|
حكومەتی هەرێم دوا بڕیاری خۆی دەدات |
26/05/2015 22:37:55 |
(سبەی):
" حكومەتی هەرێم چاوی لە بەشە بودجەی مانگی ئایارە، خۆ ئەگەر هەمان بڕی پارەی مانگەكانی پێشوی بێت، ئەوا دوا بڕیاری خۆی دەدات" وتەبیژی حكومەتی هەرێمی كوردستان وای راگەیاند.
سەفین دزەیی ئاشكرایكرد، بۆ بڕیاردان لەسەر بەردەوامیدان بە هەناردەكردنی نەوت لە رێگەی كۆمپانیای (سۆمۆ) كە كۆمپانیای نیشتیمانی فرۆشتنی نەوتی عێراقە، چاوەڕوانی بودجەی مانگی ئایار دەكەین كە بڕیارە لە بەغداوە بگاتە هەرێمی كوردستان.
حكومەتی هەرێمی كوردستان ناڕازی بو لەو بەشە بودجەیەی كە لەبەرانبەر هەناردەی نەوتدا مانكی نیسانی رابردو حكومەتی ناوەند ناردی، بەڵام بەپێی قسەی ئەندامێكی لیژنەی نەوتو غاز لە پەرلەمانی عێراق، بەغدا بەنیازە پارەی ئەو بڕە نەوتە زیادەیەی كە هەرێم لە مانگی نیساندا هەناردەی كردوە بخاتەسەر بودجەی ئەم مانگە (ئایار).
كاوە محەمەد ئەندامی فراكسیۆنی گۆڕان لە لیژنەی نەوتو غاز لە پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێكدا بۆ (تۆڕی میدیای گۆڕان) وتی"لەكۆبونەوەماندا لەگەڵ وەزیری نەوتی عێراق، پێی راگەیاندین ئەو بڕە زیادەیەی هەرێم لە مانگی نیساندا هەناردەی كردوە، دەچێتەسەر حسابی بودجەی مانگی ئایارو هەرێم قەرەبو دەكرێتەوە".
تائێستا دیار نییە ئایا بەغدا بە هەمان مەزەندەی مانگی نیسان بودجەی ئەم مانگەش دەنێرێت یاخود نا، بەڵام هەڕەشەكردنی حكومەتی هەرێم بۆ بڕیاردانی كۆتایی لەبارەی بەردەوامیدان یان راگرتنی پرۆسەی هەناردەی نەوت وەك بایەزید حەسەن پەرلەمانتاری خولی پێشوی پەرلەمانی عێراق دەڵێت"لێكۆڵینەوەی وردی دەوێت".
بڕیاری راگرتنی هەناردەی نەوت لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە بە واتای بڕینی تەواوەتی پشكی هەرێم دێت لە بودجەی عێراق، كە خۆی ماوەی چەند مانگێكە راوەستاوەو بەشێوەی پچڕپچڕ دەنێردرێت. بە واتایەكی تر لە حاڵی دەركردنی وەها بڕیارێكدا هەرێمی كوردستان دەبێت خۆی داهاتی خۆی دابین بكات، ئەمەش ئەو شتەیە كە پێی دەڵێن "سەربەخۆیی دارایی"و هەندێكیش وەك بنەمایەك بۆ گەیشتن بە "سەربەخۆیی سیاسی" ناوی دەبەن.
|
|
|