Print WWW.SBEIY.COM
 ئێران داوای‌ درێژكردنه‌وه‌ی‌ واده‌ی‌ گفتوگۆی ئەتۆمی ده‌كات
28/05/2015 08:56:36
(سبەی):
له‌گه‌ڵ به‌رده‌وامی‌ گفتوگۆ ئه‌تۆمییه‌كان، ئێران ده‌ڵێت له‌ واده‌ی‌ دیاریكراودا گفتوگۆكان كۆتایی‌ نایه‌ن و ئەمەریکاش ره‌تیده‌كاته‌وه‌ واده‌كه‌ درێژ بكرێتەوە‌، فه‌ره‌نساش ده‌ڵێت ئه‌گه‌ر پشكنینی‌ سه‌ربازگه‌كان له‌ رێكه‌وتنه‌كه‌دا نه‌گونجێت ئه‌وا دژی‌ ده‌وه‌ستێته‌وه‌.
ئه‌مڕۆ پێنجشەممە، بۆ رۆژی‌ دوه‌م خولی‌ نوێی‌ گفتوگۆ ئه‌تۆمییه‌كانی‌ نێوان ئێران و كۆمه‌ڵه‌ی‌ پێنج كۆ یه‌ك له‌ ڤیه‌ننا به‌رده‌وام ده‌بێت، له‌وبارەیه‌وه‌ عه‌باس عێراقچی، سه‌رۆكی‌ وه‌فدی‌ دانوستانكاری‌ ئه‌تۆمیی‌ ئێران رایگه‌یاند، گفتوگۆكانی‌ ئه‌و قۆناغه‌ی‌ ئێستا زۆر ئاڵۆزن و ئه‌گه‌ری‌ ئه‌وه‌ له‌ ئارادایه‌ تا واده‌ی‌ دیاریكراو كه‌ (30)ی‌ حوزه‌یرانی‌ داهاتوه‌ گفتوگۆكان كۆتاییان نه‌یه‌ت و پێویست به‌ درێژكردنه‌وه‌ی‌ واده‌ی‌ گفتوگۆكان بكرێت.
 له‌ كاردانه‌وه‌یه‌كیشدا جیف راتكه،‌ وته‌بێژی‌ وه‌زاره‌تی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ئەمەریکا رایگه‌یاند، واشنتۆن له‌ به‌رنامه‌یدا نییه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك واده‌ی‌ گفتوگۆكان درێژ بكاته‌وه‌، چونكه‌ له‌و بڕوایه‌دایه‌ تا رۆژی‌ (30)ی‌ حوزه‌یران ده‌رفه‌تی‌ پێویستیان له‌ به‌رده‌مدایه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ به‌ رێكکه‌وتن بگه‌ن.
وته‌بێژه‌كه‌ی‌ وه‌زاره‌تی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ئەمەریکا وتیشی‌، رۆژی‌ (30)ی‌ ئه‌م مانگه‌ جۆن كیری‌، وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ئەمەریکا له‌ جنێف له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریف، وەزیری ده‌ره‌وه‌ی‌ ئێران كۆده‌بێته‌وه‌.
له‌ لایه‌كی‌ دیكه‌وه‌ لۆران فابیۆس، وه‌یزری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ فه‌ره‌نسا هۆشداریدا کە ئه‌گه‌ر له‌ ره‌شنوسی‌ رێكه‌وتنی‌ كۆتاییدا پشكنینی‌ سه‌ربازگه‌كانی‌ ئێران نه‌گونجێنرێت ئه‌وا پاریس ده‌نگ به‌ رێكه‌وتنه‌كه‌ نادات و له‌ دژی‌ ده‌وه‌ستێته‌وه‌.