Print WWW.SBEIY.COM
 وەزارەتی دارایی: خەرجی حكومەت چوار ترلیۆن دینار كەمی كردوە
16/05/2015 22:09:33
(سبەی):
"خەرجییەكانی حكومەت لە ساڵی 2014 دا 4 ترلیۆن دینار كەمیكردوە" ئەمە بەپێی راپۆرتی خەرجییەكان كە وەزارەتی دارایی‌و ئابوری كە بۆ پەرلەمانی كوردستانی ناردوە.
عەلی حەمە ساڵح جێگری سەرۆكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان لە لێدوانێكدا بۆ (تۆڕی میدیای گۆڕان) ئاشكرایكرد، وەزارەتی دارایی‌و ئابوری راپۆرتی خەرجییەكانی ساڵی 2014 ی ئاڕاستەی پەرلەمانی كوردستان كردوە.
"بەپێی ئەم راپۆرتە ساڵی 2014 بە بەراورد بە 2013 خەرجییەكانی حكومەت 4 ترلیۆن دینار كەمیكردوە، كۆی گشتی خەرجی لە ساڵی رابردودا (14) ترلیۆن دینار بوە كە ئەمەش بریتی بوە لە (2) ترلیۆن دینارەكەی بەغدا‌و (4) ملیار دۆلاری وەزارەتی سامانە سروشتییەكان‌و داهاتی ناوخۆ‌و بەشێكی زۆریشی ئەو قەرزە بوە كە لە بانكەكان كراوە".
رۆژی 12 ئەم مانگە رێباز محەمەد حەملان وەزیری دارایی‌و ئابوری حكومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی پەرلەمانی كردو راپۆرتی داهات‌و خەرجییەكانی ساڵی رابردوی حكومەتی هەرێمی كوردستانی رادەستی سەرۆكایەتی پەرلەمان كرد.