Print WWW.SBEIY.COM
 ناوچە کوردستانیە دابڕێندراوەکان، دوای 8ی حوزەیرانی 2014 لایەنی کورد پێویستە چۆن هەڵسوکەوتی لەگەڵ بکات !
30/11/2014 13:46:26
بزوتنەوەی گۆڕان
ژوری ناوچەکوردستانییە دابڕێندراوەکان


بەردەوامی قەیرانی کەرکوک و ناوچە کوردستانییە دابڕێندراوەکان دەرئەنجامی شکستی لایەنی کوردییە، کە دەرفەتی ماوەی 11 ساڵی رابوردوی لەدەستدا بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەی سنور و خاک و ناسنامە و چارەنوسی کەرکوک، لەماوەی 11 ساڵی رابوردودا تەنها نزیکەی 20% قۆناغی یەکەمی مادەی 140 جێبەجێکراوە، نمونە تەنها لەسنوری پارێزگای کەرکوک نزیکەی 1.250 یەک ملیۆن و دو سەدو پەنجا هەزار دۆنم زەوی کورد تا ئێستا نەگەڕاوەتەوە بۆ خاوەنەکانیان، کە لەچوارچێوەی سیاسەتی تەعریب داگیرکرا، ئیدارەدانی ململانێکان لەماوەی 11 ساڵی رابوردو لەلایەن دەسەڵاتدارانی بەغداوە بەوشێوەیە، عێراقی گەیاندە کەناری هەڵوەشاندنەوە.

ئەنجام:- هەڵبەتە بە هەڵپەسێردراوەیی هێشتنەوەی ناسنامە و چارەنوسی کەرکوک و ناوچەکوردستانیە دابڕێندراوەکان لەبەرژەوەندی خەڵکی ئەو ناوچانە نیە، بە تایبەتی کوردو تورکمان و کلدئاشور، چونکە ئەو بارودۆخە بوەتە هۆی ناجێگیری سیاسی و دروستکردنی بۆشایی ئەمنی و سەربازی (داگیرکردنی بەشێکی ئەو ناوچانە لەلایەن داعشەوە نمونەیەکی زیندوی ئەو راستیانەن)و لەئەنجامدا ژێرخان و ژیانی خەڵکی ئەو ناوچانەی توشی زیان و نەزیفێکی بەردەوام بۆتەوە، خەڵکی ئەو ناوچانە ئێستا لەبەرانبەر دو بژاردەدایە، رەوکردن، یان مانەوەو بەردەوامبون لەناو گێژاوی چارەنوس و ژیانێکی نادیاروقوربانی بەردەوامدا(گیانی و مادی).

- وەک ئەوەی لەسەرەوە ئاماژەمان پێکرد لەسەر ئاستی عێراق، لایەنەکان شکستیان هێنا بۆ گەیشتن بە چارەسەر، لەچوارچێوەی ئەوەی لەدەستور لە سەری رێککەوتبون، ئەوەی کورد بە دەستی هێنابو لەدوای روخانی رژێمی بەعس، سەبارەت بە خاک و سنور بریتیبو لەمادەی 58 یان 140، لەکاتی خۆیدا بەدەسکەوت ئەژمارکرا، بەڵام لەئێستادا بەشکست هەڵدەسەنگێندرێت.

لەسەر ئاستی ناوچەیی و پارێزگاکانیش بە هەمان شێوە نەتوانرا متمانە و شەراکەتی راستەقینە دروست بکرێت، لایەنیکەم لەنێوان کورد و تورکمان و کلدوئاشوری، کە نزیکەی 70% کەرکوک پێکدەهێنن.


کورد ئێستا چی بکات باشە:
دیارە لەسایەی ئەم هەلومەرجە نوێیەی دوای 8-6-2014 هاتوەتە ئاراوە، لایەنی کورد لەبارێکی زۆر بەهێزدایەو هەلەکان بەکراوەیی بۆی ماوەتەوە، بەهەمان شێوەی پاش روخانی رژێمی بەعس لە 2003 و، پێویستە ئەم بنەمایانە لەبەرچاو بگیرێت، بۆ داڕشتنی سیاسەت و کارنامە و بەرنامە و گفتوگۆکانی داهاتوی:
• ئەو پشتیوانیە نێودەوڵەتییەی بۆ کورد هاتوەتە ئاراوە لەڕوی سەربازی و سیاسی.
• لاوازی ولە بەریەک هەڵوەشاندنەوەی سوپای عێراق.
• دوبەرەکی نێوان سونە وشیعە.
• هاوکێشەی ناوچە کوردستانیە دابڕێندراوەکان، کە لەگۆڕانی بەردەوامدایە، بۆ نمونە پانتایی کەرکوک پێش 1968 نزیکەی 20 هەزار کم چوارگۆشە بوە، دوای 1968 بۆتە نزیکەی 10 هەزار کم چوارگۆشە، پاش روداوەکانی 8- حوزەیران- 2014، ئێستا نزیکەی 6500 کم چوارگۆشەی لێ ماوەتەوە.
• هەڵسەنگاندنی ئەوەی تا چەند دەتوانرێت ئەو واقیعەی دوای 8ی حوزەیران هاتۆتە ئاراوە بپارێزین ئەگەر داعش شکا.

راسپاردەو رێگاچارە :
1- لەسەر ئاستی کوردی، سازان لەسەر یەک بەرنامە و پلانی ئیستراتیجی و یەک گوتاری کوردی سەبارەت بە کەرکوک و ناوچە کوردستانیە کێشە لەسەرەکان و دروستکردنی دۆسیە و دابەشکردنی ئەرک و بەرپرسیارێتی لەو روەوە.

2- پێویستە پارێزگارو ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بەهەماهەنگی لەگەڵ سەرۆکایەتی هەرێم و وەزارەتی پ.م، کار بکات بۆ دامەزراندنی بنکەیەکی مەشق و راوێژکاری سەربازی ئەمەریکی و هاوپەیمانان لەکەرکوک، بە ئامانجی مسۆگەرکردنی دڵنیایی و پاراستنی ناوچەکە لەهەر هێرش و پەلامارێک لەئێستا و ئایندەدا.

3- بە نیشتیمانیکردنی دامودەزگاکانی ئاسایش و پۆلیس و ئیدارات، هەر لەسەعدییە وجەلەولا تا دەگاتە شەنگال و شێخان، ئەمە پێویستە بە یاسا و بڕیارێکی پەرلەمانی کوردستان رێکبخرێتەوە.

4- سیاسەتی ئەمری واقیع لەکەرکوک و ناوچەکوردستانییە کێشە لەسەرەکان، پێویستە بۆشاییەکانی پڕبکرێتەوە و پەرەی پێبدرێت و بهێڵدرێتەوە.

5- هەوڵدان بۆ ئازادکردنەوەی ئەو ناوچانەی چڕی دانیشتوانەکەی کورد بوە، تا روداوەکانی 8ی حوزەیرانی 2014، وەک جەلەولا- سەعدیە- شەنگال وشێخان و تاد.

6- لەسەر ئاستی بەغدا: چڕکردنەوەی توانا وهەوڵەکانی کورد لەپێناو گەیشتن بەڕێکەوتنێکی سیاسی بۆ یەکلاکردنەوەی سنوری کوردستان و ناسنامەی کەرکوک و ناوچە کوردستانییە کێشە لەسەرەکان، لەماوەی 4 ساڵی کابینەی داهاتوی حکومەتی عێراقی، بە بەشداری و ناوبژیوانی نێودەوڵەتی و ناوچەیی، هەروەها پێویستە هەوڵبدرێت رۆڵی ئەو دو وڵاتە (ئێران- تورکیا) بگۆڕدرێت، لەدەستێوەردانەوە بۆ ناوبژیوان.

7- دروستکردنی متمانە و بنەمای شەراکەتی راستەقینە لەبەڕێوەبردن و حوکمڕانی، لەسەر ئاستی ناوچەیی و پارێزگاکان (محلي)، هەروەها سازان لەگەڵ پێکهاتەکان (تورکمان و عەرەب، کلدو ئاشوری)، بە تایبەتی تورکمان و کلدو ئاشوری، لەسەر بنەمای مسۆگەرکردنی داخوازی و مافەکانیان لەناو دەستوری داهاتوی هەرێمی کوردستان، بەو مەرجەی رێگر نەبن لەگرێدانەوەی ئەو ناوچانە بەهەرێمی کوردستانەوە.

8- ئەگەر وا بڕیار بێت کورد، هەر لەچوارچێوەی دەوڵەتی عێراقدا بمێنێتەوە، وەک چارەسەرێکی سیاسی و لۆژیکی گونجاو، بەپێی ئەو واقیعەی ئێستا هەیە بۆ ئەم قۆناغە، لەگەڵ لایەنی عێراقی رێکەوتن بکرێت لەسەر گەڕاندنەوەی ئەو ناوچانەی چڕی دانیشتوانەکەی کوردە بۆ سەر هەرێمی کوردستان، وەکو سەعدیە، جەلەلاو وخانەقین و خورماتو و کەرکوک وشنگار وشێخان و تاد.

9- ئەگەر وا بڕیارە لەداهاتوی مەودا نزیکدا (5- 10) ساڵی داهاتو، کورد لەعێراق جیا ببێتەوە، ئەوا پێویستە لەئێستاوە هەمو توانای کورد چڕبکرێتەوە و بخرێتەگەڕ لەپێناو جێگیرکردن و پەرەپێدانی سیاسەتی ئەمری واقیع لەناوچە کوردستانییە دابڕێندراوەکان بەشێوەیەک، کە هیچ لایەنێکی سونە، یان سوپای عێراقی توانای کۆنتڕۆڵکردنەوەی ئەو ناوچانەی نەبێت، بە دیوێکی تریشدا کارکردن لەسەر هەردو ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی بەمەبەستی مسۆگەرکردنی پشتیوانی لەداخوازی و ئامانجەکانی کورد لەململانێکاندا لەگەڵ لایەنی سونە و دەوڵەتی عێراقیدا، بۆ گەڕاندنەوەی ئەو ناوچانە بۆ سەر هەرێمی کوردستان.