Print WWW.SBEIY.COM
 گرێبه‌سته‌‌ راوێژكارييه‌كان له‌ نێوان كه‌ڵك و به‌هه‌ده‌ردانى دارايى گشتيدا
03/02/2015 14:58:32
ئامادەکردنی/ ژورى توێژينه‌وه‌ى كارگێڕی بزوتنەوەی گۆڕان

سه‌ره‌تا:
مه‌به‌ستمان‌ ئه‌و گرێبه‌ست و خزمه‌تگوزارييه‌ راوێژكارييانه‌ن، كه‌ له‌سه‌ر ئاستى فه‌رمى له‌نێوان دامه‌زراوه‌كانى  حكومه‌تى هه‌رێم له‌گه‌ڵ لايه‌نى بيانيدا واژۆ ده‌كرێن، واته‌ مه‌به‌ست ئه‌و گرێبه‌ستانه‌ى ناو‌خۆ نيیه،‌ كه‌ ساڵانه‌ له‌ رێگه‌ى ته‌نده‌رينه‌وه‌ به‌ڵێنده‌ران له‌گه‌ڵ هه‌ر دامه‌زراوه‌يه‌كى حكومه‌تدا واژۆى ده‌كه‌ن بۆ ئه‌نجامدانى پڕۆژه‌ خزمه‌تگوزارييه‌كان.

رێنمايى ژماره‌ (1)ى ساڵى (2011) به‌ناوى (رێنمايیه‌كانى جێبه‌جيكردنى گرێبه‌سته‌ گشتيیه‌كان)، كه‌ له‌ژماره‌ (124) رۆژنامه‌ی وه‌قايعى كوردستان بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، هه‌روه‌ها رێنمايى ژماره‌ (2)ى هه‌مان ساڵ به‌ناوى (رێنمايى چه‌سپاندنى شياوى پێشوه‌خت -  Pre-Qualification) كه‌ له‌ ژماره‌ (137) وه‌قايعى كوردستان بڵاوكراونه‌ته‌وه‌. هه‌روه‌ها رێنمايى ژماره‌(1)ى ساڵى (2013) كه‌ تايبه‌ت به‌ جێبه‌جێكردنى (رێنماييه‌كانى جێبه‌جيكردنى راسته‌وخۆ)، له‌ ژماره‌ (163) هه ر له‌ وه‌قايع بڵاوكراوته‌وه‌.

ئه‌م رێنماييانه‌ى سه‌ره‌وه‌ به‌شێكن له‌و بنه‌ماو مه‌رجانه‌ى كه‌ دامه‌زراوه‌كانى حكومه‌ت پابه‌ند ده‌كات به‌ ره‌چاوكردنيان له‌ كاتى واژۆكردنى گرێبه‌سته‌كان به‌ تايبه‌تى رێنمايى ژماره‌ (2)ى ساڵى (2011).

پرسى گرێبه‌ستى راوێژكاريى له‌لايه‌ن‌ حكومه‌تى هه‌رێم له‌گه‌ڵ لايه‌نى ده‌ره‌كى به‌ دو شێواز ئه‌نجامده‌درێت:

يه‌كه‌م: خزمه‌تگوزارييه‌كانى راوێژكارى كۆمه‌كبه‌خش  DONORS:
ئه‌م جۆره‌ گرێبه‌سته‌ به‌پێى ياداشتى لێكتێگه‌يشتن له‌نێوان هه‌ردو لايه‌ندا (حكومه‌ت + رێكخراو و ئاژانسى كۆمه‌كبه‌خش)، واژۆده‌كرێن. تێچوى خزمه‌تگوزارييه‌كه،‌ كه‌ خۆى له‌داڕشتنى نه‌خشه‌ڕێگايه‌ك يان پرۆژه‌يه‌كى كۆمه‌ڵايه‌تى يان جێبه‌جيكردنى پرۆژه‌يه‌كى ئابورى ده‌بينێته‌وه‌ له‌وانه‌يه‌ ته‌نها وڵاتى كۆمه‌كبه‌خش، له‌ ئه‌ستۆى بگرێت يان به‌ هاوبه‌شى له‌گه‌ڵ حكومه‌تى هه‌رێم ئه‌نجامى ده‌ده‌ن. هه‌ر ده‌وڵه‌ت و هه‌رێمێك ئه‌م پردى په‌يوه‌ندييه‌ى له‌گه‌ڵ وڵات و رێكخراوه‌ دۆنه‌ره‌كان هه‌بێت له‌ماڵپه‌رێكى فه‌رمى تايبه‌تدا كه‌ بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ داده‌نرێت و به‌پێى راپۆرتى وه‌رزى يان ساڵانه‌ ئاماژه‌ به‌ گشت ورده‌كارييه‌كانى ئه‌و كۆمه‌ك و تێچوى پرۆژانه‌ له‌ڕوى جۆر و ژماره‌وه‌ ده‌كرێت، زۆربه‌ى ئه‌و ماڵپه‌رانه‌ش به‌ناوى DAD  به‌رێوه‌ده‌چن.

كۆمه‌ك بريتيه‌ له‌و هاوكارييه‌ داراييانه‌ى كه‌ ‌رێكخراوه‌ قازانج نه‌ويسته‌كان و ئاژانسه‌كانى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان و كۆمه‌ڵيك وڵاتى كۆمه‌كبه‌خش له‌كاتى پێويستدا ده‌يخه‌نه‌ به‌رده‌ست‌ وڵاتى وه‌رگر بۆ په‌ره‌پێدانى ئابورى يان له‌كاتى قه‌يران و كاره‌ساته‌ له‌ناكاوه‌كاندا به‌هاناى كۆمه‌ڵگاكانه‌وه‌ ده‌چن و هاوكارييان ده‌كه‌ن. بڕو گوژمه‌ى هاوكارييه‌ داراييه‌كانى وڵات, يان رێكخراو و ئاژانسى كۆمه‌كبه‌خش گه‌راندنه‌وه‌ى بۆ نيه‌.

له‌ هه‌رێمى كوردستان (12) كۆمه‌كبه‌خشى راسته‌وخۆ هه‌يه:  Denmark، Japan, Korea, Norway, Sweden, UNDG.ITF, UNDP, UNDP.TTF (funded by EU) ،  United Kingdom،  United States of (1)America، WB ،  WB.ITF

له‌پاڵ كۆمه‌كبه‌خشانى سه‌ره‌وه‌ش ژماره‌يه‌كى به‌رچاو له‌رێكخراو و ئاژانسى سه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتوه‌كان له‌ هه‌رێمى كوردستاندا هه‌ن وه‌كو:UNOPS : ئاژانسى پرۆژه‌ خزمه‌تگوزارييه‌كانى نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتوه‌كان،WFP: پرۆگرامى خۆراكى جيهانى.  WHO: رێكخراوى ته‌ندورستى جيهانى.  IOM: رێكخراوى كۆچى نێوده‌وڵه‌تى.  UN- YOUTH: رێكخراوى نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتوه‌كان بۆ كاروبارى گه‌نجان. UN- WOMEN: رێكخراوى نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتوه‌كان بۆ كاروبارى ژنان.  UN- VOLUNTEERS: رێكخراوى نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتوه‌كان بۆ كاروبارى خۆبه‌خشى. UN FPA: سندوقى نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتوه‌كان بۆ كاروبارى دانيشتوان. UNICEF: رێكخراوى نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتوه‌كان بۆ كاروبارى منداڵان.  UNISCO: رێكخراوى نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتوه‌كان بۆ كاروبارى رۆشنبيرى.

ئه‌م رێكخراوانه‌ له‌ژێر رۆشنايى پرۆسه‌كانى ریفۆرمى ئابورى، رونی (شه‌فافییه‌ت)، روبه‌روبونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵى، بنيادنانى حكومه‌تى دامه‌زراوه‌يى، ئاماده‌ن پابه‌ندى پره‌نسیپه‌كانى نێو ئه‌و ياداشته‌ى لێك تێگه‌يشتنه‌ بن كه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ر دامه‌زراوه‌يه‌كى په‌يوه‌نديدارى حكومه‌تى هه‌رێم واژۆى ده‌كه‌ن و به‌ئه‌ركى خۆیان هه‌ڵده‌ستن به‌ شێوه‌ى فه‌ند له‌ پاره‌داركردنى ئه‌و پرۆژانه‌ى كه‌ هه‌رێمى كوردستان پێویستى پێى هه‌یه.

زۆر ئاژانس و رێكخراويش هه‌ن وه‌كو پردى په‌يوه‌ندين له‌نێوان وڵاتانى خۆيان و ئه‌و وڵاتانه‌ى هه‌ماهه‌نگيان به‌يه‌كه‌وه‌ هه‌يه‌. وه‌كو ئاژانسى كۆيكاى كۆرياى باشورو جايكاى ژاپۆنى.

ئامانجى ئه‌و راپۆرته‌ خوێندنه‌وه‌ى ئه‌و هه‌وڵ و ماندوبونانه‌يه‌ كه ‌كۆمه‌كبه‌خش و ئاژانس و رێكخراوه‌كانى نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتوه‌كان ده‌يخه‌نه‌ به‌رده‌ست، كه‌ ئايا هه‌وڵدراوه‌ به‌پێى ئه‌و ئامانجانه‌ى كه‌ پرۆژه‌كه‌ له‌ پێناويدا دانراوه‌ هه‌رچى له‌ توانادا بێت كه‌ڵكيان لێوه‌رگيرێت؟

ئه‌وه‌ى خواره‌وه‌ نمونه‌يه‌كه‌ له‌و پلانى درێژخايه‌نه‌ى كه‌ له‌لايه‌ن ئاژانسێكى نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتوه‌كانه‌وه‌ به‌ هه‌ماهه‌نگى چه‌ندين وه‌زاره‌تى په‌يوه‌نديدار بۆ مه‌به‌ستى سود گه‌ياندن به‌ به‌رژه‌وه‌ندى گشتى له‌ هه‌رێمى كوردستان، داڕێژرا:
ستراتيجه‌كانى چاره‌سه‌ركردنى گرفتى نيشته‌جێبون بۆ كه‌مده‌رامه‌تان يه‌كێكه‌ له‌و نه‌خشه‌رێگايه‌ گرنگه‌ى كه‌ به‌ هاوكارى پرۆگرامى نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتوه‌كان بۆ نشينگه‌ مرۆييه‌كان –UN  HABITAT- و چه‌ندين وه‌زاره‌ت وه‌كو وه‌زاره‌تى ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و نيشته‌جێكردن و پلاندانان و ده‌سته‌ى وه‌به‌رهێنان ئاماده‌كراوه بۆ ماوه‌ى پێنج ساڵه‌ له‌ (2013 تا 2017).

له‌م ستراتيجه‌دا به‌شێوه‌یه‌كى زانستییانه‌ پێداویستییه‌كانى هه‌رێمى كوردستانى بۆیه‌كه‌ى نیشته‌جێبون له‌هه‌ر ساڵێكدا بۆ خێزانه‌ كه‌مده‌رامه‌ته‌كان به‌پێى چه‌ندین نیشانده‌رى جۆراوجۆر خراوه‌ته‌ڕو. به‌پێى ئه‌و نه‌خشه‌ رێگايه‌ رۆژانه‌ له‌هه‌رێمى كوردستان پێويستمان به‌ دروستكردنى 100 خانوى نيشته‌جێ هه‌يه‌، سه‌ربارى ئه‌وه‌ رێژه‌ى 10% ى ئه‌و خێزانانه‌ى كه‌ ساڵانه ‌له‌هه‌رێمى كوردستان زیاد ده‌بن تواناى دابینكردنى كرێى خانویان نیيه‌.

ئه‌م ستراتيجه‌ پشتگيرييه‌كه ‌بۆ خێزانه‌كانى هه‌رێمى كوردستان به‌ تايبه‌تى ئه‌وانه‌ى كاررايى (اجراءات) خێرايان پێويسته‌ بۆ ئه‌وه‌ى له‌گرفتى نيشته‌جێ ده‌رباز بكرێن، وه‌ك ئه‌و خێزانانه‌ى كه‌ به‌خێوكه‌ره‌كانيان ئافره‌ته‌ يان خێزانى شه‌هيدان و هه‌مو ئه‌و خێزانانه‌ى ده‌سهاتى مانگانه‌يان له‌ 300 $ كه‌متره‌.

سه‌ره‌ڕاى گرنگى نه‌خشه‌رێگاى "چاره‌سه‌ركردنى گرفتى نيشته‌جێبون بۆ كه‌مده‌رامه‌تان له‌ هه‌رێمى كوردستان" به‌ڵام حكومه‌تی هه‌رێم خه‌مسارد بووه‌ له‌ سوود وه‌رگرتن  له‌م ستراتیجه‌ و بۆیه‌ له‌وه‌زاره‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان به‌بێ كه‌ڵك وه‌رگرتن له‌سه‌ر ره‌فه‌كان هه‌ڵگیراوه‌و نه‌خرايه‌ بوارى جێبه‌جێ كردن.

جۆرى دوه‌م: گرێبه‌سته‌ راوێژكارييه‌كان:
زۆربه‌ى وه‌زاره‌ته‌كان و ده‌سته‌كان و هه‌ندێك له‌ فه‌رمانگه‌كانيش له‌ رێگه‌ى ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ى كه‌ له‌ڕوى ياساييه‌وه‌ پێياندراوه‌ گرێبه‌ست له‌گه‌ڵ كۆمپانيا و كه‌سانى واتايى (معنوي)دا ده‌كه‌ن و ثاره‌داركردنيشيان (تمويل) له‌ نێو بودجه‌ى ساڵانه‌ى وه‌به‌رهێنانى خۆيانه. له‌ نمونه‌ى ئه‌و گرێبه‌ستانه‌ گرێبه‌ستى نێوان وه‌زاره‌تى پلاندانانى حكومه‌تى هه‌رێم و دامه‌زراوه‌ى RAND، گرێبه‌ستى نێوان ده‌سته‌ى وه‌به‌رهێنان و كۆمپانياى ROLAND BERGER.

ئه‌گه‌ر دامه‌زراوه‌ى RAND به‌ نمونه‌ وه‌ربگرين كه‌ يه‌كێكه‌ له‌و دامه‌زراوانه‌ى كاريگه‌رييان له‌دروستكردنى بڕياڕدا هه‌يه‌ له‌ئيداره‌ى ئێستاى ئه‌مەريكادا، به‌ تايبه‌تى له‌وانه‌ى په‌يوه‌نديدارن به‌ رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌راست، به‌ڵام له‌ تاوتوێكردنى زۆربه‌ى به‌رهه‌مه‌كانى ئه‌م دامه‌زراوه‌يه‌ ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ زياتر پسپۆرى و شاره‌زاييه‌كه‌ى له‌ بوارى به‌رگرى و پاراستنى ئاسايشى نه‌ته‌وه‌يى ئه‌مەريكاو پرسى تيرۆردايه‌.

كاتێ گرێبه‌سته‌ راوێژكارييه‌كان له‌لايه‌ن دامه‌زراوه‌يه‌كى حكومييه‌وه‌ واژۆ ده‌كرێن‌ به‌ مه‌به‌ستى سود گه‌ياندنه به‌ به‌رژه‌وه‌ندى گشتى و له‌ پێناو‌ ئه‌و ئامانجانه‌يه‌ كه‌ وه‌زاره‌ته‌كه‌ هه‌وڵى ده‌ستخستنيان ده‌دات.

له‌كابينه‌ى پێنجه‌مدا له‌ساڵى 2009 وه‌زاره‌تى پلاندانان گرێبه‌ستى له‌گه‌ڵ دامه‌زراوه‌ى RAND به‌ بڕى 12 مليار دينار واژۆكرد. بۆ نمونه‌ له‌ساڵى 2010 بۆ ئه‌و دامه‌زراوه‌ بيانيه‌‌و بۆ كۆمپانيايه‌كى تريش به‌ ناوى NSG كه‌ په‌يوه‌نديداره‌ به‌ بوارى په‌روه‌رده‌، بڕى 5 مليار 97 مليۆن دينار خه‌رجكراوه‌. لهپرۆژه‌ پێشنياره‌كانى ساڵى‌ 2011 بڕى 6 مليار ديناريان بۆ ته‌رخانكراوه‌ (2). ته‌نها له‌ هه‌ردو ساڵى 2013 و 2014 دا بڕى 7 مليار دينار بۆ كۆمپانياى RAND خه‌رجكراوه‌. به‌رچاوترين به‌رهه‌مى RAND  له‌م ماوه‌يه‌دا بريتى بوه‌ له‌ ئاماده‌كردنى ديدگاى هه‌رێمى كوردستان 2020 كه‌ له‌خواره‌وه‌ تاوتوێى ده‌كه‌ين.

له‌هه‌ڵدانه‌وه‌ى لاپه‌ره‌كانى ئه‌م ديدگايه‌ وه‌كو له‌ماڵپه‌رى وه‌زاره‌تى پلاندانان دابه‌زيوه‌ هه‌ندێ له‌كه‌رته‌كان وه‌كو كه‌رتى نه‌وت كه‌ كاريگه‌رييه‌كى زۆرى له‌سه‌ر ئابورى كوردستان هه‌يه‌و به‌ شاده‌مارى داهاتى هه‌رێم داده‌نرێ له‌ ئێستا و داهاتودا، له‌ نێو ئه‌م ديدگايه‌دا دانه‌نراوه‌، ئه‌ويش به‌هۆى ئه‌وه‌يه‌ كه‌ ئه‌و كه‌رته‌ به‌رده‌وام به‌ شاره‌وايى بمێنيته‌وه‌.

ديدگايه‌ك چ سودێكى ده‌بێت له‌پاڵ خه‌رجكردنى ئه و هه‌مو پارانه‌دا ئه‌گه‌ر ئاماده‌كارى بۆ نه‌كرێت و نه‌بێته‌ بنه‌مايه‌ك بۆ داڕشتنى پلانيكى درێژخايه‌نى سه‌رتاسه‌رى بۆ گشت كه‌رته‌كانى هه‌رێمى كوردستان، نه‌وه‌ى ئێستاو داهاتو كه‌ڵكى لێوه‌رنه‌گرێت. نماشكردنيشى له‌روبه‌رى ماڵپه‌ره‌كان و كليككردن له‌سه‌رى و ته‌نها خوێندنه‌وه‌ى، چ كه‌ڵكێكى ده‌بێت‌.

ده‌گه‌ينه‌ ئه‌و بڕوايه‌ گرێبه‌سته‌كانى راوێژكارى كه‌ له‌ لايه‌ن دامه‌زراوه‌كانى حكومه‌تى هه‌رێم كه‌ له‌ماوه‌ى ساڵانى رابردودا واژۆكراون نه‌بۆته‌ به‌شێك له‌ ستراتيجى گه‌شه‌پێدانى هه‌رێمى كوردستان. ئه‌م پێشنيارانه‌ى خواره‌وه‌ش بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ ده‌خه‌ينه‌ به‌رچاوی لایه‌نه‌ په‌يوه‌نداره‌كان له‌ حكومه‌تى هه‌رێمدا:
يه‌كه‌م: له‌لايه‌ن سه‌رۆكايه‌تى ئه‌نجومه‌نى وه‌زيرانه‌وه‌ به‌ هه‌ماهه‌نگى وه‌زاره‌تى دارايى حكومه‌تى هه‌رێم نيزامێك بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ ده‌ربكه‌ن له‌ باره‌ى ده‌سه‌ڵاتى وه‌زاره‌ته‌كان و شێوازى گرێبه‌ستكردن له‌گه‌ڵ كۆمپانيا و دامه‌زراوه‌ لۆكاڵى و ناوچه‌يى و نێوده‌وڵه‌تيیه‌كان, له‌ خۆ بگرێت.

دوه‌م: پێويسته‌ سه‌رجه‌م كۆمه‌كه‌ داراييه‌ نێوده‌وڵه‌تيه‌كان به‌ فلته‌رى وه‌زاره‌تى داراييدا تێپه‌ڕبن به‌مه‌به‌ستى په‌يوه‌ستكردنيان به‌ به‌راییه‌كان (ئه‌وله‌ويه‌ت) و ئامانجه‌ ئابورى و كۆمه‌ڵايه‌تيیه‌كانى هه‌رێمى كوردستان.
سێهه‌م: كۆمه‌كى وڵاتانى كۆمه‌كبه‌خش كه‌ به‌شێوه‌ى پچڕ پچڕو ناديار مامه‌ڵه‌يان له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت ملكه‌چى كه‌مترين پێوه‌ره‌كانى شه‌فافيه‌ت نين واتا ناروونن. بۆيه‌ ده‌بێ ده‌رگاكانى شه‌فافيه‌ت به‌سه‌ر گشت كۆمه‌كه‌ داراييه‌كان و پرۆژه‌ جێبه‌جيكراوه‌كان بكرێنه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى ببێته‌ به‌شێك له‌ بنيادنانى كه‌لتورى رێگريكردن له‌ به‌هه‌ده‌ردانى سامانى دارايى گشتى .

چواره‌م: ئه‌گه‌ر هه‌ر دامه‌زراوه‌يه‌كى حكومه‌تى هه‌رێم  كاديرى پێويستى ده‌ستنه‌كه‌وت، ئه‌و كاته‌ به‌ پێى پلانێكى ورد بير له‌ گرێبه‌ستكردن له‌گه‌ڵ تاكه‌ كه‌س يان هه‌ر كۆمپانيايه‌ك، بكاته‌وه‌و ده‌رهاويشته‌ى به‌رجه‌سته‌كراوى هه‌بێت و به‌كه‌ڵكى دروستكردنى بڕياڕو داڕشتنى سياسه‌تى گشتى بێت له‌ هه‌رێمى كوردستاندا.

پێنجه‌م: سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى به‌رهه‌مى گرێبه‌سته‌ راوێژكارييه‌كان به‌ دورن له‌ هه‌ر ده‌زگايه‌كى هه‌ڵسه‌نگاندن و چاودێرى بۆ ئه‌وه‌ى به‌راوردى نێوان تێچونى ئابورى و به‌رهه‌مه‌كانيان – OUTPUTS بكرێت. پێويسته‌ هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ سه‌رجه‌م گرێبه‌ست و كۆمه‌كه‌ داراييه‌كانى رابردو بكرێت و‌ له‌روى ياساييه‌وه‌ لێكۆڵينه‌وه‌ى بابه‌تى و وردى تێياندا بكرێت به‌مه‌به‌ستى دۆزينه‌وه‌ى خاڵه‌ به‌هێزو لاوازه‌كانيان و دانانى ستراتيجێكى زانستى له‌م بواره‌دا.

پەراوێزەکان:

[1]- راپۆرتى به‌شدارى كۆمه‌كبه‌خشه‌كان بۆ هه‌رێمى كوردستان/وه‌زاره‌تى پلاندانان. لاپه‌ره‌ (10): http://www.mop.krg.org/resources/MoP%20Files/PDF%20Files/DCC/Reports/DAD%20Report%20_%20English.pdf.

[2]- ليستى پرۆژه‌ به‌رده‌وامه‌كانى ساڵى 2011/ وه‌زاره‌تى پلاندانان/ حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان.


ساڵی 2015