلار هه‌ڵبستنه‌وه‌ سه‌ر پێی‌ خۆیان‌و ئابوریان ته‌واو بوژایه‌وه‌، ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ وڵاته‌ یه‌كگرتوه‌كانی‌ ئه‌مه‌ریكا له‌چوارچێوه‌ی‌ پرۆژه‌ی‌ مارشاڵ‌ وه‌كو یارمه‌تی‌‌و قه‌رز پێی‌ به‌خشین.

له‌ده‌ ساڵی‌ رابردودا له‌هه‌رێمی‌ كوردستان به‌بڕی‌ (70) ملیار دۆلار نه‌توانراوه‌ ژێرخانی‌ ئابوری‌ ببوژێنرێته‌وه‌. پێویستە له‌مه‌ودوا قه‌دری‌ داهات بزانرێت، به‌جۆرێك به‌باشی‌ خه‌رج بكرێت‌و به‌هه‌ده‌ر نه‌درێت، به‌راستیش پێویستمان به‌بوژاندنه‌وه‌ی‌ كه‌رته‌كانی‌ تر هه‌یه‌.

هه‌رێمی‌ كوردستان نابێت بۆ ئابورییه‌كه‌ی‌ ته‌نها چاوی‌ له‌سه‌ر نه‌وت بێت، ئه‌گه‌ر بۆ هه‌ر وڵاتێكی‌ تر ئه‌مه‌ هه‌ڵه‌یه‌ك بێت كه‌ هه‌مو ئابورییه‌كه‌ی‌ له‌سه‌ر یه‌ك سه‌رچاوه‌ بێت، ئه‌وا بۆ هه‌رێمی‌ كوردستان دوجار هه‌ڵه‌یه‌، چونكه‌ هه‌رێمی‌ كوردستان هیچ ده‌رچه‌یه‌كی‌ ده‌ریایی‌ نییه‌ بۆ ناردنه‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ نه‌وت، بۆیه‌ له‌هه‌مو كاتێكدا هه‌ڕه‌شه‌ی‌ ئه‌وه‌مان له‌سه‌ره‌ كه‌ ئه‌گه‌ر هاوكێشه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان یان هاوكێشه‌ ئیقلیمییه‌كان گۆڕان ئێمه‌ توشی‌ قه‌یران ببینه‌وه‌، بۆیه‌ پێویستمان به‌وه‌یه‌ كه‌رته‌كانی‌ پیشه‌سازی‌‌و كشتوكاڵ‌‌و گه‌شتوگوزار ببوژێنینه‌وه‌.

له‌ڕوی‌ سیاسییه‌وه‌ ئه‌م روداوانه‌ پێی‌ وتین كه‌ خراپ دابه‌شبوین به‌سه‌ر میحوه‌ره‌ ئیقلیمییه‌كاندا، له‌كاتێكدا ئێمه‌ ئێستا له‌هه‌مو كات زیاتر پێویستمان به‌گوتارێكی‌ كوردستانیانە‌ هه‌یه‌، پێویستمان به‌وه‌یه‌ خۆمان كاراكته‌ر بین له‌م ناوچه‌یه‌ نه‌ك ئه‌وه‌ی‌ هێزه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان دابه‌ش ببن به‌سه‌ر كاراكته‌ره‌ ئیقلیمییه‌كان تا ئاستی‌ شه‌ڕه‌ په‌ڕۆو یه‌كتر تۆمه‌تباركردن، ته‌نانه‌ت گه‌یشتوه‌ته‌ ئه‌وه‌ی‌ ناكۆكی‌ له‌به‌ره‌كانی جەنگدا هه‌بێت كه‌ ئه‌مه‌ كاره‌ساتی‌ دروستكردوه‌ بۆ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌. ئێمه‌ پێویستمان به‌وه‌یه‌ خاوه‌نی‌ ستراتیژێكی‌ رونی‌ كوردستانیانه‌ بین له‌ناوچه‌كه‌و گوتارێكی‌ هاوبه‌شی‌ نیشتیمانیمان هه‌بێت‌و دور بكه‌وینه‌وه‌ له‌و جیاوازیانه‌و سیسته‌می‌ سیاسی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان زیاتر به‌دامه‌زراوه‌یی‌ بكه‌ین، بۆ ئه‌وه‌ی‌ حیزبایه‌تی‌ ئه‌وه‌نده‌ كاریگه‌ری‌ نه‌بێت له‌سه‌ر ئێستاو داهاتوی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان.

له‌ڕوی‌ سه‌بازیشه‌وه‌ كێشه‌مان هه‌بوه‌، هێزی پێشمەرگە لەڕوی چەک، رێکخستن، مەشق، عەقیدەی سەربازی کێشەی گەورەی هەبوەو هەیە. خۆشبه‌ختانه‌ ئیراده‌یه‌كی‌ باش ده‌بینین بۆ ئه‌وه‌ی‌ پێشمه‌رگه‌ ببێته‌ هێزێكی‌ نیشتیمانی‌ پیشه‌یی‌ یه‌كگرتو دور له‌ئینتیمای‌ حیزبی‌، بۆ ئه‌مه‌ بڕیاری‌ په‌رله‌مان‌و بڕیاری‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان هه‌یه‌، هه‌نگاویش نراوه‌، راسته‌ به‌هۆی‌ ئه‌م بارودۆخه‌ی‌ هاتوه‌ته‌ ئاراوه‌، هه‌نگاوه‌كان به‌خاوی‌ ده‌چنه‌ پێشه‌وه‌.

نیقاش: كه‌وابێت فشاری‌ ئابوری‌ به‌غداو شه‌ڕی‌ داعش بیری‌ خستنه‌وه‌ ئه‌م هه‌مو كێشه‌یه‌ له‌هه‌رێمدا هه‌یه‌؟
یوسف محه‌مه‌د: به‌ڵێ‌ به‌دڵنیاییه‌وه‌، ئێستا به‌ته‌واوه‌تی‌ خستوینیەته‌ به‌رده‌م ئه‌وه‌ی‌ ئه‌م كێشانەمان‌ هه‌ن، سەرەتا ئه‌بێت دانی‌ پیادا بنێین، پێم وایه‌ ئێستا هه‌مومان دانمان پیادا ناوه‌، دواتر مادەم ئێستا حكومه‌تێكی‌ یه‌كڕیزی‌ نیشتیمانیمان هه‌یه‌ ئەوا ئەبێ هه‌ر لایه‌ك شان باته‌ به‌ر چاره‌سه‌ری‌ ئه‌م كێشانه‌.

نیقاش: خه‌ڵك چاوه‌ڕێی‌ ئه‌كرد یه‌كێك له‌ئه‌ركه‌كانی‌ حكومه‌تی‌ یه‌كڕیزی‌ ئه‌وه‌ بێت ده‌ستی‌ وڵاتانی‌ ئیقلیمی‌ له‌هه‌رێمدا ببڕێت، كه‌چی‌ ئه‌وه‌تا به‌ڕونی‌ دیاره‌ دو هێزه‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ی‌ هه‌رێم به‌سه‌ر میحوه‌ری‌ ئێران‌و توركیادا دابه‌شبون‌و ئه‌و وڵاتانه‌ زیاتر ده‌ستیان وه‌رداوه‌ته‌ كاروباری‌ ناوخۆی‌ هه‌رێم؟
یوسف محه‌مه‌د: ئه‌مه‌ كارێكی‌ زۆر خراپه‌و ده‌بوو هه‌مومان بڕیاری‌ ئه‌وه‌مان بدایه‌، كه‌ نه‌هێڵین ده‌وڵه‌تانی‌ ده‌وروبه‌ر ده‌ست وه‌ربده‌نه‌ ئه‌م قه‌یرانه‌، زۆر ئاساییه داوای‌ هاوكاری‌ ‌له‌وڵاتانی‌ جیهان بكه‌ین، به‌ڵام ده‌وڵه‌تانی‌ ئیقلیمی‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ به‌رژه‌وه‌ندییان له‌م ناوچه‌یه‌دا هه‌یه‌، كارێكی‌ خراپه‌ بێنه‌ ناوه‌وه‌، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر قه‌یرانه‌كانیشمان قوڵ‌ بن.

نیقاش: ئه‌وه‌نده‌ی‌ په‌یوه‌ندی‌ به ‌به‌غداوه‌ هه‌یه‌، گه‌شبینن به‌وه‌ی‌ له‌كابینه‌كه‌ی‌ عه‌بادیدا كێشه‌ی‌ هه‌رێم‌و به‌غدا چاره‌سه‌ر ببێت؟
یوسف محه‌مه‌د: به‌ڕاستی‌ نابێت نه‌ گه‌شبین بین‌و نه‌ ره‌شبین، ده‌بێت هه‌رێمی‌ كوردستان بزانێت چۆن مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ‌ ئه‌م كابینه‌ تازه‌یه‌دا ده‌كات، پێموایه‌ هه‌ندێ‌ هه‌ڵه‌مان كرد له‌پرۆسه‌ی‌ دانوستاندنی‌ دروستكردنی‌ حكومه‌تی‌ به‌غدا.

نیقاش: هه‌ڵه‌كان چی‌ بون؟
یوسف محه‌مه‌د: بۆ نمونه‌ به‌ستنەوەی‌ ته‌كتیكی‌ دانوستانی‌ خۆت به‌كه‌سێكی‌ دیاریكراو پێموایه‌ له‌هونه‌ری‌ دانوستان هه‌ڵه‌یه‌ دوای‌ ئه‌وەی ئەو كه‌سایه‌تییه‌ گۆڕا، ئیتر پێیان وتین ئه‌وه‌ داواكاری‌ ئێوە جێبه‌جێ‌ كراوه‌، بینیشمان ئه‌مه‌ كوردی‌ زۆر لاواز كرد له‌مه‌سه‌لی‌ پێكهێنانی‌ حكومه‌تدا (مه‌رجی‌ یه‌كه‌می‌ هێزه‌ كوردییه‌كان بۆ به‌شداری‌ له‌حكومه‌تی‌ عێراقی‌ گۆڕینی‌ نوری‌ مالیكی‌ بو). وایلێهات خه‌ریكبو حكومه‌ته‌كه‌ دروست ببێت بێ ‌به‌شداری‌ كورد، ئه‌مه‌ بۆ یه‌كه‌مینجاره‌ حكومه‌تی‌ عێراقی‌ دروست ببێت به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ پێشتر رێكه‌وتنی‌ سیاسی‌ كرابێت له‌گه‌ڵ‌ هه‌رێمی‌ كوردستان.

فاكته‌ری‌ تریش هه‌بون، وه‌ك بێتوانایی هه‌رێمی‌ كوردستان بۆ به‌ته‌واوه‌تی‌ روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی‌ قه‌یرانی‌ دارایی‌. سەرەڕای ئەوەی حکومەتی هەرێم ئێستا موچە ئەدات، بەڵام زۆر دوا ئەکەوێت‌و پڕۆژەکانیش زۆربەیان وەستاون. فشاری‌ خه‌ڵكیش هۆیه‌كی‌ تر بو، هه‌رچه‌نده‌ خه‌ڵك داوای‌ ساده‌ترین مافی‌ خۆیان ده‌كرد كه‌ موچه‌یان پێ‌ بدرێت، به‌ڵام ئه‌و داواكارییه‌ بوه‌ هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ به‌غدا تێبگه‌ن ئه‌و ئابڵوقه‌یه‌ی‌ له‌سه‌ر هه‌رێمیان دروستكردوه‌ به‌بڕینی‌ بودجه‌ی‌ هه‌رێم شوێنی‌ خۆی‌ گرتوه‌و زانیویانه‌ كارته‌ فشاره‌كه‌یان به‌هێزه‌و ته‌نازولیان لێنه‌كرد.

له‌به‌رامبه‌ر حكومه‌تی‌ تازه‌ی‌ به‌ڕێز عه‌بادی‌ ئه‌وه‌ گرنگه‌ ئێمه‌ بزانین خۆمان چۆن مامه‌ڵه‌ ده‌كه‌ین‌و چۆن داهاتی‌ ناوخۆ ده‌بوژێنینه‌وه‌‌و كارتی‌ فشار دروست بكه‌ین‌و كارته‌ فشاره‌كانی‌ ده‌ستی‌ ئه‌وان لاواز بكه‌ین.

نیقاش: ناوه‌ ناوه‌ باسی‌ دروستكردنی‌ ده‌وڵه‌ت له‌ناوه‌ندی‌ سیاسی‌ هه‌رێم گه‌رموگوڕی‌ به‌خۆوه‌ ده‌بینێت، ئه‌م پرسه‌ی‌ به‌چی‌ گه‌یشتوه‌، له‌بیر خۆتان بردوه‌ته‌وه‌ یان كاری‌ بۆ ده‌كه‌ن؟
یوسف محه‌مه‌د: ئه‌مه‌ پێویسته‌ ئامانجێك بێت كاری‌ بۆ بكه‌ین، به‌دور له‌هه‌ڵای‌ راگه‌یاندن، هه‌م ژێرخانی‌ ئابوری‌ ئه‌وه‌نده‌ به‌هێز بكه‌ین كه‌ پشت به‌خۆمان ببه‌ستین، هه‌م سیسته‌می‌ سیاسی‌ هه‌رێم ئه‌وه‌نده‌ به‌دامه‌زراوه‌یی‌ بكه‌ین كه‌ ناكۆكییه‌ سیاسییه‌كان نه‌بنه‌ كێشه‌ بۆی‌، هه‌م پشت به‌ده‌وروبه‌ر نه‌به‌ستین‌و له‌سه‌ر پێی‌ خۆمان بوه‌ستین. من پێم وایه‌ نزیكین له‌م ئامانجه‌، به‌ڵام كاری‌ پێویسته‌، ده‌بێت له‌سه‌ر ئاستی‌ ناوخۆیی‌ كاری‌ بۆ بكه‌ین‌و ده‌ستورێك بهێنینه‌ ئاراوه‌ كه‌ جێێ‌ ره‌زامه‌ندی‌ هه‌مو خه‌ڵك بێت، پێم وایه‌ ئه‌و رۆژه‌ دور نییه‌ ئامانجەکانمان بێنەدی ئەگەر خۆمان ئامادە بین.

نیقاش: ئه‌گه‌ر عه‌بادی‌ خواسته‌كانی‌ كوردی‌ جێبه‌جێ نه‌كرد، به‌ئاراسته‌ی‌ دروستكردنی‌ ده‌وڵه‌تی‌ كوردی‌ هه‌نگاو ده‌نێن؟
یوسف محه‌مه‌د: هاوڵاتی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان هه‌قی‌ خۆیه‌تی‌ بپرسێت چی‌ ماوه‌ته‌وه‌ له‌م عێراقه‌دا، حكومه‌تی‌ عێراقی‌ كه‌ یارمه‌تی‌ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ نه‌دات‌و بودجه‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان نه‌دات‌و له‌كێشه‌ی‌ ئاواره‌كان هاوكاری‌ نه‌كات كه‌ به‌هۆی‌ شكستی‌ سوپاكه‌ی‌ ئه‌وه‌وه‌ ئاواره‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان بون ئیتر چاوه‌ڕێی‌ چی‌ لێبكرێت، خه‌ڵكی‌ هه‌رێم ده‌پرسێت: به‌ڕاستی‌ چی‌ له‌م عێراقه‌ ماوه‌.

من ته‌مه‌نم 36 ساڵه‌، به‌درێژایی‌ ته‌مه‌نی‌ خۆم ته‌نها ئازارو ئابڵوقه‌ی‌ ئابوری‌‌و كیمیاباران‌و تۆپباران‌و گه‌مارۆم له‌حكومه‌تی‌ عێراق بینیوه‌، له‌نەوەی پێش خۆشمان بپرسین هەروا ئەڵێن.

له‌نه‌ستی‌ هاوڵاتیانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان چه‌سپاوه‌ عێراق به‌م هه‌مو ململانێیه‌ی‌ ناوخۆییه‌ی‌ خۆیه‌وه‌و بەو ‌دژایه‌تییه‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان كه‌ ده‌یكات وه‌كو نه‌یار ته‌ماشا ده‌كرێت.

ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ عێراق ده‌بێت به‌ڕونی‌ له‌وه‌ تێبگه‌ین هه‌میشه‌ ئه‌و كارانه‌ی‌ حكومه‌ته‌ یه‌ك له‌دوایه‌كه‌كانی‌ عێراق به‌رامبه‌ر هه‌رێمی‌ كوردستان كردویانه‌ په‌رچه‌كرداری‌ پێچه‌وانه‌ی‌ هه‌بوه‌، بۆ نمونه‌ له‌مانگی‌ تشرینی‌ دوه‌می‌ ساڵی‌ 1991 رژێمی‌ پێشوی‌ عێراق سه‌رجه‌م داموده‌زگاكان‌و سوپاکەی‌ له‌سێ‌ پارێزگاكه‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان كشانده‌وه‌و موچه‌ی‌ سه‌رجه‌م فه‌رمانبه‌رانی‌ بڕی‌، ئه‌مه‌ نه‌بوه‌ هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ ئیداره‌ی‌ كوردی‌ لاواز ببێت، به‌ڵكو رێك به‌پێچه‌وانه‌وه‌ خه‌ڵكی‌ هه‌رێم پاش شه‌ش مانگ هه‌ڵبژاردنی‌ كردو حكومه‌تی‌ كوردی‌ پێكهات‌و داهاتی‌ ناوخۆ زیادیكردو موچه‌ دراو داموده‌زگاكان دروستكران، تا 2003 به‌و شێوه‌یه‌ به‌رده‌وام بو. لەبەرامبەردا رژێمی پێشوی عێراق روخا. هیواداریشین حكومه‌تی‌ تازه‌ به‌عه‌قڵیه‌تی‌ تازه‌ بیر بكاته‌وه‌و په‌ند له‌ئه‌زمونه‌كانی‌ رابردو وه‌ربگرێت.

نیقاش: ئێستا ئێوه‌ ئاماده‌كاری‌ ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی‌ ده‌ستوری‌ هه‌رێم ده‌ربكه‌ن، ئه‌م ده‌ستوره‌ له‌سه‌ر چ بنه‌مایه‌ داڕێژراوه‌، له‌سه‌ر بنه‌مای‌ هه‌رێمێكی‌ فیدراڵ‌ یان ده‌وڵه‌تێك له‌ده‌ره‌وه‌ی‌ عێراق؟
یوسف محه‌مه‌د: تائێستا بڕیاری‌ سیاسی‌ هه‌رێم ئه‌وه‌یه‌ له‌چوارچێوه‌ی‌ عێراقدا بمێنێته‌وه‌و ئه‌وه‌تا به‌شداری‌ حكومه‌تی‌ عێراقمان كردوه‌. به‌ڵام چیتر ناتوانین ته‌نها یه‌ك رێگا له‌به‌رچاو بگرین‌و خۆمان به‌یه‌ك سیناریۆوه‌ ببه‌ستینه‌وه‌، به‌رده‌وامین له‌سه‌ر ئه‌م رێگایه‌، به‌ڵام ناكرێت سیناریۆكانی‌ تریش له‌به‌رچاو نه‌گرین، ئێمه‌ هیوادارین ئه‌م رێگایه‌ كه‌ رێگای‌ مانه‌وه‌یه‌ له‌گه‌ڵ‌ عێراقدا سه‌ركه‌وتو بێت‌و به‌شێوه‌یه‌كی‌ ئاشتیانه‌ له‌گه‌ڵ‌ گه‌له‌كانی‌ ده‌وروبه‌رماندا بژین، ئه‌گه‌ر هه‌ر بڕیارێكی‌ تریش بده‌ین ده‌مانه‌وێت به‌شێوه‌یه‌كی‌ ئاشتیانه‌ بێت.
 

نیقاش: ئێوه‌ به‌غدا تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن به‌وه‌ی‌ بودجه‌ی‌ له‌هه‌رێم بڕیوه‌، به‌ڵام هه‌رێمیش پێشتر نه‌چوه‌ ژێر بڕیاره‌كانی‌ به‌غداوه‌و سه‌ربه‌خۆ نه‌وتی‌ ره‌وانه‌ كرد، كه‌واته‌ سیاسه‌تی‌ نه‌وتی‌ خۆتان هۆكار بوه‌، بۆچی‌ گله‌یی‌ له‌به‌غدا ده‌كه‌ن؟
یوسف محه‌مه‌د: به‌رهه‌مهێنان‌و ناردنه‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ نه‌وت له‌لایه‌ن هه‌رێمی‌ كوردستانه‌وه‌ مافێكی‌ ده‌ستوری‌ هه‌رێمی‌ كوردستانه‌ به‌پێی‌ ده‌ستوری‌ هه‌میشه‌یی‌ عێراق، ئه‌مه‌ به‌ته‌نها رای‌ ئێمه‌ نییه‌، ئه‌وانه‌ی‌ كاتی‌ خۆی‌ به‌شداربون له‌نوسینه‌وه‌ی‌ ده‌ستور به‌شێوه‌یه‌كی‌ ئامانجدار ئه‌و مادانه‌یان داڕشتوه‌و هه‌رێم ئه‌و هه‌قه‌ی‌ به‌ده‌ستهێناوه‌، چونكه‌ پرۆسه‌ی‌ به‌رهه‌مهێنانی‌ نه‌وت له‌هه‌رێم كه‌وتوه‌ته‌ پێش نوسینه‌وه‌ی‌ ده‌ستوری‌ هه‌میشه‌یی‌ عێراقه‌وه‌.

هه‌رێم جگه‌ له‌وه‌ی‌ هه‌قێكی‌ ده‌ستوری‌‌و یاسایی‌‌ خۆیه‌تی‌، هاوكات له‌ڕوی‌ ستراتیژییه‌وه‌ ده‌بێت ئاماده‌كاری‌ ئه‌وه‌ بكات كه ‌توشی‌ قه‌یرانی‌ سوته‌مه‌نی‌ نه‌بێت، چونكه‌ له‌مباره‌یه‌وه‌ زۆرجار كه‌وتوینه‌ته‌ ژێر هه‌ڕه‌شه‌وه‌، حكومه‌ته‌ یه‌ك له‌دوا یه‌كه‌كانی‌ حكومه‌ته‌كانی‌ عێراق چه‌ندینجار نه‌وت‌و غازیان له‌هه‌رێم بڕیوه‌، ته‌نانه‌ت حكومه‌ته‌كه‌ی‌ به‌ڕێز جه‌عفه‌ری‌‌و دوای‌ ئه‌ویش حكومه‌ته‌كه‌ی‌ به‌ڕێز مالیكی‌ نه‌وت‌و به‌نزینیان له‌هه‌رێم بڕی‌، بۆیه‌ هه‌رێم هه‌م بۆ ناوخۆو هه‌م بۆ ده‌ره‌وه‌ش مافی‌ به‌رهه‌مهێنانی‌ نه‌وتی‌ هه‌یه‌.

به‌ڵام له‌كۆی‌ ئه‌م پرۆسه‌ی لەبواری وزە لەهەرێمدا ئه‌نجامدراوه‌، ئایا هه‌ڵه‌و كه‌موكوڕتی‌ نییه‌، بێگومان هه‌ڵه‌ش هه‌یه‌و ده‌بێت به‌دواداچونی‌ بۆ بكرێت‌و له‌ژێر چاودێری‌ په‌رله‌ماندا بێت‌و له‌ژێر چاودێری‌ هه‌ر رێكخراوێكی‌ شه‌فافی‌ جیهانیدا بێت، ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیرانی‌ عێراقیش مافی‌ مه‌شروعی‌ خۆیه‌تی‌ چاودێری‌ ئه‌م پرۆسه‌یه‌ بكات‌و هیچ رێگری‌ لێنه‌كرێت. به‌ڵام هه‌رێم ده‌ستبه‌رداری‌ مافی‌ ده‌ستوری‌ خۆی‌ نابێت له‌به‌رهه‌مهێنان‌و ناردنه‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ نه‌وت.

نیقاش: له‌شه‌ڕی‌ داعشدا سه‌ڕه‌ی‌ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌و گروپه‌ له‌عێراق‌و له‌سوریاش گورزی‌ گه‌وره‌ی‌ وه‌شاند، به‌ڵام كۆمه‌ڵگای‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ كاتێك كاردانه‌وه‌ی‌ هه‌بو كه‌ هه‌ڕه‌شه‌ كه‌وته‌ سه‌ر هه‌رێمی‌ كوردستان‌و كۆبانی‌، هۆكاری‌ ئه‌مه‌ بۆچی‌ ده‌گێڕنه‌وه‌؟
یوسف محه‌مه‌د: به‌ڕاستی‌ ئه‌مه‌ وه‌رچه‌رخانێكی‌ گه‌وره‌یه‌ له‌مامه‌ڵه‌ی‌ كۆمه‌ڵگای‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ به‌رامبه‌ر به‌كوردو هه‌رێم، چه‌ندین هۆكاری‌ هه‌یه‌؛ به‌شێكی‌ په‌یوه‌ندی‌ به‌وه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ ئێمه‌ تا راده‌یه‌ك توانیومانه‌ ئه‌زمونی‌ جیاواز پێشكه‌ش بكه‌ین، له‌كاتێكدا مه‌سیحییه‌كان‌و كه‌مایه‌تییه‌كانی‌ تر له‌ناوچه‌كانی‌ تری‌ عێراق ده‌رده‌كرێن‌و ده‌كوژرێن، له‌هه‌رێم جێیان ده‌بێته‌وه‌‌و ژیانێكی‌ شه‌ره‌فمه‌ندانه‌ بۆ مه‌سیحی‌‌و ئێزدی‌‌و توركمان‌و عه‌ره‌بی‌ سوننه‌و شیعه‌و هه‌موو پێكهاته‌كانی‌ تر دابین كراوه‌، هه‌رێم توانیوێتی‌ وه‌ها خۆی‌ پیشان بدات ناوچه‌یه‌كه‌ لێبورده‌یی‌‌و فره‌ ره‌نگی‌ تێدایه‌. جگه‌ له‌مه‌ بونی‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌ ئابوری‌ وڵاتانی‌ تر له‌هه‌رێم وایكردوه‌ هه‌رێم بپارێزرێت. هه‌روه‌ها به‌ره‌و پێشچوونی‌ پرۆسه‌ی‌ دیموكراسی‌‌و سیاسی‌، له‌چاو ناوچه‌كانی‌ تری‌ عێراق هۆیه‌كی‌ تر بوه‌. ئه‌وه‌شمان بیر نه‌چێت گه‌لی‌ كورد هه‌م له‌هه‌رێمی‌ كوردستان‌و هه‌م له‌كۆبانی‌ گه‌لێكی‌ مه‌زڵومه‌و هێرشی‌ نه‌كردوه‌ته‌ سه‌ر كه‌س، بەڵکو هێرشی کراوەتەسەر. بۆیه‌ هه‌مو ئه‌و تایبه‌تمه‌ندیانه‌ی‌ تێدایه‌ كه‌ كۆمه‌ڵگای‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ به‌هانایه‌وه‌ بێت.

نیقاش: ناوه‌ڕاستی‌ ئه‌م مانگه‌ ئێوه‌ نوسینگه‌ی‌ په‌رله‌مانتان له‌كه‌ركوك كرده‌وه‌و له‌وێ‌ راتانگه‌یاند كه‌ركوك شارێكی‌ كوردستانییه‌، به‌ڵام عه‌ره‌ب‌و توركمانه‌كانی‌ ئه‌وێ‌ به‌م بڕیاره‌ی‌ ئێوه‌ رازی‌ نین؟
یوسف محه‌مه‌د: ئه‌مه‌ مافێکی مه‌شروعه‌ كه‌ركوك به‌كوردستانی‌ بزانین، له‌ده‌ستوری‌ عێراقدا كه‌ركوك‌و ناوچه‌كانی‌ تر به‌جێناكۆك ده‌ستنیشان كراون له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ زیاد له‌لایه‌نێك داوای خاوەندارێتیان ده‌كات، یه‌كێك له‌و لایه‌نانه‌ی‌ داوای‌ ده‌كات كورده‌، هاوڵاتیانی‌ كه‌ركوك‌و ناوچه‌كانی‌ تر هه‌قیانه‌ هه‌ر داوایه‌كیان هه‌یه‌ بیگه‌یه‌ننه‌ هه‌رێم‌و ئێمه‌ش له‌ڕێی‌ نوسینگه‌یه‌كه‌وه‌ له‌گه‌ڵیاندا بین.

سه‌باره‌ت به‌مافی‌ پێكهاته‌كان ئێمه‌ ئینكاری‌ مافی‌ هیچ لایه‌نێك ناكه‌ین، هه‌م له‌چوارچێوه‌ی‌ هه‌رێم‌و هه‌م له‌كه‌ركوك. هیچ چاره‌یه‌ك له‌كه‌ركوك‌و ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان ناسه‌پێنین سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ به‌ڵگه‌نامه‌ مێژوییه‌كان‌و راستییه‌ جوگرافییه‌كان ئه‌وه‌ ده‌سه‌لمێنن كه‌ كه‌ركوك‌و ناوچه‌ جێناكۆكه‌كانی‌ تر كوردستانین، به‌ڵام ئێمه‌ هیچ چاره‌یه‌ك ناسه‌پێنین‌و له‌هه‌ر بڕیارێكدا ده‌بێت ئه‌وان به‌شداربن‌و رای‌ سه‌رجه‌م خه‌ڵكی‌ ئه‌و ناوچانه‌ وه‌ربگیرێت‌و به‌شداربن له‌راپرسیدا. ئێستا پرۆژه‌ یاسامان هه‌یه‌ بۆ زامنكردنی‌ مافی‌ پێكهاته‌كان له‌هه‌رێم كه‌ كه‌ركوكیش گه‌ڕایه‌وه‌ ده‌بێت له‌ده‌ستوری‌ هه‌رێمدا بارودۆخی‌ تایبه‌ت بۆ كه‌ركوك له‌به‌رچاو بگرین.

نیقاش: چه‌ند جارێك به‌رپرسانی‌ هه‌رێم وتویانه‌ پاش ئه‌وه‌ی‌ پێشمه‌رگه‌ چوه‌ ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان ئیتر ماده‌ی‌ 140ی‌ ده‌ستوری‌ عێراقی‌ كۆتایی‌ هاتوه‌، ئایا به‌ڕاستی‌ ماده‌كه‌ كۆتایی‌ هاتوه‌؟
یوسف محه‌مه‌د: ماده‌ی‌ 140 كۆمه‌ڵێك رێوشوێنه‌ به‌داخه‌وه‌ حكومه‌تی‌ عێراقی‌ ئه‌ركی‌ سه‌رشانی‌ خۆی‌ لەم باره‌یه‌وه‌ جێبه‌جێنه‌كردوه‌، خۆ ئێستا ده‌توانێت راپرسی‌ بكات، ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ كرا ماده‌ی‌ 140 جێبه‌جێ‌ ده‌بێت‌و كۆتایی‌ پێدێت.

نیقاش: له‌گه‌ڵ‌ زۆربونی‌ ژماره‌ی‌ ئاواره‌كان، هه‌رێم له‌توانایدا ماوه‌ له‌م ژماره‌یه‌ی‌ ئێستا زیاتر ئاواره‌ له‌خۆبگرێت؟
یوسف محه‌مه‌د: ژماره‌ی‌ ئاواره‌كان له‌هه‌رێم به‌و روبه‌ره‌ بچوكه‌ی‌ خۆیه‌وه‌ زیاتره‌ له‌كۆی‌ ئاواره‌كان له‌وڵاتێكی‌ وه‌ك توركیا به‌و رووبه‌ره‌ گه‌وره‌یه‌و ئه‌و ژماره‌ زۆره‌ی‌ دانیشتوان كه‌ ده‌گاته‌ (76) ملیۆن كه‌س، به‌هۆی‌ بارودۆخی‌ ئێستاو به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ حكومه‌تی‌ عێراق ئه‌ركی‌ سه‌رشانی‌ خۆی‌ به‌رامبه‌ر ئاواره‌كان جێبه‌جێ‌ ناكات، ئیتر هه‌رێم توانای‌ وه‌رگرتنی‌ ئاواره‌ی‌ نەماوە، داوای‌ هاوكاری‌ نێوده‌وڵه‌تیمان كردوه‌و كۆمه‌ڵگای‌ نێوده‌وڵه‌تیش ورده‌ ورده‌ هاتوه‌ته‌ پێش.

نیقاش: له‌ماوه‌ی‌ رابردودا دو بڕیارتان ده‌ركرد سه‌باره‌ت به‌ده‌ره‌وه‌ی‌ هه‌رێم كه‌ له‌مێژوی‌ په‌رله‌ماندا وێنه‌ی‌ نه‌بوه‌، یه‌كه‌میان به‌ره‌سمی‌ ناساندنی‌ ئه‌و سێ‌ كانتۆنه‌یه‌ كه‌ هێزه‌ كوردییه‌كان له‌سوریا دروستیان كردوه‌، دوه‌میان ناردنی‌ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌یه‌ بۆ كۆبانی‌، ئه‌م بڕیارانه‌ی‌ ئێوه‌ ده‌ستوه‌ردان نییه‌ له‌كاروباری‌ ناوخۆی‌ وڵاتانی‌ تر؟
یوسف محه‌مه‌د: بارودۆخێكی‌ نائاسایی‌ له‌ئارادایه‌، رێكخراوێكی‌ تیرۆریستی‌ وه‌ك داعش له‌عێراقه‌وه‌ تا سنوری‌ لوبنانی‌ داگیركردوه‌، ئه‌مه‌ شه‌ڕی‌ دژی‌ تیرۆره‌، هه‌رێمی‌ كوردستان‌و عێراقیش به‌شێكن له‌هاوپه‌یمانی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ دژی‌ تیرۆر بۆیه‌ هه‌رێم مافی‌ به‌هاناوه‌چون‌و به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی‌ داعشی‌ هه‌یه‌ به‌تایبه‌تی‌ كه‌ برایانمان له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌دان، له‌م بارودۆخه‌ نائاساییه‌شدا رێی‌ تێده‌چێت هه‌ندێ‌ كۆت‌و به‌ند بشكێنرێت.

نیقاش: به‌ڵام خه‌ڵك ده‌پرسێت پێشمه‌رگه‌ له‌ناوچه‌ی‌ فه‌رمانڕه‌وایی‌ خۆیدا نه‌یتوانی‌ شنگال‌و جه‌له‌ولا بپارێزێت، ئیتر له‌ده‌ره‌وه‌ی‌ خاكی‌ خۆی‌ چی‌ پێده‌كرێت؟
یوسف محه‌مه‌د: هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ هه‌زارو سی‌ كیلۆمه‌تر سنوری‌ له‌گه‌ڵ‌ داعش هه‌یه‌‌و روبه‌ڕوی‌ به‌ره‌یه‌كی‌ جەنگی كراوه‌ بوه‌ته‌وه‌، ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ به‌چه‌كی‌ كۆنی‌ روسی‌ كه‌ له‌رژێمی‌ پێشوی‌ عێراقه‌وه‌ بۆی‌ ماوه‌ته‌وه‌ روبه‌ڕوی‌ گه‌وره‌ترین‌و پڕچه‌كترین رێكخراوی‌ تیرۆریستی‌ بوه‌ته‌وه‌ کە دەستی بەسەر نوێترین چەکی ئەمریکیدا گرتوە. بێگومان له‌م سنوره‌ به‌رفراوانه‌شدا روده‌دات له‌شوێنێك شكست بهێنێت، به‌ڵام به‌و چه‌كه‌ نوێیانه‌ی‌ ورده‌ ورده‌ ده‌ستی‌ ده‌كه‌وێت پێشمه‌رگه‌ ده‌توانێت زیاتر خاكی‌ خۆی‌ بپارێزێت‌و هاوکێشەی هێز پێچەوانە بکاتەوەو هاوكاری‌ كۆبانێ‌‌و قاره‌مانه‌كانی‌ ئه‌وێ‌ بكات.