|
ئه‌نفال- تاوان له‌ژێر روپۆشی ئایین دا |
14/04/2015 11:06:28 |
ئا/ هیوا ره‌حیم
به‌شی یه‌كه‌م/ باسی یه‌كه‌م
چه‌مكی ئه‌نفال
ئه‌نفال وشه‌یه‌كی عه‌ره‌بییه كۆی (نفل)ه به‌واتای (ده‌سكه‌وت) دێت (نفل) به‌شێوه‌یه‌كی گشتی له‌دو روه‌وه سه‌یر ده‌كرێت.
ا/له‌ڕوی زمانه‌وانییه‌وه:
به‌مانای ده‌سكه‌وت (غنیمه) دێت له‌پێش هاتنی ئیسلامدا عه‌ره‌به‌كان وشه‌ی (ئه‌نفال) یان به‌واتای تاڵانی جه‌نگ به‌كار هێناوه، مه‌به‌ستیش له‌جه‌نگ شهڕكردنو شكاندنی دوژمن‌و گرتنی دیل‌و ده‌سخستنی سامان‌و ماڵ بو.
ب/ له‌ڕوی زاراوه‌ییه‌وه:
ئه‌نفال واتای زیاده‌و ده‌سكه‌وت ده‌گه‌یه‌نێت كه ئه‌میش واپێناسه ده‌كرێت ئه‌و ماڵ‌و سامانه‌یه به‌شه‌ڕ له بێ باوه‌ڕ ده‌سه‌ندرێت، زانایانی ئیسلام ده‌رباره‌ی ئه‌نفال بۆ چونیان به‌م شێوه‌یه‌یه (الانفال وهو الغنیمه ای كل نیل ناله المسلمون من اموال اهل الحرب)1.
ره‌نگه چهمكو پێناسه‌ی ئه‌نفال له‌ڕوی زمانه‌وانییه‌وه (لغه)و زاراوه‌ییه‌وه (الاصطلاح) تاكو ئێستا له‌لای زۆربه‌ی كه‌س شتێكی نادیار‌و نامۆبێت ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی مه‌به‌ست له‌بنج‌و بناوانی پرۆسه‌كه ئاشكرا نه‌بوبێت.
ئه‌نفال له‌ڕوی زمانه‌وانییه‌وه كۆی (نفل)ه به‌واتای ده‌سكه‌وت دێت له‌كاتی شه‌ڕو تاڵانكردندا به‌ده‌ست شه‌ڕكه‌ران كه‌وتون. به‌مانای زیاده ده‌سكه‌وت دێت، واته ئهوماڵو سامانه‌ی كه‌له‌كاتی شه‌ڕدا ده‌ست جه‌نگاوه‌رانی موسڵمان ده‌كه‌وێت كهبهزهبری هێز له‌بێ باوه‌ڕانیان سه‌ندوه2.
هه‌روه‌ها وشه‌ی ئه‌نفال له (مختار الصحاح)دا به‌واتای (ده‌سكه‌وتی جه‌نگاوه‌ر) دێت. كه‌له وشه‌ی (نفل)ه‌وه هاتوه كهوشهیهكی عه‌ره‌بی كۆنه به‌كۆی (نفل)ه دێت واته چاوگی وشه‌كه له(نفل)ه‌وه هاتوه به‌مانای بهخشیشو ده‌سكه‌وت دێت.
(التنفل) به‌واتای (خۆبهجهنگاوهر كردن)هاتوه رهگو ریشه‌ی وشه‌كه له‌ناو هۆزه عه‌ره‌به‌كاندا له‌لای شاعیرانی وه‌كو (لبید)و (عنتر) به‌كارهێنراوه لههۆنراوهكانیاندا.
به‌واتای ده‌سكه‌وتی زۆر لهماڵو تاڵان له‌شه‌ڕدا ده‌گه‌یه‌نێت وهلههاتنی ئایینی ئیسلامه‌وه زاراوه‌كه ئه‌و ده‌سكه‌وت‌و ماڵ‌و سامانه‌ی گرتۆته‌وه كهموسڵمانهكان له‌شه‌ڕدا به‌ده‌ستیان هێناوه3.
ئه‌مه‌ش بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و گیروگرفته بو كه‌له‌نێوان موسڵمانه‌كاندا سه‌ری هه‌ڵدا ده‌رباره‌ی تاڵانی شه‌ڕه‌كه4.
چه‌مكی (ئه‌نفال)به‌واتای (الغنیمه) دێت واتا كوردیه‌كه‌ی به‌مانای ده‌سكه‌وت دێت مه‌به‌ستیش له‌مه (زیاده) یه چونكه (نفل) وه‌ك (الراغب الاصفهانی) ده‌ڵێت:-
(النفل : ای الزیاده علی الواجب) لێره‌دا ئه‌وه‌ی وه‌ك ئه‌رك ئه‌نجام ده‌درێت پێی ده‌وترێت (واجب) وه‌ئه‌وه‌ی كهئارهزومهندانهیهو خۆبه‌خشانه ئه‌نجام ده‌درێت پێی ده‌وترێت (نافله). به‌ڵام ئه‌نفال وه‌ك ئه‌وه‌ی لهقورئاندا هاتوه‌و زانایانی ئایینی پێناسه‌یان كردوه به‌واتای (هی الاموال الماخوذه من الكفار قه‌را بقتال...) له‌م پێناسه‌یه‌وه سێ ئه‌نجامان ده‌ستگیر ده‌بێت:-
1. ئه‌نفال (اموال) واته شتومه‌ك هه‌روه‌ك له‌هه‌مان سوره‌تی (الانفال)دا له‌ئایه‌تی(واعلموا انما غنمتم من شی‌ء)دا هاتوه كه(شی‌ء) به‌مانی شتومه‌ك دێت.
2. (من الكفار) واته له‌بێ باوه‌ڕانی جه‌نگاوه‌ر.
3. (قه‌را بقتال) واته شتومه‌كه‌كان شتی به‌جێماوی مه‌یدانی جه‌نگه‌كه نه‌ك هی ماڵ‌و نێو لادێ‌و شاره‌كان5.
لێره‌وه ده‌توانین بڵێین ئه‌نفال وشه‌یه‌كی عه‌ره‌بی كۆنه‌و له‌پێش هاتنی ئیسلامدا باوبوه به‌ڵام به‌كارهێنانی لێره‌دا له‌به‌رامبه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌كی موسڵمانی وه‌ك كورد كه‌هه‌ر له‌گه‌ڵ هاتنی ئیسلامدا قبوڵی كردوه، ئه‌مه‌ش پێچه‌وانه‌ی ئه‌و سوره‌ته قورئانییه كه ئاماژه ده‌دات به‌و ده‌سكه‌وته‌ی كه له‌بێ باوه‌ڕانیان سه‌ندوه.
هه‌روه‌ها (الانفال) ته‌نها ئه‌و شتومه‌كانه ده‌گرێته‌وه كه‌له مه‌یدانی جه‌نگدا به‌جێ دهمێننو له‌به‌رامبه‌ر جه‌نگاوه‌ری بێ باوه‌ڕدا ده‌كرێت به‌ڵام له‌م پرۆسه‌یه‌دا
گه‌لێكی موسڵمان بهخۆیانو ماڵ‌و سامانیان تێداچون.
به‌شی یه‌كه‌م/ باسی دوه‌م
ئاماژه‌كانی پشت ئه‌م ناولێنانه
چ هۆیه‌ك وای له رژێمی به‌عسی عێراقی كرد تا ئه‌م پرۆسه‌یه ناو بنێت (الانفال) واته ئه‌وه‌ی رێگا خۆشكه‌ر بو بۆ حكومه‌تی به‌عسی عێراقی بۆ هه‌ڵسان به‌م كاره له‌وه‌دابو له‌روانگه‌یه‌كی عهفلهقیانهو شۆفێنیزمانه سه‌یریان ده‌كرد به‌و واتایه‌یی كه‌ته‌نها عه‌ره‌ب نه‌ته‌وه‌ی شایسته‌و پله یه‌كن ته‌واوی گه‌لانی دیكه زهندهقیو مهجوسین باشترین حاڵه‌تیش بۆ ئه‌مه به‌عسیه‌كانی عێراق بو كه‌كوردیان به‌نه‌ته‌وه‌یه‌كی ده‌رچو و لاده‌ر له دیین باس ده‌كرد.
بۆ تێگه‌یشتن له‌ئه‌نفال ته‌نیا یه‌ك رێگه‌مان له‌به‌رده‌مدایه ئه‌ویش تێگه‌یشتنه له‌به‌عس6. ئه‌گه‌ر بهرویهكی تردا بیخوێنینه‌وه پێده‌چێت حكومه‌تی به‌عسی عێراقی مه‌به‌ستی ئه‌وه‌بوبێت كه‌له ئاینده‌دا قوربانی ئه‌م پرۆسه‌یه بخاته ملی ئایین به واتای ئایین بكاته به‌ر پرسیاری سه‌ره‌كی، چونكه له‌م كاره‌دا گه‌وره‌ترین كاره‌ساتی مرۆیی ده‌كه‌وێته‌وه به‌و واتایه‌ی كه فه‌رمانێكی ئایینی بوه له به‌جێ گه‌یاندنی ئه‌م پڕۆسه‌یه‌دا.
له ئاماژه‌یه‌كی كه‌دا (گێڕانه‌وه‌ی ئۆتۆماتیكی ئه‌نفال بۆ ئایین‌و فیكری دینی نه‌وه‌كو خۆدزینه‌وه‌یه له‌خوێندنه‌وه‌ی به‌عس به‌ڵكو گواستنه‌وه‌ی گوناهه‌كانی به‌عسه بۆ ملی ئایین7.
واته خوێندنه‌وه‌ی ناوه‌ڕۆكی پرۆسه‌كه له‌وانه‌یه بگه‌ینه ئه‌وه‌ی كه‌به‌عس ویستویه‌تی گه‌وره‌ی تاوانه‌كه بخاته ملی ئایین8. یاخود ویستی به‌عس لهوهدابوه له‌ناوهێنانی ئه‌م پرۆسه‌یه به‌ئه‌نفال ویستویه‌تی پیرۆزیه‌ك بداته كاره‌كه‌ی ،چونكه كێشه‌ی كورد كێشه‌یه‌ك نییه له‌نێوان كافرو موسڵماندا بێت. به‌و واتایه‌ی ویستویه‌تی له‌پشت ئه‌م ناولێنانه‌وه قاوغێكی ئیسلامیانه بداته كاره‌كه‌ی له‌لای گه‌لانی موسوڵمان به‌تایبه‌تی عه‌ره‌ب هه‌رئه‌مه‌ش بوه هۆی ئه‌وه‌ی كه حكومه‌تی به‌عسی عێراقی زۆربه‌ی پرۆسه سه‌ربازییه‌كانی به‌ناوی زاراوه دینیه‌كانه‌وه ناوده‌نا بۆ مه‌به‌سته شۆفێنییهكانی خۆی.
یاخود پێده‌چێت بۆ كه‌سب كردنی ههستو سۆزی گه‌لانی موسڵمان بێت، چونكه له‌وده‌مه‌دا حكومه‌تی به‌عسی عێراقی به قۆناغی جه‌نگێكی درێژخایه‌ندا گوزه‌ری ده‌كرد له‌گه‌ڵ ئێران‌دا.
یاخود مه‌به‌ستی حكومه‌تی به‌عسی عێراقی ئه‌وه‌بو كهمۆركێكی شه‌ڕخوازو تێكده‌ر بخاته پاڵ كه‌سایه‌تی كورد9.
یان له‌وانه‌یه بۆ كه‌سب كردنی ههستو سۆزی گه‌لانی موسڵمان بێت ، چونكه له‌و ده‌مه‌دا حكومه‌تی به‌عسی عێراقی به قۆناغی جه‌نگێكی درێژخایه‌ندا گوزه‌ری كردبو له گه‌ڵ ئێران دا. چونكه حكومه‌تی به‌عسی عێراقی كورد به هه‌ڵگیرسێنه‌ری ئه‌و شه‌ڕه داده‌نا به واتای كورد‌و كێشه‌ی كورد هۆو پاڵنهربون بۆ ئه‌و شه‌ڕه.
لێره‌دا یه‌ك بۆچونی سه‌ره‌كی دهردەكهوێت بۆ ناولێنانی ئه‌م پڕۆسه‌یه به ئه‌نفال:
بۆچونه‌كه: بریتییه له‌وه‌ی حوكمڕانانی عێراق‌و هزر وانانی (به‌عسی عێراقی) بڕوایان وایه كه ئیسلامی ڕاسته‌قینه ئه‌وه‌یه كه ئه‌وان دهیزاننو ئه‌ده‌بیاتی حیزبه‌كه‌یان په‌خشی ده‌كات هه‌ر كه‌سێكیش وه‌كو ئه‌وان بیر نه‌كاته‌وه ئه‌وا ئیسلام نییه، یاخود به‌لای كه‌می له ئیسلام نه‌گه‌یشتوه كوردیش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌وڵیان له‌گه‌ڵ دراوه‌و تێگه‌یه‌ندراون هیچ هه‌نجه‌تیان نه‌ماوه بۆیه ئه‌وه‌ی بوه به‌به‌عس ڕێگای هیدایه‌تی هه‌ڵبژاردوه ئه‌وانه‌ی نه‌بون به‌به‌عسی رێگای گومراییان هه‌ڵبژاردوه ئه‌و كه‌سانه‌ی رێگای گومراییان ههرڵبژاردوه پێویسته بكوژرێن‌و له ناوبرێن، چونكه كافرن به‌بڕوای به‌عسی10
ماوه‌ته‌وه بڵێن تاكه پاساوی رژێمی به‌عسی عێراقی بۆ ئه‌م پرۆسه‌یه دانانی كورد بو وه‌كو بێباوه‌ڕه‌كانی مه‌ككه كه‌ئه‌مانه سه‌روماڵیان حه‌ڵاڵ بێت بۆ خۆیان، چونكه هه‌روه‌كو به‌پێی بیركردنه‌وه‌ی خۆیان كورد نه‌ته‌وه‌یه‌كی لادراونو پێویسته له‌ناو ببرێن.
هه‌ربۆیه ناسێونالیزمی عه‌ره‌بی عێراقی بۆ ره‌وایی دان به كرده‌وه‌كه له لایه‌ك‌و بۆ ئه‌وه‌ی هانی سوپای عه‌ره‌بی بدات ،له لایه‌كی تره‌وه پرۆسه‌كه‌یان ناونا ئه‌نفال11.
ئه‌مه‌ش خۆی له خۆیدا سه‌رپشك كردنی سوپایه‌كه بۆ كوشتن‌و بڕین‌و تاڵانكردن گوایه ئه‌وه‌ی ده‌یكه‌ن ئایین رێگه‌ی پێداون، چونكه ئه‌نفال كه هاتوه له راستیدا به‌رامبه‌ر گه‌لی باوه‌ڕدار به‌یان نه‌كراوه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ناكرێ خه‌ڵكی باوه‌ڕدار تاڵان بكرێ‌و بكوژرێ له سه‌ر ده‌ستی خه‌ڵكانێكی تر كه خۆیان به بڕوادار ده‌زانن12.
به‌عسی عێراقی ده‌یویست له‌ڕێگه‌ی ئه‌م جۆره پرۆسانه‌وه كێشه‌ی كورد چاره‌سه‌ر بكات,چونكه به‌درێژایی 8 ساڵی جه‌نگی (عێراق-ئێران) سوپا زه‌به‌لاحه‌كه‌ی رژێمی عێراق سه‌رقاڵی یه‌كلایی كردنه‌وه‌ی ئه‌و جه‌نگه بو به‌و مانایه‌یی نه‌ده‌په‌رژا رێگا چاره‌ی كۆتایی دابنێ، چونكه حكومه‌تی به‌عسی عێراقی چاك ئه‌و راستیه‌ی ده‌زانی كه لادێكانی كوردستان جوڵێنه‌ری شۆڕشی رزگاریخوازی كوردن.
له‌به‌رئه‌وه رژێم ته‌نها رێگا چاره‌ی له‌وه‌دا ده‌بینی كه خه‌ڵكه‌كه‌ی كۆمه‌ڵكوژ بكات‌و لادێكانیان بروخێنێ.
به‌شی دوه‌م/ باسی یه‌كه‌م
ئه‌نفال له‌روانگه‌ی یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كانه‌وه
بێگومان یه‌كێك له‌و ئامانجانه‌ی كهنهتهوهیهكگرتوهكانی له‌پێناودا دامه‌زرا دورخستنه‌وه‌ی جیهان بو له‌شه‌ڕو شۆڕ به‌رقه‌رار كردنی ئاشتیه‌كی سه‌رانسه‌ری هه‌روه‌ها له‌پاڵ ئه‌مه‌دا رێز گرتن له‌سه‌ره‌تاترین بنه‌ماكانی مافی مرۆڤ به‌بێ گوێدانه زمان‌و ئایین‌و رهنگو نه‌ژاد.
به‌ڵام زۆرێك له‌سیسته‌مه سیاسیه حكومڕانه‌كانی جیهانی سێیه‌م سیسته‌می تۆتالیتاریهتوشمولییه ئه‌وه‌ی نرخی نه‌بوبێت ماڤی مرۆڤ بوه چ جای مافی نه‌ته‌وه‌یه‌ك.
"هه‌روه‌كو چۆن كۆمه‌ڵه‌ی گشتی له‌بڕیاری (96) له11/12/1946 دا رایگه‌یاند كهرهشهكوژی تاوانێكه ده‌رهه‌ق به‌یاسایی نێودهوڵهتیو به‌پێچه‌وانه‌ی گیان‌و ئامانجی نهتهوهیهكگرتوه كانه‌وه له‌لایه‌ن دنیایی پێشكه‌وتوه‌وه ئیدانه كراوه.هه‌ر له‌م كاته‌وه كۆمه‌ڵه‌ی گشتی كۆمیسێونێكی تایبه‌تی بۆ ئاماده‌كردنی رێكه‌وتنامه‌یه‌كی نێو ده‌وڵه‌تی ده‌رباره‌ی (قڕان) پێكهێنا ئه‌مه‌ش به‌رۆڵی خۆی دوایی دوساڵ پڕۆژه‌یه‌كی به‌ناوی (كۆنڤینسۆنی) سه‌باره‌ت به سه‌ركوتكردنی تاوانی قڕان پێشكه‌ش به‌كۆمه‌ڵه‌ی گشتی كرد‌و په‌سه‌ند كرا13.
هه‌روه‌ها كۆمه‌ڵه‌ی گشتی سه‌ربه نه‌ته‌وه نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كان له‌خولی ئاسایی سێیه‌م له‌رێكه‌وتی 9/12/1948 له‌به‌ندی دوه‌مدا (هه‌ركارێك كه به‌مه‌به‌ستی له‌ناوبردنی هه‌مو یان به‌شێكی له‌كۆمه‌ڵی مرۆڤایه‌تی ئه‌نجام ده‌درێت له‌ڕوی سیفاتی نهتهوهییو ره‌گه‌زی‌و نیشتمانی‌و ئایینی. هه‌روه‌ها پۆلێنكردنێكی داناوه بۆ ئه‌و كردارانه‌ی كه‌ده‌كه‌ونه ژێر بابه‌تی بهكۆمهڵكوشتنهوه به‌م جۆره وه‌سفی ده‌كات:
1. كوشتن‌و له‌ناوبردنی تاكه‌كانی كۆمه‌ڵ.
2. ده‌ست درێژی‌و ئازاردانی ئه‌ندامانی كۆمه‌ڵ له‌روی جهستهییو بیر‌و هۆشه‌وه.
3. سهپاندنو خستنه ژێر بارودۆخێكی به‌ئه‌نقه‌ستی وا كه‌ببێته هۆی له‌ناوچونی ته‌واوی یان به‌شێكی ئه‌و كۆمه‌ڵه.
4. ته‌گه‌ره‌خستنه به‌ر منداڵ بون له‌ناو كۆمه‌ڵه‌كه به‌رێگای چه‌ند ئامرازێكه‌وه.
5. گواستنه‌وه‌ی منداڵانی كۆمه‌ڵه‌كه بۆ كۆمه‌ڵێكی جیاواز به‌زه‌بری هێز14.
جینۆساید كه‌نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كان بهبنهمایی یاسایی قه‌ده‌غه‌یی كردوه له‌ژێر رۆشنایی ئه‌مه‌دا ده‌توانین بڵێن له‌عێراقدا به‌ته‌واوی به‌رجه‌سته‌كراوه كه‌زیاتر مه‌به‌ستی ئێمه پرۆسه‌ی ئه‌نفاله، چونكه ئه‌مه‌ش بۆخۆی به‌شێكه له‌جینۆساید.
هه‌روه‌ها سه‌رچاوه‌و به‌ڵگه‌ی تاوانه‌كان بخوێنینه‌وه‌و خه‌سڵه‌تی یاساییان دیاری بكه‌ین ئه‌و تاوانانه‌ی كه‌له به‌هاری 1988 له‌چوارچێوه‌ی زنجیره‌ی هێرشی ئه‌نفاله‌كاندا ئه‌نجام دران به‌ته‌واویی مه‌به‌ستی ئه‌وه به‌ده‌سته‌وه ده‌ده‌ن كهبتوانیین به‌راشكاوی بڵێن چه‌ند ره‌گه‌زێك له‌و پۆلێنكردنه لهشاڵاوهكانی ئه‌نفالدا پراكتیك كراوه15.
هه‌روه‌ها به‌پێی مادده‌ی (1) كهماددهیهكی هاوبه‌شه به‌هه‌ر چوار رێكه‌وتنامه‌كانی (جنێف)ی ساڵی 1949 هه‌روه‌ها به‌پێی مادده‌ی (19)ی پرۆتۆكۆلی دوه‌می ساڵی 1977 كه‌ته‌واوكه‌ری رێكهوتنامهكانه هه‌مو ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی لایه‌نن لهرێكهوتنامهكه مۆریان كردوه نه‌ك ده‌بێ ته‌نها داموده‌زگاكانی ئه‌و ده‌وڵه‌تانه ئه‌و بنه‌ما مرۆڤایه‌تیانه جێبه‌جێ بكه‌ن كهلهرێكهوتنامهكهدا هاتون، به‌ڵكو ده‌بێ له‌لایه‌ن هه‌مو ئه‌و كه‌سانه‌شه‌وه جێبه‌جێ بكرێ كهبهپابهندی ئه‌و كاره‌وه به‌ندن16.
به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌ك ده‌بینین ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی كه پاپه‌ندی ئه‌و رێكهوتنامانهنو پێشێلكاری تێدا ده‌كه‌ن به‌تایبه‌ت ده‌وڵه‌تانی جیهانی سێیه‌م كه رژێمی میلیتاریزم‌و شۆڤێنیزمی باڵاده‌سته به‌سه‌ر شێوازی حكومدا.
پێویسته بوترێت كه رێكه‌وتنامه‌كانی جنێڤو پرۆتۆكۆله‌كانی ته‌نها تایبه‌ت بون به‌و پێشێلكاریانه‌ی كه‌له جه‌نگه نێوده‌وڵه‌تیه‌كانه‌وه دروست دهبنو ئه‌و پێشێلكاریانه ناگرێته‌وه كه له‌ناوخۆی ده‌وڵه‌ته‌كانه‌وه روده‌ده‌ن به‌تایبه‌تی له‌م ساڵانه‌ی دوایدا، عێراق كه چه‌ندین پێشێلكاری‌و تۆماری گه‌وره‌ی هه‌یه له‌پێشێلكردنی مافه‌كانی مرۆڤدا به‌ڵام وه‌ك كێشه‌یه‌كی ناوخۆی تایبه‌ت به‌سه‌روه‌ری نیشتمان له‌قه‌ڵه‌م ده‌درا له‌به‌ر ئه‌مه پێویستی به‌وه ده‌كرد كه ئه‌ڵقه‌ی ئه‌و یاسا‌و پرۆتۆكۆلانه فراوان بكرێت تا ئه‌و سنوره ببرێت‌و ئه‌و چوارچێوه‌یه بگرێته‌وه.
له‌به‌رئه‌وه پێویست به‌وه ده‌كات ئه‌م پێشێلكاریانه له روی یاساییه‌وه وه‌ك شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كانی پێشێلكاریه گه‌وره‌كان بسازێندرێت، كه ئه‌مه‌ش پێویست به‌وه‌ده‌كات سزایان له سه‌ر هه‌بێت، چونكه ئه‌م پڕاكتیزهكردنانه پێویست به‌وه ده‌كات ئه‌م جۆره پێشێلكاریه گه‌ورانه‌ی یاسای مرۆڤایه‌تی نێوده‌وڵه‌تی به‌رپه‌رچ بدرێنه‌وه جا له كاتی كێشمه‌كێشی چه‌كداری بێت، چ له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆ یان نێوده‌وڵه‌تی بێت17.
هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه ده‌بینین یاسای هه‌ندێ وڵاتی ئه‌وروپی ئه‌و سنوره‌ی به‌زاندوه‌و سزای ئه‌و كه‌سانه‌ش ده‌دات كه نیشته‌جێی هه‌رێمی ئه‌و وڵاته نین ده‌توانین به‌لجیكا به نمونه وه‌ربگرین كه یاسایه‌كی له 16/6/1993 ده‌ركرد تایبه‌ت به‌و كاره، هه‌روه‌ها له هه‌ندێ به‌ندی یاسایی (ئیسپانی‌و سوید) یش ئاماژه به‌وه دراوه به دادگاییكردنی ئه‌وانه‌ی كه پێشێلكاری یاسای مرۆڤایه‌تی ده‌كه‌ن18.
ئه‌گه‌ر بۆ رێككه‌وتننامه‌ی قه‌ده‌غه‌كردنی كۆمه‌ڵكوژی‌و سزادانی به كۆمه‌ڵكوژی ساڵی 1948 بگه‌ڕێنه‌وه تێبینی ئه‌وه ده‌كه‌ین مادده‌كانی ئه‌و رێككه‌وتننامه‌یه ئه‌وه دیاری ده‌كه‌ن ئه‌و تاوانه (جینۆساید)* له‌وانه‌یه له كاتی ئاشتی‌و هه‌روه‌ها جه‌نگیشدا روبدات (مادده 1).
سروشتی ئه‌و كۆمه‌ڵه‌ی مه‌به‌سته له ناوببرێت شانبه‌شانی چه‌ند خه‌سڵه‌تێكی بنه‌ڕه‌تی دیكه لایه‌نێكی بنه‌ڕه‌تییه له جیاكردنه‌وه‌ی تاوانه‌كانی دژی مرۆڤایه‌تی19.
تاوانی (جینۆساید) له كاتی شه‌ڕیشدا روده‌دات هه‌روه‌ها له كاتی ئاشتیدا، به‌ڵام تاوانه‌كانی كۆمه‌ڵكوژی كه ئه‌نجام ده‌درێ ده‌بێت به‌رامبه‌ر كۆمه‌ڵێ بێت، كه هه‌ڵگری خه‌سڵه‌تی وه‌ك "ئینتیمای نه‌ته‌وه‌یی، ئهتنیو ئایین " بن، واته له دو كه‌س زیاتربن. هه‌روه‌كو (مادده‌ی 2)ی رێككه‌وتننامه‌كه باس له‌وه ده‌كات، كه ئه‌و كۆمه‌ڵه‌یه به‌هۆی تاوانی كۆمه‌ڵكوژییه‌وه ده‌ست درێژییان كرابێته سه‌ر ده‌بێت كۆمه‌ڵه‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌یی یان ئه‌تنی یان ره‌گه‌زی یان ئایینی بن، چونكه له‌به‌ر یه‌كێك له‌و سیفه‌تانه‌ی كه تاوانی كۆمه‌ڵكوژی له دژیان ئه‌نجام ده‌درێت هه‌روه‌ها ده‌ڵێت ئه‌گه‌ر ئه‌م سیفه‌تانه نه‌بونایه ئه‌وا به‌م شێوه‌یه تاوان ده‌رهه‌قیان نه‌ده‌كرا20.
كه‌واته (مادده 1) ده‌رئه‌نجامی ئه‌وه ده‌دات به ده‌سته‌وه كه (جینۆساید) تاوانێكی نێوده‌وڵه‌تییه.
هه‌روه‌ها (مادە2) ی رێككه‌وتننامه‌كه هه‌ڵگری یاخود بڵێین ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی باسێكی گرنگ ده‌دات به ده‌سته‌وه ،ئه‌ویش چه‌ند خه‌سڵه‌تێكی وه‌ك ئه‌وه‌ی كه باسی دهكاتو ده‌ڵێت تاوانی كۆمه‌ڵكوژی به‌رامبه‌ر ئه‌وانه ده‌كرێت كه هه‌ڵگری چه‌ندین خه‌سڵه‌تی وه‌ك (نهتهوهییو ره‌گه‌زی‌و ئایین)ن له به‌ر ئه‌وه ده‌توانین له گه‌ڵ ده‌قه‌كانی ئه‌و رێككهوتننامهیهدا ئه‌نفال وه‌ك به‌شێك له تاوانی (جینۆساید) بگونجێنین.
ده‌توانین بڵێین كه تاوانی ئه‌نفال تاوانێكی به‌ئه‌نقه‌سته ،چونكه ئه‌نجام ده‌ران ویستویانه ئه‌و ئامانجه به ده‌ست بهێنن، ئه‌ویش بریتیبو له له‌ناوبردنی كۆمه‌ڵێكی نه‌ته‌وه‌یی یان ئه‌تنی.
ئه‌مه‌ش هاوڕێكه له گه‌ڵ ئه‌و فه‌رمانه‌ی (علی حسن المجید)** كه له ته‌مموزی ساڵی 1987 ده‌ریكرد سه‌باره‌ت به‌وه‌ی كه هه‌ر كه‌سێكیان گرت له ناوچه قه‌ده‌غه كراوه‌كاندا كه ته‌مه‌نیان له نێوان (15-70) ساڵیدابێت یه‌كسه‌ر دوای وه‌ده‌ست خستنی زانیاری پێویسته گولله باران بكرێ‌و بێسهرو شوێن بكرێ 21.
هه‌روه‌ها رێككه‌وتننامه‌ی قه‌ده‌غه كردنی جینۆساید‌و سه‌پاندنی سزا به سه‌ریدا كه له ساڵی 1948 ده‌رچوه باسی سزادانی ئه‌نجام ده‌رانی تاوانی جینۆساید ده‌كات كه هه‌مو كه‌سێك ده‌گرێته‌وه جا دادوه‌ری ده‌ستوری بێیان فه‌رمانبه‌ری گشتیبێت یان چه‌ند تاكه كه‌سێك بن (مادده4)22. ئه‌م مادده‌یه‌ش ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی ده‌رخه‌ری ئه‌وه‌یه كه ئه‌نجام ده‌رانی تاوانی جینۆساید، ئه‌گه‌ر له هه‌ر پله‌و پایه‌یه‌كدا بێت یان هه‌ر حهصاناتو ئیمتیازاتێكیان هه‌بێت ئه‌وا به‌ر پرسیارێتی ئه‌و تاوانه‌یان ده‌كه‌وێته ئه‌ستۆ.
كه‌واته ئه‌وه‌ی رویدا بریتیبو له كۆمه‌ڵكوژی‌و له ناوبردنی كۆمه‌ڵه‌یه‌كی نهتهوهییو ئه‌و خه‌سڵه‌تانه‌یان تێدایه كه ده‌قاو ده‌ق ده‌گونجێ له گه‌ڵ ناوه‌ڕۆكی رێككه‌وتننامه‌ی ساڵی 1948 23.
له كۆتایدا ده‌توانین بگه‌ینه ئه‌وه‌ی كه بڵێین تاوانی ئه‌نفال ئه‌و پڕۆسه‌یه بو كه‌له ماوه‌ی (7) مانگدا به‌ئه‌نجام گه‌یه‌نرا به ئامانجی له ناوبردنی كۆمه‌ڵه‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌یی بو كه هه‌ڵگری هه‌مو ئه‌و خه‌سڵه‌تانه بو كه لهرێككهوتننامهكهدا هاتوه ،به‌ڵام ده‌كرێ بپرسین ئه‌و رێككه‌وتننامه نێو ده‌وڵه‌تیانه چۆن سه‌یری تاوانی ئه‌نفال ده‌كه‌ن ئایا ئه‌مه پێشێلكاری ئاشكرای ئه‌و رێككه‌وتننامانه نه‌بون كه سه‌رده‌مانێك به‌هۆی سه‌روه‌ریی نیشتمانی‌و كێشه‌ی ناوخۆییه‌وه ئه‌نجام ده‌دران؟.
به‌شـی دوه‌م/ باسـی دوه‌م
ئامانجه‌كانی به‌عس له شاڵاوه‌كانی ئه‌نفالدا.
پڕۆسێسی به‌دناوی ئه‌نفال پڕۆسه‌ی سڕینه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌ك بو له لایه‌ن بێ نمونه‌ترین سته‌مكاری ئه‌م سه‌رده‌مه‌وه ئه‌نجامدرا كه بهناجۆرترین شێوه له دنیادا گه‌یشته پۆپه‌ی دهسهڵاتو به‌سه‌ر لاشه‌ی قوربانییه‌كاندا سه‌ركه‌وتو ئه‌و تاوانانه‌ی كه پێی هه‌ستا به‌شێكه له تۆڵه‌كردنه‌وه له مێژو24 .
هه‌روه‌ها ناولێنانی پڕۆسه‌كه به‌ناوی سوره‌تێكی قورئانه‌وه ئه‌مه‌ش خۆی له‌خۆیدا مه‌به‌ستێكی تر هه‌ڵده‌گرێت. ئه‌توانین بڵێین مه‌به‌ستی به‌عس سڕینه‌وه‌ی ته‌واوی نه‌ته‌وه‌یه‌ك بو ته‌نها هێشتنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگایه‌ك به ته‌نها ئه‌و كه‌سانه بمێنن كه له‌كۆتایی ته‌مه‌ندان هه‌ر له‌به‌رئه‌وه بو پڕهێزترین توانای كۆمه‌ڵگا كه لاوه‌كانن راپێچكران25.
هه‌روه‌ك ده‌زانین لاوه‌كان داینه‌مۆی گشت جوڵانهوهیهكن ئامانجی به‌عس نه‌هێشتنی ئه‌و چینهبو له گۆمه‌ڵگا، چونكه بۆچونی ئه‌وان كۆمه‌ڵگه‌ی پیرو منداڵ‌و ژن‌و باشترین كۆمه‌ڵگایه بۆ ده‌سته‌مۆ كردن‌و توانه‌وه26.
ئه‌گه‌ر نازیه‌ت خه‌ونی دروستكردنی كۆمه‌ڵگایه‌كی وێكچو بێت‌و جیاوازی ههبێتو تێدا یه‌ك ره‌گه‌ز سه‌روه‌رو باڵاده‌ست بێت‌و ره‌گه‌زه‌كانی تر پله دو و سێ بن. ئه‌گه‌ر نازیه‌ت وێناكردنێكی تایبه‌تی كۆمهڵگاو فانتازیایه‌كی سیاسی بێت له‌سه‌ر سڕینه‌وه‌ی جیاوازیهكانو وێرانكردنی هه‌مو ئه‌و شتانه‌ی كه بنیات نران كه‌له‌به‌رده‌م دروستكردنی وێكچونێكی سه‌رتاسه‌ریدا رێگرن بەڵام له‌وه‌ته‌ی به‌عس دروست بوه بانگه‌شه‌ی ژیانه‌وه‌ی عه‌ره‌ب و لافی پارتی پێشره‌و یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌ب لێدهدهدات سه‌ركرده‌كانی ئه‌م حیزبه لایان ڕونه بێ سوپایه‌كی به‌هێزو عێراقێكی یه‌ك پارچه به دڵی خۆیان هه‌رگیز ناتوانن خه‌ونه‌كانیان بێننه‌دی27.
له‌به‌رئه‌وه هه‌میشه ڕژێمی به‌عسی عێراقی به چاوی خاكی عه‌ره‌ب سه‌یری كوردستانیان كردوه لایان وابوه كورد میوانی سه‌ر ئه‌و خاكه‌یه‌و تاكه رێگه‌یه‌ك له به‌رده‌م ئه‌و یه‌كێتیه‌ی كه به‌عسی عێراقی بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كرد.
له ماده‌ی7***ی به‌رنامه‌ی حیزبی به‌عسی عێراقی هاتوه‌و ده‌ڵێ (نیشتیمانی عه‌ره‌ب ئه‌و پارچه زه‌وییه‌یه كه‌نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌ب تێیدا داده‌نیشێ له‌نێوان چیاكانی تۆرۆس و چیاكانی پشتكۆو كه‌نداوی به‌سره‌و ده‌ریای عه‌ره‌ب و چیاكانی حه‌به‌شه‌و بیابانی گه‌وره‌و ئۆقیانوسی ئهتڵهنتیكو ده‌ریای ناوه‌ڕاستدا درێژ ده‌بێته‌وه28.
هه‌روه‌ها له ماده‌ی (3)***ی هه‌مان به‌رنامه‌دا هاتوه ده‌ڵێ ( ئه‌م نیشتمانه بۆ عه‌ره‌به‌و ته‌نیا عه‌ره‌بیش بۆی هه‌یه كاروبار‌و سه‌روه‌ت و سامانه‌كه‌ی به‌كار بهێنێ تواناكانی ئاراسته‌بكات29.
پرۆسه‌یه‌كی به‌و جۆره له‌بڕیارێكی سه‌رپێیه‌وه نه‌هاتوه، به‌ڵكو ره‌گێكی قوڵی هه‌یه‌و به‌رنامه‌یه‌كی تۆكمهشی بۆ داڕێژرابو پاڵپشت بۆ ئه‌مه له وته‌یه‌كی (تاریق عزیز)****دا كه‌ده‌ڵێ (ئێمه ناڕوخێین، چونكه دنیا له به‌رامبه‌ر ئێران پشتیوانیمان لێ ده‌كات و رۆژێكیش دێ ئه‌م شهر ه ته‌واو ببێ‌و ئه‌گه‌ر ئێستا بێن و له‌گه‌ڵمان پێك بێن چاكه‌یه‌كی گه‌وره‌مان له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ن هه‌رگیز له بیرمان ناچێته‌وه خۆ ئه‌گه‌ر شه‌ڕ درێژه پێ بده‌ن دوای ته‌واو بونی شه‌ڕی ئێران ئه‌و سوپا زه‌به‌لاحه‌ی بۆ شه‌ڕی ئه‌وانمان دروستكردوه ئه‌یهێنینه سه‌ر ئێوه ساڵێك وه‌خت سه‌د هه‌زار كوژراوتان بۆ ته‌رخان ئه‌كه‌ین، بەڵام خاكتان بهتورهكه هبێژین و ته‌فروتوناتان ده‌كه‌ین30.
ئه‌مه‌ش خۆی له‌خۆیدا ده‌رخه‌ری ئه‌و راستیه‌یه كهپرۆسهیهكی به‌جۆره ئامادهسازیكی له‌پێشینه‌ی هه‌بوه، چونكه (كاركردن بۆ گه‌شه‌دان به‌ستراتیژێكی پته‌و تۆكمه بۆ به‌دیهێنانی هه‌ر ئامانجێك كارێكی ئاسان نییه31. پێویسته ئه‌وه‌ش بوترێت كهئهمنی ستراتیژی عێراق له‌سه‌ر جیاوازی ره‌گه‌زی‌و جیاوازی بیروبۆچون، تیره‌و مه‌زهه‌ب پێك هاتبو له‌ناویشیاندا كۆمه‌ڵێكی كه‌م، ئامانجی سه‌ره‌كی ئه‌نفال له‌ناوبردنی به‌كۆمه‌ڵی نه‌ته‌وه‌ی كورد بو له‌كوردستانی عێراق‌و شێواندنی كوردستان بو چ له‌روی دیموگرافی یاخود له‌روی ئابوری‌و سیاسی‌و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه. چونكه بیروبۆچونی رژێمی به‌عسی عێراق رون بو كه‌پێیان وابو (كه‌مه نه‌ته‌وه ناعه‌ره‌به‌كان كه‌ناتوانرێت له‌كۆمه‌ڵی عه‌ره‌بیدا بتوێنرێته‌وه, به‌شێوه‌یه‌كی ته‌واو به‌عه‌ره‌ب بكرێن ده‌خرێنه ژێر یاسای تایبه‌تییه‌وه كهئهركو مافه‌كانیان به‌شێوه‌یه‌كی وادیاری ده‌كات كه‌نه‌توانن زیان به به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان بگهیهننو مافی ده‌وڵه‌ته عهرهبیهكانیشه كه‌هه‌ر كاتێ بیه‌وێ ئه‌وانه‌ی زیان بهبهرژهوهندییهكانیان ده‌گه‌یه‌نن ده‌ریان بكا32.
ویستی به‌عس له‌له‌ناوبردنی گهنجو لاوی كوردا پێده‌چێت ئه‌وه‌بوبێت كه‌كۆمه‌ڵگا سست بكات، چونكه به‌عس ده‌یزانی جوڵانه‌وه‌ی رزگاریخوازی كورد‌و پێشمه‌رگه‌ی كورد داینهمۆیان لاو و گه‌نجی كوردن.تاكه مه‌به‌ستی به‌عسی عێراقیش له‌نه‌هێشتنی لاوان‌دا ئه‌وه‌بو كه‌كۆمه‌ڵگا ده‌سته‌مۆ بكات33.
به‌م شێوه‌یه به‌عسی عێراقی توانی ئه‌و ره‌گه‌زه‌ی كه بزوێنه‌ری جوڵانه‌وه‌ی رزگاریخوازی كورد بو، كه‌م بكات‌و پاشماوه‌ی ئه‌وانه‌ی كه‌مبونه‌وه ژێر باربخا له‌كۆمه‌ڵگا زۆره ملێكاندا. هه‌ربه‌هه‌مان شێوه‌ش حكومه‌تی به‌عسی عێراقی له‌به‌ریه‌ك ههڵوهشانو لێك ترازانی ته‌واوی ریزه‌كانی كۆمهڵگاو خێزانی لهپاشكۆیدا هه‌ڵگرتبو34.
ده‌توانین ئامانجه‌كانی شاڵاوه‌كانی ئه‌نفال له‌م چه‌ند خاڵه‌ی خواره‌وه‌دا كورت بكه‌ینه‌وه:
1. له‌ناوبردنی شۆڕشی سیاسی‌و چه‌كداری گه‌لی كورد رژێمی به‌عسی عێراقی بۆ ئه‌م ئامانجه‌ی هه‌ر له‌و روه‌وه هه‌وڵی ده‌داو چه‌ندان رێگا‌و نه‌خشه‌ی بۆ داده‌ڕشت‌و پیلانی بۆ داده‌نا له پێناویدا، گومانی تێدانییه كه زۆربه‌ی شۆڕشه‌كانی گه‌لانی جیهان به تایبه‌تیش شۆڕشی كورد پشتیان به دێهاته‌كان ده‌به‌ست، گونده‌كانیش به شۆڕش‌و پێشمه‌رگه‌وه ده‌توانن به‌ئازادی بژین له‌به‌ر ئه‌مه حكومه‌ت هه‌وڵیدا شۆڕش‌و پێشمه‌رگه له گونده‌كان دابڕێ ، یان ئه‌گه‌ر كورد له ئه‌نجامی بارودۆخی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه نه‌گونجابێت له گه‌ڵ هاوكێشه‌یه‌كی نێوده‌وڵه‌تی خۆی بگونجێنێت، یاخود یه‌كێك له زلهێزه‌كان پاڵپشتی دۆزه ره‌واكه‌ی نه‌كردبێت ئه‌مه بۆته هۆی ئه‌وه‌ی كه پشت ببه‌ستێت به گوند‌و شاخه‌كانی و حكومه‌تی به‌عسی عێراقی بۆ نه‌هێشتنی ئه‌م پاڵپشتییه بۆ شۆڕش ئه‌نفالی گرته‌به‌ر.
2. بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی ژماره‌ی دانیشتوانی كورد له كوردستاندا به شێوازی جۆراوجۆر چ راسته‌وخۆ یاخود له ئاینده‌یه‌كی دور. ئه‌مه هه‌وڵی رژێمه یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كانی عێراق بوه كه ویستویانه دیمۆگرافیای دانیشتوانی كوردستان بگۆڕن له‌م پێناوه‌دا هه‌وڵی زۆر وه‌گه‌ڕخراوه به بۆچونی منیش ئه‌نفال هه‌وڵێك بو بۆ ئه‌م مه‌به‌سته.
3. مه‌به‌ستێكی تری رژێمی عێراقی ته‌عریب كردنی ناوچه‌كانی كوردستان بو به تایبه‌تیش پارێزگای كه‌ركوك به هۆی بونی نه‌وتێكی زۆر له ژێر خاكه‌كه‌ی. هه‌روه‌ك ده‌زانین له‌پارێزگای كه‌ركوك كورد رێژه‌ی یه‌كه‌م پێك ده‌هێنێ و ئه‌م ناوچه‌یه‌ش ده‌وڵه‌مه‌نده له‌ڕوی سامانی سروشتییه‌وه جا رژێم بۆ نه‌هێشتنی كورد له‌و شوێنانه‌دا پڕۆسه‌ی ئه‌نفالی گرته‌به‌ر. یه‌كێك له گه‌وره كاربه‌ده‌ستانی رژێم ئاماژه ده‌دات به‌وه‌ی كه بڕێكی زۆر پاره‌ی خه‌یاڵی سه‌رف كراوه بۆ نه‌هێشتنی كورد له‌و ناوچانه‌دا كه‌چی هێشتا ژماره‌ی كورد زۆره*****.
4. رژێمی به‌عسی عێراقی زۆر رێگا‌و شێوازی گرتۆته‌به‌ر بۆ شێواندنی مێژو كلتوری نه‌ته‌وه‌ی كورد دوا رێگا بۆ ئه‌نجامدانی ئه‌م مه‌به‌سته شاڵاوه‌كانی ئه‌نفال بو كه‌ویستی له گه‌لانی جیهان بگه‌یه‌نێ كه كورد دژی ئارامی عێراقن.
رژێمی عێراقی كوردی به به‌كرێ گیراوی ئێران داده‌نا بۆیه له تۆڵه‌ی ئه‌وه‌دا له گه‌ڵ نزیكبونه‌وه‌ی كۆتایی هاتنی جه‌نگه‌كه ده‌ستیكرد به ئه‌نفال كردنی كورد.
5. هه‌روه‌ها بۆ دروستكردنی ناكۆكی له نێوان كوردا ئه‌ویش به هێنانی چه‌كداری كوردی سه‌ر به‌رژێمی عێراقی له بادینانه‌وه بۆ سۆران وه به پێچه‌وانه‌شه‌وه له كاتی پڕۆسه‌ی ئه‌نفال دا.
6. هه‌وڵدان بۆ كوژاندنه‌وه‌ی كه‌سایه‌تی نه‌ته‌وه‌یی گه‌لی كورد به هۆی لێكدابڕانی په‌یوه‌ندیه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی نێوان هۆزو خێزانی ناوچه جیاجیاكانی كوردستان.
7. هه‌وڵدان بۆ تواندنه‌وه‌ی داب‌و نه‌ریتی ره‌سه‌نی كوردهواری رژێم سه‌رجه‌م پاشماوه‌كانی ئه‌نفالی هێنا له كۆمه‌ڵگای زۆره‌ملێدا به زۆر نیشته‌جێكردن به‌و پێیه‌ی كه ئه‌م ژیانه ژیانی مۆدێرن‌و پێشكه‌وتوه ئه‌نجامی ئه‌مه‌ش چه‌نده‌ها دیارده‌ی دزێو ناپه‌سه‌ند دروستبو كه زۆر دوربو له داب‌و نه‌ریتی ره‌سه‌نی كورده‌وارییه‌وه.
8. لاواز كردنی ئابوری كوردستان به هۆی پیاده‌كردنی سیاسه‌تی (زه‌وی سوتاندن).
رژێمی به‌عسی له عێراقدا هه‌ر زوبه‌زو له‌دوای رێككه‌وتننامه‌ی جه‌زائیر له ساڵی 1975 كه‌وتبوه خۆی، چونكه سیاسه‌تێكی دانابو بۆ كۆكردنه‌وه‌ی ناوچه سنوریه‌كانی له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌ته دراوسێیه‌كانی ئه‌توانین بڵێین ئامانجه‌كانی به‌عسی عێراقی رون‌و ئاشكرابون، چونكه به‌عس ئه‌یویست ناوچه نه‌وتییه‌كانی له كورد چۆڵ بكات هه‌روه‌ها دیمۆگرافیای دانیشتوانی كورد بشێوێنێ هه‌روه‌ها كۆمه‌ڵگا ده‌سته‌مۆ بكات و په‌ك به شۆڕشی كوردیش بخات ئه‌مانه هه‌موی به كورتی ئامانجه‌كانی به‌عسی عێراقی بون له ئه‌نفالی كوردا35.
له دوای جه‌نگی دوه‌می جیهانییه‌وه ئه‌توانین بڵێین ئه‌نفال یه‌كێكه له گه‌وره‌ترین كاره‌ساته مرۆڤایه‌تییه‌كانی كه قوربانییه‌كی زۆری لێكه‌وتبێته‌وه.
پرۆسه‌ی ئه‌نفال هه‌وڵی رژێمی به‌عسی عێراقی بو بۆ تێكدان‌و شێواندنی ره‌وشی دیموگرافی كورد ،ئامانجی سڕینه‌وه‌و له ناوبردنی نه‌ته‌وه‌ی كورد بو له كوردستانی عێراق.
ئه‌نفال له‌گه‌ڵ گه‌وره‌ی كاره‌ساته‌كه‌دا چه‌نده‌ها كێشه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی سیاسی ئابوری به دوای خۆیدا هێنا كه تا ئێستا به زه‌قی ده‌بینرێت.
به‌شـی سێیه‌م/ باسی یه‌كه‌م
كاریگه‌ری پڕۆسه‌ی ئه‌نفال له روی كۆمه‌ڵایه‌تی/ سیاسی
پڕۆسه‌ی ئه‌نفال كاریگه‌رییه‌كی به‌رچاوی هه‌یه له سه‌ر ژیانی كورد له كوردستانی عێراق به هه‌مو ره‌هه‌نده‌كانییه‌وه. له روی ( كۆمه‌ڵایه‌تی) یه‌وه شاڵاوی ئه‌نفال سه‌رجه‌م ئه‌و بنه‌ما كۆمه‌ڵایه‌تیانه‌ی كه بۆ خێزانی كوردی به ئاراسته‌یه‌كی زۆر خراپ بردوه.
پڕۆسه‌ی ئه‌نفال هۆكارێكی سه‌ره‌كی بو بۆ شڵهژانو په‌رته‌وازه‌بونی كۆمه‌ڵگه‌ی كورده‌واری‌و تێكدانی په‌یوه‌ندیه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان له نێوان یه‌كتریدا. هه‌روه‌ها بوه هۆی نههێشتنو تێكدانی داب‌و نه‌ریتی ره‌سه‌نی كوردهواری كه بنچینه‌و بنه‌مای سه‌ره‌كین بۆ په‌یوه‌ندیه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان به گشتی36.
هه‌روه‌ها له ئه‌نجامی پڕۆسه‌ی ئه‌نفالدا حكومه‌تی عێراقی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردهواری به‌ره‌و ئاراسته‌یه‌ك برد كه زۆربه‌ی بنه‌ما كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیان له ده‌ستدا.
شاڵاوی ئه‌نفال كه بناغه‌و پرنسیپه سه‌ره‌كییه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردهواری تێكوپێكدا كاری كرده سه‌ر دابونه‌ریتی ره‌سه‌نی كورده‌واریش به جۆرێك كه رێژه‌ی (59،33 %) له خێزانه ئه‌نفال كراوه‌كان دوای دابڕینیان له كه‌سوكاریان به ناچاری وازیان له داب‌و نه‌ریتی خۆیان هێنا37.
گرنگترین كاریگه‌ریه‌كانی شاڵاوی ئه‌نفال له روی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه ده‌توانین له‌م چه‌ند خاڵه‌دا باسی بكه‌ین:
1. تێكچونی شیرازه‌ی خێزان:
كۆمه‌ڵگای كوردی وابه‌سته‌ی نه‌ریتێكه كه ئایین هه‌میشه وه‌ك سانسۆرێك له ناو كایه كۆمهڵایهتییهكانیدا رۆڵی خۆی دیاری ده‌كات خێزانی كوردیش له ناو ئه‌و چوارچێوه‌یه‌دا خۆی داڕشتوه ناتوانێ لێی ده‌ربازبێت، به‌پێی ئه‌و داڕشتنه كۆمه‌ڵایه‌تییه پیاو سه‌رۆكی خێزانه، ژن له به‌خێوكردنی خێزاندا به‌رپرس نییه38.
ئه‌توانین له‌م روه‌وه بڵێین كه كۆمه‌ڵگای كوردی له بنه‌ڕه‌تدا كۆمه‌ڵگای لادێ نشینی كشتوكاڵییه‌و پابه‌ندیشه به كۆمه‌ڵێك دابونه‌ریتی داسه‌پاو به‌سه‌ریا، ژنی لادێ نشین بوه‌ته قوربانی ئه‌م دابونه‌ریته كۆن‌و زه‌مه‌ن به‌سه‌ر چوانه39.
بێگومان ژن له وه‌ها دۆخێك‌دا كارده‌كاته سه‌ر لایه‌نی رۆشنبیری هه‌روه‌ها ئه‌و توانایه‌ی كه هه‌یه‌تی، دروستبونی وه‌ها دۆخێكیش په‌یوه‌ندی هه‌یه به عه‌قڵیه‌تی پیاو سالارییه‌وه.
هه‌ر بۆیه شاڵاوی ئه‌نفال بوه هۆی تێكوپێكدانی سه‌رجه‌م ئه‌و بنه‌ما كۆمه‌ڵایه‌تییانه‌ی، كه بۆ خێزانی كوردی داڕێژرابو شیرازه‌ی خێزانی به ئاراسته‌یه‌كی زۆر خراپ بردوه كه گه‌ڕانه‌وه بۆ دۆخی ئاسایی كارێكی گرانه. له فه‌زای ئه‌نفالدا سه‌رۆكی خێزانه‌كان ونكران، ونكردنێك كه وه‌ڵامێكی راستی سه‌باره‌ت به مان‌و نه‌مانیان له هیچ لایهكدانییه هه‌ریه‌كه به‌پێی بۆچونی تایبه‌تی خۆیان له‌سه‌ر لێكدانه‌وه‌ی ره‌وشته‌كانی رژێمی فاشی قسه له‌سه‌ر مان‌و نه‌مانیان ده‌كات40.
هه‌ردوا به دوای جێگیربونی پاشماوه‌ی ئه‌نفاله‌كان له ئۆردوگا زۆره‌ملێكاندا هه‌مو ده‌رگاكان به رویاندا داخرابو هیچ ده‌ربازبونێك له به‌رده‌میان دا نه‌بو، چونكه هه‌ریه‌ك له‌مانه ژن بون بۆ ماڵی باوك یاخود خه‌زور به كۆمه‌ڵێك منداڵه‌وه گه‌ڕانه‌وه، یاخود هه‌یانه له گه‌ڵ منداڵی‌دا به ته‌نیا ژین ده‌گوزه‌رێنێ، له‌به‌ر ئه‌وه ئه‌م ژنانه خۆیان به‌سه‌ر بار ده‌زانن لێره‌وه پێده‌زانین كه شیرازه‌ی خێزان تێكچوه ،وه هه‌روه‌ها ژماره‌یه‌كی زۆریش منداڵ بێ دایك‌و باوك ماونه‌ته‌وه له ئه‌نجامی پڕۆسه‌كه‌وه41.
هه‌ر له سه‌ره‌تادا ئاماژه‌مان به‌وه‌كرد كه كۆمه‌ڵگای كوردی تا راده‌یه‌ك داخراوه ده‌رباره‌ی رۆڵی ژن، چونكه به خێوكردنی خێزان له ئه‌ستۆی پیاوان دایه‌و ژن تاراده‌یه‌ك ته‌ریك بو، به‌ڵام شاڵاوی ئه‌نفال ئه‌مه‌ی ته‌واو پێچه‌وانه كردوه ،له‌به‌ر ئه‌وه‌ی زۆرێك له پیاوان ونبونو نه‌مان ئه‌مه بوه هۆی ئه‌وه‌ی به‌خێوكردنی خێزان بكه‌وێته ئه‌ستۆی ژن.
بێگومان هه‌روه‌ك له پێشه‌وه باسكران كه خێزان به‌ردی بناغه‌ی كۆمه‌ڵه‌و كۆمه‌ڵیش له رێگای ئه‌وه‌وه ده‌توانێت زۆر له ئهركو مافه‌كانی بهجێبێنێًت وه كاتێك سه‌رپه‌رشتیاری ئه‌و خێزانه به‌هه‌ر هۆیه‌ك بێت نه‌مێنێت ئه‌وا سیسته‌می بنه‌ڕه‌تی دوچاری بارێكی نائارامی‌و ناجێگیر ده‌بێت له دوایدا ئاسه‌وارێكی خراپی به‌سه‌ردادێت. ئه‌گه‌ر به‌راوردێك له نێوان باری خێزان‌و سه‌رپه‌رشتیاری بكه‌ین له پێش روداوه‌كانی شاڵاوی ئهنفالو دوای رودانهكهشی ئه‌وا هه‌ندێك راستیمان بۆ ده‌رده‌كه‌وێت كه سه‌رپه‌رشتیاری خێزان رۆڵێكی گرنگ‌و به‌رچاوی هه‌یه له پێشخستن‌و سه‌ركه‌وتنی خێزاندا له پێش شاڵاوه‌كاندا سه‌رپه‌رشتیاری خێزان رێژه‌ی (33 ،89 %) له ژێر ده‌سه‌ڵاتی باوك بوه به‌رامبه‌ر (8 %) له ژێر ده‌سه‌ڵاتی دایك بوه ،به‌ڵام ئه‌م رێژه‌یه له دوای شاڵاوه‌كانی ئه‌نفال گۆڕانێكی زۆری به‌سه‌ردا هاتوه كه بوه‌ته له (66, 33 %) له ژێر ده‌سه‌ڵاتی باوك به‌رامبه‌ر به‌مه‌ش له (66, 62 %) له ژێر ده‌سه‌ڵاتی دایك دایه . ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌مان بۆ رون ده‌كاته‌وه كه رێژه‌ی باوكان زۆر به‌ر شاڵاوه‌كه كه‌وتون به‌رامبه‌ر رێژه‌ی دایك ،بۆیه ده‌بینین هه‌مو ئه‌ركه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان كه‌وتونه‌ته سه‌رشانی دایك‌و، دایك بۆته سه‌رپه‌رشتیاری ماڵ‌و هه‌ر له په‌روه‌رده‌كردنی منداڵ‌و ئیشوكاری ماڵ‌و كاركردنی ده‌ره‌وه بۆ په‌یداكردنی بژێوی رۆژانه ،كه ئه‌وه‌ش بوه‌ته هۆی تێكچونو شڵه‌ژانی خێزان‌و په‌یوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان‌و گۆڕانی سیسته‌می په‌روه‌رده‌یی تیایدا42. كه‌واته ده‌توانین بڵێین ئه‌مه ئه‌و خێزانه‌یه كه ژن سه‌رپه‌رشتیارو ئه‌و به‌ڕێوه‌ی دهباتو كه‌سی پله یه‌كه جا ئه‌و له روی بژێوییه‌وه بێت یاخود په‌روه‌رده‌كردنه‌وه بێت.
هه‌روه‌كو وتمان ژنانی پاشماوه‌ی ئه‌نفال پانتاییه‌كی گه‌وره‌یان داگیركردوه پریشكی گه‌وره‌ی مهینهینهتییهكان بهرئهمان كه‌وتوه، چونكه خێزانێك هه‌یه پێی ده‌ڵێن پاشماوه‌ی ئهنفالو كه‌سی یه‌كه‌میش كه هه‌مان خێزانه به‌ڕێوه‌ی ده‌بات ژنه43.
ئه‌توانین بڵێین ئه‌مه ته‌واو پێچه‌وانه‌یه له گه‌ڵ داب‌و نه‌ریتی كورددا، ئاستی بژێوی‌و كاركردن‌و به‌رپرسیارێتی ته‌نها له ئه‌ستۆی پیاواندابو به‌پێی ئه‌و دابونه‌ریته‌ی كه كورد چوارچێوه‌كه‌ی بۆ خۆی داناوه، كه‌چی له پڕۆژه‌ی تێكشكانی خێزانی كوردیدا له په‌لاماری ئه‌نفال دا ژن ئه‌م رۆڵه‌ی به‌ركه‌وت44 واته پیاو كه بنه‌مای به‌خێوكردنی خێزانه له ئه‌نجامی ئه‌مه‌وه ژن ئه‌م رۆڵه‌ی پیاو ده‌گێڕێت.
2-چاره‌نوسی نادیار:
ئه‌و ده‌رهاویشتانه‌ی كه له شاڵاوی ئه‌نفاله‌وه په‌یدابون هێنده‌ی شاڵاوه‌كه كاریگه‌رن به تایبه‌تی ئه‌وه‌ی كه روبه‌ڕوی ژن بوه ده‌توانین وه‌ك گرییهكی كۆمه‌ڵایه‌تی ناوزه‌ندی بكه‌ین به سه‌رنجدان له‌وه مرۆڤ تێده‌گا كه ئه‌م ژنانه له فه‌زای كۆمه‌ڵێ گرێی ناڕهحهتیو دژواری كۆمه‌ڵایه‌تیدا ته‌وق بون‌و قوربانییه‌كی دیارن تێیدا.
رونیشه كه كۆمه‌ڵێك سنور هه‌یه له كۆمه‌ڵی كورده‌واریدا بۆ ژن دانراوه ده‌رچون له‌و سنورانه ده‌بێته له‌كه بۆ خودی ژنه‌كه .له‌م روه‌وه ژنانی پاشماوه‌ی ئه‌نفال له‌و فه‌زا كۆمه‌ڵایه‌تییه‌دا گه‌وره‌ترین قوربانیان داوه سنورێكی دیاریكراوی پابه‌ندبونیان بۆ كێشراوه كه ده‌رچون لێی ده‌بێته عهیبو شوره‌یی45.
ئه‌وه‌ی جێی ئاماژه بۆكردنه لێره‌دا كێشه‌ی شوكردنه‌وه‌ی ژنانی پاشماوه‌ی ئه‌نفاله كه‌له فه‌زایه‌كی ئه‌وپه‌ڕی ناله‌باردا دهژینو كێشه‌ی شهرعیو یاسایی به دوای خۆیدا كێش كردوه، چونكه ئه‌و ژنانه له دوای چه‌ند ساڵ چاوه‌ڕوانی بارودۆخێكی ده‌رونی ناله‌بار ده‌خوڵقێنێ، هه‌روه‌ها دابونه‌ریتی كۆمه‌ڵایه‌تی كۆن وه‌ك بهرداشێك وایه كه ژن ده‌هاڕێ، واته چاوه‌ڕوانی بێهوده‌و ئه‌و سنورانه‌ی بۆ ژن دانراوه له كۆمه‌ڵگای باوك سالاریدا به تێپه‌ڕبونی رۆژگار ئافره‌ت ده‌هاڕێ.
به مانایه‌كی تر چونه ده‌ر له بازنه‌ی ئه‌و سنوره ئه‌وا به‌وه ده‌شوبهێنرێ كه تاوانێكی گه‌وره‌ی ئه‌نجام داوه تاوانی گه‌وره‌ش به‌پێی دابونه‌ریتی كۆمه‌ڵگه باجی خۆی هه‌یه، باجدانی به‌زاندنی ئه‌و سنوره‌ش زۆر شت ده‌گرێته‌وه له سه‌ر زهنشتكردنو ئهتككردنو ئه‌شكه‌نجه‌ی دهرونیو تا ده‌گاته كوشتن ده‌گرێته‌وه، واته لێره‌دا ده‌بێ له‌وه بگه‌ین هه‌رواشه كه په‌لاماری ئه‌نفال له یه‌ك بواری كاركردنی خۆیدا دانه‌ناوه‌و جێی نه‌هێڵاوه، به‌ڵكو گشت لایه‌نه‌كانی ژیانی گرتۆته‌وه كه تاكی كوردی تێیدا شكێنرا46. به‌ڵام ئه‌وه‌ی تێدا به تایبه‌تی زهرهرمهندبو ره‌گه‌زی مێبو، چونكه ژن زۆرتر له هه‌مو كه‌سێك تیایدا زهرهرمهندبو، دیارترین گرێی هه‌میشه‌یی نێو ئه‌م ژنانه چاره‌نوسی كه‌سوكارو مێرد‌و هاوكات شوكردنه47.
ده‌توانین ئاماژه به‌وه بده‌ین ئه‌و ژنانه‌ی كه خاوه‌نی منداڵی زۆرن هیچ رێگایه‌ك به‌دی ناكه‌ن جگه له‌په‌روه‌رده‌كردنی منداڵه‌كانیان، به‌ڵام كه شویان نه‌كردوه له چاوه‌ڕوانیدان له‌خواستی دروستكردنی ژیانی نوێدان. یاخود ئه‌و كچانه‌ی له‌كاتی شاڵاوه‌كاندا له‌هه‌ره‌تی پێگه‌یشتندا بون باوك‌و برایان ئه‌نفال كراوه یان ئه‌و كچانه‌ی له‌كاتی شاڵاوه‌كاندا منداڵ بون ئه‌مانه‌و چه‌ندین كێشه‌ی تر كه روكنی سه‌ره‌كی گرێی هاوكێشهكهنو خودی ژنان خۆیان ناتوانن هیچ بڕیارێكی تێدا بده‌ن ,چونكه بڕیاردان له‌و بابه‌ته به‌واتای چونه ده‌ره‌وه‌یه له‌و سنوره‌ی كه كۆمه‌ڵ دایناوه48.
ئێستا ئه‌و ژنانه‌ی كه‌پاشماوه‌ی ئه‌نفالن له‌چاره‌نوسی كه‌سوكاریان دڵنیا بون له‌به‌رئه‌وه چه‌ندین كێشه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی لێكه‌وتۆته‌وه پێویسته چ له‌روی شه‌رعییه‌وه یاخود له‌روی یاساییه‌وه قسه‌یه‌ك له‌سه‌ر ئه‌مه بكرێ.
به‌پێی ئایینی ئیسلام هه‌ر ژنێك بۆ ماوه‌ی (3)ساڵ پیاوه‌كه‌ی ونبێت له هه‌ندێ سه‌رچاوه‌ی تردا پیاوێك بۆ ماوه‌ی یه‌ك ساڵ به‌هۆی شه‌ڕه‌وه یان به‌هۆی چون بۆ بازرگانی یان به‌هۆی چون بۆ سه‌فه‌ری دور،یان به هۆی تره‌وه ماوه‌یه‌كی زۆر بژێوی خێزانه‌كه‌ی دابین نه‌كات ئه‌وا ئیتر بۆ ژنه‌كه‌ی ره‌وایه كه سكاڵا به‌رێته به‌ر قازی یان دادگای شهرعیو یاسا داوای جیابونه‌وه‌ی بۆ بده‌ن له رۆژی ده‌رچونی بڕیاره‌كه‌وه ده‌توانێ بۆ ماوه‌ی (130) رۆژ چاوه‌ڕوانی بكات‌و پاشان شویه‌كی تر بكات49.
كه‌واته به‌پێی ئه‌و ماوه زه‌مه‌نییه‌ی كه دانراوه ئه‌مه ده‌كه‌وێته ناو چوارچێوه‌ی حوكمی (مفقود)ه‌وه له ئیسلامدا.
هه‌رچه‌نده له قورئان‌و فه‌رموده‌دا حوكمێكی وانه‌هاتوه و ئه‌وانه‌ی كه له‌دواییشدا هاتون جیاوازی له بۆچونه‌كانیان دا هه‌یه ده‌رباره‌ی ئه‌م حوكمه، چونكه دابه‌ش ده‌بنه سه‌ر دو بۆچونی جیاواز وه هه‌موشیان ده‌رچون له‌م بۆچونه به ناڕه‌واو ناپه‌سه‌ند داده‌نێن50.
هه‌رچه‌نده تا ئێستا هیچ بڕگه‌و بابه‌تێكی یاسایینییه رێگه بدا به‌م كه‌سانه بۆ دوباره شوكردنهوهیان ،دروستكردنه‌وه‌ی خێزانی نوێ هه‌رچی یاسایه ته‌نها ئه‌و مافه به‌م ژنانه ده‌دا، به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی خاوه‌ن مێردبونو مارهبڕبون به‌پێی ئه‌وه‌ی مێرده‌كانیان یاخود دهزگیرانهكانیان مفقودن بگه‌ڕێنه‌وه بۆ شه‌رعی ئیسلام، شه‌رعی ئیسلامیش له‌م بابه‌ته‌دا چه‌ندین ته‌فسیرو لێكدانه‌وه‌ی جیاجیای هه‌یه‌و وه‌كو یه‌ك نین له‌سه‌ر یه‌ك بۆچون51.
هه‌روه‌ها ده‌رباره‌ی ئه‌م باسه چه‌ند به‌ڵگه‌یه‌ك ده‌هێنینه‌وه ده‌رباره‌ی حوكمی ئه‌و ژنانه‌ی كه پیاوه‌كانیان ون ده‌بن:-
1. نه‌مانی مێرد‌و دابین نه‌كردنی (نفقه) واته بژێوی ژن‌و منداڵ.
2. یه‌كسانی ژن‌و مێرد له مه‌سائیلی حه‌زو ئاره‌زودا كه مافێكی ره‌وایه بۆ ئه‌مه‌ش به‌ڵگه‌یه‌كی قورئانی پشتگیری ئه‌م بۆچونه ده‌كات كه راڤه‌كه‌ی به‌م جۆره‌یه "ئه‌گه‌ر پیاوێك سوێند بخوات كه‌له ژنه‌كه‌ی دوربكه‌وێته‌وه قازی ده‌توانێ چوار مانگ مۆڵه‌تی بدات ئه‌گه‌ر په‌شیمان نه‌بوه‌وه قازی ده‌توانێ بڕیاری جیابونه‌وه بدات".
3. له‌سه‌ر فتوای عومه‌ری كوڕی خه‌تاب فه‌رمویه‌تی (هه‌ر ژنێك چوار ساڵ مێرده‌كه‌ی ونبو بۆی هه‌یه ئیتر شویه‌كی تر بكاته‌وه52.
هه‌رچه‌نده ئێستا حكومه‌تی به‌عسی عێراقی روخاوه‌و چاره‌نوسی ئه‌نفالكراوه‌كان رون ده‌بێته‌وه‌و ئه‌و هه‌مو گۆڕه به كۆمه‌ڵانه‌ی كه ئاشكرا ده‌بن ده‌بنه شایه‌تحاڵی نه‌مانی چاره‌نوسیان.
له كۆتاییدا ده‌توانین بڵێین كه سه‌ره‌ڕای گه‌وره‌یی شاڵاوی ئه‌نفال، به‌ڵام په‌یوه‌ندیه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان له نێوان تاكه‌كاندا نمونهیهكهو به‌رده‌وامه‌و ئه‌م به‌رده‌وامیه‌ش ئه‌وه‌مان پیشان ده‌دات كه تا ئێستا كۆمه‌ڵی كوردهواری چه‌سپاوه له یه‌كێتی كۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری هه‌یه بۆخۆی له‌سه‌ر یه‌كێتی نیشتمانی.
هه‌رچه‌نده حكومه‌تی به‌عسی عێراقی وای دانابو كه شاڵاوه‌كانی ئه‌نفال په‌یوه‌ندیه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ده‌پچڕێنێ سه‌ره‌نجام دیارده‌ی دزێو ناپه‌سه‌ند ده‌رده‌كه‌ون، به‌ڵام باره‌كه پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه‌بو.
گرنگترین كاریكهرییهكانی شاڵاوی ئه‌نفال له روی سیاسییه‌وه ده‌توانین به‌م شێوه‌یه باسی بكه‌ین:
هه‌روه‌ك له پێشتردا ئاماژه‌مان بۆكرد به‌تایبه‌ت له‌و رێژانه‌ی كه دیارخران ده‌ركه‌وت كه‌له پاش شاڵاوه‌كانی ئه‌نفال رۆڵی دایك زیاتربوه بۆخۆی، چونكه دایك ته‌نها ئه‌ركی په‌روه‌رده‌كردنی منداڵه به‌پێی داب‌و نه‌ریتی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردهواری، به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌مه دایك‌و ژن رۆڵی تر ده‌بینێت, ئه‌ویش به‌ده‌ست هێنانی بژێوی ژیانه، ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری هه‌یه‌بۆ سه‌ر پێگه‌یاندنی منداڵ له روی پێگه‌یاندنی سیاسییه‌وه (التنشئه السیاسیه)، چونكه ئه‌و منداڵه بۆی ده‌رده‌كه‌وێت كه باوكی له ئه‌نجامی شاڵاوهكهوه له ناوچوه ئه‌مه كارده‌كاته سه‌ر هه‌ستی به‌وه‌ی كه كه‌سێكی رق ئه‌ستورو تۆڵه سێن ده‌ربچێت.
من پێم وایه ئه‌مه بۆ خۆی كارده‌كاته سه‌ر هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌و كه‌سانه بۆ خۆشی، چونكه بۆی ده‌رده‌كه‌وێت ئه‌و وه‌ك نه‌ته‌وه‌یه‌ك زوڵمی لێكراوه نه‌ك وه‌ك تاكه كه‌سێك.
له‌م راپرسییه‌دا ئه‌وه به رونی ده‌رده‌كه‌وێت كه هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی ناو پاشماوه‌ی ئه‌نفالكراوان چه‌ند به‌رزه كه‌له ناو (150) خێزانی ئه‌نفال كراودا ئه‌نجام دراوه وه‌ده‌رده‌كه‌وێت كه له (66، 78 %)ی رێژه‌كه‌ی روحی نه‌ته‌وه‌ییان له پاش شاڵاوه‌كانی ئه‌نفال بههێزتربوه به‌رامبه‌ر به‌مه (33 ،21 % هه‌ڵوێستیان لاوازبوه، ئه‌مه‌ش ئه‌وه ده‌رده‌خات كه شاڵاوه‌كانی ئه‌نفال كاری خراپی نه‌كردۆته سه‌ر روحی نه‌ته‌وه‌یی بگره به‌پێچه‌وانه‌وه بۆته هۆی زیادبونی روحی نه‌ته‌وه‌یی.
رویه‌كی تر ئه‌وه‌یه كه شاڵاوه‌كانی ئه‌نفال بوه هۆی پهراگهندهكردنی خه‌ڵكانێكی زۆر بۆ ده‌ره‌وه‌ی كوردستان‌و ئاواره‌بونیان بۆ وڵاتانی دراوسێ كه ژماره‌یان به زیاتر له(160) هه‌زار كه‌س داده‌نرێت وه‌هه‌ندێك له‌مانه رووه‌و وڵاتانی ئه‌وروپاو ئه‌مریكا رۆیشتن وه له پاش ئه‌و بارودۆخه نێو ده‌وڵه‌تییه‌ی كه هاته پێشه‌وه له دوای روداوه‌كانی 11ی سێبته‌مبه‌ر له ئه‌مریكا، به‌رپابونی جه‌نگی دژه تیرۆریزم رژێمی به‌عسی عێراقی، ئێستا له‌م كاتانه‌دا زیاتر پێویست به‌وه ده‌كات كه سه‌رجه‌م به‌ڵگه‌كان كۆبكرێته‌وه تاوه‌كو وه‌ك شایه‌ت وابن بۆ دادگاییكردنی سه‌رانی رژێمی عێراقی، به تایبه‌ت له كاتی كوشت‌و بڕیهكهدا هه‌ڵاتون ئاماده‌بكرێن، بێگومان ئه‌مه‌ش بۆخۆی رۆڵ‌و كاریگه‌رییه‌كی سیاسی باش ده‌بینێت.
به‌شی سێیه‌م/ باسی دوه‌م
كاریگه‌ری پڕۆسه‌ی ئه‌نفال له روی ئابوری
مه‌به‌ستمان له‌م كاریگه‌ریه له روی ئابورییه‌وه به واتای ریشه‌كێش كردنی ئابوری نه‌ته‌وه‌یی، كه ئه‌مه‌ش ده‌بێته هۆی برسیكردن‌و راگواستنی هاوڵاتی له‌و شوێنه‌ی كه‌لێی نیشته‌جییه. ئه‌مه‌ش بۆ خۆی ده‌بێته هۆی داته‌پینی ئابوری‌و له ناوبردنی له‌سه‌ر خۆی خه‌ڵكه‌كه كه ناچار ده‌بن زێدی باب‌و باپیریان بهجێبهێڵنو له ئه‌نجامی ئه‌مه‌وه ئه‌و خه‌ڵكه به‌ناچاری ده‌ست له‌و دابونه‌ریته ههڵدهگرنو به‌م شێوه‌یه ده‌كه‌ونه بارودۆخێكی پڕ له نائارامییه‌وه.
ئه‌م مه‌به‌سته له پشت شاڵاوه‌كانی ئه‌نفاله‌وه خۆی حه‌شاردابو، چونكه شاڵاوه‌كانی ئه‌نفال ئه‌یویست ئه‌و دانیشتوانه‌ی كه‌له لادێكاندا دهژینو سه‌رچاوه‌یه‌كن بۆ ئابوری كشتوكاڵی هه‌رێمی كوردستان بنبڕ بكات‌و له شوێنی نیشته‌جێبونی ئه‌سڵی خۆی هه‌ڵیان بكه‌نێ كه لادێكان بو، ئه‌و پیشه سه‌ره‌كییه‌ی كه هه‌یانبو كشتوكاڵ كردن بو, به‌نه‌مانی ئه‌م سه‌رچاوه‌یه بژێوی ئه‌و كه‌سه نه‌ده‌ما.
شاڵاوه‌كانی ئه‌نفال نه‌ك ته‌نها زیانی ئابوری بۆ خودی ئه‌و جوتیاره هه‌بو، به‌ڵكو كاریگه‌ری خۆی هه‌بو بۆ سه‌ر بازاڕی هه‌رێمی كوردستان به رۆڵی خۆی.
له ئه‌نجامی شاڵاوه‌كانی ئه‌نفال سه‌ره‌ڕای له ناوچونی (182) هه‌زار وه‌ئه‌و خه‌ڵكه‌ی كه مایه‌وه برایه كۆمه‌ڵگا زۆره ملێكان، چونكه حكومه‌تی به‌عسی عێراقی مهبهستیبو ژێرخانی ئابوری كوردستان كهكشتوكاڵ بو بڕوخێنێت.
ده‌رباره‌ی ئه‌مه یه‌كێك له گه‌وره كاربه‌ده‌ستانی رژێمی به‌عسی عێراقی ده‌ڵێ "بۆچی لێبگه‌ڕێم له‌وێ وه‌ك ئاژه‌ڵ بژین هیچ شتێك نه‌زانن".
وه هه‌روه‌ها ده‌ڵێ "ئه‌و گه‌نمه‌مان ناوێت مه به‌رهه‌می ده‌هێنن" دیسانه‌وه ده‌ڵێ "من كشتوكاڵیانم ناوێ 53.
مه‌به‌ستێكی تری رژێمی به‌عسی عێراقی ئه‌وه‌بو كه ناوچه‌كه بكاته ناوچه‌یه‌كی قه‌ده‌غه‌كراو ،چونكه شاڵاوه‌كانی ئه‌نفال زیاتر لادێكانی گرته‌وه كه سه‌رچاوه‌ی ئابوری له لادێ‌دا له سه‌ر بنه‌مای كشتوكاڵ‌و ئاژه‌ڵداری ده‌وه‌ستێت، شاڵاوه‌كانی ئه‌نفال وێرانكاریه‌كی گه‌وره‌ی له‌سه‌ر پانتایی شوێنی به‌رهه‌م هێنانو له‌وه‌ڕگاو مه‌ڕو ماڵاتی لادێكان به‌جێهێشت، زۆرترین زه‌وی كشتوكاڵی له‌به‌رهه‌مهێنان له كارخست، هه‌رچی مه‌ڕو ماڵات‌و ئاژه‌ڵیش هه‌یه زۆرترین ژماره‌یان له ناوچو ته‌نها ژماره‌یه‌كی زۆر كه‌می نه‌بێ به شێوه‌یه‌كی نهێنی گوازرانه‌وه ناو شاره‌كان‌و هه‌رزان فرۆشكرانو ئه‌و سه‌رچاوه ئابوریه به ته‌واوی لێیان زه‌وت كرا54.
ئه‌توانین چه‌ند سه‌رژمێرییه‌ك بهێنینه‌وه ده‌رباره‌ی زیانه‌كان كه تایبه‌تن به پارێزگای كه‌ركوك كه ماوه‌ی نێوان ساڵانی 1987/1988 ده‌گرێته‌وه :-
1. 781 گوند سوتێنران‌و له گه‌ڵ خاك دا یه‌كسان كران
2. شه‌ش مه‌ركه‌زو ناحیه وێرانكران
3. 39178 خانوبه‌ره وێرانكران
4. 381 قوتابخانه و 657 مزگهوتو 69 نه‌خۆشخانه وێران كران
5. 45777 خێزان ئاواره‌و بێسهرو شوێنكرا
6. 52 عه‌ماراو ماتۆری ئاو و 47 مه‌كینه‌ی ئاش و 135 كارێزو ئه‌ستێڵ ته‌قێنرانه‌وه .
7. 157 تهكیهوخانهقاو مهرقهدو شوێنه‌واری ئایینی وێرانكران
8. 1435 ره‌زو باخ سوتێنران
9. 17220 تراكتۆر‌و مه‌كینه‌ی جۆراوجۆر سوتێنران‌و تاڵانكران
10. 472770 سه‌ر مه‌ڕو بزن تاڵانكرانو فه‌وتێنران و 15000 سه‌ر ره‌شه‌وڵاخ تاڵان كران‌و فه‌وتێنران
11. 570000 ته‌ن گهنمو جۆو دانه‌وێڵه فه‌وتاو سوتێنران55.
هه‌روه‌ها چه‌ند سه‌رژمێرییه‌كی ترمان هه‌یه كه تایبه‌تن به ناوچه‌كانی بادینان له نێوان 25/8/1988 تا15/9/1988 ده‌گرێته‌وه به‌م جۆره :-
1. 233 گوند له قه‌زای ئامێدی
2. 35 گوند له قه‌زای ئاكرێ
3. 19 گوند له قه‌زای شێخان
4. 100 گوند له قه‌زای زاخۆ
5. 63 گوند له دهۆك56
ئه‌وانه‌شی به‌ر شاڵاوه‌كه نه‌كه‌وتن له ئۆردوگا زۆره ملێكاندا نیشته‌جێكران ئه‌م ئۆردوگایانه بۆ خۆیان دنیایه‌ك بون بۆ ئه‌وان ره‌نگی تاریك‌و ترس‌و بێبڕوای پێده‌به‌خشین له به‌رده‌م بواره‌كانی نه‌بونی تێكشكانی سه‌رچاوه ئابوریهكانو ونكردنی كه‌سی یه‌كه‌می به‌رهه‌م هێنانی خێزان كه پیاوه57.
حكومه‌تی به‌عسی عێراقی بهمهویستی بگاته چه‌ند مه‌به‌ستێك :-
یه‌كه‌م: لادێكانی كوردستان ببونه پاڵپشتی شۆڕشی كورد‌و پێشمه‌رگه بهخۆیانو ماڵ‌و سامانه‌كانیانه‌وه جا حكومه‌ت بۆ نه‌هێشتنی ئه‌م سه‌رچاوه ئابوریه بۆ پێشمه‌رگه، شاڵاوه‌كانی ئه‌نفالی جێبه‌جێكرد.
دوه‌م: هه‌مو ئه‌و زه‌ره‌رو زیانانه‌ی كه‌له پاش شاڵاوه‌كانی ئه‌نفاله‌وه به‌جێمان پێویستی به بودجه‌یه‌كی زۆر هه‌یه بۆ سه‌ر له‌نوێ كردنه‌وه‌ی كه ده‌توانرا ئه‌و پاره‌یه له پڕۆژه‌ی تردا خه‌رج بكرێت.
ده‌رئه‌نجام
شاڵاوه‌كانی ئه‌نفال چه‌ندین ده‌رئه‌نجامی لێكه‌وتۆته‌وه كه ناكرێ له یاد بكرێن كۆشتنو زینده به‌چاڵ كردنی ئه‌و هه‌مو كورده ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌بو كه كوردبون په‌ڵه‌یه‌كی ره‌شه نه‌ك ته‌نها بۆ رژێمی به‌عس له عێراق بگره بۆ گشت ئه‌و رژێمانه‌ش كه پشتگیری‌یان لێ‌كرد .
ئه‌نفال به‌ر له‌وه‌ی دژی كورد كرابێ دژی مرۆڤایهتیو یاسا رێكخراوه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان كراوه. ناتوانین رێگه له دوباره ئه‌نفال كردنه‌وه‌ی كورد بگرین ئه‌گه‌ر رێگه‌خۆش بكرێت بۆ دروست بونه‌وه‌ی رژێمی دیكتاتۆری له عێراق دا.
له كۆتایی ئه‌م توێژینه‌وه‌یه‌دا ده‌گه‌ینه ئه‌م ده‌رئه‌نجامانه‌ی خواره‌وه:-
1. شاڵاوی ئه‌نفال یه‌كێكه له گهورهترینو دڕندانه‌ترین تاوان كه ده‌رهه‌ق به نه‌ته‌وه‌ی كورد ئه‌نجام درابێت.
2. رژێمی به‌عسی عێراقی باش ئه‌وراستیه‌ی ده‌زانی كه گه‌لی كورد گه‌لێكی موسڵمانه، به‌ڵكو ته‌نها مه‌به‌ستی ئه‌وه پشتگیری ده‌وڵه‌ته عهرهبیو ئیسلامییه‌كان به ده‌ست بهێنێت.
3. رژێمی به‌عسی عێراق ده‌یویست له رێگای ئه‌م جۆره پڕۆسانه‌وه كیشه‌ی كورد كۆتایی پێبهێنێت .
4. شاڵاوه‌كانی ئه‌نفال به‌پێی یاسا نێودهوڵهتێیهكانو رێككه‌وتننامه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان ده‌كه‌وێته ناو چوارچێوه‌ی كاری به‌كۆمه‌ڵ كوژی (جینۆساید)ه‌وه ئه‌مه‌ش بۆ خۆی قه‌ده‌غه‌كراوه، به‌ڵام پره‌نسیپی سه‌روه‌ری ده‌وڵه‌ت (السیاده الدوله) ده‌بوه چاوپۆشیكردن له‌م جۆره كرده‌وانه.
5. ئامانجی سه‌ره‌كی له شاڵاوه‌كانی ئه‌نفالدا پاكتاوكردنی نهژادیو بڕانه‌وه‌ی ره‌چه‌ڵه‌كی مرۆڤی كوردبوه.
6. ئه‌م شاڵاوه كاریگه‌ری گه‌وره‌ی هه‌بو بۆ سه‌ر نه‌ته‌وه‌ی كورد له كوردستانی عێراق به شێوه‌یه‌كی گشتی‌و تاكی كورد ،چونكه به‌عس ده‌یویست له رێگه‌ی له ناوبردنی توێژی گه‌نجه‌وه كۆمه‌ڵگایه‌كی (پیر) بهێلێته‌وه.
7. به‌عس ده‌یویست له رێگای ئه‌م جۆره پڕۆسانه‌وه شیرازه‌ی خێزانی كورد تێكبدات ،بێگومان توێژی ژن له پێشه‌وه‌ی هه‌موان دێت، چونكه ئه‌ركه‌كانی ژن زیاتره، چوارچێوه‌ی كاركردنی له ماڵ چوهدهر بۆ په‌یداكردنی بژێوی بۆ خێزان.
8. شاڵاوه‌كانی ئه‌نفال كاریگه‌ری هه‌یه بۆ سه‌ر گه‌شه‌كردنی سیاسی (تنشئه السیاسیه) ئه‌و منداڵانه‌ی كه‌له پاش شاڵاوه‌كانی ئه‌نفاله‌وه ماونه‌ته‌وه ،چونكه هه‌ستی تۆڵه‌یان له‌لا دروست ده‌بێت.
9. شاڵاوه‌كانی ئه‌نفال ئه‌و كاریگه‌رییه‌ی نه‌بوه بۆ سه‌ر دابه‌زینی هه‌ستی نه‌ته‌وه‌ی ناو پاشماوه‌كانی ئه‌نفال بگره به‌پێچه‌وانه‌وه بۆته هۆی زیادبونی هه‌ستی نه‌ته‌وه‌ییان.
10. سه‌ره‌ڕای زیانی گیانی شاڵاوه‌كانی ئه‌نفال، كاریگه‌ری ئابوری به‌رچاوی هه‌بوه، چونكه ئابوری كوردستان زیاتر له‌و كاته‌دا پشتی به كشتوكاڵ ده‌به‌ست ئه‌مه‌ش بوه هۆی تێكدانی ئه‌و لایه‌نه له ژێر خانی ئابوری كوردستان.
سه‌رچاوه‌كان
ا/كتێب :
1. د.جاسم تۆفی خۆشناو/ مه‌سه‌له‌ی كورد‌و یاسای نێوده‌وڵه‌تان . سلێمانی 2001 .
2. عه‌داله‌ت عومه‌ر ساڵح/ ئهنفالو ئافره‌تی كورد .هه‌ولێر 2004 .
3. عه‌بدوڵڵا كه‌ریم مه‌حمود/ ره‌شه‌بای ژه‌هرو ئه‌نفال. سلێمانی 2002.
4. مه‌لا شاخی/ ئه‌نفالی خاڵخالان .سلێمانی 2001 .
5. د. مارف عومه‌ر گوڵ/ پێوه‌ندی مه‌سه‌له‌ی كورد به یاسای نێو ده‌وڵه‌تانه‌وه .سلێمانی 2002 .
6. یوسف دزه‌یی/ ئه‌نفال كاره‌سات ، ئه‌نجام ره‌هه‌نده‌كانی هه‌ولێر 2001.
ب/ گۆڤار:
1. گۆڤاری سه‌نته‌ری لێكۆڵینه‌وه‌ی ستراتیجی (سیاسه‌تی ده‌ولی) ژماره (3)
2. گۆڤاری سه‌نته‌ری برایه‌تی ژماره (24) .
3. گۆڤاری ئه‌نفال ژماره‌كانی (3،4) .
4. گۆڤاری هاواری ئه‌نفال ژماره (1) .
5. گۆڤاری په‌یامی مرۆڤایه‌تی ژماره (8) .
6. گۆڤاری گولان العربی ژماره (35) .
7. Anfal no.2-2002
په‌راوێزه‌كان:
1. یوسف دزه‌یی: ئه‌نفال كاره‌سات, ئهنجامو ره‌هه‌نده‌كانی, ده‌زگای موكریانی,هه‌ولێر ساڵی 2001, چاپی یه‌كه‌م.لاپه‌ڕه 25.
2. عه‌داله‌ت عومه‌ر صاڵح ئهنفالو ئافره‌تی كورد, ده‌زگای ئاراس هه‌ولێر ساڵی 2002, چاپی یه‌كه‌م.لاپه‌ڕه 7.
3. د.ره‌فیق شوانی .زاراوه‌ی ئهنفالو ئه‌نفالی كورد‌و كاریگه‌ریه‌كانی گۆڤاری هاواری ئه‌نفال.بڵاوكراوه‌یه‌كی وه‌رزییه سه‌نته‌ری ئه‌نفال ده‌ریده‌كات له‌هه‌ولێر (1) پاییزی 2002 لاپه‌ڕه 7.
4. د.جاسم تۆفیق خۆشناو مه‌سه‌له‌ی كورد‌و یاسایی نێوده‌وڵه‌تان بڵاوكراوه‌ی سه‌نته‌ری لێكۆڵینه‌وه‌ی كوردستان سلێمانی 2001 لاپه‌ڕه 21.
5. عه‌بدولره‌حمان سدیق ئه‌نفال له‌روانگه‌ی ئیسلامه‌وه گۆڤاری سه‌نته‌ری برایه‌تی بڵاوكراوه‌یه‌كی وه‌رزییه ده‌زگای رۆژنامه‌نوسی برایهتیو خه‌بات ده‌ریده‌كات له‌هه‌ولێر ژماره (24) ساڵی 2002 لاپه‌ڕه 388-389.
6. عه‌بدولره‌حمان سدیق هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێش‌و لاپه‌ڕه 392-393.
7. عه‌بدولره‌حمان سدیق هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێش‌و لاپه‌ڕه 393.
8. عه‌بدولره‌حمان سدیق هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێش‌و لاپه‌ڕه 393.
9. یوسف دزه‌یی هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێش‌و لاپه‌ڕه 165-166.
10. د.محمد گه‌زنه‌یی كورد قڕانی ساڵی 1988و هۆكاره‌كانی ناونانی به‌ئه‌نفال گۆڤاری سه‌نته‌ری برایه‌تی بڵاوكراوه‌یه‌كی وه‌رزییه ده‌زگای رۆژنامه‌نوسی برایهتیو خه‌بات ده‌ریده‌كات له‌هه‌ولێر ژماره (24) ساڵی 2002 لاپه‌ڕه 322-323.
11. له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌نفال,گۆڤاری ئه‌نفال وه‌زاره‌تی مافی مرۆڤ ده‌ریده‌كات له‌سلێمانی ژماره (3) ساڵی 2002 لاپه‌ڕه 30
12. له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێش‌و لاپه‌ڕه 31
13. د.جاسم تۆفیق خۆشناو هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێش‌و لاپه‌ڕه 236-237
14. یوسف دزه‌یی هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێش‌و لاپه‌ڕه 40
15. د.مارف عومه‌ر گوڵ په‌یوه‌ندی مه‌سه‌له‌ی كورد به‌یاسایی نێوده‌وڵه‌تانه‌وه ده‌زگای چاپ‌و په‌خشی سه‌رده‌م سلێمانی ساڵی 2002 چاپی یه‌كه‌م لاپه‌ڕه 65.
16. د.حوسێن عه‌بد عه‌لی لێپسراوێتی تاوانه‌كانی ئه‌نفال له‌ژێر رۆشنایی یاسایی نێوده‌وڵه‌تی تایبه‌ت به مرۆڤایه‌تی گۆڤاری سه‌نته‌ری برایه‌تی بڵاوكراوه‌یه‌كی وه‌رزییه ده‌زگای رۆژنامه‌نوسی برایهتیو خه‌بات ده‌ریده‌كات له‌هه‌ولێر ژماره (24) ساڵی 2002 لاپه‌ڕه 142-143.
* جینۆساید: وشه‌یه‌كی لێكدراوی گریكییه به‌مانای كوشتنی ره‌گه‌زی مرۆڤ دێت.
17. د.حوسێن عه‌بد عه‌لی هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێش‌و لاپه‌ڕه 146.
18.هه‌مان سه‌رچاوه لاپه‌ڕه 146.
19. هه‌مان سه‌رچاوه‌ی لاپه‌ڕه 150-151.
20. هه‌مان سه‌رچاوه لاپه‌ڕه 151.
21. هه‌مان سه‌رچاوه لاپه‌ڕه 153 .
22. هه‌مان سه‌رچاوه لاپه‌ڕه 154-155.
**یه‌كێكه له‌گه‌وره كاربه‌ده‌ستانی رژێمی پێشوی عێراق راسته‌وخۆ سه‌رپه‌رشتی شاڵاوه‌كانی ئه‌نفالی كردوه له‌ماوه‌ی نێوان ساڵانی 1987 -1989 حاكمی یه‌كه‌می رژێم بوه له‌كوردستاندا.
23. د.حوسێن عه‌بد عه‌لی هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێش‌و لاپه‌ڕه 155-156.
24.له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج ئه‌نفال هیستریایی توند ڕه‌وی ده‌وڵه‌ت گۆڤاری په‌یامی مرۆڤایه‌تی كۆلیجی زانسته مرۆڤایه‌تی یه‌كان ده‌ریده‌كات له‌زانكۆی سلێمانی ژماره 8 ساڵی 1999 لاپه‌ڕه 99.
25.هه‌مان سه‌رچاوه لاپه‌ڕه 99.
26. هه‌مان سه‌رچاوه لاپه‌ڕه 99.
27.یوسف دزه‌یی, محمد شوانی ئامانجه‌كانی پرۆسه‌ی ئهنفالو قڕِكردنی سامانی مرۆیی كورد. گۆڤاری سه‌نته‌ری برایه‌تی بڵاوكراوه‌یه‌كی وه‌رزییه ده‌زگای رۆژنامه‌نوسی برایهتیو خه‌بات ده‌ریده‌كات له‌هه‌ولێر ژماره (24) ساڵی 2002 لاپه‌ڕه 332.
28. هه‌مان سه‌رچاوه لاپه‌ڕه 332-333.
29. هه‌مان سه‌رچاوه لاپه‌ڕه 333.
30.نه‌وشیروان مسته‌فا ئه‌مین خولانه‌وه له‌ناو بازنه‌دا ده‌زگای خاك سلێمانی ساڵی 1999 چاپی دوه‌م لاپه‌ڕه 7-8.
***هه‌ردو ماده‌كه په‌سه‌نكراوی یه‌كه‌مین كۆنگره‌ی دامه‌زراندنی حزبی به‌عسه.
**** یه‌كێكه له‌گه‌وره كاربه‌ده‌ستانی رژێمی پێشوی عێراق.
31. عه‌داله‌ت عومه‌ر صاڵح هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێش‌و لاپه‌ڕه 40.
32 . هه‌مان سه‌رچاوه لاپه‌ڕه 42.
33. له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج گۆڤاری په‌یامی مرۆڤایه‌تی هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێش‌و لاپه‌ڕه 99.
34. سه‌رچاوه‌ی پێش‌و لاپه‌ڕه 101.
35. یوسف دزه‌یی: ئه‌نفال كاره‌سات,ئهنجامو ره‌هه‌نده‌كانی هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێش‌و لاپه‌ڕه‌كانی 33,34 ,35 ,36.
***** ئاماژه‌یه بۆ وته‌ی علی حسن مجید كه‌سود له‌هه‌مان سه‌رچاوه وه‌رگیراوه.
36. عه‌داله‌ت عومه‌ر صاڵح هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێش‌و لاپه‌ڕه 111.
37. هه‌مان سه‌رچاوه لاپه‌ڕه 112.
38.شێخ سدیق كاریگه‌ری ئه‌نفال له‌سه‌ر لایه‌نی دهرونیو كۆمه‌ڵایه‌تی ناو پاشماوه‌كانی ئه‌نفال.
گۆڤاری سه‌نته‌ری برایه‌تی بڵاوكراوه‌یه‌كی وه‌رزییه ده‌زگای رۆژنامه‌نوسی برایهتیو خه‌بات ده‌ریده‌كات له‌هه‌ولێر ژماره (24) ساڵی 2002 لاپه‌ڕه 220.
39. عه‌داله‌ت عومه‌ر صاڵح هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێش‌و لاپه‌ڕه 91 .
40. شێخ سدیق سه‌رچاوه‌ی لاپه‌ڕه 220.
41. هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێش‌و لاپهرٍه 220.
42. عه‌داله‌ت عومه‌ر صاڵح سه‌رچاوه‌ی پێش‌و لاپه‌ڕه 112.
43.ته‌ها ئه‌حمه‌د سڵێمان كاردانه‌وه‌ی په‌لاماری ئه‌نفال له‌سه‌ر ژنان گۆڤاری ئه‌نفال وه‌زاره‌تی ماڤی مرۆڤ ده‌ریده‌كات له‌سلێمانی ژماره (3) ساڵی 2002 لاپه‌ڕه 9.
44.هه‌مان سه‌رچاوه لاپه‌ڕه 9.
45. شێخ سدیق سه‌رچاوه‌ی پێش‌و لاپه‌ڕه 221.
46. ته‌ها سڵێمان سه‌رچاوه‌ی پێش‌و لاپه‌ڕه 12.
47. هه‌مان سه‌رچاوه لاپه‌ڕه 12.
48. سه‌رچاوه‌ی پێش‌و لاپه‌ڕه 13.
49. مه‌لاشاخی ئه‌نفالی خاڵخاڵان سلێمانی ساڵی 2001 چاپی یه‌كه‌م لاپه‌ڕه 67.
50. د. محمد گه‌زنه‌یی حكم زوجات المفقودین. گۆڤاری گولان العربی گۆڤارێكی هه‌فتانه‌یه ده‌زگای رۆشنبیری‌و راگه‌یاندنی گوڵان ده‌ریده‌كات له‌هه‌ولێر ژماره (35)نیسانی 1999 لاپه‌ڕه41.
51. ته‌ها سڵێمان سه‌رچاوه‌ی پێش‌و لاپه‌ڕه 14-15.
52. مه‌لاشاخی سه‌رچاوه‌ی پێش‌و لاپه‌ڕه 69.
53 .عه‌بدوڵا كه‌ریم مه‌حمود ره‌شه‌بای ژه‌هر ئه‌نفال وه‌زاره‌تی رۆشنبیری سلێمانی ساڵی 2002 چاپی یه‌كه‌م لاپه‌ڕه 231
54. شێخ سدیق سه‌رچاوه‌ی پێش‌و لاپه‌ڕه 218.
55. زیاد عه‌بدولره‌حمان ئه‌نفال نمونه‌ی جینۆسایدی كورده گۆڤاری سه‌نته‌ری لێكۆڵینه‌وه‌ی ستراتیجی گۆڤارێكی وه‌رزییه سه‌نته‌ری لێكۆڵینه‌وه‌ی ستراتیجی كوردستان ده‌ریده‌كات له سلێمانی ژماره (3) ساڵی 1995 لاپه‌ڕه 82.
56.هه‌مان سه‌رچاوه لاپه‌ڕه 82.
57. شێخ سدیق سه‌رچاوه‌ی پێش‌و لاپه‌ڕه 218.
58. mohammed h.tofiq the chronology of the military campaign of anfal a document. research magazine published by ministry of human rights and refugee-anfal in sulaimany no (2) 2002 p (12-16).
تێبینی:
سه‌رجه‌م رێژه‌كان سودم له‌م سه‌رچاوانه وه‌رگرتوه:.
1. عه‌داله‌ت عومه‌ر عه‌بدوڵڵا (ئهنفالو ئافره‌تی كورد 2002)
2. یوسف دزه‌یی ( ئه‌نفال كاره‌سات، ئهنفالو ره‌هه‌نده‌كانی 2001) |
|
|