Print WWW.SBEIY.COM
 فیگۆ لە كێبركێی فیفا دەكشێتەوە
21/05/2015 23:52:28
(سبەی):
لویس فیگۆ یاریزانی پێشوی هێڵی ناوەڕاستی هەڵبژاردەی پرتوگال كشایەوە لە كێبركێكان بۆ بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆكی یەكێتی نێوڵەتی تۆپی پێی (فیفا).
ئەم كشانەوەیەی فیگۆ دوای چەند سەعاتێك هات لە كشانەوەی كاندیدی هۆڵەندا مایكڵ ڤان براگ.
لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك فیگۆ نوسیویەتی"بڕیاری خۆمدا.. بەشداری ناكەم لە هەڵبژاردنەكان بۆ سەرۆكایەتی فیفا".
دەڵێت"دوای بیركردنەوەی خۆم‌و وەرگرتنی راوبۆچونی دوان لە كاندیدەكانی تر، لەوباوەڕەدام ئەوەی رۆژی 29 ی مایۆ لە زیوریخ رودەدات پرۆسەی هەڵبژاردنێكی ئاسایی نییە، بۆیە لەو پرۆسەیەدا نابم كە من لە دەرەوەی حساباتەكانەوە بم".
دوای كشانەوەی فیگۆ، عەلی بن حسێن شازادەی ئوردن دەبێتە تاكە كاندید كە ركابەرایەتی سێب پلاتەر سەرۆكی ئێستا فیفا بكات بۆ هەڵبژاردنە چاوەڕوانكراوەكە.
فیگۆ (42 ساڵ) وتی"هیچ جۆرە مشتومڕێكی ئاشكرا بونی نییە لەبارەی پێشنیاری كاندیدەكانەوە. كەس هەیە باوەڕ بەوەبكات كە هەڵبژاردن لە یەكێكە لە گەورەترین دامەزراوەكانی سەرزەویدا ئەنجام بدرێت بەبێ هیچ گفتوگۆیەكی ئاشكرا".
وەك ئاماژەیەكیش بۆ پلاتەر وتی"كەس هەیە باوەڕبكات كە یەكێك لە كاندیدەكان تەنانەت بایەخی بەوەشنەداوە بەرنامەی هەڵبژاردنی خۆی پێشكەش بكات".
"ئایا پێویست نییە ئەم بەرنامانە پێشكەش بكرێن تاوەكو سەرۆكی یەكێتییەكان بزانن دەنگ لەسەر چی دەنگ بدەن" ئەمە بەشێكی ترە لە رەخنەكانی فیگۆ دوای كشانەوەی.