|
بەرهەم ساڵح وتاری یادی دامەزراندنی یەكێتی دەخوێنێتەوە |
28/05/2015 23:03:52 |
(سبەی):
رۆژی ( 31 ی ئایار) واتە دواین رۆژی ئەم مانگە ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە دەباشانو لە ماڵی مام جەلال كۆدەبێتەوە، ئەم كۆبونەوەیە بەبۆنەی ساڵیادی 40 ساڵەی دامەزراندنی یەكێتییەوەوە، بڕیارە بەرهەم ساڵح وتاری یادی یەكێتی بخوێنێتەوە.
بەمەبەستی تێپەڕادنی كێشە ناوخۆییەكانو هەنگاونان بۆ دەستپێكردنەوەی كۆبونەوەكانی مەكتەبی سیاسیو سەكردایەتی، رۆژێك بەر لەیادی 40 ساڵەی دامەزراندنی، ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی بە ئامادەبونی جەلال تاڵەبانی سكرتێری گشتی حیزب كۆدەبێتەوە.
ئەم كۆبونەوەیە لە (دەباشان) لە ماڵەكەی تاڵەبانی بەڕێوەدەچێتو كۆسرەت رەسوڵ جێگری سكرتێری گشتی بە بروسكەیەك ئەندامانی مەكتەبی سیاسی حیزبی لەم كۆبونەوەیە ئاگادار كردوە.
لە لێدوانێكدا بۆ (تۆڕی میدیای گۆران) عەدنان موفتی ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتیمانی كوردستانە ئاشكرایكرد، وتاری یادی 40 ساڵەی دامەزراندنی یەكێتی لەلایەن بەرهەم ساڵحەوە دەخوێندرێتەوە.
موفتی نەیشاردەوە كە حیبزەكەی "لە قەیرانێكی گەورەدایەو دەبێت هەنگاو بەرەو كۆنگرە هەڵگرێت".
ئەم یادكردنەوەیە لە كاتێكدایە چەند رۆژێكە سێ كۆمەڵەی تایبەت بە پێشمەرگە دێرینەكانی یەكێتی نیشتیمانی لەبەردەم مەكتەبی سیاسی حیزبەكەیان لە شاری سلێمانی خێوەتیان هەڵداوەو مانگرتنیان راگەیاندوە.
ئەو مانگرتوانە دەڵێن"ئێمە داوای یەكخستنی بڕیارو گوتاری یەكێتیو یەكێتی ناو یەكێتی دەكەین".
ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتی نیشتمانی كوردستانیش كە هاوشێوەی پەرلەمانی حیزبە كۆبوەوە، وەك لەتیف نێرۆیی وتەبێژی ئەو ئەنجومەنە بە (تۆڕی میدیای گۆڕان)ی راگەیاند"ئامادەكاری بۆ كۆبونەوەی تر دەكرێت". |
|
|