Print WWW.SBEIY.COM
 دوا زانیارى لەبارەى تەندروستى کچە گۆرانیبێژەکەى باکورەوە
27/05/2015 09:57:38
(سبەی):
دواى ئەوەى موتلو كایای كچە گۆرانبێژی باكوری كوردستان كە لە ئەنجلمی هێرشێكدا بە سەختی برینداركرا، تائێستا لە نەخۆشخانەیە و لەژیر چاودێرى وردى پزیشکیدایە، بەڵام بەپێی لێدوانی پزیشكەكان باری تەندروستی بەرە و باشبون دەچێت و وەڵامى بۆ چارەسەرەکان هەیە.
سایتى خەبەر تورك لە نوێترین هەواڵیدا سەبارەت بە باری تەندروستی موتلو كایا، ئاماژەی بەوە كردوە هەرچەندە ئەو كچە هونەرمەندە تائێستا بێ هۆشە، بەڵام باری تەندروستی جێگیرە و بەرەو باشبون دەچێت، پزیشكەكانیش ئاماژەیان بەوە كردوە وەڵامدانەوەی كایا بۆ ئەو چارەسەرانەی بۆی دەكرێت باشە، چەند جوڵەیەكیشی كردوە، بەڵام رەنگە تا هەفتەیەكی دیكەش گۆرانكاری ئەوتۆ لەبارودۆخیدا رونەدات و لەژێر چاودێری ورددا بمێنێتەوە.
موتلو كایا كچە كوردێكی تەمەن (19 ساڵ)ی شاری ئامەدە و دوای بەشداریكردنی لە پرۆگرامێكی تایبەت بە بەهرەمەندان، توانی بەهۆی دەنگە خۆشەكەیەوە جەماوەرێكی زۆر بۆ خۆی كۆبكاتەوە و تەنانەت بەشێک لە هونەرمەندەکانیشى سەرسام کرد لەوانە سیبل جان، بەڵام هەفتەی رابردو لە ئەنجامى ئەو هێرشەى کرایە سەر ماڵەكەی بە سەختی بریندار کرا و سەرى پێکرا.
 بەتۆمەتی ئەو كارەش پۆلیسی توركیا چوار كەسی دەستگیر كرد كە ئێستا سیانیان ئازاد كراون و چوارەمیشیان كە خۆشەویستە كۆنەكەی موتلو كایایە تائێستا لەژێر لێكۆڵینەوەدایە.