Print WWW.SBEIY.COM
 پلانى ستراتيجى چۆن داده‌ڕێژرێ؟
17/01/2015 18:47:35
ئا/ موزه‌فه‌ر هه‌مزه‌

ده‌ستپێك:
پلانێك ماوه‌ى‌ سێ ساڵ زياتر بخاينێت به‌ پلانى درێژخايه‌ن ده‌ناسرێ بۆئه‌وه‌ى له‌ پلانى ساڵانه‌ (كورتخايه‌ن)، يان پلانى ته‌كتيكى (مامناوه‌ند)، جيابكرێته‌وه‌. هيچ پلانێكى ستراتيجى بێ دياريكردنى ماوه‌كه‌ى مه‌حاڵه‌ بخرێته‌ بوارى جێبه‌جێكردنه‌وه‌. مۆركى ماوه به‌شێوه‌يه‌كى به‌رچاو له‌ هه‌مو پلانێكدا چ له‌كاتى داڕشتنى و چ له‌كاتى چونى بۆ بوارى جێبه‌جێكردنه‌وه‌، به‌ زه‌قى پێوه‌ى دياره‌.

‌پلانى ستراتيجى بريتيیه‌ له‌ كۆى ئه‌و زنجيره‌ هه‌وڵانه‌ى دامه‌زراوه‌يه‌ك ده‌يدات بۆئه‌وه‌ى گشت كاره‌كته‌ره‌كانى بۆ ده‌ستخستنى كۆمه‌ڵێك ئامانج‌ ئاراسته‌‌ بكات و بۆئه‌وه‌ى وێنه‌ى خۆى له‌ داهاتودا به‌و شێوه‌يه‌ى ده‌يه‌وێت، ره‌نگرێژ بكات.

له‌ دانانى هه‌ر پلانێكى ستراتيجيدا دو مه‌به‌ستى سه‌ره‌كى هه‌يه‌:
يه‌كه‌م: گواستنه‌وه‌ى ئه‌و بواره‌‌ يان ئه‌و كه‌رته‌‌ چ ئابورى بێت يان كۆمه‌ڵايه‌تى يان سياسى له‌و‌ ره‌وشه‌ دواكه‌وتوه‌ى كه‌ گوزه‌رى تێدا ده‌كات بۆ ره‌وشێكى شياو و گونجاوتر.
دوه‌م: گواستنه‌وه‌ى بوارێك يان كه‌رتيك له‌ دۆخێكى باش بۆ دۆخێكى باشتر بۆ‌ بتوانێ پێداويستيه‌كان تێر بكات و تواناى كێبڕكێكارى بۆ دروست بكات.

دەکرێ پلانی ستراتیژی بۆ کۆمەڵێک بوار بە یەکەوە دابنرێ و بەپێی تەوەر پۆلێن بکرێن کە ئەوکاتە بە پلانی گشتگیر یان پلانی سەرتاسەری ناودەبرێت، یان تەنها بۆ کەرتێکی دیاریکراو دادەڕیژرێت.

ده‌بێ ئه‌م قۆناغانه‌ى خواره‌وه‌ له‌ دانانى هه‌ر پلانێكى ستراتيجيدا له‌به‌رچاو بگيرێن:

قۆناغه‌كانى داڕشتن
قۆناغى يه‌كه‌م: دياريكردنى شێوازى پلانه‌كه‌: به‌ گرنگترين قۆناغ داده‌نرێ له‌ كۆى گشتى قۆناغه‌كاندا. هه‌ر پلانێك كه‌ داده‌نرێ له‌يه‌كه‌م سه‌رنجدا ده‌بێ ئه‌و گۆشه‌ نيگايه‌ بداته‌ خوێنه‌ر يان ره‌خنه‌گڕ يان په‌يوه‌نديدار به‌ پلانه‌كه‌وه‌ كه‌ مه‌به‌ستى ئه‌و لايه‌نه‌ى پلانه‌كه‌ى داڕشتوه‌ قازانج نه‌ويسته‌ يان قازانجكردن‌. ئه‌گه‌ر حكومه‌ت ئاماده‌ى كردبێت جياوازه‌ له‌وه‌ى كۆمپانيايه‌ك يان دامه‌زراوه‌يه‌كى كه‌رتى تايبه‌ت ئاماده‌ى ده‌كات.
هه‌روه‌ها كاره‌كته‌ره‌ به‌شداربوه‌كان له‌ پلانه‌كه‌دا، ئايا به‌شێوه‌ى ليژنه‌يه‌ يان كۆنفرانس يان كاره‌كته‌ره‌كان دابه‌ش بونه‌ته‌ سه‌ر تيمى جۆراوجۆر. له‌ پرۆسه‌كه‌دا ئاسته‌ باڵاكانى كارگێرى يان ئاسته‌ مامناوه‌ند و ئاسته‌كانى خواره‌وه‌ى كارگێريش به‌شدارن ؟ هه‌مو ئه‌وانه‌ له‌ نێو كۆى گشتى پلانه‌كه‌ ره‌نگده‌داته‌وه‌.

قۆناغى دوه‌م: كۆكردنه‌وه‌ى داتا و زانيارى و شيكردنه‌وه‌يان:
 هيچ پلانێكى ستراتيجى به‌بێ داتا ناتوانرێ دابڕێژرێت، چونكه‌ به‌پێى رێژه‌ و بڕ ناتوانرێ ئامانجه‌كان بۆ پرۆژه‌ ته‌رجه‌مه‌ بكرێن و پێوه‌رى بۆ دابنرێ. ده‌بێ داتاكان دروست بن و له‌ رێگاى سه‌رژمێرى يان روپێوكردن به‌ده‌ستهاتبن، داتاى نادروست ئامانجى ستراتيجى و پێوه‌رى هه‌ڵه‌ به‌رهه‌مده‌هێنێ، كه‌ ئه‌و كات كاريگه‌رى ده‌خاته‌ سه‌ر رێژه‌ى جێبه‌جێبونى پلانه‌كه‌‌ كاتێ ده‌چێته‌ بوارى جێبه‌جێكردنه‌وه‌. شيكردنه‌وه‌يه‌كى واقيعييانه‌ى ئێستاى ئه‌و بواره‌ يان ئه‌و سێكته‌ر‌ه‌ بۆ ئه‌وه‌يه‌ نيشانده‌ره‌كان – Indicators - مۆشرات- دابنرێن.
بۆ نمونه‌ كاتێ پلانه‌كه‌ بۆ سێكته‌رى نيشته‌جێكردن ئاماده‌ ده‌كرێ و ده‌يهه‌وێ گرفتى نيشته‌جێى خێزانه‌ كه‌مده‌رامه‌ته‌كان چاره‌سه‌ر بكات، پێويسته‌ ئه‌م نيشانده‌رانه‌ى خواره‌وه‌ گه‌ڵاڵه‌ بكات‌:
• تێكڕاى پێویستى ساڵانه‌ بۆ یه‌كه‌ى نیشته‌جێ له‌ هه‌رێمى كوردستاندا چه‌نده‌ ؟
• ژماره‌ى زیادبونى ساڵانه‌ى خێزان له‌ هه‌رێمدا .
• ژماره‌ى زیادبونى ساڵانه‌ى خێزانه‌ كه‌مده‌رامه‌ته‌كان .
• تێكڕاى كورتهێنانى ساڵانه‌ى یه‌كه‌ى نیشته‌جێ له‌وڵاتدا.
• پۆلینبونى خێزانه‌كان به‌پێى داهاتى مانگانه‌یان.
• ژماره‌ى كرێنشینان.
• ژماره‌ى ئه‌و خانوانه‌ى كه‌چه‌ند خێزانێك به‌یه‌كه‌وه‌ تێیدا ده‌ژین.
نمونه‌ى چه‌ند داتايه‌ك له‌م سێكته‌ره‌دا:
•    هه‌رێمى كوردستان رۆژانه‌ پێويستى به‌ دروستكردنى 100 خانوى نيشته‌جێ هه‌يه بۆ چاره‌سه‌ركردنى گرفتى نيشته‌جێى كه‌مده‌رامه‌تان. واته‌ لەساڵێکدا: 100 × 30 × 12
هه‌روه‌ها رێژه‌ى( 10% ) ى ئه‌وخێزانانه‌ى كه‌ساڵانه له‌ هه‌رێمى كوردستان ‌زیاد ده‌بن تواناى دابینكردنى كرێى خانویان نیه‌(٢)
•    رێژه‌ى گه‌شه‌ى ساڵانه‌ى دانيشتوانى هه‌رێمى كوردستان (3%)، ناوه‌ندى ژماره‌ى خێزان له‌ هه‌رێمى كوردستان 4.8 (٣)

قۆناغى سێهه‌م: شيكردنه‌وه‌ى ژينگه‌ى ده‌ره‌وه‌ و ناوه‌وه‌:
چه‌ند شێوازێكى شيكردنه‌وه‌ له‌م قۆناغه‌دا هه‌يه‌ وه‌كو شيكردنه‌وه‌ى (SWOT) يان (PESTEL)، بۆ نمونه‌ ئه‌وه‌ى يه‌كه‌ميان كورتكراوه‌ى چوار وشه‌ى ئينگليزييه‌ وه‌كو : (هێز – لاوازى – ده‌رفه‌ته‌كان – هه‌ڕه‌شه‌كان): واته‌:(strong – weakness- opportunity – treats ).
 ئه‌م قۆناغه‌ به‌ شيكردنه‌وه‌ى ئه‌و دو ژينگه‌يه‌ ده‌ستى پێده‌كرێت كه‌ بواره‌كه‌ يان سێكته‌ره‌كه‌ تێيدا گوزه‌ر ده‌كات، ئه‌م كرداره‌ش بۆ ئه‌وه‌يه‌ كايه‌كانى هه‌ڕه‌شه‌ و ده‌رفه‌ته‌كان له‌گه‌ڵ خاڵه‌ به‌ هێزه‌كان و لاوازه‌كان ده‌ست نيشان بكرێن. ژينگه‌ى ناوه‌وه‌ په‌يوه‌سته‌ به‌ خاڵه‌كانى هێز و خاڵه‌ لاوازه‌كان، ژينگه‌ى دره‌وه‌ش په‌يوه‌سته‌ به‌و ده‌رفه‌ت و هه‌ڕه‌شانه‌ى روبه‌ڕى ئه‌و بواره‌ يان ئه‌و سێكته‌ره‌ن‌، ده‌بێ ده‌رفه‌ته‌كان له‌ دژى هه‌ڕه‌شه‌كان به‌شێوه‌يه‌كى سيسته‌ماتيكى به‌كاربهێنرێن، خاڵه‌ به‌هێزه‌كانيش بۆ كاڵكردنه‌وه‌ى خاڵه‌ لاوازه‌كان به‌گه‌ڕبخرێن. ئه‌و كرداره‌ش‌ بۆ دياريكردنى ئه‌و دۆز و به‌رهه‌ڵستيانه‌يه‌ كه‌ له‌ ئێستادا بونيان له‌ هه‌ردو ژينگه‌ى دامه‌زراوه‌كه‌ هه‌يه‌.
 

 قۆناغى چواره‌م: دياريكردنى ديدگا و په‌يام:
 دو بابه‌تى بنه‌ڕه‌تين له‌ هه‌ر پلانێكى ستراتيجيدا و جياوازييان ئه‌وه‌يه‌ ديدگا به‌پێى رێژه‌ى جێبه‌جێبونى پلانه‌كه‌ گۆڕانكارى به‌سه‌ردا دێت، بۆ نمونه‌ كاتێ وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ له‌ پلانى ستراتيجى 10 ساڵه‌ى خۆيدا(2015 – 2025) ئه‌وه‌ ده‌چه‌سپێنێ "رێژه‌ى خوێنده‌وارى له‌ هه‌رێمى كوردستان بگاته‌ 100%". له‌كۆتايى پلانه‌كه‌ ئه‌م ديدگايه‌ش گۆڕانى به‌سه‌ردا دێت چونكه‌ له‌ماوه‌ى ئه‌م ده‌ ساڵه‌دا لايه‌نى كه‌م گۆڕانكارى به‌سه‌ر رێژه‌ى نه‌خوێنده‌وارى و ئه‌وانه‌ى داده‌بڕێن له‌ خوێندن، دروست ده‌بێت.

به‌ڵام په‌يام كايه‌كى نه‌گۆڕه‌ و به‌ ته‌وابونى پلان په‌يامى دامه‌زراوه‌يه‌ك وه‌ك خۆى ده‌مێنێ، بۆنمونه‌ په‌يامى وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ خوێندنه‌ بۆ هه‌موان، ئه‌م په‌يامه‌ به‌ ته‌واوبونى پلانه‌ ستراتيجيه‌كه‌ كۆتايى پێنايه‌ت و ئه‌و وه‌زاره‌ته‌ به‌رده‌وامه‌ له‌سه‌ر ئه‌و رێچكه‌يه‌. بۆيه‌ به‌رده‌وام له‌گشت چاڵاكيه‌كانى ئه‌و وه‌زاره‌ته‌دا ره‌نگده‌داته‌وه‌.

قۆناغى پێنجه‌م: دياريكردنى ئامانجه‌ ستراتيجيه‌كان Quantitative targets و ميكانيزمه‌كانى به‌ده‌ستهێنانى:

 كاتێ ده‌وترێ (15%) دانیشتوانى هه‌رێمى كوردستان سودمه‌ند نین له‌ تۆره‌كانی دابینكردنی ئاو وئاوی پاكیان ده‌ستناكه‌وێت(٤).ئه‌م رێژه‌یه‌ ئه‌گه‌ر به‌راورد بكه‌ین به ژماره‌ى دانيشتوانى هه‌رێمى كوردستان كه‌ به‌‌‌‌ 5 ملیۆن و 432 هه‌زاركه‌س خه‌مڵێنراوه(٥)‌، ده‌رده‌كه‌وێت 814 هه‌زار و 800 هاوڵاتی له‌سه‌رتاسه‌ری هه‌رێمی كوردستان بێبه‌شن له‌ به‌كارهێنانی ئاوی پاك.
بۆنمونه‌ كاتێ پلانه‌كه‌ ده‌يهه‌وێ چاره‌سه‌رى گرفتى كورتهێنان بكات له‌ دابينكردنى ئاودا له‌ ماوه‌ى پێنج ساڵى داهاتودا، رێژه‌ى كورتهێنانه‌كه‌ 15%يه‌، ده‌بێ ئه‌وه‌ رون بكرێته‌وه‌ كه:
• له‌ماوه‌ى ئه‌و پێنج ساڵه‌دا هه‌وڵده‌درێ رێژه‌ى چه‌ندى ئه‌و كورتهێنانه‌ پڕ بكرێته‌وه‌.
• ئه‌گه‌ر له‌ به‌رنامه‌ دابنرێ له‌ ماوه‌ى ئه‌و پێنج ساڵه‌دا دانيشتوانى هه‌رێم به‌ رێژه‌ى 100% ده‌بێ سودمه‌ندبن له‌ ده‌ستخستنى ئاوى پاك ، واته‌ پێويسته‌ به‌ رێژه‌ى ساڵانه‌ى 3% بۆ ئه‌وانه‌ى بێبه‌شن له‌ ده‌ستخستنى ئاوى پاك، دابين بكرێت.
• له‌مباره‌يه‌وه‌ بۆ گشت ناوچه و گه‌ره‌ك و توێژه‌ بێبه‌شه‌كان، چه‌ند پرۆژه‌ت پێويسته و له‌ هه‌ر ساڵێكدا پرۆژه‌كان چين و چه‌ندن وكامانه‌ن‌؟
بۆ ئه‌وه‌ى رێژه‌ى جێبه‌جێكردنت له‌ ته‌واوى ته‌مه‌نى پلانه‌ ستراتيجيه‌كه‌ ده‌ست بكه‌وێت ده‌بێ له‌ هه‌ر ساڵێكدا رێژه‌ى جێبه‌جێكراوى بزانيت چه‌نده‌! بۆ ئه‌وه‌ى له‌ كۆكردنه‌وه‌ى رێژه‌ى جێبه‌جێبونى ساڵه‌كان كۆى گشتى جيبه‌جێكردنت ده‌ست بكه‌وێت. ئه‌ويش له‌سه‌ر دو ئاست ده‌كرێ:
• يان به‌پێى ژماره‌ى پرۆژه‌كانى پلانه‌ ستراتيجيه‌كه‌ كه‌ گريمان ده‌ ساڵهيه‌ و ژماره‌ى پرۆژه‌كانيش 200 پرۆژه‌ن، ئه‌و كاته‌ هه‌ژمارى ئه‌و پرۆژانه‌ ده‌كرێت كه‌ له‌هه‌رساڵێكدا چونه‌ته‌ بوارى جێبه‌جێكردنه‌وه‌.
• يان له‌سه‌ر ئاستى خه‌رجى پرۆژه‌كان رێژه‌ى جێبه‌جێبون به‌ده‌ستده‌هينرێ، بۆ نمونه‌ بڕى 3 مليار $ بۆ ماوه‌ى ئه‌و ده‌ ساڵه‌ بۆ گشت پرۆژه‌كان ته‌رخانكراوه‌، ئه‌و كاته‌ بڕى گوژمه‌ى خه‌رجكراو له‌ كۆتايى هه‌ر ساڵێكدا ده‌توانرێ به‌ده‌ست بهێنرێ.

دواتر كه‌ پلانه‌ ستراتيجيه‌كه‌ به‌ سه‌ركه‌وتويى ته‌واو ده‌بێت، به‌ گريمانه‌ى ئه‌وه‌ى:
• رێژه‌يه‌كى جێبه‌جێبون كه‌ زياتره‌ له‌ 50%، به‌ گريمانه‌ى هه‌بونى ده‌ستپاكى له‌ خه‌رجكردن و كواليتى پرۆژه‌كان.
• به‌ گريمانه‌ى هه‌بونى چاودێيريه‌كى باش و به‌دواداچونێكى تۆكمه‌ له‌سه‌ر قۆناغ به‌ قۆناغى جێبه‌جێكردنى پلانه‌كه‌.
• له‌ كۆتاييدا ده‌بينرێ گۆڕانكارييه‌كى به‌رچاو له‌م سێكته‌ره‌ رويداوه‌ كه‌ پلانه‌كه‌ى بۆ دانراوه‌، كه‌ پاشان شوێنه‌وارى خۆشگوزه‌رانى زياتر له‌سه‌ر ته‌واوى كۆمه‌ڵگا جێده‌هێڵێ و ده‌بێته‌ ده‌سكه‌وتێك بۆ ئه‌و كابينه‌يه‌ى ده‌سه‌ڵاتى به‌ده‌سته‌وه‌يه‌ به‌ گشتى و به‌ ده‌سكه‌وتێكى مه‌زنيش بۆ ئه‌و وه‌زاره‌ته‌ى پلانه‌كه‌ى داڕشتوه‌ و بۆ ئه‌و حيزبه‌ى وه‌زاره‌ته‌كه‌ى به‌ ده‌سته‌وه‌يه‌.
• ده‌شێ وه‌زاره‌تێك پلانێكى ستراتيجى دابنێت، ده‌شێت حكومه‌ت پلانێكى سه‌رتاسه‌رى بۆ گشت كه‌رته‌كان دابڕێژێت، له‌ يه‌كه‌مياندا ته‌واوكارى ئابورى - Economic integration- له‌ وانه‌يه‌ له‌ نێوان دو يان سێ وه‌زاره‌ت دروست بكات. بۆ نمونه‌ پلانێكى ستراتيجى كه‌رتى كشتوكاڵ جگه‌ له‌ وه‌زاره‌تى كشتوكاڵ، وه‌زاره‌تى بازرگانى و پيشه‌سازى – وه‌زاره‌تى شاره‌وانى – وه‌زاره‌تى داد به‌خۆيه‌وه‌ گرێده‌دات.
به‌ڵام له‌ پلانێكى ستراتيجى سه‌رتاسه‌ريدا گرێدان له‌ نێوان ته‌واوى وه‌زاره‌ته په‌يوه‌نديداره‌كان دروست ده‌بێت وه‌كو چۆن ته‌واوى كه‌رته‌كان به‌يه‌كترييه‌وه‌ گرێده‌درێن.
تێبينى: چارتى سه‌ره‌وه‌ له‌ پلانى ستراتيجى گه‌شتوگوزارى حكومه‌تى هه‌رێم 2014 - 2025/ لاپه‌ڕه‌ 22 وه‌رگيراوه‌، له‌ نوسخه‌ى عه‌ره‌بى و وه‌رگێردراوه‌ته‌ سه‌ر زمانى كوردى.

سەرچاوە:
1.-HABITAT أستراتیجیات الاسكان المعقوله‌ الكلفه‌ فی أقلیم كوردستان/ الفئات المستهدفه‌/ لاپه‌ره‌ 10
2- حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان / وه‌زاره‌تى پلاندانان/ ده‌سته‌ى ئامارى هه‌رێم /2012
3-راپۆرتی هاوبه‌شی وه‌زاره‌تی پلاندانانی هه‌رێمى كوردستان و رێكخراوی UNDP/2012/ توێژینه‌وه‌. ژێرخانى ئابوورى و كۆمه‌ڵايه‌تى هه‌رێمى كوردستان.
4- هه‌مان سه‌رچاوه‌ى پێشو.