Print WWW.SBEIY.COM
 پارێزگای هەڵەبجە
04/02/2015 14:03:30
(سبەی):
ئەمجارە سەکۆی پەرلەمانی کوردستان هەڵەبجەیە، سەکۆیەکە تیایدا سەرجەم فراکسیۆنەکان کۆدەکاتەوە بۆ بڕیارێکی مێژویی، کە تیایدا یاسای ئیدارەی پارێزگای هەڵەبجە پەسەند دەکرێت.

دوای تێپەڕبونی سێ خول بەسەر پەرلەمانى کوردستاندا بۆ یەکەمین جار سەرۆکایەتى ئەو پەرلەمانە بڕیاریدا، کە کۆبونەوەیەکى چارەنوسسازى خۆى بباتە دەرەوەى هۆڵى پەرلەمان و لە پارێزگای هەڵەبجە دانیشتنێک ئەنجامبدات، ئەم کۆبونەوەیەش هەڵەبجەییەکان دڵخۆش دەکات و بە روداوێکى مێژویی وەسفی دەکەن.

کارنامەی دانیشتنەکە
پەرلەمانی كوردستان دوەمین كۆبونەوەی نائاسایی خۆی رۆژی پێنجشەممە (5/2/2015) لەپارێزگای هەڵەبجە ئەنجام دەدات.

بۆ ئەو مەبەستەش سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان لەبانگهێشتێكدا داوای لەسەرجەم ئەندامانی پەرلەمان كردوە، سەعات (10)ی سەرلەبەیانی لە هۆڵی (مۆنۆمێنتی هەڵەبجە) ئامادەبن بۆ بەشداریكردن لەو كۆبونەوەیە، كە بەپێی بەرنامەی كارەكەی تەرخانكراوە بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی پڕۆژە یاسای ئیدارەی پارێزگای هەڵەبجە كە لەدانیشتنی نائاسایی هەفتەی پێشو خوێندنەوەی بۆ كرا.

پێویسته‌ چی‌ بۆ هه‌ڵه‌بجه‌ بكرێت؟
هه‌ڵه‌بجه‌ییەکان له‌ چاوه‌ڕوانی‌ كۆبونه‌وه‌ی‌ داهاتوی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستاندان كه‌ بڕیاره‌ له‌ شاری‌ هه‌ڵه‌بجه‌ ببه‌سترێت و تێیدا پڕۆژه‌ یاسای‌ كاراكردنی‌ بڕیاری‌ به‌ پارێزگاكردنی‌ هه‌ڵه‌بجه‌ په‌سه‌ند بكرێت، ئه‌و كۆبونه‌وه‌یه‌ش كه‌ په‌رله‌مان له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ ئه‌نجامی‌ ده‌دات، بە یه‌كه‌م كۆبونه‌وه‌ی‌ نائاسایی پەرلەمان دادەنرێت لە مێژویدا کە لە دەرەوەی تەلاری خۆی ئەنجامی دەدات.

(سبه‌ی)‌ راوبۆچونی‌ هاوڵاتیانی‌ پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ی‌ وه‌رگرت له‌ باره‌ی‌ بڕیاری‌ به‌ پارێزگابونی‌ ئەو شارەو ئه‌و ئه‌رك و كارانه‌ی‌ دوای‌ به‌ پارێزگابون پێویسته‌ بۆ شاره‌كه‌یان ئه‌نجام بدرێن.

جێگری‌ سه‌رۆكی‌ كۆمه‌ڵه‌ی‌ قوربانیانی‌ كیمیابارانی‌ هه‌ڵه‌بجه‌ خۆشحاڵی‌ خۆی‌ بۆ به‌پارێزگابونی‌ هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌ربڕی‌ و وتی: ده‌ستخۆشی‌ له‌و نوێنه‌رانه‌ی‌ كورد دەکەین له‌په‌رله‌مانی‌ عێراق كه‌ هه‌وڵیانداوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ له‌پرۆژه‌ یاسای‌ بودجه‌ی‌ (2015)ی‌ عێراقدا هه‌ڵه‌بجه‌ وه‌ك پارێزگا بناسێنرێت.

هاوکات ئاراس عابد، جێگری‌ سه‌رۆكی‌ كۆمه‌ڵه‌ی‌ قوربانیانی‌ كیمیابارانی‌ هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ (سبه‌ی)‌ راگه‌یاند: هه‌ڵه‌بجه‌ به‌هۆی‌ قوربانی‌ و كاره‌ساتی‌ كیمیابارانی‌ هه‌ڵه‌بجه‌ بوە به‌ شوناسی‌ گه‌لی‌ كورد، ئه‌و هه‌نگاوه‌ی‌ كه‌ ده‌كرێته‌ پارێزگا و پێشتریش بە پایته‌ختی‌ ئاشتی‌ ناسێنراوە جێگه‌ی‌ خۆشحاڵی‌ ئێمه‌یه‌.

وتیشی: هه‌رچه‌نده‌ ئێمه‌ پێمان باشبو بڕیاری‌ به‌پارێزگابونی‌ هه‌ڵه‌بجه‌ له‌لایه‌ن حكومه‌تی‌ عێراقیشه‌وه‌ دانی پێدابنرێت، بەڵام ئێستا حكومه‌تی‌ هه‌رێم خۆی‌ بڕیاریداوه‌ هه‌ڵه‌بجه‌ بكرێته‌ پارێزگا.

جێگری‌ سه‌رۆكی‌ كۆمه‌ڵه‌ی‌ قوربانیانی‌ كیمیابارانی‌ هه‌ڵه‌بجه‌ رەخنەی له‌سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان هه‌یه و دەڵێت:‌ داوامان لە لایەنە سیاسیەکان کردبو بۆ ئەوەی ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ بۆ پۆسته‌كانی شارەکە ده‌ست نیشانده‌كرێن با له‌ كه‌س و كاری‌ شه‌هیدان بن، بەڵام وەڵام نەدراوینەتەوە، ئێمەش نامه‌یه‌كمان ئاڕاسته‌ی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان كردوه‌و چاوه‌ڕێ ده‌كه‌ین بزانین وەڵامی‌ نامه‌كه‌مان ده‌دەنەوە یاخود‌ نا.

ئاماژەی بەوەشکرد، لەو داواکاریەدا داوامانكردبو به‌بێ‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ بڕیاری‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان، په‌رله‌مانی‌ كوردستان (دو) كورسی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ هه‌ڵه‌بجه‌ تەرخانبکات بۆ بنه‌ماڵه‌ی‌ شه‌هیدانی‌ كیمیاباران، تا ئه‌وكاته‌ی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگا ئەنجامدەدرێت.
جێگری‌ سه‌رۆكی‌ كۆمه‌ڵه‌ی‌ قوربانیانی‌ كیمیابارانی‌ هه‌ڵه‌بجه‌ هەوڵی‌ نوێنه‌رانی‌ كوردی له‌ په‌رله‌مانی‌ عێراق بە ئەرێنی وەسفکردو وتی: جێگەی دەستخۆشییە له‌ بودجه‌ی ‌(2015)ی‌ عێراقدا توانیویانه‌ پشكی‌ پارێزگای‌ هه‌ڵه‌بجه‌ دیاری‌ بكه‌ن.
عومه‌ر عه‌بدول، کە هاوڵاتیەکی هەڵەبجە بە (سبه‌ی)‌ وت‌: به‌پارێزگابونی‌ هه‌ڵه‌بجه‌ كۆمه‌ڵێك هه‌نگاوی‌ پێویسته و ناشتوانرێت له‌ ماوه‌یه‌كی‌ كه‌مدا ئه‌و كارانه‌ ئەنجامبدرێت، به‌تایبه‌تی‌ له‌م كاته‌ی‌ ئێستادا كه‌ قه‌یرانی‌ دارایی‌ له‌ئارادایه‌.

بەوتەی ئەو هاوڵاتییە، پێویسته‌ ئه‌و هه‌نگاوانه‌ی‌ ده‌گیرێنه‌به‌ر پشت به‌ستوبێت به‌ پلانی‌ زانستی‌ جگە لەوەش ماسته‌رپلانێكی‌ رێك و پێك بۆ شاره‌كه‌ دابنرێت بۆ ئه‌وه‌ی‌ وێرانییه‌كان ئاوه‌دان بكرێته‌وه‌و كه‌م و كوڕییه‌كان نه‌هێڵدرێن، جگە لەوەش ئەو کارانەش به‌ خه‌ڵكی‌ دڵسۆز و لێهاتو ده‌كرێت، هه‌روه‌ها ئه‌و ئه‌ركانه‌ی‌ ده‌كه‌وێته‌ سه‌رشانی‌ ستافی‌ پارێزگا و ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگا به‌راورد به‌ پارێزگاكانی‌ تری‌ كوردستان قورستره‌ چونكه‌ كۆمه‌ڵێك كێشه‌و گیروگرفت له‌م شاره‌دا هه‌یه‌ كه‌ له‌ پارێزگاكانی‌ تردا نیه‌.

باسیلەوەشکرد، هه‌ڵه‌بجه‌ پێویستی‌ به‌ژێرخانێكی‌ پته‌وی‌ ئابوری‌ هه‌یه‌، بۆ ئه‌وه‌ش ده‌توانرێت سود له‌ ده‌شتی‌ شاره‌زور و ناوچه‌ی‌ هه‌ورامان وه‌ربگیرێت.
هاوکات چەند هاوڵاتییەکی دیکەی ئەو پارێزگایە بە (سبەی) وت: خۆشحاڵین به‌وه‌ی‌ هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌كرێته‌ پارێزگا، له‌پاڵ ئه‌وه‌دا پێویسته‌ ده‌ستی‌ ئاوه‌دانی له‌لایه‌ن حكومه‌تی هەرێمەوە بۆ ئه‌م شاره‌ درێژبكرێت‌، هه‌لی‌ كار بڕه‌خسێنرێت بۆ ئه‌و سه‌دان گه‌نجه‌ی‌ كه‌ خاوه‌نی‌ بڕوانامه‌ی‌ زانستین و بێ‌ ئیش و كارن.

پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌كه‌وێته‌ خواروی رۆژهه‌ڵاتی سلێمانی و( 76) كم لە سەنتەری شاری سلێمانییەوە دورە، ژماره‌ی دانیشتوانی ناوه‌ندی شاری هەڵەبجەش ئێستا (65800) كه‌سه‌ ‌و ژماره‌ی دانیشتوانی هه‌مو پارێزگاكه‌ به‌ گوند ‌و ناحیه‌كانییه‌وه‌ (105000) كه‌سه‌ و (27000) خێزان له‌م پارێزگایه‌دا ده‌ژین، به‌رزیی ئاستی هه‌ڵه‌بجه‌ له‌سه‌ر روی ده‌ریاوه‌ (700م)ه‌. پارێزگاکەش پێكدێت له‌ قه‌زای ناوه‌ندی هەڵەبجە و ناحییەکانی (سیروان، خورماڵ و بیاره)‌.

له‌ سه‌ره‌تای دروستبونییه‌وه‌ تا ساڵی (1988) هه‌ڵه‌بجه‌ وه‌ك ناوه‌ندێكی رۆشنبیریی، ئه‌ده‌بی، وه‌رزشی، بازرگانی و كشتوكاڵی رۆڵی خۆی بینیوه‌.

یه‌كه‌م شار بوه‌ له‌ سنوری پارێزگای سلێمانی و له‌ سییه‌كانی سه‌ده‌ی رابردودا كاره‌بای بۆ دابینکراوە‌، چه‌ندین ناوه‌ندی بازرگانی گرنگی له‌خۆگرتوه‌، تا كۆتایی هه‌شتاكان و كاره‌ساتی كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجەش وه‌ك ناوه‌ندێكی ئاڵوگۆڕی‌ بازرگانی بوه‌ له‌نێوان عێراق‌و ئێراندا.

پێش هه‌ڵگیرساندنی شۆڕشی ئه‌یلول، په‌یوه‌ندییه‌ بازرگانییه‌كان زیاتر رەسمی بوەو و بازرگانه‌كانی هه‌ڵه‌بجه‌ له‌گه‌ڵ بازرگانه‌كانی (پاوه‌، كرماشان، سنه‌، هه‌مه‌دان و تاران) په‌یوه‌ندی توندوتۆڵیان هه‌بوه‌.

له‌ كۆتایی حه‌فتاكاندا بینایه‌ك له‌ ده‌روازه‌ی شار بۆ كۆنسوڵگه‌ری ئێران دروستكرا، به‌ڵام به‌هۆی شه‌ڕی (عێراق – ئێران) كونسوڵی ئێران نه‌هاتوەتە نێو ئەو بینایە و شه‌ڕی هەشت ساڵەی (عێراق – ئێران) چالاكی بازرگانی توشی شکست کرد.

له‌ بواری پیشه‌سازییدا، له‌ كۆتایی په‌نجاكانه‌وه‌ هه‌ڵه‌بجه‌دا دو كارگه‌ی خواردنه‌وه‌ گازییه‌كانی تێدا هەبوەو له‌ حه‌فتاكانیشدا هه‌ڵه‌بجه‌ كارگه‌یه‌كی پاكژكردنی توتنی چوار نهۆمی له‌سه‌ر روبه‌ری زیاتر له‌ (10000) م2 هەبوە‌ به‌ مه‌به‌ستی وه‌رگرتن و پاكژكردنی توتنی ناوچه‌كه‌ و ده‌ره‌وه‌.

لەو كارگه‌یه‌دا نزیكه‌ی (300) كارمه‌ند كاریان كردوه‌، هه‌روه‌ها عەمباری ساردخانه‌ی په‌تاته‌ له‌ سیروان به‌ روبه‌ری (4000)م2 دروستكرابو.

بەڵام دوای هەڵگیرساندنی شۆڕشی ئه‌یلول و شۆڕشی نوێ و جه‌نگی عێراق-ئێرانه‌وه‌ هه‌ڵه‌بجه‌ به‌رده‌وام له‌ پاشه‌كشه‌دا بوه‌ له‌ هه‌مو بواره‌كانی بازرگانی و كشتوكاڵو پیشه‌سازی و گه‌شتیاری.

بۆچی هەڵەبجە گرنگە؟
• ناوچه‌یه‌كی كشتوكاڵیی گرنگ و به‌پیت و به‌ناوبانگه‌ له‌ عێراق و هه‌رێمه‌كه‌دا.
• ده‌كرێت وه‌ك ناوچه‌یه‌كی پیشه‌سازی خۆراك گرنگی پێبدرێت.
• ناوچه‌یه‌كی گه‌شتیاری به‌رفراوانه‌، به‌تایبه‌ت به‌هۆی سروشتی جوان و بونی‌ تاڤگه‌ی‌ دڵفڕێن و هه‌ڵكه‌وته‌ی ده‌ریاچه‌ی ده‌ربه‌ندیخان له‌ رۆژئاوای پارێزگاكه‌.
• نزیكی له‌ سنوری ئێران، ده‌كرێت ببێته‌ ناوچه‌یه‌كی بازرگانی گه‌وره‌.
• سه‌رباری نه‌هامه‌تییه‌كانی كاره‌ساتی كیمیاباران، هه‌ڵه‌بجه‌ بوه‌ته‌ سیمبوڵ و ناوێكی نێوده‌وڵه‌تی، ده‌كرێت بۆ به‌رژه‌وه‌ندی‌ گشتی كوردستان سودی‌ لێببینرێت.
• سامانێكی سروشتی زۆری وه‌ك نه‌وت وغاز ‌و ئاو له‌ پارێزگاكه‌دا هه‌یه‌.

وەک هەڵەبجەییەکان باسیان لێوەکرد، ئه‌وه‌ی‌ كه‌ پێویسته‌ وه‌ك هه‌نگاوی‌ یه‌كه‌م بۆ شارەکەیان، سه‌رله‌نوێ‌ نه‌خشه‌ی‌ شاره‌كه‌ به‌ شێوه‌ی‌ شارێكی‌ مۆدێرن دابڕێژرێته‌وه‌و ماسته‌رپلانێكی‌ وردی‌ بۆ بکێشرێت، چونكه‌ هه‌ڵه‌بجه‌ له‌سه‌رجه‌م روه‌كانی‌ (خزمه‌تگوزاری‌، بیناسازی‌، رێگاو بان، پیشه‌ سازی‌) شارێكی‌ هه‌ژاره‌و ناكرێت هه‌ڵه‌بجه‌ ناوبنرێت شار بەڵام بنه‌ماكانی‌ "شاربون"ی‌ تێدانه‌بێت.

هه‌ڵه‌بجه‌، مێژوی شارێك له‌ ده‌ره‌وه‌ی كاره‌سات
شاری‌ هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ یه‌كێك له‌ شاره‌ گه‌وره‌‌و گرنگه‌كانی‌ كوردستانی‌ باشور ده‌ژمێردرێت. ده‌كه‌وێته‌ نێوان هێڵی‌ درێژی‌ (46) پله‌ی‌ رۆژهه‌ڵات‌و هه‌ردو بازنه‌ی پانی‌ (35-36) پله‌ی‌ باكور و (83) كم باشوری‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ شاری‌ سلێمانیه‌وه‌. روبه‌ره‌كه‌ی‌ (1599) كیلۆمه‌تری چوارگۆشه‌یه‌، 9،39%ی روبه‌ری‌ هه‌مو پارێزگای‌ سلێمانی‌ پێكهێناوه‌. تێكڕای‌ باران بارین له‌ساڵدا (550) ملم، واته‌ به‌ ناوچه‌ی‌ مسۆگه‌ری‌ باران ناوده‌برێ‌.
له‌ باكوری رۆژهه‌ڵات‌و باشوره‌وه‌، به‌چیاكانی‌ هه‌ورامان‌و شنروێ‌‌و باڵامبۆ ده‌وره‌دراوه‌. به‌درێژایی‌ (75) كم هاوسنوره‌ له‌گه‌ڵ ئێراندا. ده‌شتی‌ شاره‌زور كه‌ به‌یه‌كێك له‌ ده‌شته‌ به‌پیت‌و ناوداره‌كانی‌ جیهان ده‌ناسرێت، به‌شێكی‌ گه‌وره‌ له‌ روبه‌ری‌ ئه‌م قه‌زایه‌ی‌ پێكهێناوه‌. ده‌شتی‌ شاره‌زور به‌ رۆژئاوای شاری‌ هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌ست پێده‌كات‌و له‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ ناحیه‌ی‌ سورداش كۆتایی‌ دێت، درێژییه‌كه‌ی‌ نزیكه‌ی‌ (100) كم ده‌بێت. ئه‌م ده‌شته‌ بژێوی‌ زۆربه‌ی‌ دانیشتوانی‌ ناوچه‌كه‌ی‌ پێكهێناوه‌. رێژه‌ی‌ به‌رهه‌می‌ دۆنمێك له‌ دانه‌وێله‌‌و به‌روبومی‌ هاوینه‌‌و سه‌وزه‌‌و میوه‌ هات.

په‌یوه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تی‌‌و بازرگانی‌‌و جوگرافی‌ هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ شاره‌كانی‌ كوردستانی‌ رۆژهه‌ڵات، وه‌كو شاره‌كانی‌ (نه‌وسود، پاوه‌، باینگان، مه‌ریوان). شوێنه‌واره‌ به‌ناوبه‌نگه‌كانی‌ ناوشاری‌ هه‌ڵه‌بجه‌‌و ده‌وروبه‌ری‌: (باخی‌ میر، قه‌یسه‌ری‌ حامید به‌گ، مزگه‌وتی‌ پاشا، مزگه‌وتی‌ جامعه‌، مه‌رقه‌دی‌ پیر محه‌مه‌د، كارێزی‌ حاجی‌ ناجی‌، ئاشتی‌ مه‌حمودی‌ یاروه‌یسی‌، فره‌ خه‌زێنه، توه‌ وشك، كانی‌ شێخ، گوڵان، كانی‌ حه‌مه‌و غان، كانی‌ سۆفی‌ خدر، كۆڵه‌ بۆز، مۆردانه‌، كانی‌ نواڵه‌، كانی‌ زارا).

مێژوی‌ دروستبونی‌ هه‌ڵه‌بجه‌ :
گومان له‌وه‌دا نیه‌ هه‌ڵه‌بجه‌ی‌ ئێستا له‌ سه‌رده‌می‌ فه‌رمانڕه‌وایی‌ توركه‌كاندا دروستكراوه‌، یه‌كڕابونێك له‌وه‌دا هه‌یه‌ كه‌ هه‌ڵه‌بجه‌ دوای ساڵی‌ (1700) ز دروستكراوه‌. عه‌شیره‌تی‌ جاف دروستكه‌ر‌و بنیاتنه‌ری‌ هه‌ڵه‌بجه‌ن. ورده‌ ورده‌ ئه‌م شوێنه‌ی‌ هه‌ڵه‌بجه‌ به‌هۆی‌ ناوداری‌ شوێنه‌كه‌یه‌وه‌ كه‌ ئه‌ڕوانێت به‌سه‌ر ده‌شتی‌ شاره‌زوردا، زیاتر ئاوه‌دان بۆته‌وه‌ و ته‌نها (خێڵه‌كانی‌ جاف) ی‌ تێدابوه‌ كه‌ زیاتر له‌ (12) هه‌زار خێزان ئه‌بن، مه‌ركه‌زی‌ ئاوه‌دانی‌ شاره‌زور بوه‌، پاشان خه‌ڵكی‌ تر هاتون و پاڵیان داوه‌ به‌ هۆزه‌كانی‌ جافه‌وه‌ و زیاتر ئاوه‌دان بۆته‌وه‌ .

ده‌ڵێن، عه‌شیره‌تی‌ جاف له‌ ناوچه‌ی‌ جوانڕۆ سه‌ریان بۆ كه‌س دانه‌نه‌واندوه‌، پاشان میرێكی‌ ئه‌رده‌ڵان ته‌ماع ده‌كاته‌ ئاو و زه‌وی‌ و زاره‌ به‌پیته‌كانی‌ ناوچه‌كه‌ و ده‌یه‌وێ‌ به‌ تۆپزی‌ ژێر ركێفی‌ خۆیان بخات، ئه‌وانیش ملی‌ بۆ كه‌چ  ناكه‌ن و له‌ ئه‌نجامدا جه‌نگێك ده‌قه‌ومێت و دو سه‌ره‌ك عێلی‌ جاف  ده‌كوژرێن و ئه‌وه‌ی‌ ده‌مێنێته‌وه‌ پاش ماوه‌یه‌ك روه‌و شاره‌زور رو له‌میرنشینی‌ بابانه‌كان دەکەن و له‌ناوچه‌ی‌ (بانی‌ خێڵانی‌) ده‌ربه‌ندیخان نیشته‌جێ‌ ده‌بن، ئه‌و كاته‌ ژماره‌ی‌ جافه‌ هه‌ڵاتوه‌كان سه‌د ره‌شماڵێكه‌و داوا له‌ میرنشینی‌ بابان ده‌كه‌ن كه‌ مافی‌ نیشته‌جێبون و گه‌رمیان و كوێستانیان بده‌نێ‌، ئه‌وانیش رێیان پێ‌ ده‌ده‌ن. به‌هۆی‌ چه‌ند بارودۆخێكی‌ ناله‌باره‌وه‌، وه‌ك چه‌سپاندنی‌ هێڵه‌كانی‌ سه‌رسنور به‌ شێوه‌یه‌كی‌ قایمتر وای‌ له‌ ئێلی‌ جاف كرد به‌ شوێن رێگاچاره‌یه‌كی‌ تردا بگه‌ڕێن و بڕیاریان دا واز له‌ كۆچه‌رایه‌تی‌ بهێنن و نیشته‌جێ‌ بن. له‌ هه‌مو رویه‌كیشه‌وه‌ گوزه‌ران له‌ هه‌ڵه‌بجه‌دا گونجاو بو، بۆیه‌ بڕیاریاندا ده‌ست به‌دروستكردنی‌ شاری‌ هه‌ڵه‌بجه‌ بكه‌ن. ژماره‌یه‌كی‌ زۆر سه‌رچاوه‌ و مێژونوس له‌وه‌دا یه‌كده‌گرنه‌وه‌ كه‌ به‌ هه‌زاران ساڵ پێش زایین بونی‌ ژیان و قه‌ڵه‌مڕه‌وی‌ بچوك و گه‌وره‌، كوردی‌ و بێگانه‌، له‌م ناوچه‌یه‌دا هه‌بون، وه‌ك (ئاشوریه‌كان، بیشداییه‌كان، میدییه‌كان، هه‌خامه‌ییه‌كان، ئه‌سكه‌نده‌ر له‌ سه‌ده‌ی‌ چواری‌ پێش زایین، ئه‌شكانی‌، ساسانیه‌كان، هاتنی‌ ئیسلام (21 ی‌ ك . 643 ز)، روادییه‌كان، سلجوقییه‌كان، ئه‌تابه‌كه‌كان، ئه‌ییوبی‌، مه‌غۆلی‌، جه‌لائیری‌ مه‌ڕه‌سپی‌، ته‌یموری‌ له‌نگ (1400 ز)، ئه‌رده‌ڵان و سه‌فه‌وییه‌كان، بابانه‌كان، عوسمانی‌، ئینگلیز، شێخ مه‌حمود، حكومه‌تی‌ عێراق، حكومه‌تی‌ كوردی‌ (حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان).

له‌ ساڵه‌كانی‌ كۆچی‌ جوله‌كه‌ بۆ عێراق و ئێران و كوردستان، ناوچه‌ی‌ شاره‌زور و هه‌ڵه‌بجه‌ چه‌ندین خێزانی‌ جوله‌كه‌ روی‌ تێده‌كه‌ن و نیشته‌جێ‌ ده‌بن و له‌ پاڵ خێڵه‌كانی‌ جاف دا په‌نا ئه‌درێن، كاروباری‌ بازرگانی‌ ئه‌كه‌ن له‌و سنوره‌دا، به‌مه‌ش زیاتر ئه‌بێت به‌ مه‌ركه‌زێكی‌ بازرگانی‌ و ئاڵوگۆڕ له‌و سنوره‌دا.
 
هه‌ڵه‌بجه‌ بازاڕێكی‌ بازرگانی‌ گه‌رمی‌ هه‌بو شارۆچكه‌یه‌كی‌ كورد نشینی‌ قه‌ره‌باڵغ بو، ژماره‌ی‌ دانیشتوانی‌ 60 هه‌زاركه‌س زیاتر بو.

ناوچه‌كانی‌ هاوسنوری‌ هه‌ریه‌ك له‌وڵاتانی‌ ئێران‌و توركیا هاوشێوه‌ی‌ ناوچه‌ی‌ هه‌ڵه‌بجه‌ن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هیچ كام له‌و ناوچانه‌ هاوشێوه‌ی‌ هه‌ڵه‌بجه‌ نین‌و له‌ بواری‌ ئه‌ده‌ب‌و هونه‌ردا وه‌ك ئه‌و خزمه‌تیان به‌ نه‌ته‌وه‌ی‌ كورد نه‌كردوه‌.

ریش سپیان‌و پیاوه‌ دێرینه‌كانی‌ شار هه‌ندێكیان ده‌ڵێن، یه‌كه‌م خانو له‌هه‌ڵه‌بجه‌دا به‌گه‌كانی‌ (شیوه‌كه‌ڵ) دروستیان كردوه‌‌و پاشان نه‌وه‌كانیان له‌وێدا نیشته‌جێ‌ ده‌بن، كه‌ ئه‌مانیش (حه‌مه‌ چاوه‌ش)‌و هه‌رسێ‌ كوڕه‌كه‌ی‌ (پیرۆت‌و سڵێمان‌و عه‌بدوڵا) ئه‌مانیش له‌گه‌ڵ خۆیاندا بنه‌ماڵه‌یه‌كی‌ تر دێنن، كه‌ ئه‌مانه‌ بون، (حه‌مه‌ پیرۆت) موختاری‌ تورك بوه‌، (ئه‌حمه‌دی‌ پیرۆت)‌و (سڵێمان) یش ئه‌م منداڵانه‌ی‌ هه‌بوه‌ (حاجی‌ محه‌مه‌د)، (قادر)، (حاجی‌ فه‌ره‌ج)، (ئه‌مین)‌و (عه‌بدوڵا)ش كه‌ ئه‌م منداڵانه‌ی‌ هه‌بوه‌ (ئه‌وڕه‌حمان، ئه‌حمه‌د، مه‌حمود، سه‌عید، ئه‌مین، حه‌مه‌ ساڵح) به‌پێی‌ ئه‌م بۆچونه‌ یه‌كه‌م بنه‌ماڵه‌یه‌ك هه‌ڵه‌بجه‌ی‌ دروستكردبێ‌ ئه‌م ماڵانه‌ بون كه‌ ئێستا له‌ناو خه‌ڵكی‌ شار به‌ (13) سیانزه‌ ماڵه‌ ناسراون.

هه‌ڵه‌بجه‌ جاران دو قه‌یسه‌ری‌ گه‌وره‌ی‌  هه‌بو (قه‌یسه‌ری‌ پاشا‌و قه‌یسه‌ری‌ حامید به‌گ) كه‌ له‌ ساڵی‌ 1934 دروستكراوه‌، بینا‌و سه‌را‌و پۆلیسخانه‌ی‌ هه‌ڵه‌بجه‌ ساڵی‌ 1930 دروستكراوه‌، یه‌كه‌م قوتابخانه‌ ساڵی‌ 1925 و ساڵی‌ 1929 بو به‌خاوه‌نی‌ نه‌خۆشخانه‌، ساڵی‌ 1940 ئامێری‌ كاره‌بای هه‌ڵه‌بجه‌ كه‌وته‌گه‌ڕ. له‌ساڵی‌ 1929 پرۆژه‌ی‌ ره‌سمی‌ ئاوی‌ هه‌ڵه‌بجه‌ ته‌واو بو، له‌ساڵی‌ 1924 ته‌له‌گراف خانه‌ دامه‌زاوه‌، له‌ناو شاری‌ هه‌ڵه‌بجه‌ ته‌نها یه‌ك ئۆتۆمبێل هه‌بوه‌ پێیان وتوه‌ (لۆریه‌كه‌ی‌ عه‌زه‌)  ئه‌م لۆرییه‌ به‌ دو رۆژ ئه‌مسه‌ر‌و ئه‌وسه‌ری‌ ئه‌كرد له‌ هه‌ڵه‌بجه‌وه‌ بۆ سلێمانی‌ له‌ساڵی‌ 1950.

ناوی‌ هه‌ڵه‌بجه‌ له‌چیه‌وه‌ هاتوه‌؟
له‌سه‌ر ناوی‌ هه‌ڵه‌بجه‌ بیروڕای جیا جیا هه‌ن:
*ئه‌ڵێن كابرایه‌ك له‌و شوێنه‌دا له‌كۆنه‌وه‌ بێچوه‌ (هه‌ڵۆ)یه‌كی گرتوه‌ به‌و شێوه‌یه‌ ناوی‌ لێنراوه‌ (هه‌ڵۆ به‌چه‌) پاشان بوه‌ به‌ هه‌ڵه‌بجه‌.

*هه‌ندێكی‌ تر ده‌ڵێن، ئه‌و شوێنه‌ زۆر دڵگیر بوه‌ به‌هۆی‌ باغ‌و بێستان‌و ئاو شیناییه‌وه‌ پێیان وتوه‌ (عه‌جه‌ب جا) له‌ زمانی‌ فارسیه‌وه‌ وه‌رگیراوه‌، پاشان گۆڕاوه‌ به‌ (هه‌ڵه‌بجه‌)، واته‌ جێیه‌كی‌ سه‌ڕسوهێنه‌ر.

*هه‌ندێكی‌ تر ئه‌ڵێن ، كابرایه‌ك پێش هه‌مو كه‌س هاتوه‌‌و ئاوه‌دانی‌ كردۆته‌وه‌‌و ناوی‌ (هه‌ڵۆ به‌گ) بوه‌ ورده‌ ورده‌ ئه‌و ناوه‌ به‌هۆی‌ گه‌شه‌كردن له‌زمانی‌ كوردیدا بو به‌ (هه‌ڵۆجا) یان (هه‌ڵه‌بجه‌).

* ئه‌ڵێن ئه‌و ناوچه‌یه‌ باغ‌و بێستانی‌ هه‌بوه‌‌و دره‌ختی‌ (هه‌ڵوژه‌ی‌) زۆر بوه‌، به‌هۆی‌ گۆڕانكاری‌ له‌زمانی‌ كوردیدا بوه‌ به‌ (هه‌ڵه‌بجه‌).

ریوایه‌تێكی‌ تر ئه‌ڵێت، له‌ ساڵه‌كانی‌ 1600 تا 1615 هه‌ڵۆخانی‌ ئه‌رده‌ڵان هه‌ڵه‌بجه‌ی‌ ئاوه‌دان كردۆته‌وه‌ هه‌ربه‌ناوی‌ خۆیه‌وه‌ ناوی‌ ناوه‌ (هه‌ڵۆچه‌)پاشان بوه‌ به‌ (هه‌ڵه‌بجه‌).

*هه‌ندێكی‌ تر ده‌ڵێن، كاتێك خه‌ڵكی‌ ناوچه‌ی‌ كرماشان له‌ڕێگه‌ی‌ بازرگانیه‌وه‌ رۆیشتون به‌ره‌و (حه‌ڵه‌ب)ی‌ سوریا بینیویانه‌ كه‌وا ئاو هه‌وای‌ ئه‌و ناوچه‌یه‌ له‌هی‌ ناوچه‌ی‌ هه‌ڵه‌بجه‌ ئه‌چێت، ئه‌وان ناویان لێناوه‌ (حه‌له‌بجه‌)، واته‌ (حه‌ڵه‌بی‌ پچوك).

به‌ڵام هه‌ندێكی‌ تر پێیان وایه‌ كه‌ (ئه‌ڵه‌بجه‌) له‌ (ئه‌ڵه‌ب ئه‌رسه‌لان)ه‌وه‌ هاتوه‌، كه‌ میرێكی‌ ده‌وڵه‌تی‌ سه‌لجوقیه‌كان بوه‌، له‌كاتی‌ سه‌ردانیدا بۆ كوردستان، به‌ هه‌ڵه‌بجه‌دا گوزه‌ری‌ كردوه‌‌و ناوی‌ لێناوه‌ (ئه‌ڵه‌ب جا)، واته‌ شوێنی‌ (ئه‌ڵه‌ب ئه‌رسه‌لان)، مامۆستا جه‌مال بابان ئه‌م رایه‌ی په‌سه‌ند كردوه‌.

شاعیر‌و نوسه‌ر‌و ئه‌دیبه‌ به‌ناوبانگه‌كانی‌ سنوری‌ هه‌ڵه‌بجه‌:
1. ئیبن سه‌لاح شاره‌زوری‌
2. مه‌لا ئه‌لیاس شاره‌زوری‌
3. مه‌ولانا خالیدی‌ نه‌قشبه‌ندی‌
4. شێخ عوسمان سه‌راجه‌دین نه‌قشبه‌ندی‌
5. شێخ عه‌بدوڵا خه‌رپانی‌
6. حه‌زره‌تی‌ مه‌وله‌وی‌ شاعیری‌ گه‌وره‌ی‌ كورد
7. نالی‌ شاعیری‌ شاره‌زوری‌
8. عه‌بدوڵا گۆران
9. شێخ نجم الدین نه‌قشبه‌ندی‌
10. شێخ حسامه‌دین
11. شێخ عەلادین
12. ئه‌حمه‌د موختار جاف
13. تاهیر به‌گی‌ جاف
14. قانع كه‌ زۆربه‌ی‌ ژیانی‌ له‌م سنوره‌دا به‌سه‌ر بردوه‌
15. مه‌لا عه‌بدولكه‌ریم موده‌ریس
16. شێخ عوسمان نه‌قشبه‌ندی‌
17. مه‌لا حه‌سه‌ن قازی‌
18. شێخ حه‌مه‌ ئه‌مین كاردۆخی‌
19. حلمی‌ عه‌لی‌ شه‌ریف
20. محه‌مه‌دی‌ مه‌لا كه‌ریم
21. ساڵح هه‌ژار
22. ساڵح شاره‌زوری‌
23. مه‌لا مسته‌فای‌ زه‌ڵمی‌
24. شێخ ئه‌مین نه‌قشبه‌ندی‌
25. حه‌مه‌ ئه‌مین هه‌ورامی‌
26. عوسمان هه‌ورامی‌
27. مه‌حمود یاروه‌یسی‌
28. عادیله‌ خانم
29. وه‌لی‌ دێوانه‌
30. بابا ره‌سوڵی‌ عه‌بابه‌یلێ‌
31. شێخ مسته‌فای‌ موفتی‌
32. نامیق
33. تایه‌ر به‌گ
34. ساڵح هه‌ژار
35. ع.ع. شه‌ونم
36. ئه‌ژی‌ گۆران
37. جه‌فایی‌‌و كاردۆخی‌‌و عه‌زیزی‌ فتاح‌و مامۆستا هیوا حیلمی‌ و شاره‌زووری‌ ...هتد.

گرنگترین هاوینه‌ هه‌واره‌كانی‌ قه‌زای‌ هه‌ڵه‌بجه‌
1. هاوینه‌ هه‌واری‌ ئه‌حمه‌د ئاوا
2. سه‌رچاوه‌ی‌ زه‌ڵم
3. گوڵان
4. كانی‌ شێخی‌ بامۆك
5. ته‌وێڵه‌
6. ئاوێسه‌ر
7. بیاره‌
8. سه‌ركه‌ن
9. سه‌رای‌ سوبحان ئاغا
10. مێشله‌
11. باوه‌كۆچه‌ك
12. دێی‌ هاوار
13. كانی‌‌و باخی‌ وه‌زگێل
14. كانی‌‌و باخی‌ زه‌له‌كێ‌
15. ناو ناحیه‌ی‌ خورماڵ

شاخ‌و لوتكه‌ به‌ناوبانگه‌كانی‌ قه‌زاكه‌:
1. شاخی‌ هه‌ورامان
2. شاخی‌ سورێن
3. شاخی‌ باڵامبۆ
4. شاخی‌ شنروێ‌
5. شاخی‌ شرام
6. شاخی‌ لوتكه‌ی‌ مه‌گر
7. شاخی‌ ملله‌ی‌ داری‌ ته‌موره‌ زمان
8. شاخی‌ زه‌واڵی‌
9. شاخی‌ سه‌ید صادق
10. شاخی ئه‌حمه‌د برنده‌
11. قه‌ڵای‌ شه‌مێران
12. قۆپی‌ به‌رده‌به‌ل
13. شاخی‌ به‌رده‌ دو كون
14. شاخی‌ نێرگزه‌ جار
15. مله‌ قۆنه‌ره‌
16. له‌هه‌وراماندا هه‌ندێ‌ به‌رزایی‌ تر هه‌یه‌ ناوی‌ "گۆزندار، هه‌سون، هه‌واره‌ به‌رزه‌" له‌نێوان ته‌وێڵه‌و بیاره‌دایه‌.
17. شاخی‌ په‌روێنی‌
18. مله‌ هوومڵه‌
19. هێلانه‌ چه‌رخ
20. كونه‌ گورگ

دانیشتوان:
ژیانی‌ خه‌ڵكی‌ ناوشاری‌ هه‌ڵه‌بجه‌: دانیشتوانی‌ هه‌ڵه‌بجه‌ زیاتر به‌ كاروباری‌ دوكانداری‌، بازرگانی‌، كشتوكاڵی‌، كارمه‌ندی‌ حكومه‌ت، ئاژه‌ڵداری‌، ئیشوكاری‌ سه‌رپێی‌ ‌و هاتوچۆی‌ مه‌رز‌و سنوره‌كانی‌ ئێران، راوه‌ ماسی‌ به‌سه‌ر ئه‌به‌ن. هه‌ردو ئایینی‌  ئیسلام، كاكه‌یی‌ ئاینی‌ سه‌رجه‌م دانیشتوانه‌كه‌ی‌ پێكهێناوه‌.

به‌پێی‌ سه‌رژمێری‌ فه‌رمانگه‌ی‌  ئامار له‌ ساڵی‌ 1977  كه ‌چوار گه‌ڕه‌كی‌ سه‌ره‌كی‌ (بامۆك، پاشا، سه‌رای‌، پیر محه‌مه‌د) سه‌رجه‌می‌ ژماره‌ی‌ دانیشتوانه‌كه‌ی‌ (22411) كه‌س بو، ژماره‌ی‌ ئه‌و خێزانانه‌ی‌ كه‌ خه‌ڵكی‌ ئه‌و چوار گه‌ڕه‌كه‌یان پێكهێناوه‌، (3850) خێزان بوه‌، واته‌ دانیشتوانی‌ شاره‌كه‌ 37% ی‌ سه‌رجه‌م دانیشتوانی‌ سنوری‌ ئیداری‌ قه‌زاكه‌ی‌ پێكهێناوه‌. ژماره‌ی‌ خانوبه‌ره‌ دروستكراوه‌ ئه‌هلی‌‌و ده‌وڵه‌تیه‌كان (3628) و له‌ڕوی‌ خزمه‌تگوزاریه‌ گشتیه‌كانه‌وه‌ (17) خوێندنگاو (2) نه‌خۆشخانه‌و بنكه‌ی‌ ته‌ندروستی‌ تیابوه‌، به‌ڵام له‌ ئاماری‌ ساڵی‌ 1987 سه‌رجه‌م دانیشتوانی‌ سنوری‌ ئیداری‌ قه‌زاكه‌ (115299) كه‌س بوه‌، كه ‌ئه‌مه‌ش 12،11% ی سه‌رجه‌م دانیشتوانی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ پێكهێناوه‌، واته‌ له‌ ماوه‌ی‌ ساڵانی‌ 1977 تا 1988 رێژه‌ی‌ زۆربون‌و گه‌شه‌كردنی‌ دانیشتوان 3،3% بوه‌. به‌پێی‌ هه‌مان ئامار له‌و ساڵه‌دا ژماره‌ی‌ خانوبه‌ره‌ دروستكراوه‌ ئه‌هلی‌‌و ده‌وڵه‌تیه‌كانی‌ ناو شار (6008) یه‌كه‌ بوه‌، له‌و ژماره‌یه‌ (5506) خانوه‌، له‌ڕوی‌ خزمه‌تگوزاری‌ گشتیشه‌وه‌ (61) خوێندنگاو (2) نه‌خۆشخانه‌و (1) بنكه‌ی‌ ته‌ندروستی‌ تیابوه‌.

سنوری‌ ئیداری‌ قه‌زای‌ هه‌ڵه‌بجه‌:
هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ساڵی‌ 1889 كراوه‌ به‌ قه‌زا، واته‌ هه‌ڵه‌بجه‌ دوای‌ (نه‌جه‌ف) به‌دوه‌م قه‌زا له‌عێراقدا داده‌نرێت. تا ساڵی‌ 1930 هه‌ڵه‌بجه‌ ته‌نها له‌ (پێنج سه‌د) ماڵ تێنه‌ده‌په‌ڕی‌، ئه‌و ژماره‌یه‌ش كه‌مبو بۆ شارێك، له‌به‌رئه‌وه‌ ته‌نها سێ‌ گه‌ڕه‌كی‌ سه‌ره‌كی‌ له‌شاردا هه‌بون (پاشا) كه‌ ئێستا سه‌نته‌ری‌ شاره‌، پیر محه‌مه‌د‌و كانی‌ عاشقان كه‌ مێژوی‌ دروستبونی‌ زۆر كۆنه‌، پاشان هه‌ڵه‌بجه‌ ئاوه‌دان بوه‌‌و كاروباری‌ تێده‌هات‌و ئاو و ئاوه‌ڕۆكه‌ی‌ رێكخرا، گه‌ڕه‌كی‌ (سه‌را)ش ئاوه‌دان بوه‌وه‌، پاشان گه‌ڕه‌كی‌ (كانی‌ قوڵكه‌)، كه‌ ئێستا یه‌كێكه‌ له‌گه‌ڕه‌كه‌ گه‌وره‌كانی‌ شاری‌ هه‌ڵه‌بجه‌، ساڵی‌ 1945-1946 شوێنی‌ فه‌رمانگه‌ی‌ ره‌ی‌ ئێستا كۆتایی‌ هه‌ڵه‌بجه‌ بوه‌، له‌ دوای‌ ساڵه‌كانی‌ په‌نجاوه‌ خواروی‌ (پیر محه‌مه‌د) یش دروستكراوه‌، له‌ساڵی‌ 1957 به‌ ته‌واوی‌ ئاوه‌دان بوه‌وه‌، به‌ڵام گه‌ڕه‌كی‌ (شێخ سمایل) دوای‌ ساڵی‌ 1963 ئاوه‌دان كرایه‌وه‌، له‌وبه‌ر (پردی‌ پیرۆزه‌) تاك تاك نه‌وڕۆڵی‌‌و ئیمامیه‌كان نیشته‌جێ‌ ده‌بون، تا له‌ساڵی‌  1970دا ئه‌ویش به‌ ته‌واوی‌ ئاوه‌دان بوه‌وه‌، كه‌ ئه‌مانه‌ش ئه‌و گه‌ڕه‌كانه‌ بون كه‌ پێش سه‌رده‌می‌ كۆماریی‌ هه‌بون هه‌روه‌ها گه‌ڕه‌كی‌ جوله‌كان‌و مامۆستایان له‌ گه‌ڕه‌كه‌كانی‌ شاری‌ هه‌ڵه‌بجه‌ن.

دوای‌ دامه‌زراندنی‌ ده‌وڵه‌تی‌ عێراق له‌ساڵی‌ 1920 هه‌ڵه‌بجه‌، وه‌ك  قه‌زایه‌كی‌ ناودار سنورێكی‌ گه‌وره‌ی‌ هه‌بوه‌، روبه‌ره‌كه‌ی‌ 5000 كیلۆمه‌تری چوارگۆشه‌یه‌، نزیكه‌ی‌ 375 دێی‌ هه‌بوه‌. ناوچه‌ی‌ ده‌ربه‌ندیخان سه‌ر به‌ناحیه‌ی‌ وارماوه‌ بوه‌، وارماوه‌ش سه‌ر به‌قه‌زای‌ هه‌ڵه‌بجه‌ بوه‌، واته‌ هه‌ڵه‌بجه‌ له‌گه‌ڵ ناحیه‌ی‌ سه‌نگاودا هاوسنور بوه‌ ناحیه‌ی‌ (پێنجوێن) یش سه‌ر به‌هه‌ڵه‌بجه‌ بوه، دوای‌ هاتنی‌ سه‌رده‌می‌ كۆماری‌ ساڵی‌ 1959 كرایه‌ قه‌زا‌و جیابۆوه‌. قه‌زای‌ هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ڕوی‌ ئیدارییه‌وه‌ له‌ساڵه‌كانی‌ 1950 بریتی‌ بوه‌ له‌ ناحیه‌كانی‌ سیروان‌و شاره‌زور‌و پێنجوێن‌و خورماڵ و وارماوه‌. له‌ساڵی‌ 1977 جگه‌ له‌ مه‌ركه‌زی‌ قه‌زا‌و ناحیه‌كان پاش جیاكردنه‌وه‌ی‌  قه‌زای‌ ده‌ربه‌ندیخان‌و پێنجوێن لێی‌، ژماره‌ی‌ گونده‌كانی‌ سه‌ر به‌ هه‌ڵه‌بجه‌ 216 گوند بوه‌، به‌ڵام له‌سه‌رژمێری‌ گشتی‌ ساڵی‌ 1987 له‌كۆی‌ 216 دێ‌ پاش كاولكردن‌و راگواستنی‌ ته‌نها 18 دێ‌ له‌سه‌رانسه‌ری‌ قه‌زاكه‌ مایه‌وه‌.


شاری‌ هه‌ڵه‌بجه‌ له‌سێ‌ ناحیه‌ پێكهاتوه‌، ئه‌وانیش ناحیه‌ی‌ سیروان: سنوری‌ 93 دێی‌ ناوچه‌كه‌ی‌ گرتۆته‌وه‌، ناحیه‌ی‌ خورماڵ: پێكهاتوه‌ له‌ 41 دێ‌ ساڵی‌ 1932 كراوه‌ به‌ ناحیه‌ . ناحیه‌ی‌ هه‌ورامان (بیاره‌): له‌ 19 دێ‌ پێكهاتوه‌ .
 
روبارو سه‌رچاوه‌ به‌ناوبانگه‌كانی‌ قه‌زای‌ هه‌ڵه‌بجه‌:
1. روباری‌ سیروان
2. زمكان
3. ڕوباری‌ تانجه‌رۆ
4. ڕوباری‌ زه‌ڵم
5. چه‌می‌ ڕیشین
6. چه‌می‌ چه‌قان
7. چه‌می‌ ئێڵان قۆز
8. چه‌می‌ دۆمان
9. چه‌می‌ بێستانی‌ سور
10. خڕی‌ بیاره‌
11. ده‌ڵێن
12. سه‌رچاوه‌ی‌ گه‌نجان
13. ئاور شه‌ڵم
14. ئاوی‌ لێڵه‌

ئه‌و سه‌رچاوانه‌ی بۆ ئه‌م راپۆرته‌ سودیان لێوه‌رگیراوه‌:
1. هه‌ڵه‌بجه‌، گۆڤارێكی‌ روناكبیری‌ وه‌رزییه‌ خاوه‌نی‌ ئیمتیازو، ب.ڕ، سه‌رنوسه‌ر كه‌مال هه‌ورامی‌.
2. لاپه‌ڕه‌یه‌ك له‌ مێژوی‌ هه‌ڵه‌بجه‌ 1700-1958 نوسینی‌ به‌كر حه‌مه‌ صدیق عارف 1997.
3. كاره‌ساتی‌ كیمیابارانی‌ هه‌ڵه‌بجه‌ 1988 كورته‌ باسێكی‌ جوگرافی‌- ئابوری‌- كۆمه‌ڵایه‌تی‌- سیاسی‌ ، شه‌وكه‌تی‌ حاجی‌ مشیر.
4. ئه‌نفال‌و ئافره‌تی‌ كورد ، عه‌داله‌ت عومه‌ر صاڵح 2002.
5.  مێژوی‌ كوردو كوردستان ، محمد مه‌ردۆخی‌ كوردستانی‌ .