|
رۆڵی تورکیا وه‌ک یاریکه‌رێکی نا- تایفی له سه‌قامگیری رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا |
25/04/2015 16:55:54 |
م. مۆینودین جامه‌ی
له ئینگلیزییه‌وه ئاراز ئه‌حمه‌د محه‌مه‌د
ئابوری و سیاسه‌تی ناوخۆیی تورکیا له ماوه‌ی چه‌ند ساڵی پێشودا گۆڕانی دراماتیکی به‌خۆیه‌وه بینیوه له‌ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا. له‌م ساته‌وه‌خته‌دا، تورکیا یه‌که‌م هێزی هه‌رێمییه که توانا‌و قودره‌تی هه‌یه بۆ به‌رته‌سکردنه‌وه‌ی بۆشایی دابه‌شبونی جیهانی ئیسلامی.
زیاد له 10 ساڵ تێده‌په‌ڕێت به‌سه‌ر داگیرکارییه‌که‌ی ئه‌مەریکا بۆ سه‌ر عێراق و له‌کۆڵکردنه‌وه‌ی سه‌دام حوسه‌ین، که بوه هۆکاری هێنانه ئاراوه‌ی هاوسه‌نگی هێز له نێوان نه‌یاران له‌ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست. ئه‌و داگیرکارییه‌ی ئه‌مەریکا ڕێگای بۆ ته‌راتێنی ئێران له به‌غدا خۆشکرد، سه‌ربه‌خۆییه‌کی نه‌خه‌مڵیوی بۆ کورده‌کان ده‌سته‌به‌ر کرد و پاشانیش پرۆسه‌ی سڕینه‌وه‌ی ئاسه‌واری به سوننەکردنی عێراق هێنایه ئاراوه .
دوابه‌دوای یه‌که‌م شه‌ڕی که‌نداو (1990-1991)، وێنه‌ی روکه‌شانه‌ی سعودیه وه‌ک سه‌رداری هه‌مو سونه‌کانی جیهانی ئیسلامی که‌وته ژێر پرسیاره‌وه. پاش داگیرکارییه‌که‌ی ئه‌مەریکاش بۆ سه‌ر عێراق، پێگه‌ی سعودیه له‌هه‌مو قاڕه‌کاندا داڕمانی زیاتری به خۆیه‌وه دی و به تایبه‌ت له‌هه‌ردو وڵاتانی عه‌ره‌بی سونی و ئه‌و وڵاته سونە مه‌زهه‌بانه‌شی که عه‌ره‌ب نین.
هه‌رچه‌نده ده‌نگۆی گۆڕانی بنه‌ڕه‌تی له سیاسه‌تی سعودیه‌دا ده‌بیسترێت دوای ده‌ستنیشانکردنی سه‌لمان بن عه‌بدولعه‌زیز وه‌ک شای سعودیه، به‌ڵام پاڵپشتیکردنی و هاوکاری سعودییه له کوده‌تاکه‌ی میسردا بۆ سه‌ر موحه‌مه‌د مورسی و وه‌ستانه‌وه له دژی چه‌ند شۆڕشێکی تر له‌وڵاته عه‌ره‌بییه‌کاندا بوه هۆکاری تێکشکانی پێگه‌ی سعودییه به‌جۆرێک توانای چاککردنه‌وه‌ی ئاسته‌مه .
به‌هۆی دژایه‌تیکردنی ئه‌مەریکاو ئیسرایل، ناوبانگ و متمانه‌ی سه‌رانی به‌هێزی شیعه‌ی ئێران له‌زیادبوندا بو. به‌ڵام ئه‌و متمانه و به‌ناوبانگییه ئێستا ئاوه‌ژو بوه‌ته‌وه به‌هۆی پشتگیری ئاشکرای ئێران بۆ هاوپه‌یمانانی شیعه‌ی ده‌سه‌ڵاتداری سه‌ر به خۆیان له سوریا، عێراق و حوسیه شیعه‌کانی یه‌مه‌ن.
هه‌ر له‌م سه‌روبه‌نده‌دا یه‌کێکی تر له‌ده‌سه‌ڵاتدارانی ناوچه‌که که تورکیایه، له خه‌وێکی قوڵ به‌خه‌به‌ر هاته‌وه وه‌ک هێزێکی کاریگه‌ر له‌ڕوی ئابوری و جیۆسیاسی له ناوچه‌که‌دا ده‌رکه‌وته‌وه. له‌ئێستادا، تورکیا له‌ڕیزبه‌ندی 17 دا له گه‌وره‌ترین هێزی ئابوری له جیهانداو ئێران و سعودیه‌شی وه‌ک دو هێزی سه‌ره‌کی له ناوچه‌که‌دا تێپه‌ڕاندوه .
سعودییه‌و ئێران له‌نێو گه‌وره‌ترین وڵاتانی هه‌نارده‌کردنی نه‌وت و گازن له‌جیهاندا. به‌دیوه‌که‌ی تردا، تورکیا به‌هۆی گه‌شه‌کردنی ئابورییه‌وه، له 2013 دا رێژه‌ی هێنانه ناوه‌وه‌ی نه‌وت و گازی به بڕی 60 بلیۆنی دۆلاری ئه‌مەریکی تێپه‌ڕاند؛ به‌مشێوه‌یه تورکیا بوه گه‌وره‌ترین وڵاتی هێنانه‌وه‌وه‌ی نه‌وت و گازی سروشتی له ناوچه‌که‌دا. تورکیا نه‌ک ته‌نها کڕیارێکی به‌هێزی وزه‌یه، به‌ڵکو سه‌نته‌رێکی گرنگی گواستنه‌وه‌ی وزه‌شه له ناوچه‌کدا.
په‌یوه‌ندی دولایه‌نه‌ی تورکیا له‌گه‌ڵ هه‌ردو سعودیه‌و ئێران له ماوه‌ی 10 ساڵی رابردودا به‌شێوه‌ی خێرا گه‌شه‌یی کردوه. ئه‌و په‌یوه‌ندیه گه‌شته لوتکه‌ی خۆی کاتێک ئه‌ردۆغان که له 2010 دا سه‌رۆک وه‌زیران بو، باڵاترین خه‌ڵاتی مه‌ده‌نی له‌لایه‌ن شای سعودییه‌وه پێ به‌خشرا. پاشانیش ئه‌ردۆغان رێکه‌وتننامه‌یه‌کی له‌مه‌ڕ کێشه‌ی چه‌کی ئه‌تۆمی ئێران له‌گه‌ڵ سه‌رۆکی پێشوی به‌ڕازیل، لولا داسیلڤا، مۆرکرد.
شۆڕشی عه‌ره‌بی دژ به دیکتاتۆره‌کان له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا بوه هۆکاری تێکدانی په‌یوه‌ندییه دینامیکییه‌کانی تورکیا له‌گه‌ڵ سعودییه‌و ئێران، چونکه رژێمه‌کانی ریاز و تاران ئه‌و دیکتاتۆرانه‌یان هه‌ڵده‌بژارد که دڵ خوازی خۆیان بون.
دژایه‌تی به‌هێزی تورکیا به‌رامبه‌ر به هه‌ردو ڕژێمی دیکتاتۆری میصر و سوریا، په‌یوه‌ندییه‌کانی تورکیایی له‌گه‌ڵ سه‌رانی تاران و ڕیاض تێکدا. هه‌رچه‌نده ئاڵوگۆڕی بازرگانی تورکیا له‌گه‌ڵ ئێران و سعودییه هه‌روه‌ک جاران ئاساییه، به‌ڵام هه‌ریه‌که له‌و سێ وڵاته بۆچونی جیاواز‌و دژبه‌یه‌کیان سه‌باره‌ت به‌شێوازی کارکردن له ئان و ساتی سه‌رده‌رکێشانی بارودۆخه هه‌ڵپه‌سێردراوه‌کان له‌م ناوچه‌یادا په‌یڕه‌و ده‌که‌ن. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، کاریگه‌ری ئێران له‌م ناوچه‌یادا هه‌ر له‌سنوری به‌شی رۆژئاوای وڵاتانی عه‌ره‌بیدایه، له‌کاتێکدا سعودیه‌و تورکیا به ته‌واوه‌تی به‌رژه‌وه‌ندی دژ به‌یه‌کیان هه‌یه له وڵاتانی باکوری ئه‌فریقا له‌وانه‌ش میصر، لیبیا و تونس.
له‌ماوه‌ی چه‌ند ساڵی رابردودا، روداوه‌کانی میسر، سوریا، عێراق، به‌حره‌ین، لیبیا، تونس و یه‌مه‌ن هۆکاری دروستکردنی بارگرژی بۆ هه‌ر سێ ڕژێمی سعودییه، تورکیا‌و ئێرانی دێرین بون. به‌مه‌به‌ستی دامرکاندنه‌وه‌ی هێزه نه‌یاره‌کان و پاراستی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانیان، هه‌ردو ریاز و تاران سه‌ربازی خۆیان بۆ به‌حره‌ین و سوریا ناردوه. له‌م ماوه‌یه‌ی دوایدا، ئێران به بێ په‌رده ده‌ستێوه‌ردانی سه‌ربازی له عێراقدا دانپێدا ناوه .
له میسر که سیسته‌می سه‌ربازی ئه‌وه‌نده به‌هێزه بتوانێت ده‌نگی خه‌ڵک کپ بکات و هیچ جۆره ده‌ستێوه‌ردانێکی سه‌ربازی داوا نه‌کرابو، سعودیه‌ی خۆسه‌پێنه‌ر قاسه‌که‌ی کرده‌وه و به‌لێشاو پاره‌ی بۆ فیرعه‌ونه نوێیه‌که ڕه‌وانه کرد. له‌سه‌ره‌تایی ده‌ست پێکردنی کۆده‌تاکه‌ی بۆ سه‌ر موحه‌مه‌د مورسی، عه‌بدولفه‌تاح ئه‌لسیسی به هه‌زاران خه‌ڵکی مه‌ده‌نی کوشتوه و ئازار داوه. مه‌کینه‌ی کوشتار و ئازاردانی فه‌تاح سیسی به توندی دژ به هاوڵاتیانی دژه کوده‌تا و ئازادیخوازی میصر به‌کارده‌هێنرێت.
تورکیا ته‌نها وڵاته له ناوچه‌که‌دا که توانا و لێوه‌شاوه‌یی ئه‌وه‌ی هه‌بێت ڕێگری بکات له سه‌رهه‌ڵدانی بارگرژی تایفی و به‌رته‌سکردنه‌وه‌ی درزی دابه‌شبونی جیهانی ئیسلامی. بۆ به‌ده‌ستهێنانی ئه‌و ئامانجه‌ش، تورکیا ده‌بێت جێگره‌وه‌ی سعودییه بێت له رۆڵی سه‌ردارێتی له جیهانی دابه‌شبوی ئیسلامی‌دا.
هه‌وڵی ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغانی سه‌رۆکی تورکیا له‌گه‌شه‌پێدانی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ سعودیه‌و ره‌خنه‌ی خه‌ڵک دژ به‌مه‌یلی فراوانخوازی ئێران ئاماژه‌یه‌کی رونه بۆ ده‌سه‌ڵاتدارانی ناوچه‌که بۆ دانوستان و چاره‌سه‌رکردنی کێشه هه‌ڵپه‌سێردراوه‌کانیان که کاریکردۆته سه‌ر سه‌قامگیری ناوچه‌که. بۆ چاره‌سه‌رکردنی ئه‌و بارگرژیانه‌ش له‌ناوچه‌کدا، هه‌ردو سعودییه و ئێران پێوسیته سیاسه‌ته‌کانیان له‌م ئان و ساته‌دا هه‌ڵبوه‌شێننه‌وه له پاڵپشتیکردنیان بۆ دیکتاتۆر و رژێمه دیکتاتۆره‌کان که به پاساوی کاری سیاسه‌ت و به‌رژه‌وه‌ندی ناوخۆیی په‌یڕه‌وی ده‌که‌ن.
ئێران هه‌میشه لایه‌نگری حکومڕانی زۆرینه بوه له عێراقدا به‌ڕێگه‌ی دیموکراسی، هه‌مان به‌ڵێنیش ده‌دات بۆ فه‌رمانڕه‌وایی له به‌حره‌یندا. به‌ڵام مه‌یلی ئێران بۆ دیموکراسی ده‌بێته خۆڵه‌ێشی نێو هه‌وا کاتێک باس دێته سه‌ر سوریا و یه‌مه‌ن که تیایدا ئێران لایه‌نگری که‌مینه‌یه‌کی خۆسه‌پێنه‌ر له دیمه‌شقدا ده‌کات و پشتیگیریکردنشی بۆ ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنه سه‌ربازییه‌که‌ی که‌مینه‌ی گروپی زه‌یدی شیعه له یه‌مه‌ن به هه‌مان پێودانگه .
هه‌ردو رژێمی ڕیاض و تاران به ده‌ستی ئاسنینه‌وه حکومڕانی هاوڵاتیانیان ده‌که‌ن، گرتنی هه‌ڕه‌مه‌کی شتێکی ئاساییه و له‌وانه‌ش دیارتر مامه‌ڵه‌ی به ئاشکرای هه‌ڵاوێرکردنه له‌گه‌ڵ که‌مینه‌کان. سونییه‌کانی ئێران و شیعه‌کانی سعودییه به ده‌ست مامه‌ڵه‌ی هه‌ڵاورێکردن له‌ناوخۆیی وڵاته‌کانیاندا ده‌ناڵێنن.
هه‌رچه‌نده شه‌ڕی تایفی یارمه‌تیده‌ری ئه‌م ڕژێمه خۆسه‌پێنه‌رانه بوه بۆ درێژه‌پێدانی ده‌سه‌ڵاته‌کانیان، به‌ڵام وا خه‌ریه‌که ڕه‌وایه‌تی نه‌ک ته‌نها له ناوخۆی وڵاته‌کانیاندا به‌ڵکو له ده‌ره‌وه‌ش له ده‌ست ده‌ده‌ن به په‌نای بێداربونه‌وه‌ی هۆشیاری سیاسی و گه‌شه‌کردنی ئابوری-کۆمه‌ڵایه‌تی.
جیهانی ئیسلامی، به تایبه‌ت له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا، پێویستی به مۆدێلێکی ده‌وڵه‌تداری هه‌یه که تیایدا سونه، شیعه، مه‌سیحییه ڕه‌سه‌نه‌کان و خه‌ڵکانی تری خاوه‌ن باوه‌ڕه‌ی جیاواز به یه‌که‌وه و شان به شانی یه‌کتر به ئاشتی و ئاسوده‌یی بژین. وا ده‌رده‌که‌وێت تورکیا، به‌ڕه‌چاوکردنی به‌ڵێنه‌کانی دژ به تایفه‌گه‌ری، له‌و پێگه‌یه‌دا بێت بتوانێت مۆدێلێکی ئه‌وتۆ پێشکه‌ش بکات.
که‌وابو، ده‌بێت میکانیزمێکی کاریگه‌ر بۆ دامرکاندنه‌وه‌ی ته‌نگه‌ژه‌ی هه‌رێمی گه‌شه‌ی پێ بدرێت که تیایدا تورکیا شان بداته به‌ر دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌رێکی به‌هێز بۆ ئه‌و پێکدادانه تایفییه‌ی ئێستا له‌ئارادایه . له هه‌مانکاتیشدا، رێگه‌خۆشکردن بۆ به‌ده‌ستهێنانی پشتگیری دژ به ده‌ستێوه‌ردانی ده‌ره‌کی له دابه‌شکاری جیهانی ئیسلامی‌دا له سه‌روبه‌ندی ناکۆکی به‌رده‌وام له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا.
کێشه هه‌رێمییه‌کان پێویستیان به چاره‌سه‌ری هه‌رێمی هه‌یه . له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا، هه‌رجۆره ئه‌رک سه‌پاندنێکی ده‌ره‌کی به شێوه‌یه‌کی کاریگه‌ر چاره‌سه‌ری کێشه‌کان ناکات. ئه‌مه‌ش به ئاشکرا له هه‌ڵوێستی بێباکانه‌ی ئه‌مەریکا، یه‌کێتی ئه‌وروپا و نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتوه‌کاندا دیاره له به‌ده‌نگه‌وه نه‌هاتنیان بۆ چاره‌سه‌ری ئاریشه مرۆیه‌کانی ئه‌م ناوچه‌یه به شێوه‌یه‌کی کاریگه‌رانه .
به‌م شێوه‌یه، هه‌تاوه‌کو ته‌پ و تۆزی بارگرژییه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌نیشنه‌وه و ئه‌م ناوچه‌یه شێوه‌ی راگوزه‌ری خۆی وه‌رده‌گرێت، به ئومێدی ئه‌وه‌ی تورکیا به هه‌مو سه‌رکردایه‌تییه نوێ و گشتگیره‌کانییه‌وه بتوانێت داکۆکیکارێکی مرۆڤدۆستانه بێت له دامرکاندنه‌وه‌ی خۆڵه‌مێشی شه‌ڕی تایفی و ڕژێمه خۆسه‌پێنه‌ره‌کاندا. ڕۆڵی تورکیا له به‌ده‌ستهێنانی سه‌قامگیری هه‌رێمی له ژینگه‌یه‌کی تاودراو به شه‌ڕی تایفی نێوان ئێران و سعودییه به دڵنیاییه‌وه مێژویی ده‌بێت.
سه‌رچاوه: ۆڵدبوڵیتن |
|
|