|
كۆمەڵی ئیسلامی سێیەمین كۆنگرەی خۆی دەبەستێت |
29/05/2015 11:07:28 |
(سبەی):
بڕیارە سبەینی شەممە كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان سێیەمین كۆنگرەی خۆی لە شاری هەولێر ببەستێت، سەرۆكی لیژنەی ئامادەكاری كۆنگرەش دەڵێت: هێشتا دیار نییە عەلی باپیر، ئەمیری ئێستای ئەو حیزبە قبوڵی دەكات خۆی بۆ ئەمیر هەڵبژێرێتەوە یان نا.
هاوژین عومەر، سەرۆكی لیژنەی ئامادەكاری كۆنگرەی سێیەمی كۆمەڵی ئیسلامی بە (تۆڕی میدیای گۆڕان)ی راگەیاند: سبەینێ لە شاری هەولێر لە هۆڵی ئەوتار، كۆمەڵی ئیسلامی بە بەشداریی (760) ئەندام كە (152)یان ژنن، سێیەمین كۆنگرەی خۆی دەبەستێت.
ئاشكراشی كرد، لە كۆنگرەدا ئەندامانی سەركردایەتی هەڵدەبژێرێن، لەهەمان كاتدا ئەندامانی سەركردایەتی ئەندامانی مەكتەبی سیاسی هەڵدەبژێرن، جگە لەوەش هەر لە كۆنگرەدا رەشنوسی پەیكەری رێكخراوەیی حیزب دەستكاری دەكرێت.
سەرۆكی لیژنەی ئامادەكاری كۆنگرەی سێیەمی كۆمەڵی ئیسلامی سەبارەت بەوەی كە عەلی باپیر خۆی كاندید دەكاتەوە بۆ ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی یان نا، وتی: تائێستا نازانن، عەلی باپیر قبوڵی دەكات خۆی كاندید بكاتەوە یان نا، راشیگەیاند، لە كۆنگرەكەدا ئەنجومەنێك بەناوی ئەنجومەنی دامەزراندن پێكدەهێنن، كە ئەو كەسانە تێیدا دەبنە ئەندام كە لە دەستەی دامەزرێنەری كۆمەڵی ئیسلامین، یاخود ئەوكەسانەی لە مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتیی حیزبن و لە كۆنگرە دەرناچن.
بەپێی پەیكەری رێكخراوەیی كۆمەڵی ئیسلامی، كەسێك ئەمیرە و (11) كەس ئەندامی مەكتەبی سیاسیە و (31) ئەندامی سەركردایەتییان هەیە. |
|
|